ما 1628 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

لە رێگای نووسینەوە هەم خۆمان و هەم خوێنەر رادێنین کە چلۆن بەرامبەر گەورەترین رووداوی ژیانی خۆی کە نەفی ژیانە بێتەوە. دەق دەرفەتی ئەم ئەزموونە لە رێگای وشەکانەوە دەڕەخسێنێ و بەم شێوەیە مرۆڤی کتێب خوێن لە کاتی مەرگدا هەمان مرۆڤی غەیرە کتێب خوێن نیە.

 

بۆچی دەنووسین (٣٧)

فەڕۆخ نێعمەتپوور

 

دەق شێوازێکە بۆ مانەوە لە ژیاندا. ژیان کورتە و نووسین دەرفەتێکە بۆ درێژەپێدان بە ژیان لە دووای مەرگ، ئەگەرچی ئەم شێوە ژیانە هەمان شێوە ژیانی پێشوو نیە و زیاتر حوزورێکی مەعنەوییە تا جەستەیی ـ مەعنەوی. بەڵام لای مرۆڤ ئەشقی ژیان ئەوەندە گەورە و ئەوەندە بەرجەستەیە کە دەتوانێ بۆ گەلێک شت هانی بدا بەس بۆ ئەوەی هەست بە مانەوەی بەردەوام بکات. تەنانەت گەر ئەم هەستە لە پاش مەرگی حەقیقیی خۆیشی بێت!

دیارە ئەشقی ژیان بەگوێرەی قۆناغەکانی تەمەن چلۆنایەتی تر پەیدادەکا. لای کەسێکی بەتەمەنی بە ئەزموون ئەم ئەشقە جۆرێکە و لای گەنجێک جۆرێکی تر. کەواتە ئەشق لە دەرکەوتەکانی جیاوازە. هەتا زیاتر بە ئەزموونی 'کات'دا رۆبچین ئەوا ئەم ئەشقە زیاتر خەسڵەتی فەلسەفی یاخود رۆحی ـ فەلسەفی پەیدادەکا. بێهۆ نیە بەتێپەرینی کات دەق لە بواری ماناییدا دەتوانێ دەوڵەمەندتر بێت.

کاردانەوە بەرامبەر بە مەرگ جۆراوجۆرە. بۆ وێنە لە رۆمانی 'بێگانە'ی کامۆ لای 'مورسو' کاراکتێری سەرەکیی دەقەکە ساردو سڕییەک بەرامبەر بە مەرگی دایکی دەبینرێ. ساردوسڕییەک کە بۆ وێنە تەعبیر لە حەلبوونی کێشەی مەرگ لای ئەم کەسە دەکا و دیارە لە لایەن کۆمەڵگاوە بەشێوەی نگەتیڤانە کاردانەوەی بەرامبەر دەکرێ. مورسو نە دەگری و نە شین و شەپۆڕ دەگێڕێ و نە لە ژیانی رۆژانەیدا خەلەلێک پێکدێ. لای ئەو ژیان وەک جاران بەردەوامە. مەرگ دیاردەیەکە وەک هەموو شتەکانی تر. ئەو ئەمەی قبوڵکردووە و لەگەڵیا دەژی. ژیانێکی سارد. وەک خودی مەرگ کە بێ تەفاوەت دێت و هەموو شتێک لەگەڵ خۆیا دەبا. ئەم بێ تەفاوەتییە بێڕەحمانەیش دەنوێنێ. ئاخر چلۆن دەکرێ کەسێک لە مەرگی نزیکترین و ئازیزترین کەسی ژیان کە دایکە فرمێسک هەڵنەڕێژێ و بەجۆرێک کردەکانی بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت گۆڕانی بەسەردانەیەت. مورسو بەجۆرێک لاسایی مەرگ دەکاتەوە وەک بڵێی لە ئاست بێڕەحمی ئەودا دەیەوێ بڵێ ئەمیش بێڕەحمە و ئەی مەرگ تۆ بە رفاندنی دایکم کارێکی ئەوتۆت نەکردووە!

بەڵام داخۆ دوواجار، لە پاش تێپەڕینی رۆژەکان هەموومان وەهامان لێ نایەت کە مورسو هەر لە ساتە سەرەتاییەکانەوە بەسەریا هاتووە؟ بێگومان زۆربەمان وەهامان لێدێت. زەمەن قورسایی خەمی مەرگ دەسڕێتەوە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نیە کە یاد و خەمی ئازیزانمان لەیاد کردووە. نا، بەپێچەوانەوە رەنگە قورستریش بووبێت، بەڵام ئەمجارەیان دەبێتە قورسێکی رۆحی ـ فەلسەفی کە زۆر جار خۆی لە بێدەنگی و لە چرکە ساتەکانی تەنیاییماندا نیشاندەدا. لە راستیدا مەرگ فەرامۆش ناکرێ، بەڵکو شێواز دەگۆڕێ.

