ما 5034 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

 

و: محەمەد محەمەدمرادی

دواتر کۆمەڵگای چینایەتی خولقا کە بەپێی ڕەوشتی سروەتخوازی و کێبڕکێ بوو. ژنان لەو کۆمەڵگادا بەهۆی وابەستەیی بە پیاوانەوە، سووکایەتیی کۆمەڵایەتییان پێ دەکرا. لەتەنیشت بەربەرەکانێ و کێبڕکێی پیاوان بۆ بەدەستهێنانی دارایی و سروەتی کۆمەڵایەتی، بەربەرەکانێ و کێبڕکێی ژنان بۆ داگیرکردنی پیاوانی دەوڵەمەند و خاوەن دەسەڵات هاتە کایەوە. 

 

کێبڕکێی سێکسی [نێوان ژنان] دیاردەیەکی سروشتی یان کۆمەڵایەتی؟

ئیڤلین ڕید Evelyn Reed

 

http://afrat.org/pdf/shekar6u7.pdf

توێژینەوەکانی زانستی بایۆلۆژی و مرۆڤناسی بە ڕوونی پشتڕاستی دەکاتەوە کە کێبڕکێی سێکسیی نێوان ژنان، لە سروشت و کۆمەڵگا سەرەتاییەکاندا بوونی نەبووە. تەنها پاش دیارکەوتنی کۆمەڵگای چینایەتی بەدی هاتووە و پێش ئەوە واتە [نزیکەی] پاش تێپەڕینی یەک ملیۆن ساڵ بەسەر ڕەوتی کامڵبوونی مرۆڤدا هێشتا نەناسراو بوو.

لە سەرانسەر دنیای ئاژەڵیدا، کێبڕکێی سێکسی لەناو ڕەگەزی مێدا بۆ ڕاکێشانی سەرنجی ڕەگەزی نێر بوونی نییە. تاکە کێبڕکێی سێکسیی باو لە دنیای ئاژەڵیدا ئەوەیە کە ڕەگەزی نێر بۆ داگیرکردنی مێ بەشێوەی سروشتی پێکەوە شەڕ دەکەن. ئەم کارە، شێوازی سادەی سروشتە بۆ دڵنیایی لە بەردەوامبوونی جۆرەکان [Species]. بەڵام بەهۆی کاریگەرییە وێرانکەرەکانی ئەوە لەسەر هاوکاریی کۆمەڵایەتی، تایبەتمەندیی ڕەگەزی نێر لە پێکهاتن و پتەو و بەهێزکردنەوەی ئۆرگانی کۆمەڵایەتیی[1] یەکەمین، واتە «کۆمۆنیزمی سەرەتایی[2]» لەناو چوو.

نەبوونی کێبڕکێ لەنێوان ڕەگەزی مێ لە سروشتدا یەکێک لە هۆکارەکان بوو کە توانای ئەوەی دا بە ژنان کە ڕێبەرایەتیی سیستمی کۆمەڵایەتیی سەرەتایی بگرنە دەست. دیسیپلینی کۆمەڵایەتیی خولقاوی دەستی ئەوان بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستییەکان بەدوور لە پێوەندییە وێرانکەرەکانی کێبڕکێ بوو. نەبوونی کێبڕکێی سێکسی یان ئیرەیی نێوان ژیانی سەرەتایی تەنانەت لەلایەن زۆرێک لە مرۆڤناسە کۆنسێرڤاتیڤەکانیشەوە بەشێوەی کۆنکرێت قبووڵ کراوە، هەرچەند ئەوان بەزۆری بە سەرسووڕمانەوە ئەوە بە تایبەتمەندیی هۆڤێتی یان نەریتی سەیر لە قەلەم دەدەن.

