ئارى زيَندينى

 بۆ ئەوەی میدیا ڕۆڵی ڕاستەقینەو کاریگەری خۆی ببینێت پێویستە لە ئاستێکی باڵای بەرپرسیارێتی دا بێت بە تەواوی پیشەیی و ورد بین و ڕاستگۆ و بێلایەن بێت لە ڕووماڵەکانیدا بۆ ڕووداوەکان و ڕێزگرتن لە یاساو پاراستنی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی.

 

دەسەڵاتی چوارەم

ئارى زيَندينى

 

 زاراوەی دەستەڵاتی چوارەم بە ھەموو کەرەسەکانی ڕاگەیاندن دەبێژن بە گشتی و ڕۆژنامەوانی بەتایبەتی لەلایەکی ترەوە ئەوەندەی ئەم زاراوە بۆ کاریگەری لە سەر ڕای گشتی چ بۆ گۆڕینی و یان زەمینە سازکردن بۆ خوڵقاندن و ڕازیکردنی وەرگر واتە کۆمەڵاتی خەڵک بۆ بابەتێک کە ئامانجێکی گرنگی لە پشتەوە بێت بۆ ڕێنوێنی و ھاندانی ڕای گشتی، ئەوەندە پەیوەندی بە بواری ڕۆشنبیری ھۆشیاری مەعریفەوە نیە ھەرچەندە بیر و بۆچوونەکان جیاوازان لەسەر ناونان و سەرھەڵدانی ئەم زارەوە لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەھەمەوە دوای ئەو پێشکەوتن و بازدانە خێرانەی کە ڕۆژنامەوانی بە خۆیەوە بینی ھەندێک بەوەی دەبەستنەوە کە ئەمیش دەستەڵاتی چوارەمە دوای دەستەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێ کردن و دادوەری بەو پێیەی کە کاریگەری و زۆری لەسەر خەڵکی ھەیە کە کاریگەرییەکەی لە حکومەت دامودەزگاکانی تر کەمتر نیە لەلایەکی ترەوە  ڕاو بۆچوونی جیاواز ھەیە لە سەرسەرھەڵدانی ئەم زاراوە و کێ بۆ یەکەم جار بەکاری ھێناوە ڕایەک ھەیە کە یەکەم جارمێژوونووسی ئسکتلەندی (توماس کارلیل) بەکاری ھێناوە لە کتێبی (پاڵەوانەکان و پەرستنی پاڵەوان) ساڵی ١٨٤١ ز اینی کە چەند ڕستەو دەستەوااژەیەکی لە بیرمەندی ئێرلەندی (ئیدمۆند بیرک) وەرگرتبوو کە باسی سێ پارتەکە یان سێ چینەکە کە حوکمڕانی وڵاتیان دەکرد ئەو سەردەمە واتەپیاوانی ئایینی و دەوڵەمەندەکان و ڕەشە خەڵکەکە  (گەل) کە وتوویەتی پەیامنێران و ڕۆژنامەنووسانیش چین و پارت و دەستەڵاتی چوارەمن و کاریگەری زۆریان ھەیە لە سەر کۆمەڵگا بگرە لە سێ چینەکەی دی زیاتر .ئەمڕۆ لەم سەردەمی پێشکەوتنە خێرایانەی زانست و تەکنۆلۆجیادا کە جیھان بووەتە گوندێکی بچکۆلانە و لە ھەمانکاتدا سیستەمی دیموکراسی چ بە ڕاست و چ بە درۆش بە ئاست و ڕادەی جیاجیا  لێرەو لەوێ پیادە دەکرێت ھەموو ئەمانە بە چی پێوانە و ھەڵسەنگاندنی بۆ دەکریًت کە کێ دیموکراسی و دیموکراسخوازە و لە کوێ مافەکان پێشێل دەکرێت ئەگەر میدیا و ڕۆژنامە نووسان نەبێت.

لەبەرئەوە بە بێ میدیا و ڕۆژنامە نووسان و ڕاگەیاندنەکان زۆر ئەستەمە دیموکراسی جێبەجێ بکرێت و لەبەرئەوە میدیا و میدیاکاران کۆڵەکەو بنەماو ڕگەزێکی زۆر کاریگەر و پێکھێنەرو خوڵقێنەری سیستەمی دیموکراسین و بەبێ میدیا ستەمە باس لە دیموکراسی بکرێت تەنانەت بۆ نموونە ھەڵبژاردن کە سەرەتاو دەستپێکی سیستەمی دیموکراسیە بەبێ میدیاو ڕاگەیاندن بەڕێوەناچێت چ لە ھاندانی خەڵک بۆ بەشداری چ بۆ بانگەشەی لیست و کاندیدەکان دواتر چۆنێتی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن و ئاستی پاکی و بێگەردی پرۆسەکە کە میدیا ڕۆڵی چاودێری کردنی لە گەڵ داموودەزگاکانی تردا دەگرێتە ئەستۆ. بۆیە لە ساڵی  ٢٠٠٥ دا  کۆنگرەی نێو دەوڵەتی ساڵانەبۆ ئازادی ڕۆژنامە نووسی لە ڕاگەیەندراوێك ڕایگەیاند (کە میدیای ئازادو سەربەخۆ و فرەڕەنگ فاکتەرێکی بنەڕەتیە بۆ مسۆگەرکردنی لێپرسینەوەو شەفافیەت و بۆ بەشداریکردن وەکو ڕەگەزێکی بنەڕەتی بۆ حوکمڕانیەکی ڕەشید وە گەشەکردن لەسەربنەمای مافەکانی مرۆڤ). بۆ ئەوەی میدیا ڕۆڵی ڕاستەقینەو کاریگەری خۆی ببینێت پێویستە لە ئاستێکی باڵای بەرپرسیارێتی دا بێت بە تەواوی پیشەیی و ورد بین و ڕاستگۆ و بێلایەن بێت لە ڕووماڵەکانیدا بۆ ڕووداوەکان و ڕێزگرتن لە یاساو پاراستنی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی چونکە وەکو پێشتریش ئاماژەم پیێدا ئەمڕۆ بە ھۆی پێشەکەوتنی تەکنۆلۆجیاوە میدیا کاریگەری ڕاستەوخۆ و خێرای لەسەر ڕووداوەکان ھەیە ھەر سەرپێچی یەک یان گواستنەوەی ھەر بابەت و مەسجێکی نابەرپرسانە و ناپیشەیی بۆی ھەیە کارەسات و ڕووداوی نەخوازراوی لێبکەوێتەوە بۆیە دەبێت میدیاکاران لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتیە مێژووییەدا بن و لە ھەمان کاتدا پێویستە مافی میدیاکاران پارێزراو بێت بە یاسا و ئازادی و نان و سەرچاوەی ھەواڵ و زانیاری پێویستیان بۆ فەراھەم بکرێت.