فەڕۆخ نیعمەتپوور

ئێمە دەنووسین لەبەر ئەوەی نووسین (یان نووسەری) دەبێ بە بنەڕەتی 'بوون'. بوونێکە هەم وەک دەستپێک و هەم بە درێژایی ژیان. نووسین تەنیا ئەو کاتانە نیە دەنووسین، بەڵکو ئەو کاتانەیشە لە بوون وەک ئامراز یاخود وەک گشتییەتێک بۆ پرۆژەی نووسین دەڕوانین.

 

بۆچی دەنووسین (٣٥)

فەڕۆخ نێعمەتپوور

کاتی خۆی 'دێکارت'ی فیلسووف بۆ ئەوەی بنەمایەکی پتەو بۆ دەستپێکی فەلسەفە پەیدابکا، هەوڵیدا زەینی خۆی لە هەموو زانیارییەکانی پێشوو بەتاڵ بکاتەوە و بەدوور لەهەر چەشنە بیر و گریمانەیەکی لەوە پێش بگاتە سەرکیترین و بنەڕەتیترین ئەو شتەی وا دەتوانێ خاڵی دەستپێک بێت بۆ سەلماندنی بوونی مرۆڤ وەها کە بتوانرێ لەوێوە بەرەبەرە رەوتی دیاردەکانی تر دەست پێبکەن. دێکارت لە درێژەی پرۆژەکەی خۆیدا سەرئەنجام گەیشتە رستە بەناوبانگەکەی کە دەڵێ "من بیردەکەمەوە، کەواتە هەم!" لای دێکارت بەم شێوەیە بیرکردنەوە ئایدیالیستییە دەبێتە راستەوخۆترینی جۆری پێوەندی مرۆڤ لەگەڵ خۆی. لای ئەو ئیتر مرۆڤ ناتوانێ گومان لەم راستییە بکات و ئەمە دەبێتە پتەوترین بنەمای سەلماندنی بوونی ئێمە وەک مرۆڤ. بەم پێیە مرۆڤ دەتوانێ گومان لەوە بکا کە بۆ وێنە شتە دەرکییەکان هەن یان نین، بەڵام ناتوانێ گومان لە 'بیر' بکات چونکە ئەمە راستەوخۆترین زانیارییە کە بە بێ پێویستی بە هەبوونی شتی تر مرۆڤ دەتوانێ بیگاتێ و بۆیە بیرکردنەوە سەرەکیترین بنەمای بوونە. لێرەوە دوواتر ئەم فیلسووفە جیهان بە سەر دووانەی سوبژە و ئۆبژەدا دابەشدەکا و بەم شێوەیە بنەمای فەلسەفەی مودێڕن دادەڕێژێ.

گەر لۆژیکی ئەم بۆچوونەی دێکارت راگوازین بۆ پێوەندی نێوان نووسەر و دەق، ئەوا دەتوانین بڵێین "من دەنووسم، کەواتە هەم!" بەم شێوەیە نووسین دەبێ بە سەرەکیترین بنەمای بوونی نووسەر، یاخود کەسەکە وەک نووسەر. لە وەها حاڵەتێکدا نووسەر ناتوانێ بە بێ نووسین و بە بێ وێنایەک لە خۆی وەک نووسەر بوونی هەبێ. ئەو ئەگەر هەیە وەک نووسەر هەیە. نووسین دەبێ بە سەرەکیترین پێوەری بوونی ئەو لە جیهاندا و بەم شێوەیە شتەکان و دیاردەکانی تر دەبن بە تابعێک لەمە.

هاوچەشن بوونی مرۆڤ و نووسین لە ناو چەمکی 'نووسەر'دا خۆی دەخەمڵێنێ. بەڵام ئەم هاوچەشن بوونە بەو مانایە نیە کە لە نێوان ئەم دووانەدا هاوسەنگی هەیە. لە راستیدا مرۆڤ لێرەدا بوونی خۆی لە نووسینەوە وەردەگرێ. لای مرۆڤەکە (واتە نووسەر) نووسین دەبێ بە بوونی یەکەم. بە بێ ئەم حاڵەتە ئەو ناتوانێ هەبێ.