دواتر کۆمەڵگای چینایەتی خولقا کە بەپێی ڕەوشتی سروەتخوازی و کێبڕکێ بوو. ژنان لەو کۆمەڵگادا بەهۆی وابەستەیی بە پیاوانەوە، سووکایەتیی کۆمەڵایەتییان پێ دەکرا. لەتەنیشت بەربەرەکانێ و کێبڕکێی پیاوان بۆ بەدەستهێنانی دارایی و سروەتی کۆمەڵایەتی، بەربەرەکانێ و کێبڕکێی ژنان بۆ داگیرکردنی پیاوانی دەوڵەمەند و خاوەن دەسەڵات هاتە کایەوە. بەڵام ئەم بەڵا کۆمەڵایەتییەی کێبڕکێی سێکسیی داسەپاو بەسەر ژناندا هیچ شتێکی سروشتیی دەربارەی ئەو تێدا نەبوو. بەتەواوی «ساختە» بوو و بەپێی زەروورەتی هەلومەرج و مێژوو خولقابوو.

کێبڕکێی سێکسیی نێوان ژنان بە دیارکەوتنی سێکس یان «بازاڕ»ی هاوسەرگیری هاتە کایەوە. بازاڕی سێکسی پاژێکە لە بازاڕی کاڵا کە بە گشتی، بونیادی کۆمەڵگای چینایەتیی سەرمایەداری دەخولقێنێت. بە پەرەسەندنی ڕەگەز وەکوو کاڵا، پێوەری جوانیی ژن بەرەبەرە لە جوانیی سروشتییەوە گۆڕدرا بۆ شێوەی دەستکرد یان مۆد. هەڵبەت ئەم ڕەوەندە ناسروشتییە لە کۆمەڵگای هەنووکەییدا گەیشتۆتە لووتکەی خۆی.

لە دەورانی سەرەتایی «تەقاوی»دا (ماڵ بە ماڵ گۆڕینەوە)، ژنانیان لەگەڵ مەڕ و مانگا دەگۆڕییەوە. جوانی و تەندروستیی ژنان وەکوو مەڕ و مانگا لە زیادبوونی داهاتدا کاریگەر بوو. هەردووکیان بۆ بەرهەمهێنان و بەرهەمهێنانەوەی ژیانی کۆمەڵگا پێویست و ستایشکراو بوون، تەندروستترین و جوانترینیان باشتر دەیانتوانی ئەرک و کارەکانی خۆیان ڕاپەڕێنن.

پاشان بە بەهێزبوونەوەی باوکسالاری و کۆمەڵگای چینایەتی، پیاوانی دەوڵەمەند ژنانیان بە بەشێک لە دارایی خۆیان دەزانی و لە دەوری خۆیان کۆیان دەکردنەوە. نەریتی ئاڕایشتی ژنان لە کۆمەڵگادا خولقا و مەعشووقەکانیان بە جوانکاری و ئاڕایشتگەلێک بە هەمان شێواز و هۆکاری «کۆشک» ئاراستە کرد. ئەم بابەتەی دوایی، لە کۆشکە ئاسیاییەکان و حەرەمسەراکاندا گەیشتە لووتکەی خۆی. ژنان دارایی سێکسی بوون و شازادەکان و «خان»ەکان هەرچەندە زیاتر لەم کاڵا لوکسەیان هەبووایە بەڵگە و گەواه بوو بۆ دەسەڵاتی باڵا و توانامەندیی سروەتی ئەوان. لەم قۆناغەدا، کێبڕکێی سێکسیی نێوان ژنان کەوتە ژێر کاریگەری و سێبەری کێبڕکێی پیاوان بۆ کۆرکردنەوەی وەها داراییگەلێک. ژنان خۆیان وەکوو کاڵا یان دارایی دەهاتنە ئەژمار.

