شرۆڤە

بۆچی دەنووسین (٣٨)

فەڕۆخ نێعمەتپوور

 نووسین گێڕانەوەی بەسەرهاتی مرۆڤ و عەوداڵبوونی بەشوێن خۆشبەختییەوەیە، نووسین نوواندنەوەی رێژەیی بوونی ئەم هەستە و بەردەوامبوونی بەردەوامیی مرۆڤ لەپێناویایەتی. دەق شوێنێکە لە نێوان خۆشبەختییەکان. بۆیە لەگەڵ خۆی هەمیشە هەڵگری تراژێدیایشە.

 

بۆچی دەنووسین (٣٨)

فەڕۆخ نێعمەتپوور

خۆشبەختی چییە؟ داخۆ مرۆڤ دەتوانێ خۆشبەخت بێت؟ ئەم چەمکە تەنیا هەستە لە دەروونی مرۆڤەکاندا یاخود دیاردەیەکی دەرەکیشە، یان تێکەڵێکە لە هەر دووکی ئەمانە؟

خۆشبەختی یان هەست بەخۆشبەختی کردن هەر لە کۆنەوە یەکێک لە سەرەکیترین ئامانجەکانی مرۆڤ بووە. هەرچەند پێوانە بۆ ئەم چەمکە لە مرۆڤەکاندا جۆراوجۆرە. بۆ وێنە یەک خۆشبەختی لەهەبوونی پارەوپوڵدا دەبینێ، یەک لە ژیانێکی حەکیمانەدا، ئەوی تر لە ژیانێکی ئایینیدا و هتد. ئەم چەمکە هەر لە کۆنەوە لای فیلسووفانی یۆنانی کەونارا، واتە کەسانی وەک ئیفلاوتوون و ئەرەستوو، جێگای سەرنج و لێکۆڵینەوە بووە.

بەڵام خۆشبەختی هەمیشە چەمکێکی بگۆڕ بووە و قەت ناتوانین پێناسەیەکی تاقانەی لێ پێشکەش بکەین. تەنانەت کاتێک دەگەینە خۆشبەختیش، دەبینین وەک هەست کورتخایەنە و بۆیە سەر لە نوێ هەست بە بێتاقەتی دەکەینەوە و ئەوجا بە شوێن ئامانج و بەرنامەی دیکەوە دەبین بۆ ئەوەی دیسان هەست بە خۆشبەختی بکەینەوە. لێرەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە خۆشبەختی وڵاتێک نیە لە چەشنێ بەهەشت بیگەینێ و بە مەرجی گەیشتنی ئیتر بۆ هەمیشە ئاسوودە بین. بۆیە زۆر کەس لە جیاتی ئەوەی خۆشبەختی وک شوێنێک پێناسە بکەن کە بەرەو ئەوێ بەڕێوەین، وەک خودی ئەم ساتانەی وا تیایانا دەژین تەعبیری دەکەن، بەڵام بەو مەرجەی ساتەکان تەژی بن لە شێوەژیانێک وا ئێمە تێیدا هەست بە بەرهەمهێنان و دارشتنی کەسایەتی و تواناییەکانی خۆمان بکەین.

کەواتە خۆشبەختی دەتوانێ رێگا بێت. رەوتە کە تێیدا ئامانجێک تێیدا پێناسەکراوە و مرۆڤ هەر لە ئیستاوە وەها ژیانی خۆی داڕشتوە کە بتوانێ هەست بکا خەریکە لە پێناوی ئەو ئامانجەدا دەژی. خۆشبەختی چرکە چرکە دابین کردنی ئامانج و رەنگە گەیشتنی یەکجارەکیشە پێی.

خۆشبەختی هەست بە ئەرک کردن و تێکۆشانە لە پێناویاندا. خۆشبەختی خۆرەخساندن لە ئەرکەکان و خۆدزینەوە و وچاندان نیە. مرۆڤ بوونەوەرێک نیە هەر لە سەرەتای ژیانییەوە پێناسەکرابێ، بەڵکو لە رەوتی ژیانیدایە پێناسەدەکرێ و خۆی لەم پێناسەیەدا دەوری گرینگ دەگێڕێ. بۆیە خۆشبەختی توانای مرۆڤە لە پێناسەکردنی خۆی بە گوێرەی تواناکان و پوتانسیەلەکانی. خۆشبەختی ژیانکردنە تا ئەوپەڕی سنوورەکانی مرۆڤبوونی خۆمان. تەژیکردنی ساتەکانی ژیانە لە خۆمان. ئەگەر مرۆڤ خاوەنی دوو لایەنی فیزیکی و دەروونییە ئەوا خۆشبەختی تێرکردنی ئەم دوو بەشە و دیاریکردنی باڵانسەیە لە نێوانیاندا. هەر کامی ئەم دوو لایەنە خاوەن کەمایەسی بن ئەوا هەستی خۆشبەختی بەتووش کێشەوە دەبێ. نە بواری جەستەیی جێگای بواری دەروونی پڕدەکاتەوە و، نە بواری دەروونی جێگای بواری جەستەیی. بۆیە زیادەڕەوی کردن لە هەر کامێکیاندا چەمکی خۆشبەختی دەڕووشێنێ و لە مانا بەتاڵی دەکاتەوە.

