ئازاد کەریمی

جیاوازی کورد، ئەوەی وا سەری لە نێو باس و بابەتەکەدایە لەگەڵ توێژەرانی غەیرە کورد ئەوەیە بۆ وێنە گاتا یان گاسان بۆ من و تاجیک یان ئەفغانستانییەک یان تارانییەک یان شیرازییەک بخوێننەوە ئەوان هیچی لێ تیناگەن و تەقەی سەریان دێ، بەڵام من لە یەک جاردا لەوانەیە لە سەتا ٦٠ی تێبگەم.

 

شارستانیەتی مۆنا- ماد

ئازاد کەریمی

وەرزی دووهەم، بەشی پێنجەم و کۆتایی

 

ئەم زنجیرە بابەتانە وا بەندە نووسیومە و لە سایتی قیمەت گرانی قەڵەم دا بڵاوکراونەتەوە بەرهەمی زۆر ساڵ خوێندنەوەی دەقە مێژووییەکان و دەقە ئایینیەکان و هەروەها فێربوون بە قسەکردن بە سێ زاراوەی کوردی و هەروەها خۆشویستنی کولتوری زێدی باوک و باپیرانم وبیستنی ئەدەبیاتی فۆلکلۆری کوردی یە.

دەبێ هێزی استدلال کردنت خورت و قاییم بێ دەنا تۆ وەک کەسێکی تینوو وایت وا لە بیاباندا دەگەییت بە کارێز یان بیرێک و بەپەلە دەست دەکەیت بە هەڵگۆزینی ئاو لە بیرەکە و تەنیا بیر لە یەک شت دەکەیتەوە: بگەیی بە ئاو و لێیبخۆیتەوە و تینووییتی پێبشکێنی! هەروەها ئەوەش دەزانی کارێزکەن یان بیرکەن ئەم کارێز و بیرەی هەڵکەندوە، بەڵام تۆ نازانی بیرکەن و کارێزکەن چۆناوچۆن و لە چ پڕۆسەیەکدا ئەم کارێز و بیرەیان هەڵکەندووە.

وەک کورد دەڵێ ئەم هەویرە هەتا ئاوی تێبکەی دەیگرێ و دەیکێشێ. وایە! کاتێ تۆ لە سەردەمی مێژووی ساڵنەزانەوە کە دەکاتە سەردەمی چیروانۆک و اساطیر دەست پێبکەیت هەتا دەگەییتە سەردەمی ماد و بنەماڵەی یەکەمی پاشایەتی هەخامانی (هخامنشی) کە دەکاتە کوڕوز و کامبیز و ئاسەوەرد واتە ساڵی ٥٢٢ی پێش زایین کە دوایین مۆغ ی شاهەنشا واتە ئاسەوەرد یان گیومات کوژراوە، دەبێ زۆر زانیاری کۆ بکەیتەوە هەروەها هێزی استنباط و شیکاریت زۆر بەهێز بێ... دیارە دەبێ دوور بی لە تعصب و دەمارگرژی... لە بەر ئەوەی ڕووداوە مێژووییەکان بە دڵی تۆ لە ڕابردوودا نەهاتوونەتە ئاراوە. ئەو ڕووداوانە هاتوون و ڕابردوون. تۆ دەبێ بیگێڕیتەوە و باسی خۆتی لە سەر بنووسی، بڵێی ئەم شتانە هەن و بەو پێێەش وان نەوەک ئەوەی کووتراون یان هێشتا باسی نەکراوە.

با ئەوەش بڵێم کاتێ تۆ وەک کورد، خۆت متمانەت بە کەسایەتی مێژوویی خۆت نەبوو ئیدی نابێ جنێو بە ئاتاتورک و پان ئێرانیسم و پان عەرەبیسم و پان ئیسلامیسم بدەی کە ناتخوێننەوە.

بە دڵنیاییەوە دەڵێم هەر کەس دەیەوێ لە ئایدۆلۆژیای سیاسی و حزبیدا بە دوای ڕەگ و نەبەتەر و ڕێشەی مێژوویی کورددا بگەڕێ هەڵە دەکات، ئێمە زۆربەمان ئەزمونی حزبایەتی کردنمان هەیە و با ڕوون ببێتەوە کە حزبی سیاسی کار بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی گروپی ئتنیکی یان توێژێکی تایبەتی کۆمەڵایەتی دەکات لە جوغرافیای سیاسی و قەڵەمڕەوی یەکەیەکی سیاسی کە پیی دەڵێن وڵاتی خاوەن دەوڵەت. حزب یان ڕەوتی سیاسی مێژووی ئێتنیکی نەتەوە یان گەل یان خەڵکێکی مێژوویی نانووسێ، بەڵام داکۆکی لێدەکات و ئێلێمانەکانی ئەم مێژووە دەکات بە جێدەس وجێپێ و پاڵپشت بۆ ڕەوابوونی جۆری داواکاریەکەی.

