فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئێمە دەنووسین لەبەر ئەوەی دەمانەوەی لە رێگای دەقەوە لۆژیک و یاسا و سنوورەکانی مێژوو تێپەڕینین و لە جیاتی دەقی وێنەئاسای مێژوو، دەقی زیندوو لە هەمان وێنە پێشکەش بکەین. نووسین باسکردن لە دیوە شاراوەکانی ژیانی کۆمەڵگا و تاکە.

بۆچی دەنووسین (٣٦)

فەڕۆخ نێعمەتپوور

چیرۆک و رۆمان خۆیان بە هەموو کەلێن و قوژبنی ژیانی مرۆڤدا دەکەن. ئەمە هەم بواری ژیانی کۆمەڵایەتی دەگرێتەوە و، هەم بواری ژیانی تاک. لە راستیدا چیرۆک و رۆمان ئەگەرچی مێژوو لە مانای زانستی مێژوویی ناگێڕێنەوە، بەڵام بەجۆرێک تیشک دەەخەنە سەر مێژوو و بە شێوازی خۆی دەیگێڕێنەوە.

ئەگەر زانستی مێژوو هەوڵدەدا بە شێوەی فاکت ئامێز ئاوڕ لەسەر رووداوەکان بداتەوە، بەڵام دەق بەشێوازی خەیالی. جا پرسیار ئەوەیە چلۆن خەیاڵ دەتوانێ مێژوو بگێڕێتەوە؟

رەنگە وەڵام ئەمە بێت کە خەیاڵ وەک ژیانی دەروونیی مرۆڤ خۆی بەشێکە لە مێژوو و، بەڵام لە کاتی گێڕانەوەدا لەبیرکراوە. چیرۆک و رۆمان بیری ئەم فەرمۆشکارییەمان دەخەنەوە و پێمان دەڵێن کە رەوتێکی تر لە ناو مێژوودا هەیە و بۆ ئەوەی وێنایەکی تا رادەیەک کامڵمان لە مێژوو هەبێ دەبێ ئاگایشمان لەو بێت. جگە لەمە بۆ مێژووناس دەست نادا و هەر بە گشتی ئەمە مەیسەرنیە کە بتوانێ ئاوڕ لە دەروونی مرۆڤەکان بداتەوە و بەشێوەی فاکت ئامێز بەسەریان بکاتەوە. رەنگە لە بواری چەند مرۆڤێکدا ئەمە دەست بدات، بەڵام لە پانتاییەکی گشتی دا مەحاڵە و بۆیە ئەم ئەرکە دەکەوێتە سەر شانی دەق (واتە چیرۆک و رۆمان).

بەم پێیە چیرۆک و رۆمان مێژوون. دیوی ناوەوەی مێژوون. ئەو شوێنەن وا نووسەر لە رێگای خەیاڵەوە دەتوانێ لە بەستێنی رووداوە واقعییەکاندا وێنایان بکاتەوە. بگرە زۆر جار نووسەر پیویست ناکا حەتمەن رووداوێکی ریالیستی بکا بە بەستێنی ئەم کارەی خۆی. رووداە سوریالیستییەکان و تەواو خەیاڵییەکانیش دەتوانن بەستێنی وەها کارێک فەراهەم بکەن.

دیارە لە ژانری رۆمانی مێژووییدا ئەم کارە بۆ نووسەر ئاسانترە. لەبەر ئەوەی نووسەری وەها رۆمانگەلێک پێش نووسینی دەق ناچارە زانیاریی مێژوویی لە رێگای خوێندنەوەی مێژووەوە بەدەست بێنێ بۆ ئەوەی بتوانێ دەقەکان بە دەوری وەها رووداوگەلێکی واقعیدا بخەمڵێنن. لێرەدا نووسەر تەنانەت دەتوانێ زانیاریی فاکت ئامێز لەسەر کەسایەتی هەندێ لە کەسایەتییە مێژووییەکانیش بەدەست بێنێ بۆ ئەوەی بتوانێ دوواتر دەقەکەی خۆی لەسەر ئەم بنەمایانە دابڕێژێتەوە. لێرەوە ئیتر بەربەرە نووسەر دەستدەداتە خوڵقاندنی هەندێ کەسایەتی خەیاڵیش بۆ ئەوەی دیوی ناوەوەی مێژوو لە بەستێنی رووداوەکاندا دەربخا.

بەڵام مێژوو تەنیا بریتی نیە لە رووداوە سەرەکییەکان. چۆنیەتی ژیانی کۆمەڵگایەک لە رەوتی رۆژانەیشدا مێژووە و لێرەدایە کە نووسەر لە رێگای بەوێناکردنی هەوڵدەدات گشتییەتی رۆحی کۆمەڵگاکان بنوێنێتەوە. ئەوەیکە خەڵکی چلۆن بیریان کردووەتەوە و چلۆن هەست و نەستی خۆیان دەربڕیوە.