ئەدەب، بەتایبەت بواری چیرۆک و رۆمان، شوێنی گێڕانەوەی بەسەرهاتی مرۆڤن لە بواری خۆشبەختیدا. خۆشبەختی کە چەمک و هەستێکی دەروونیە لە دەقدا باشترین بوار بۆ خۆخەمڵاندن پەیدادەکا. لە راستیدا دەق رەوایەتی بەسەرهاتی مرۆڤەکانە بۆ دۆزینەوەی ئەم چەمکە و هەست بە ئاسوودەیی کردن. تراژێدیایش بەتایبەت ئەو کاتە سەرهەڵدەدا کە مرۆڤەکان سەرەڕای ماندووبوونی زۆریان و نوواندنی بەرپرسایەتی بەڵام ناگەنە ئەو قۆناغەی وا مەبەستیانە و بگرە ژیانیان بە پێچەوانەوە هەڵدەگەڕێتەوە. ئەوانەی بۆ خۆشبەختی خەباتدەکەن دەگەنە مەرگ یاخود ئەشکەنجەیەکی بێکۆتایی و، لێرەوە خراپترین جۆری تراژێدیا سەرهەڵدەدا. هیچ شتێک بەقەدەر ئەم تراژێدیایانە هەستیاربوونی چەمکی خۆشبەختی و ترسناکبوونی دەرناخەن. مرۆڤ تێدەگا چەمکێکی وەها ئاسایی چەندە دەتوانێ شتی تری بە شوێندا بێت و ژیان بە تەواوی بە بارێکی تردا بخا. وەک بڵێی هەموو بوون لەدژی ئەم چەمکە رێکخراوە. لێرەوەیە دژە رۆمانسییەکان، واتە مرۆڤە ریاڵییەکان، سەرهەڵدەدەن و مرۆڤ ئاگاداردەکەنەوە لەوەی کە زۆر بە شوێن ئەم چەمکەوە نەبێت؛ چونکە لە رەنج و ئازار نەبێ هیچ شتێکی تری لێ بەدەست ناهێنێ. بەڵام سەیر ئەوەیە مرۆڤ سەرەڕای هەموو نەهامەتییەکان دیسان ناتوانێ دەست لەم چەمکە بەربدا و بەردەوام بە شوێنییەوەیە. جا هەر جارە و بە گوێرەی هەل و مەرج و بەگوێرەی ئەزموونەکانی خۆی.

دەق هەر لە کۆنەوە هەڵگری هاوڕێیەتی مرۆڤ لەگەڵ چەمکی خۆشبەختی و چۆنیەتی پێکەوە رێگاکردنیان بووە. چ ئەو کاتانەی مرۆڤ خۆی جووڵابێ بۆ چێکردنی دۆخێکی تر و چ ئەو کاتانەی خۆشبەختی بریتی بووبێ لە رەواندنەوەی مەترسییەکی گەورە لە سەر ژیانی کە کتوپڕ خۆی بە ژوورەوەدا کردووە. چیرۆک بە جوانی ئەمە نیشاندەدا کە خۆشبەختی زیاتر هەستێکی کاتییە لە قۆناغیکی تایبەتدا کاتێک بە شتێک گەیشتووین کە گەیشتنەکە لە سەرەتاوە مەحاڵ نوواندوویەتی. یاخود ماوەیەکی زۆر وەک خەون لەگەڵیا ژیاوین و زەمەنداربوونی خەون ئەوەندەی تر خەوناوی کردووە.

با لێرەدا باس لە چیرۆکێکی ئانتوان چیخۆف بکەین بە ناوی 'خۆش شانس'. لەم چیرۆکەدا بەتووش کوڕێکی گەنجەوە دەبین بە ناوی 'ئیڤان ئالێکسی یووڤیچ' کە تازە هاوسەرگیری کردووە و لە قەتارێکدا لەگەڵ ژنەکەی دەچن بۆ مانگی هەنگوین. بەڵام لەناوەڕاستی رێگادا لە شوێنێک کاتێک قەتارەکە لادەدا ئەو دادەبەزێ و خەریکی خواردنەوە دەبێ و پاشان بەهەڵە سوار قەتارێکی تر دەبێ! ئیڤان کە سەرخۆشە بەڕێکەوت خۆ بە ڤاگۆنێکی تردا دەکا و بەتووش هاوڕێیەکی کۆنەوە دەبێ. دیارە سەرئەنجام تێدەگا کە بە هەڵە سوار قەتارەکە بووە، بەڵام لەگەڵ ئەو پێنج کەسەی ئەو لە ناو ڤاگۆنەکەدا دەیانبینێ دەکەوێتە گفتوگۆیەکەوە لەسەر خۆشبەختی کە جێگای سەرنجە.