 با بزانین کوردستان وڵاتە بەڵام خاوەن دەوڵەت نیە کەواتە قەڵەمڕەوی سیاسی نیە، هەرگا وایە تۆ:

 یان "هویت"ی کورد لە چوارچێوەی ئەو وڵاتە خاوەن دەوڵەتەدا پێناسە دەکەیت کە دەتکات بە هویتێکی سەر بە وڵاتێکی دەوڵەتدار یان لە ڕامان و حەزی خۆتدا خۆت بە کەسێکی سەر بە وڵاتێکی بێ دەوڵەت دەبینی و ئێمە وا لە زانکۆدا وانەی مافەکانمان خوێندوە فێربووین قەت شتی وا بە ڕەسمی نەناسین چونکە فێربووین ئەوە بچێ بە مێشکماندا "لە یاسای نێودەوڵەتی دا مانای نیە کە تۆ مرۆڤ بیت و پێناسەی وڵاتێکی دەوڵەتدارت نەبێ".

بەڵێ ڕاستە ئەمە یاسایێکی نوێیە، بەڵام کاتێ ئەو یاسا نووسرا ودەوڵەتەکان مۆریانکرد، کورد نوێنەری نەبوو تاکوو ئەو یاسا مۆربکات چونکە دەوڵەت نەبوو.

گلەیی لە پای کورد خۆیەتی!

لە ڕاستیدا ئەوە بڵێم لەم تەمەنەمدا کە خەریکە بەرەو پەنجا هەڵدەکشێ، ناتوانم خەڵک فێری سیاسەت بکەم، بەڵام دەتوانم شتەکان بگێڕمەوە و ڕای خۆمی لەسەر بڵێم.

ئەوەش با بڵێم ڕەوتە سیاسیەکان هەمیشە بۆ پاڕاستی خۆیان و هەروەها بۆ بەرەی کاری خۆیان هاوار بۆ دەقە کولتوریەکان دەبەن.

هەرکات دەقە کولتوریەکان (کە بەناو کولتورین) خۆیان لە سیاسەت هەڵقورتاندووە فاشیسم و نازیسم و ڕەگەزپەرستی و نەبەتەرپەرستی لێ شین بووە.

بەهەرحاڵ با ئەوە بڵێم هەوڵدان بۆ ساخ کردنەوەی کولتوری "هویت"ی کورد کە ملوێنێک و دە و بیست نین و پاڵ دەدەن بە چل یان زیاتر ملوێن خەڵکەوە ناکرێ بخرێتە خانەی هەوڵدان بۆ درووست کردنی کوردستانی گەورە و لەم جۆرە بابەتانەوە. بەڵام وەک کورد بۆت هەیە باسی گۆڕەپانی شارستانیی کورد (حوزەی تمدنی کرد) بکەیت و خەڵکانی دیکە و دەوڵەتەکانیش نەئاڵۆزێنی و کەسیش لە خۆت دڕدۆنگ نەکەیت و ئەگەریش بەوەش دڕدۆنگ دەبن با ببن و ئەوە کێشەی خۆیانە وا ناتوانن تۆ بە هاوشان و هاوماڵی خۆیان بزانن ، دەنا تۆ وەک کورد ئەگەر ئێرانی یان لوبنانی یان تورکیایی و عێراقی و فڵانیت، ببە، بەڵام ناتوانی و نابێ بەرخۆڵەی خۆت بدەی بە ئاودا بۆ ئەوەی کاژۆڵەی خەڵک لە ئاو بگریتەوە! لە بیری مەکە تۆ توخمی کوردی پێش ئەوەی پاسپۆرتی وڵاتێک وەک ئێران و عێراق وەربگری.

پێم باشە باسی چەند سەرچاوە بکەم بۆ زانیاری زیاتری خوێنەران، لەوانەیە پێیانخۆش بێ ئەو سەرچاوانەش وێڕای زنجیرە وتارەکانی من بخوێننەوە.

 بەندە کەڵکم زۆر لە مێژووی ماد نووسینی ای.ام. دیاکۆنۆف وەرگرتووە هەروەها پەرتووکی پیرۆزی گاسان یان گاتا و بەگشتی ئاڤێستای پیرۆز، کتێبی پیرۆزی کۆن و نوێ واتە تەورات و ئنجیل، مینوی خرد، کارنامەی اردشیرپاپکان، میژووی سومر، ئاگاد، هوری، گوتی، کاشی، ئورارتو، میتانی، هیتی، ماننا و ماد و هخامنشی، دەقە ئەستێرەوانیەکان بە زمانی کوردی، ئینگلیزی و نۆروێژی، تاریخ هرودوت، جوغرافیای کوردستان و هەروەها زمانی کوردی و زاراوەکانی ئەم زمانە کۆنە و هەروەها دەقە پەهلەویەکانیش .

جیاوازی کورد، ئەوەی وا سەری لە نێو باس و بابەتەکەدایە لەگەڵ توێژەرانی غەیرەکورد ئەوەیە بۆ وێنە گاتا یان گاسان بۆ من و تاجیک یان ئەفغانستانییەک یان تارانییەک یان شیرازییەک بخوێننەوە ئەوان هیچی لێ تیناگەن و تەقەی سەریان دێ، بەڵام من لە یەک جاردا لەوانەیە لە سەتا ٦٠ی تێبگەم لەبەر ئەوەی ئەو کتێبە بە زمانی کوردیی کۆن نووسراوە و هەڵگری هەموو دیالێکتە کوردییەکانە.