دیارە ئەمە بەو مانایە نیە نووسەر وەک نووسەر لەدایکدەبێ. نووسەری خەسڵەتێکە لە قۆناغێکی تایبەتی تەمەندا دێتەئاراوە. بەڵام قسەکە لەوێدایە کە هەستکردن بەخۆ وەک بوونێک کە دەتوانێ لە ژیاندا هەست بەم بەخۆبوونە بکا، لێرەوە دەست پێدەکا. لای دێکارت پرۆسەکە لەو کاتەوە دەست پێدەکا کە مرۆڤ توانای بیرکردنەوەی تیادەڕەخسێ کە ئەمە بە گوێرەی لۆژیک لە تەمەنی هەرە خوارەوە دەتوانێ دەست پێبکا، بەڵام لای نووسەر ئەمە لە قۆناغەکانی سەرەوەتری ژیاندا دەست پێدەکا. بۆیە دەتوانین بڵێین نووسەری لەسەر هەمان بنەمای دێکارتی (واتە توانای بیرکردنەوە) راوەستاوە و لە راستیدا نووسین یەکێک لە دەرکەوتەکانییەتی. بەواتایەکی تر نووسینی دەق بە شێوازێکی تایبەت لە ناو نەریتی 'دێکارت'ی دا. نووسەر بەم شێوەیە نەریتی دێکارت بەهێزتردەکا و دەیسەلمێنێ کە بە بێ نووسین بوونی خۆی وەک بوونەوەرێک لەدەستدەدا.

هاوکات دەبێ ئاماژە بەوەیش بکەین کە لە هەمان کاتدا جیاوازی هەیە لە نیوان منی بیرکەرەوەی دێکارتی و منی نووسەر. بەو مانایە کە منی دێکارتی خۆی لە هەموو شتێک دادەماڵێ بۆ ئەوەی بە رەگەزی بیرکردنەوە بۆ سەلماندنی بوونی خۆی بگا، بەڵام نووسەر خۆی لە هەموو شتێک داناماڵێ بۆ ئەوەی وەک نووسەر بە سەلماندنی بوونی خۆی بگا. بەپێچەوانەوە نووسەر بە نووسین واتە بە 'دەق'ەوە بوونی هەیە. کەواتە لەهەمان کاتدا دەگەینە نەریتی فێنۆمێنۆلۆژیستەکان کە زەین هەمیشە لە ئاراستەی شتەکان و دیاردەکاندا دەبینێ و لایان وانیە کە زەین بەدەر لە هەبوونی جیهانی بەرهەست لە ناو خۆیدا بتوانێ هەبێ. بەم پێیە ئێمە لێرەدا بۆ پێناسەی نووسەر تەنیا لە فۆڕمی بیرکردنەوەی دێکارتیانە کەڵکمان وەرگرت و لە ناوەڕۆکدا دەبێ لەم نەریتە دووربکەوینەوە تەنیا لەبەر ئەوەی کە نووسەر بە بێ نووسین (دەق) ناتوانێ هەبێ. ئەگەر منی دێکارتی تەنیا لە رێگای بیرکردنەوەوە (کە بەتاڵە لەهەر شتێک و تەنیا خەریکی بیرکردنەوەیە) دەتوانێ هەست بە بوونی خۆی بکا، بەڵام نووسەر ناتوانێ تەنیا لە رێگای ئەوەوە کە نووسەرە هەست بە بوونی خۆی بکا، بەپێچەوانەوە ئەو دەبێ بەرهەمی هەبێ، واتە بوونێک لە دەرەوەی خۆی کە ئەویش 'دەق'ە.

