ما 2939 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دەنووسین لەبەر ئەوەی دەمانەوێ لە مرۆڤی پاسیفەوە ببین بە مرۆڤی چالاک و خوێنەرەکانیشمان بەرەو ئەم چارەنووسە بانگهێشت بکەین. نووسین حەقایەتی سەرگەشتەیی مرۆڤە لە نێوان دوو چەمکی  'من' وەک تاک و 'من' وەک گشت. ئەو سەرگەشتەییەی پێویست نیە وەڵامی هەبێ ئەوەندەی دەتوانێ خاوەن وەسف بێت!

 

بۆچی دەنووسین (دووابەش)

فەڕۆخ نێعمەتپوور

 

سەبارەت بەوەی مرۆڤ لە بنەڕەتدا بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە یاخود تاک، لەنیوان بیرمەنداندا جیاوازیی بیروڕا هەیە. بۆ وێنە ئەرەستوو مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی پێناسەدەکا و، لای بیرمەندانی وەک 'هۆبز'' و 'جۆن لاک'یش مرۆڤ بوونەوەرێکی تاکە کە بەهۆی پەیمانی کۆمەڵایەتییەوە دەچنە ناو کۆمەڵگاوە تا پێکەوە بژین. ئەو پەیمانەی هێندێ شتی تیادەدەن بۆ ئەوەی هەندێ شتی تر بەدەست بێنن. بۆ وێنە ئازادیی خۆیان دەدەن بۆ ئەوەی ئاسایشی خۆیان دابین بکەن و گیانی خۆیان بپارێزن.

باوەڕمان بەوە هەبێت یان نا کە مرۆڤ لەبنەڕەتدا بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە، بەڵام لە دوواجاردا دەبینین مرۆڤەکان پێکەوە دەژین و لە راستیدا وێناکردنی مرۆڤێک کە لە دەرەوەی کۆمەڵگا دەتوانێ بژی و درێژە بە ژیانی بدا، بەزەحمەت وێنادەکرێ. وەها مرۆڤێکیش ئەگەر دەستکەوێ، ئەوا بێگومان لە ئامراز کەڵک وەردەگرێ و ئامرازیش ئەنجامی داهێنانی کۆمەڵگا و رەوتی ژیانی کۆمەڵایەتییە، واتە مرۆڤەکان لە گشتییەتی خۆیدایە و بەم پێیە مرۆڤە تەنیاکانیش، ئەگەر دەستکەون، بە جۆرێک هەر لە کۆمەڵگادا دەژین!

دەق لە راستیدا گێڕانەوەی ژیانی تاک و کۆمەڵایەتی مرۆڤە. لە چیرۆک و رۆماندا وەک لەوە پێش ئاماژەمان پێدا، نووسەر بەسەرهاتی تاک لە بەستێنی کۆمەڵگادا دەنوێنێتەوە، هەرچەند ناچاریشە لە هەمان کاتدا لە وەسفە گشتییەکاندا باسی کۆمەڵگا بە گشتیش بکا. دیارە دەتوانین بشڵێین دەق بەسەرهاتی کۆمەڵگا لە بەستێنی تاکیشدا دەگێڕێتەوە.

بەم پێیە دەق بەرجەستەکردنی بوارە کۆمەلایەتییەکانی ژیانی مرۆڤە. دەرخستن و خەمڵاندنی تاک لە بەستێنی کۆمەڵایەتیدایە. دەق پیشانیدەدا چلۆن تاک لە کۆمەڵگادا بەرهەم دێت و لە هەمان کاتدا چلۆن تاکایەتی خۆی دەخەمڵێنێ. ئەگەر دەق رەوتی بەکۆمەڵایەتی بوونی مرۆڤ دەنوێنێ، ئەوا خوێندنەوەی دەق دەبێتە سەرچاوەیەک بۆ ئاشناکردنی خوێنەر بەم چەمکە و راهێنان و پەروەردەکردنی باشتری. بێهۆ نیە چیرۆک و رۆمان لە قوتابخانەکان بەشێکی گرینگی فێرکارین و رۆڵی تایبەتی لەم بوارەدا دەگێڕێن.

بەڵام داخۆ بۆ ئەوەی نووسەر بتوانێ دەقێک بەرهەم بێنێ کە بتوانێ تیایا باس لەمە بکا، پێویستی بە فیڕکارییە لە بواری لایەنە کۆمەڵایەتییەکانی مرۆڤدا؟

بێگومان ئێمە هەر لە سەرەتاوە دەکەوینە ناو رەوتی بەکۆمەڵایەتیی بوونەوە و لە رێگای بنەماڵە، هاوڕێیان، قوتابخانە و هتد، دەچینە ناو ئەم رەوتەوە، بەڵام ئەمە بە تەنیایی بۆ نووسەربوون ناخوا و لە راستیدا نووسەران پێویستیان بە هەندێ بواری تر هەیە بۆ ئەوەی بتوانن دەق بەرهەم بێنن. جا لەم پێوەندییەدا دەتوانین ئاماژە بە دوو شتی تر بکەین کە بەجۆرێک لەوە پێش ئاماژەمان پێداوە: خوێندنەوە و ئەزموون.