ئەگەر بتەوێ ڕاستی بنووسی دەبێ خۆت ئامادە بکەیت بۆ وەڵام دانەوە ،بەڵام ئەگەر دەتەوێ بە ڕاسپاردەی دەوڵەتەکان بنووسی هیچت پێناکرێ و دەدۆڕێیت. زیاترلە ٨٠ ساڵ پێش ئێستا ڕەوانشاد ڕشید یاسەمی کتێبێکی سەبارەت بە کورد نووسی ، ئێستا نامەیەکی سەردەمی ڕەزاشا دەرکەوتووە کە لە ساڵی ١٩٣٨دا لە نووسینگەی ڕەزاشاوە فەرمان دراوە بە وەزارەتی ڕۆشنبیری ئێران و دەڵێ ڕەزاشا زۆر بە پەرۆشە کوردەکان هان بدرێن بەرەو ئێرانی بوون و با جەنابی ڕەشید یاسەمی و ئایەتوڵا مەردۆخ و پڕۆفسۆر مینۆرسکی هەوڵ بۆ ئەم کارە بدەن!

کەواتە مێژووی کورد وا لە نووسینگەی ڕەزاشای ئێرانەوە هاتبێتە دەرەوە دەبێ چەندە ڕاست بێ؟ ئەو ڕەزاشایای وا بۆ پێستی سەری ناسیونالیسمی کورد دەگەڕا؟

با لەگەڵ خۆماندا ڕاست بڕۆیین و ڕەگی ملمان هەڵنەپەسێ. چ ئەم لایی و چ ئەو لایی. بەڕاستی مرۆڤ زۆر ناشیرین دەبێ ئەگەر بە دەمارگرژییەوە قسە بکات.

 دیارە هەموو مێژووی ئێران باستان یان ئێرانی کەونار بەسراوەتەوە بە چیروانۆکەکان و فڕضیە کان بۆ وینە دەڵێ فەرانەک دایکی فەرەیدون شا هەڵاتووە بۆ کوریای باکورو باشوور دوای ئەوەی ئاتبین ی مێردیان کوشتووە و مێشکە سەریان داوەتە دەرخواردی مارەکانی سەرشانی زوحاک.

مێژووی ئێران کورد وەک بەشێک لە یەکەی سیاسی وڵاتی دەوڵەتداری ئێران دەناسێ و  بە گوێرەی ئەو بەرژەوەندییە سیاسییانە وا یەکە سیاسییەکە دەپارێزێ کورد و مژارەکانی  دەخاتە بەرباس. هەر بۆیە کەسیش نایێ باسی ئەو خەڵکە بکات وا لە دەورەبەری تاران و کەرەج دەژین و پێیان دەڵێن "تات"، لەبەر ئەوەی بە لای کەسەوە گرنگ نیە تات واتە چی و بەسەرهاتی ئەم خەڵکە چیە وا بە زمانێکی سەیر و سەمەرە قسە دەکەن و خزمەکانیان لە کۆماری ئازەربایجان دەژین و هەمووشیان جوولەکەن و بە هەڕەشەی ئیسراییل نەبا، هەر لە ساڵانی نەوەددا دەوڵەتی کۆماری ئازەربایجان پاکتاوی کردبوون!

لەوە زیاتر ناکرێ شی بکەمەوە لەبەر ئەوەی مەترسی لە سەر هەموو شت و هەموو کەس و هەموو شوێنێک لە کوردستاندا هەیە. باسی هەرچێ بە ئاشکرا بکەم، بۆ دواڕۆژیدا دەبینی نابود کراوە، کەواتە با لە سەر قسە زۆر نەڕۆین و فێربین هەندێ ڕاز و ڕەمز لە دڵماندا ڕابگرین، بەخوا دڵمان ناتەقێ!

با ئەوەش بڵێم نزیکەی بیست هەزار وشەم لەم زنجیرە بابەتەدا نووسیوە و ئەگەر لەم بیست هەزار وشەدا نەمتوانیبێ ڕاستیەکان بنوێنم لێیگەڕێ با زمانی پێنووسم لاڵ بێ و هیچی دیکە نەنووسێ!

لە کۆتاییدا سوپاسی سایتی گرانبەهای قەڵەم دەکەم یاریدەی دام ئەم زنجیرە وتارانە بڵاو بکەمەوە، هەروەها سوپاسی خوێنەرانی ئازیزیش دەکەم وا بەدواداچوونیان بۆ وتارەکانم کردووە. بەرپرسایەتی هەموو وتەکانیشم و ئەم دێڕانەش لە ئەستۆی خۆمدایە و کەس بۆی نیە سایتی قەڵەم تاوانبار بکات.

بەخوام سپاردن!