یان لە چیرۆکی 'مەرگی باوکم' لە نووسینی چارڵز بوکۆسکی دیسان بەتووش هەمان ساردیی کوڕ بەرامبەر مەرگی (ئەمجارە باوک)ەوە دەبینەوە، بەڵام لە فەزایەکی تردا. کوڕ لە دووای مەرگ دەچێتەوە بۆ ماڵەکەیان و کاتێک دراوسێکان سەردانی دەکەن هەموو شمەکی ناو ماڵەکەیان پێدەفرۆشێ جگە لە ماشینەکە نەبێت. دیارە فرۆشتنەکە لە جەوێکی تەواو کتوپڕ و لە ئاکامی گفتوگۆیەکی سادەی نێوان ئەو و یەکەم بنەماڵەوە دەست پێدەکا کە بۆ دڵنەوایی روویان لە ماڵەکە کردووە. وا هەستدەکەین کتوپڕ هەموو شتێک لای کوڕەکە بێ مانا دەبێ. وەها کە حەزدەکا لە هەموو شتێک قوتاری ببێ، بێگومان لە بیرەوەرییەکانیش، بۆیە تەنیا ماشینەکە دێڵێتەوە رەنگە بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا سویچ لێبدا و سواری ببێ و بڕوات. ماشینێک کە هێمایە بۆ دوورکەوتنەوە لە رابردوو و لە خانووی سەردەمی منداڵی. سەفەر. ئەو سەفەر هەڵدەبژێرێ. مەرگ چەند ئاسان دەتوانێ هەموو شتێک لە مانا بەتاڵ بکاتەوە. هەموو شتێک لە ناو خانووەکەدا وەها بێ مانا دەبن کە لای ئەو لە نێوان مانەوە یان نەمانەوەیان هیچ چەشنە جیاوازییەک نیە. ئەو دەیەوێ تەنیا بڕوات و بڕوات. سەفەرێک بەرەو داهاتوو.

بەڵام داخۆ ئەمە بە مانای نەبوونی کاریگەریی مەرگی باوکی بە سەر رۆحی ئەوەوەیە؟ بێگومان نا. رەنگە ئەم جۆرە کاردانەوەیە ترسناکترین جۆری کاردانەوە بێت، لەبەر ئەوەی هەڵگری قووڵاییەکی فکرییە هەتا هەستی. ئەوە مێشکە زیاتر ئازار دەبینێ تا هەست. قورسایی بارەکە رێک لەوێدایە. بۆیە ترسناکترە.

بەم شێوەیە کامۆ و بوکۆسکی لە دوو دەقی جۆراوجۆردا بەرامبەر ئەزموونەکانی مرۆڤ بەرامبەر بە مەرگمان دەکەنەوە. مورسو لە کۆتایی رۆمانی بێگانە بە تاوانی قەتڵ لە سێدارە دەدرێ و لە ساردیی ئەو بەرامبەر مەرگی دایکی وەک هۆکارێکی تر بۆ بێڕەحمییەکەی کەڵک وەردگیردرێ و، لە چیرۆکەکەی 'بوکۆسکی'یشدا بەئاودانی بەخچەکە دەگەینە کۆتایی. با باخچەکە نەمرێ!

بێگومان لە خوێندنەوەی دەقەکاندا دەبینین کە هەموو نووسەران بەجۆرێک رووبەڕووی ئەم پرسە دەبنەوە و بە شێوازی خۆیان باس لەم رووداوە گرینگەی ژیانی مرۆڤ دەکەن کە رەنگە سەرەکیترین بەخشێنەری مانا بە ژیان بێت.

باسکردنی لە مەرگ لای نووسەر پێوەندی هەیە بەو شتەی وا لەسەرەتاوە باسمان لێکرد، واتە لە هەوڵی نووسەر بۆ مانەوە لە ژیان لە رێگای پێشکەشکردنی دەقەوە. ئەزموونکردنی مەرگ لە دەقدا و مەرگی خودی نووسەریش پێوەندیی راستەوخۆیان بەیەکترەوە هەیە. لە راستیدا لە پێش مەرگی نووسەر، نووسەر هەوڵدەدا لە رێگای وێنەسازیی ناو دەقەوە هەر لە ساڵەکانی زۆر زووی تەمەنی خۆیەوە هەم وشیارییەک لەخۆیدا بەرامبەر بەم پرسە چێ بکا و هەم بە وێنەسازیی جۆراوجۆر بتوانێ پرسی مەرگ لە روانگەی جوراوجۆرەوە بداتە بەر باسکردن. دەق لای نووسەر هەم رێگایەکە بۆ مانەوەی خۆی و هەم رێگایەکە بۆ ئەزموونکردنی مەرگ لە پێش مەرگی راستەقینە. نووسەر گەر نەتوانێ بۆ وێنە لە پێش مەرگی خۆیدا ئەزموونی مەرگ لە دەقدا بە شێوازێکی باش و ئەدیبانە بنوێنێتەوە ئەوا بێگومان یەکێک لە پێداویستییەکانی بەردەوامیی خۆی لە پاش مەرگ لەدەستدەدا.