خوێندنەوەی دەقی تر یەکجار یارمەتیدەرە و، ئەزموونیش دوو بوار دەگرێتەوە: تێپەڕین بە رووداوەکان و هەروەها شۆڕبوونەوە بە ناخیاندا (لێرەدا مەبەست بە گشتی ئەزموونی ئەکتیڤە).

بواری ژیانی ئاسایی کە وتمان لە بنەماڵە و کۆڵان و قوتابخانە و هتد خۆیان دەردەخەن، زۆرتر بواری بەکۆمەڵایەتی بوونی پاسیف دەگرنەوە. واتە مرۆڤ زیاتر لەم بوارانەدا وەرگرە تا کەسێکی چالاک. بەڵام بوارەکانی خوێندنی دەق و ئەزموون کە لە قۆناغەکانی سەرەوەتری تەمەندا دێن زیاتر هەڵگری لایەنی ئەکتیڤن و تیایاندا مرۆڤ دەکەوێتە پێوەندێکی دوو لایەنی چالاک لە گەڵیاندا. بگرە کاتێک خەسڵەتی چالاکبوونەوە لە هەڵوێستی مرۆڤدا سەرهەڵدەدا ئەمە دەتوانێ تەنانەت رابردوویشی بگرێتەوە. بەو مانایە ئەگەرچی رابردوو وەک زەمەنێک کە گوزەراوە تێپەڕیوە، بەڵام مرۆڤی چالاک دەتوانێ بە هۆی خەسڵەتی چالاکبوونییەوە جارێکی تر بە شێوازی تر بە رابردوودا بچێتەوە و بەم شێوەیە سەردەمی پاسیڤ بوونی خۆیشی سەرلەنوێ چالاک بکاتەوە. لێرەدا رووبەڕووبوونەوە لە گەڵ رابردوو لە شێوازی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ یادەوەرییەکان روودەدات و بۆیە زیاتر شکڵی ئایدیا (نەک شت) لە خۆی دەگرێ (پێوەندێکی ناڕاستەوخۆ).

بەم پێیە نووسەر دەبێ بە سەرچاوەیەک بۆ نوواندنەوەی رەوتەکانی بەکۆمەڵایەتی بوون، بەڵام لە ئەزموونی نوێدا. نووسەر بە پێشکەشکردنی دەقی تایبەتی خۆی قووڵایی و بەرینایی بە ناسین دەدات لەسەر رەوتی بەکۆمەڵایەتی بوون وەک رەوتێکی هەمیشەیی لە ژیانی مرۆڤەکاندا. هەروەها دەتوانێ بەجوانی لایەنە خەسارناسییەکانیشی دەربخا.

هەموو مرۆڤەکان خاوەن ئەزموونی تایبەتن، بەڵام هەر هەموویان نابنە نووسەر لەبەر ئەوەی بە ئەزموونی تایبەتی چالاکدا تێناپەڕن. ئەو ئەزموونانەی وا مرۆڤ وەک سوبژەیەکی بڕیاردەر و ئەکتیڤ تیایانا خۆی دەردەخا و لە رێگای کردە و ئایدیاکانەوە دەستیان تێدەهاوێ و هەوڵدەدا بە جۆرێکی تر سازیان بکاتەوە. بەم پێیە دەق سەرلەنوێ سازکردنەوەی ئەزموونە پاسیڤەکانە بە گوێرەی زەینی چالاک و خودائاسا، واتە ئەزموونی چالاک.

وەک چۆن ئەزموونە پاسیفەکانی ژیان بە گوێرەی مرۆڤەکان جیاوازن، هەر بەو پێیە بە گوێرەی مرۆڤە چالاکەکانیش جیاوازن، بگرە لێرەدا جیاوازییەکان لە باری چلۆنایەتییەوە یەکجار لەگەڵ حالەتی یەکەم فەرقیان هەیە. کاتێک ئەزموونی پاسیف و ئەزموونی چالاک لەیەکدەدەن و یەک دەگرن، بەستێنی سەرەکیی لەدایکبوونی دەق دەڕەخسێ. نووسەریش هەتا داهێنەرتر بێت ئەوا زیاتر بەشە پاسیفەکە دەکێشێتە ژێر کاریگەریی بەشە چالاکەکەوە. لێرەوە دەگەینە ئەو حاڵەتەی کە دەبێ بڵێین زەینی نووسەر دەبێ ئەوەندە چالاک بێت کە بتوانێ هەمیشە لە رەوتێکی پیاچوونەوە بە ئەزموونەکانی خۆی بێت.