نووسەری پێکەوە گرێدانی دێکارتیانە و فێنۆمێنۆلۆژیانەی وێنای ئێمەیە لە بوون. بەم پێیە دەبێتە بیرکردنەوە وەک فۆڕم و بەخشین وەک ناوەڕۆک. نووسەری دەبێ بە شێوازی ژیان و ناسنامە و شوناس. نووسەر کە بیر لە دونیا دەکاتەوە وەک نووسەر و وەک دەق بیری لێدەکاتەوە. هەموو شتێک دەبێ بە بابەتی بیرلێکردنەوە و نووسین. لە شتە هەرە بچووکەکانەوە بگرە تا هەرە گەورەکان، دیارە گەر گەورەو بچووکێک هەبێ. بگرە لای نووسەر شتە بچووکەکانن کە زۆر جار مانای گەورە وەردەگرن، ئەو شتانەی وا بچووک دەنوێنن و لەبیرمان کردوون گەورەن. بەم شێوەیە زەینی نووسەر دەبێ بە شوێنی تەراتێنی هەموو بابەتەکان و هەوڵدەدا لە رێگای دەقەوە سەرنجەکان بۆ شتە فەرامۆشکراوەکان بگەڕێنێتەوە. ژیان زۆر جار بێڕەحمانە ئێمە بە زۆر شت عادەت دەدا. کاری نووسەر شکاندن و رماندنی زەینە عادەت پێدراوەکان و سەرلەنوێ بینینەوەی ئەو شتانەیە کە سەرەڕای بینینی هەموو رۆژەیان، بەڵام لەبیرمان کردوون. بەم شێوەیە کاری نووسەر گەڕانەوەی نەریتی دێکارتیانەیە بۆ ژیانی رۆژانە بەڵام بە بەخشینی نێوەڕۆکیش پێی. بیرمان دەخاتەوە کە ئێمە تەنیا لەبەر ئەوەی هەین کە دەتوانین بیربکەینەوە و دەبێ لەبیرمان بێت کە بیرکردنەوە خەسڵەتی سەرەکیمانە و رۆژانە دەبێ کەڵکی لێوەربگرین. مرۆڤی بیرکەرەوەیش خۆبەخۆ زیاتر سەرنجی دەچێتە سەر دەروونی خۆی و دیاردەکانی دەورووبەری.

رەنگە یەکێک لە کارکردەکانی بوونی نووسەر ئەمە بێت: بیرهێنانەوەی توانای بیرکردنەوە لای مرۆڤەکان. جا بەدەر لەوەی نووسەر تا چەندە لەم کارەیدا سەرکەوتوودەبێ. بیرەکان کە لە قاڵبی وشەکاندا دەڕژێنە سەر کاغەز، خۆبەخۆ لە کاتی خوێندنەوەیان جۆرێکی تر لە پێوەندیگرتن لەگەڵ ژیان و لەگەڵ بوون لای خوێنەر چێدەکەن. چڕکردنەوەی ژیان لەناو ئەم وشە و رستە دەستکردانەدا وەها سەرنج دەقۆزنەوە و وەها دەتوانن جیهان لەناو خۆیاندا خڕبکەنەوە کە ببنە هۆکاری بیرکردنەوە. وەک بڵێی جیهانی دەرەوەی دەق بە هۆی بەربڵاوی و بەهۆی گوزەرابوونی یەکجار خێرای ئەم توانایە لە مرۆڤ دەستێنێ و ئەوا تەنیا لە رێگای دەقەوەیە کە دەتوانین بە وردی لە سەری راوەستین و وچان بگرین.

ئەگەر جیهان هەمیشە تێکەڵە بە زەین و زەینیش بە جیهان، دەق دەرفەتی بەسەرکردنەوەی دووبارە و چەندبارەی ئەم تێکەڵبوونە دەڕەخسێنێتەوە. جیهان هەمیشە لەوێ لە دەرەوە و لێرە لە ناوەوەی ئێمەدا حوزوری هەیە و دەخوازێ ئەم حوزورە تەنیا بەشێوەی تێپەڕنەبێ. بوون، بوونی خۆی لە شێوازی دەق لە نووسەر دەخوازێتەوە. مرۆڤ دەگاتە شوێنێک کە ئەم خواستنە دەبێ بە پێناسەی سەرەکیی بوونی. دژوارە، بەڵام لە دایکدەبێ، زۆر جار بە بێ خواستی خۆمان. بوون لە دەرکەوتەیەکی تری خۆیدا خۆی دەنوێنێتەوە. دەرکەوتەیەک کە لای نووسەر دەبێ بە بنەڕەت. لە قۆناغێک لە ژیاندا (کە بەگوێرەی ئەزموونی نووسەران جیاوازە) وەها جیهانی دەرەوە و دەروون دەبنە یەک و لەیەکتر دەئاڵێن کە هیچ کامیان ناتوانن بە بێ یەکتر هەبن. زەین ناچاری بەرهەستە و بەرهەست ناچاری زەین. داوا لەیەکتر دەکەن ببنە نوێنەری یەکتر. پێشبڕکێیانە.

ئێمە دەنووسین لەبەر ئەوەی نووسین (یان نووسەری) دەبێ بە بنەڕەتی 'بوون'. بوونێکە هەم وەک دەستپێک و هەم بە درێژایی ژیان. نووسین تەنیا ئەو کاتانە نیە دەنووسین، بەڵکو ئەو کاتانەیشە لە بوون وەک ئامراز یاخود وەک گشتییەتێک بۆ پرۆژەی نووسین دەڕوانین.

درێژەی هەیە...