دیارە لە نێوان مەرگپەرستی و ئەزموونکردنی مەرگ جیاوازیی گەورە هەیە. نووسەر گەر بگاتە ئاستی خۆکوژی دیسان ناتوانێ مەرگپەرست بێت. بەپێچەوانەوە ئەزموونی خۆکوژییەکەیشی دەبێتە هۆکارێک یاخود ئاماژەیەکی تر بۆ مانەوە لە ژیاندا و درێژەدان بە ژیان بە شێوازی مەعنەوی.

دەتوانین بڵێین بەدەقکردنی ژیان گەورەترین ئاماژەیە بە حەز و ئەشقی نووسەر بۆ ژیان. دەربڕی تەئەسوفی ئەوە بۆ کاتی بوونی ژیان و تێپەڕینی خێرای. هەوڵە بۆ دەستەمۆکردنی ساتە تیژتێپەڕەکان. جاری وایە نووسەر خۆشخەیاڵانە دەگاتە ئەو بۆچوونەی کە گوایا تووانیویەتی ئەم کارە بکا، بەڵام زۆر خێرا لەهەڵەی خۆی تێدەگا و بۆیە دەستبەجێ دەگەڕێتەوە دۆخی هەمیشەیی خۆی و بەم شێوەیە دەروونیایەتی نووسەری بەردەوام دەبێت.

لە نووسەراندا ئەزموونی زۆربەی شتەکان دەگاتە ترۆپک و گەر خوێنەر وشیار نەبێ رەنگە ئەمە ببێتە هۆی لێکدانەوە و بۆچوونی هەڵە لەسەر خودی نووسەر (لەدەرەوەی دەق). رادیکالیزمی شێواز خەسڵەتی بنەڕەتی نووسەرە و ئەمە مەرگیش دەگرێتەوە. بۆیە نابێ بگەینە ئەو ئاستەی کە گوایا مەرگ تەنیا وەک خودی مەرگ و لەبەر خودی مەرگ لە دەقدا حوزوری هەیە. ئەم دیاردەیە هەمیشە لە پێوەندێکی دیالکتیکیانەیە لەگەڵ چەمکەکانی تردا و لێرەوە فرەچەشنیی خۆی لە بواری مانادا وەردەگرێ.

سەرئەنجام رۆژێک دێت هەموومان، جا لە هەر ئاستێکی رۆحی و دەروونی و فیزیکیدا بین، تەسلیمی مەرگ دەبین. یەک لەوان نووسەرانیش. رەنگە تەنیا جیاوازیی نێوان نووسەران و خەڵکی تر ئەوە بێت کە ئەوان پێش مردن زۆر جار بەشێوەی تایبەت و لە رێگای دەقەوە بە شێوازی فرەچەشن ئەزموونی مەرگ دەکەن. بۆیە رەنگە لە کاتی مردندا مردن زۆر تازە نەبێ بۆیان. 'مورسو'ی ئاڵبێرت کامۆ و کاراکتێرەکەی بوکوسکی لە چیرۆکی 'مەرگی باوکم'دا هەر هەموویان دەتوانن را‌هێنانە سەرەتاییەکان بن!

ئێمە دەنووسین لەبەر ئەوەی نووسین درێژکردنەوەی ژیانە لە دووای مەرگ. نووسین رێزگرتن لە ژیان و دەربڕی ئەشقی بێکۆتایی نووسەرە بۆی. لە رێگای نووسینەوە هەم خۆمان و هەم خوێنەر رادێنین کە چلۆن بەرامبەر گەورەترین رووداوی ژیانی خۆی کە نەفی ژیانە بێتەوە. دەق دەرفەتی ئەم ئەزموونە لە رێگای وشەکانەوە دەڕەخسێنێ و بەم شێوەیە مرۆڤی کتێب خوێن لە کاتی مەرگدا هەمان مرۆڤی غەیرە کتێب خوێن نیە.

درێژەی هەیە...

گەڕان بۆ بابەت