لە راستیدا دەق نوواندنەوەی رۆحی کۆمەڵگا و تاکەکانیەتی لە قۆناغێکی تایبەتدا. بۆ ئەم مەبەستەیش گرینگە نووسەر بتوانێ بەسەر رەوتە سەرەکییەکانی کۆمەڵگادا زاڵ بێ، بیانناسێ بۆ ئەوەی بتوانێ لە دەقدا باسیان لێبکا. رەنگە نووسەران یەکەمین کەسەکان بن کە دەتوانن ئاراستەکانی وەها هەست و نەستێک کەشف بکەن و بیانخەنە سەر لاپەرەکان.

بە خۆشییەوە مرۆڤەکان سەرەڕای مەودای نێوان نەوەکان و ئەوەیکە نەوەکانی پێشوو بە دەیان و سەدان ساڵە لێمان دوورکەوتوونەتەوە، بە هۆی هاوبەشییەکانمانەوە لە زۆر بواردا لێمان بەتەواوی نامۆ نین و ئەم هاوبەشیانە دەتوانن دەرفەتی لێک تێگەیشتن لە یەکتر بڕەخسێنن. پرسی مەرگ، ژیان، کێشمەکێشە کۆمەڵایەتی و چینایەتییەکان، ئایین، ئایدیۆلۆژیاکان و گەلێک بواری تر نەوەکان زۆر لەیەک نزیک دەخەنەوە. تەنیا ئەوەیکە دۆخ گۆڕانی بەسەردادێت و نووسەر لە بەرهەمی خۆیدا لە دۆخێکی تردایە باس لەم پرس و کێشانە دەکا. پرسەکان بەرگی دۆخ لەبەردەکەن و بەشێوازی تایبەتی سەردەمی خۆیان خۆیان دەنوێننەوە. سەیر ئەویە هەر دەورانێکیش رۆحی تایبەت بەخۆی هەیە.

ئەگەر دەقی مێژوویی وەک بینینی وێنەیەکی بێ رۆحە، ئەوا دەقی چیرۆک و رۆمان وەک بینینی هەمان وێنەیە بەڵام بە شێوەی زیندوو. دیارە لە رێگای بۆ وێنە مرۆڤێکەوە کە لە وێنەکەدا حوزوری هەیە و لە نزیکەوە ئاگای لە نیگا و رواڵەت و بۆن و هەناسەی بەشدارانی وێنەکەیە. واتە دەق زیندووکردنەوەی مێژووە بە شێوازی خەیاڵی. چوونە ناو مێژووە نەک تەنیا بینینی لە دوورەوە.

لێرەوە گرینگیی خەیاڵ دەردەکەوێ. چونکە وەک گوتمان دەق دیوی ناوەوەی مێژووە، کە یاخود لە مێژوو ونە یان مێژوو حەزی لێ نیە باسی لێبکا. دەبێ سوپاسی مێژووناسان یان زانستی مێژوو بکەین کە ئەم بەشەیان بۆ دەق جێهێشتووە!

خەیاڵ لێرەدا دەتوانێ مێژوو بە گەلێک شێواز بگێڕێتەوە و بەم شێوەیە مێژوو لە تاک رەهەندی و تاک گوتاری رزگاری دەبێ. گەر دەق باس لە دیوی شاراوە و ناوەوەی کۆمەڵگا دەکا ئەوا بە شێوازێک باس لەوانە دەکا وا پەراوێزخراون و نەخوازراوە ببینرێن. بۆیە دەق زۆر جار باس لە هەژاران و زوڵم لێکراوان دەکا. ئەوانن دەبنە هەوێنی باسەکەی. ئەگەر مێژوو بە جۆرێک باسی دەسەڵات و هێزە، ئەوا دەق باسی بێ هێزەکان و ئەوانەیە وا دەسەڵات و هێز دەیانچەوسێننەوە. باسی هەوڵی سەرهەڵدانی ئەوانە بۆ ئەوەی ببینرێن. ئەمە بەتایبەت لە دەقی ریالیستیدا (بە هەموو لقەکانییەوە) بەرچاوە.

دەق فرەچەشنکردن گوتارەکانە. رەخنەگرتن لە گوتاری باوە. گەر لە دەستەواژەی ئەرەستو کەڵک وەربگرین باسکردن لە رووداوەکان بەو شیوازەیە کە دەبا ببن نەک بەو شێوازەی هەبوون. بۆیە لە مێژوو خۆی جیادەکاتەوە و وەک بوونێکی سەربەخۆ خۆی دەردەخا. ئیتر منەتی بە مێژوو نامێنێ. رەهەند و گوتاری مێژوویی دەخاتە بەر گومانەوە. بێهۆ نیە هەندێ دەق لە مێژووی ئەدەبدا دەوری سیاسیی گرینگ دەگێڕن و دەبن بە هاندەر بۆ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان.