دەق بەم پێیە دنەدەری خوێنەرە بۆ ئەوەی ببێ بە ئەزموونکەرێکی وشیار و چالاک. دەق هەوڵدەدا زەینی خوێنەر وەک زەینی نووسەر لێبکا. تەنانەت گەر خوێنەر نەشبێ بە نووسەر، بەڵام زەین و دەروونی لە شێوازی زەین و دەروونی نووسەر نزیک دەکەوێتەوە. لێرەوە دەبینین لە کۆمەڵگای خوێندەوار رەوتی بەکۆمەڵایەتی بوون زیاتر خەسڵەتی چالاک وەردەگرێ هەتا کۆمەڵگای نەخوێندەوار، یان کەمتر خوێندەوار. لەوەها کۆمەڵگایەکیش دا بەشێوەی خۆبەخۆ ئەو تاکانە بەرهەم دێن کە ئەگەرچی زیاتر کۆمەڵایەتین، بەڵام لە هەمان کاتیش دا زیاتر تاکن. ئەم تاکە دەبێ بە بوونەوەرێکی بەکۆمەڵایەتی کە جیاوازە لە شێوازی نەریتیانەی خۆی. لە راستیدا دەق بیرمان دەخاتەوە کە بەکۆمەلایەتی بوونی چالاکانە، تاک تیایا بەرجەستەدەبێتەوە و لێرەوە رەنگە بگەیەنە تەفاهومێک لە نێوان ئەرەستوو لە لایەک و هۆبز و لاک لە لایەکی ترەوە.

مرۆڤ جگە لە ناو مرۆڤەکانی تر هیچ شوێنێکی تری بۆ ژیان نیە. بگرە لە بەهەشت و جەهەننەمیشدا وەک دوو وێنای خەیاڵی دیسان لە دووای مردن باسی ژیانی بەکۆمەڵ کراوە. هەڵبەت لە هەمان کاتدا مرۆڤەکانی تر دەتوانن ببنە سەرچاوەی دڵەڕاوکێ و ترس بۆمان. دەق حیکایەتی خۆشەویستی و ترسی مرۆڤەکانە لە ئاست یەکتر. نە بێ یەکتر دەتوانن بژین و نە لەگەڵ یەکتریش تەواو هەست بە حەوانەوە دەکەن. دەق گێڕانەوەی ئەم پارادۆکسەیە. خۆشەویستی و نەفرەت پێکەوە رێدەکەن. دەق پێمان دەڵێ هەتا هەین دەبێ لەوەها دۆخێکدا بژین، بەڵام لەبیرمان بێت دەبێ کەسێکی چالاک بین. چونکە گەر چالاک بووین ئەوا ئەشق و نەفرەت نابن بە دووانەی زاڵ و بڕیاردەر، بەڵکو دەبن بە دوو بوونی تێکەڵ بە هەڵوێستی چالاکانەی ئێمە.

خەسڵەتێک کە لە دەقدا بەرجەستەیە ئەوەیە کە کاراکتێرەکان هەمیشە حەزیان بە خۆدەرخستنە. هەموو کاراکتێرەکان، تەنانەت گۆشەگیرترینیشیان، لە دەقدا بە هۆی خەسڵەتی کاراکتێربوونیانەوە زەق دەبنەوە و بەم شێوەیە سنوورەکانی ژیانی ئاسایی ناو کۆمەڵگا تێدەپەڕێنن. هەر ئەم بەرجەستەبوونەیشە دەیانکا بە نموونە. ئەم دەرکەوتنە دەیانکا بە تاک، بەڵام تاکێک کە دەتوانن گشتی بن. بۆیە دەق خۆی لە خۆیدا لە رێگای بەرجەستەکردنی تاکەوە بەجوانی رەوتە بەکۆمەڵایەتی بوونەکان پیشاندەدا.

ئێمە دەنووسین لەبەر ئەوەی دەمانەوێ لە پرۆسەی بەکۆمەڵایەتی بوونەکان بگەین. نووسین رۆچوونە بە ناو ئەو پرسە ئەزەلییەدا کە داخۆ مرۆڤ لە بنەرەتدا تاکە یان گشتی. دەنووسین لەبەر ئەوەی دەمانەوێ لە مرۆڤی پاسیفەوە ببین بە مرۆڤی چالاک و خوێنەرەکانیشمان بەرەو ئەم چارەنووسە بانگهێشت بکەین. نووسین حەقایەتی سەرگەشتەیی مرۆڤە لە نێوان دوو چەمکی  'من' وەک تاک و 'من' وەک گشت. ئەو سەرگەشتەییەی پێویست نیە وەڵامی هەبێ ئەوەندەی دەتوانێ خاوەن وەسف بێت!

گەڕان بۆ بابەت