ئیڤان بەم شێوەیە باس لە هەستی دەروونی خۆی دەکا: "... نە دڵەڕاوکێیەک، نە بیرێک... تەنیا هەست... هەستێک کە نازانم چ ناوێکی لێ بنێم... رەنگە هەستی خۆشبەختی؟ لە هەموو تەمەنمدا ئەوەندە خۆش نەبوومە...، ... زۆر زیاتر لەوەی خەیاڵ دەیگاتێ خۆشبەختم!"

ئەوسا باس لە هاوسەرگیری خۆی دەکا ئەوەی کە ژنەکەی ئیستاکە لە ڤاگۆنەکە چاوەڕوانیەتی. هاوسەرگیرییەک کە مسداقی خۆشبەختیە بۆ ئەو. ئەوانەی ناو ڤاگۆنەکە دەڵێن دیتنی مرۆڤێکی خۆشبەخت لەم دەورەوزەمانەدا شتێکی سەیرە، وەک ئەوە وایە فیلێکی سپی ببینی! بەڵام ئیڤان تەئکید دەکاتەوە کە خۆشبەختی هەیە و ئەگەر کەسێک خۆشبەخت نیە ئەوا تەنیا گوناهەکەی بۆ خۆی دەگەڕێتەوە. هاوڕێکەی دەڵێ وانیە و بۆ وێنە ئەگەر ئیستاکە ئەم قەتارە تەسادوف بکا ئەوا هەموو شتێک دەگۆڕدرێ.

لێرەدا چخۆف دوو روانگە لەمەڕ خۆشبەختی لە چیرۆکەکەی خۆیدا پێشکەشدەکا: روانگەیەک کە لای وایە خۆشبەختی لە کەسەکە خۆیەوە دێت و روانگەیەک کە لای وایە رووداوە دەرەکییەکان زۆر ئاسان دەتوانن خۆشبەتی تێکبدەن. لە درێژەی چیرۆکەکەدا ئیڤان کاتێک تێدەگا کە بەهەڵە سوار قەتارەکە بووە و ژنەکەی جێهێشتووە، وەها نیگەران دەبێ کە چیتر هەستی بەختەوەرییەکەی نامێنێ.

داخۆ کام بۆچوونەیان راستە؟ ئەوەی ئیڤان یان هاوڕێکەی؟ بێگومان هەر دووکیان. گومانی تیا نیە ئەو چرکەساتانەی وا ئیڤان هەستی خۆی وەک کەسێکی خۆشبەخت دەردەبڕێ، خۆشبەختە؛ وەک چۆن رووداوێکی نەخوازراوی وەک گۆڕینی قەتارەکەیش دەتوانێ ئەم هەستە لەبەین ببات. وەک چۆن دەبینین لە ئیڤاندا لەناوی دەبات.

بۆیە ژیان بە جۆرێک بریتییە لە ململانێی نێوان ساتە بەختەوەرەکان و ساتە نابەختەوەرەکان. بژارێکی تایبەت لای ئێمە دەبێتە هۆکاری هەستی خۆشبەختی و بەڵام رووداوە دەرەکییەکان لەوە بێ رەحمترێکن وا هەمیشە ئاگایان لەم بژارەی ئێمە بێت و بیەوێ رایبگرێ بۆمان. بۆیە دیسان ئیڤان دەکەوێتەوە قۆناغی ئەو دڵەڕاوکێ و بیرەی وا لەسەرەتاوە دەیگوت ئیستاکە نییەتی، هەتا دەگاتەوە ئەو قەتارەی وا ژنەکەی، واتە وێنای خۆشبەختیی ئەوی، تێدایە.

دیارە بۆ زانینی ئەم راستیە هیچ پێویستمان بە دەق نیە. ژیانی رۆژانە تەژییە لەم جۆر نموونانە، بەڵام ئەوەی دەق دەیکا شتێکی ترە. وەک لەوە پێش باسمان لێکرد دەق بەهۆی چڕکردنەوەی زەمەن و شوێن، کاریگەریی ئەم راستییە دەگەیەنێتە ترۆپکی خۆی. بەم شێوەیە خوێنەر دەتوانێ بە هەمان جوانی هەست بە دەروونیاتی کاراکتێری چیرۆکەکە بکات کە خودی کاراکتێرەکە دەیکا.

ئێمە دەنووسین لەبەر ئەوەی بەشێوەی کۆنکرێت باس لە چەمکی خۆشبەختی و نادەستەمۆبوونەکەی بکەین. نووسین گێڕانەوەی بەسەرهاتی مرۆڤ و عەوداڵبوونی بەشوێن خۆشبەختییەوەیە، نووسین نوواندنەوەی رێژەیی بوونی ئەم هەستە و بەردەوامبوونی بەردەوامیی مرۆڤ لەپێناویایەتی. دەق شوێنێکە لە نێوان خۆشبەختییەکان. بۆیە لەگەڵ خۆی هەمیشە هەڵگری تراژێدیایشە.

درێژەی هەیە...