هەڵبەت لێرەدا دەبێ تەئکید لەسەر ئەوە بکەینەوە کە دەق نابێ ببێ بە ئامرازێک بۆ رێکلامەی سیاسی و حیزبی. لە راستیدا دەق لەگەڵ پرسە سیاسییەکان وەک ئایدیۆلۆژیا پێوەندێکی ناڕاستەوخۆی هەیە و ئەمە بەتایبەت لەو بەشەدا خۆی دەنوێنێتەوە کە هەڵوێستێکی رەخنەئامێزیشی لەگەڵ پرسەکان هەیە و بەڕووتی ناچێتە پاڵیان. دەتوانین بڵێین دەق وەک ئاماژەدان خاوەن ئەم هەڵوێستەیە و رێگا بۆ گومان لەسەر ئەم هەڵوێستەی خۆیشی دەهێڵێتەوە. گەر وا نەکا دەق یەکجار خۆی کاتی دەکاتەوە و خۆی لە هەمەگیربوون دەخا و بەتووندی خۆی تایبەت بە یەک زەمەن و شوێنی دیاریکراو لە بەستێنێکی یەکجار بەرتەسکدا دەکاتەوە.

رۆچوون بە دونیای موعاناتی دەروونیی تاک و کۆمەڵگا لە رێگای خەیاڵەوە زۆر دەخوازێ. خۆخستنەناو ئەم جیهانە داوا لە نووسەر دەکا خۆی لە زۆر بواردا تایبەت بکاتەوە و بتوانێ خەسڵەتەکان بە شێوەی تایبەت بنوێنێتەوە. ئەمە بە جۆرێک بەرهەمی لێکگرێدانی جیهانی نووسەر و جیهانی کاراکتێرەکانیشیەتی. کارتێکەرییەکانی جیهانی دەرەوە لەسەر کاراکتێرەکان و کاردانەوە لە لایەن ئەوانەوە هەمیشە تایبەتە و لە مرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێکی تر دەگۆڕدرێ. دۆزینەوەی ئەم تایبەتمەندییە زۆر دەخوازێ. هەمیشە بینینەوەی رەوت و تایبەتمەمەندییە گشتییەکان ئاسانتر خۆیان بەدەستەوە دەدەن تا بوارە تایبەتییەکان، بە تایبەت کە نووسەر دەبێ چکەچکە لە دەقدا دەریان بخا و باسیان لێبکا. ئەو چکەچکەبوونەی وا سەبر و تەحەممولی فرەی دەوێت. هەر ئەمەیشە دەرفەت بە مانەوە لەسەر دیاردەکان دەدا و بواری رۆچوون پیایاندا دەڕەخسێنێ.

بێگومان ئەزموون دەوری گرینگ لەم بوارەدا دەگێڕێ. ئەزموون کە لە رێگای ژیانکردن لە بوارە جۆربەجۆرەکاندا دەستەبەردەبێ، ئەو هەنبانە بۆرینەیەیە وا نووسەر دەستی تێدەخا و ئەوەی پێویستییەتی لێی دەردێنێ و بەگوێرەی سەبک و بۆچوونی خۆی دایاندەڕێژێتەوە. دیارە ئەزموون تەنیا ئەزموونکردنی دیاردە دەرەکییەکان نیە و ئەزموونی دەروونیش بەشێکە لەم رەوتە. دەتوانین بڵێین دەق تێکەڵێکە لە ئاوێتەبوونی ئەزموونی دەرەکی و ئەزموونی دەروونی. سەیر ئەوەیە تەنیا دەقە دەتوانێ وەها بوارێک بڕەخسێنی کە تێیدا تایبەتکردنەوە لە رێگای تێکەڵکردنی ئەزموونی خودی نووسەریشەوە دەستەبەرببێ.

ئێمە دەنووسین لەبەر ئەوەی دەمانەوەی لە رێگای دەقەوە لۆژیک و یاسا و سنوورەکانی مێژوو تێپەڕینین و لە جیاتی دەقی وێنەئاسای مێژوو، دەقی زیندوو لە هەمان وێنە پێشکەش بکەین. نووسین باسکردن لە دیوە شاراوەکانی ژیانی کۆمەڵگا و تاکە. ئەو بەشانەی وا دەڵێی هەموو شتێک بێڕەحمانە هەوڵی شاردنەوەیان دەدەن! نووسین ئاشکراکردنی ئەو راستییانەیە وا هەوڵدەدرێ کاتی خۆی وەک درۆ دەربکەون.

درێژەی هەیە...