هەر لەدوای ئەوەی کە «تاک‌هاوسەری» جێگای چەندهاوسەریی گرتەوە و پرس و بابەتە مادییەکان لەبەرچاو گیران و بوون بە پێوەری هاوسەرگیری، ژنانی دەوڵەمەند لە کێبڕکێی سێکسیدا لەگەڵ ژنانی هەژار، ئیمتیازی زیاتریان دەست کەوت. میراتبەری ژنی دەوڵەمەند، بەبێ گرنگیدان بە جوانی و تەندروستیی ئەو، بۆ پیاوێک کە سروەتی کۆ دەکردەوە هاوسەرێکی دڵخواز دەهاتە ئەژمار. بەپێچەوانەوە، پیاو ئەگەر بە دڵی خۆی بووایە ژنێکی جوانتری هەڵدەبژارد. بەڵام پلەی یەکەمی گرنگی بە باری مادی و ئابووری دەدرا. ئەم هاوسەرگیرییانە کە بە لەسەریەکدانانی دارایی هەر دوو لایەن ئەنجام دەدرا، لەنێوان بنەماڵەکانی ژن و پیاودا بە نەریتی بازاڕییانەوە بەڕێوە دەچوو و ئاماژەیەکی ناچیزی هەبوو بە مەیل و ئارەزووە کەسییەکانی لایەنەکان. ئەم چەشنە هاوسەرگیرییانە لەڕێگای گفتوگۆی نێوان بنەماڵە یان واسیتەی هاوسەرگیرییەوە ئەنجام دەبوو، و بەگشتی بە زەروورەت لە سەرانسەر دەورانی کشتوکاڵدا کە زەوی بە دارایی دەهاتە ئەژمار بە هەموو هێزی خۆیەوە مایەوە.

پاشان سیستمی سەرمایەداری و پێوەندیی دراوی و تجارەتی ئازاد[3] هاتە کایەوە. لەم قۆناغەدا، تجارەتی ئازاد نەک هەر لە کێبڕکێی «کاری ئازاد» و کێبڕکێی تجاریدا بەڵکوو لە کێبڕکێی سێکسیی ژنانیشدا کاریگەری دانا. لەناو دەوڵەمەنداندا، لەڕاستیدا، ئامێزانکردنی هاوسەرگیری وەکوو فۆڕمێک لە ئامێزانکردنی مادی هەروا درێژەی پەیدا کرد، بەجۆرێک کە زۆربەی کات ناسینەوە و لێک جیاکردنەوەی ئەو دووانە ئەستەم دەینواند. لەڕاستیدا، بە دیارکەوتنی سەرمایەداریی مۆنۆپۆلی[4]، دوو جۆر ئاوێتەکردن، دراوسالارانی حاکمی لە شەست بنەماڵەی ئەمریکاییدا سنووردار کرد.

بەڵام لە ئەمریکا، کە [نزیکەی] لە سەرەتای دیارکەوتنی خۆیەوە لە بنەڕەتەوە سیستمی بورژوایی هەبوو، کۆمەڵگا تایبەتمەندیگەلی تایبەت بە خۆی پەیدا کرد. پیاوی دەوڵەمەند توانی لە سەرچاوەی[5] (خاستگاه) چینایەتیی خۆی، دابڕێت و ئەمە بەپێچەوانەی ئەوروپای فیۆداڵ بوو کە ئیمتیازگەلی چینایەتی لە سەرەتای لەدایکبوونەوە دەخولقا. کەواتە لە دەورانی برەوسەندنی سەرمایەداریدا، کرێکاری پیاو یان چینی مامناوەند توانی بەختەکی دەوڵەمەند بێت و پێگەی چینایەتیی خۆی بگۆڕێت.

ئەو بابەتانەی باسمان کردن دەربارەی ژنانیش بەتەواوی وەڕاست دەگەڕن. ئەو دەیتوانی بەشێوەی هەڵکەوت یان تەنانەت بەهۆی جوانییەوە شوو بکات بە پیاوێکی ملیۆنەر و پێگەی چینایەتیی خۆی وەرچەرخێنێت. ئەم ئەفسانەی  «پەریی سیندرلا[6]»، شێوازی سەرمایەداریی ئەمریکایی، لە شووکردنی کچی کانگەچییەکدا بە ئەمریکاییەکی دەوڵەمەند کە دواتر تەڵاقی وەرگرت و بوو بە خاوەنی نەفەقەی چەند ملیۆن دۆلاری، بە ڕوونی خۆی ئاشکرا دەکات.

ئەم تایبەتمەندییانەی ژیانی ئەمریکایی بەستێنی دەروونی ـ کۆمەڵایەتی بۆ بازاڕی کاڵای کۆما (انبوه)، بازاڕی سێکسیی کۆما و کێبڕکێی سێکسیی کۆما لەنێوان ژناندا هەموار دەکات. ڕاست بەهەمان شێواز کە چیرۆکەکانی «هۆراشیۆ ئالگەر[7]» بوو بە ڕێنوێنی پیاوان کە چۆن لە هەژارییەوە بگەن بە سروەت، چیرۆکە ڕۆمانسیەکانیش ژنەکانی فێر کرد کە چۆن لە کوڕی خاوەنکار نزیک بنەوە و ببنە هاوسەری. یان تەنانەت لەگەڵ خودی خاوەنکار ئەو کارە ئەنجام بدەن. هەموو داڵغە و هەوڵیان تەنها ئەوە بوو کە بچنە بازاڕی کەرەستەی جوانکاری و کاڵاگەلێک بکڕن کە گۆڕینی ڕوخساری سیندرلای بۆ شازادە گەرەنتی دەکرد.

دنیای مۆد و کەرەستەکانی ئاڕایشت بە ئەگەرە بێسنوورەکانیەوە لە کردەدا بوو بە کانگەی زێڕی سەرمایەدار. بازرگانەکان تەنها دەبووا بەشێوەی بەردەوام مۆدەکان بگۆڕن تاکوو کەرەستەکانی جوانکاری زیاتر و تازەتر بڕژێننە ناو بازاڕ و دەوڵەمەند و دەوڵەمەندتر بن. لەم ڕووەوە، لە سەرمایەداریی مۆدێڕندا فرۆشتنی ژنان وەکوو کاڵا، جێگای خۆی داوە بە فرۆشتنی کاڵاکان بە ژنان. هەر بەم پێیە، ئەم ئەفسانەیان بڵاو کردۆتەوە کە جوانی گرێدراوە بە مۆد و چونکە ژنان مۆدی یەکسانیان هەیە کەواتە پێویستیان بە جوانیی یەکسانە.

  

ئیڤلین ڕید Evelyn Reed (1979 ـ 1905) بەرهەمگەلێکی زۆری دەربارەی سەرچاوەی ستەمی ژنان و شێوازی ئازادبوونی ئەوان لەم ستەمە نووسیوە.

ساڵی 1940 پەیوەست بوو بە بزووتنەوەی سۆشیاڵیستییەوە و تا کاتی مەرگی خۆی بە شێوەی ئەندامێتی حیزبی کرێکارانی سۆشیاڵیست درێژەی بە خەباتی خۆی دا. پتر لە چوار دەیە لە زۆرێک لە خەباتە دیموکراتییەکان و دەستەبەرکردنی مافەکانی یەکێتیی سینفی هاوڕێ لەگەڵ خەباتە شۆڕشگێڕانەکانی سەرانسەر جیهان بەشداری کرد.

ئەو هاوکات کە ئەندامی چالاکی بزووتنەوەی ئازادیی ژنانی دەیەکانی 1960 و 1970 بوو، یەکێک لە دامەزرێنەرانی بەرەی نەتەوەیی یاسای لەناوبردنی ئاوڵەمە بوو لە ساڵی 1971دا، لە ماوەی ئەو ساڵانەدا دەربارەی مافەکانی ژنان لە سەرانسەر شارەکانی ئەمریکا، کەنەدا، ئوستڕاڵیا، نیوزلەند، ژاپۆن، ئیرلەند، بەریتانیا و فەڕەنسا، باس و گفتوگۆی کرد.

لە بەرهەمەکانی ڕید دەکرێ «پرسی ئازادی ژنان»، «ئایا بایۆلۆژی چارەنووسی ژنانە»، «ڕەگەزگەرایی و زانست»، «شۆڕشی ژنان و کەرەستەی ئاڕایشت، مۆد و چەوساندنەوەی ژنان ـ بە هاوکاری لەگەڵ جۆزێف هەنسێن و ماری ئالیس واترز» ناو ببەین. زۆربەی کتێبەکانی رید بە زمانەکانی هۆڵەندی، فەڕەنسی، یوونانی، گوجراتی، ئیتاڵی، ژاپۆنی، پورتۆگاڵی، سپانیایی و تورکی وەرگێڕدراون.

 

 



[1] Social Organization

[2] Primitive communism

[3] free-trade

[4] Monopoly capitalism

[5] Origin

[6] Cinderella Fairy

[7] Horatio Alger

گەڕان بۆ بابەت