چیرۆک

ئۆرۆپا جەژنیان بە ئێوە تەرك كرد!

رزگار حەمە پیرۆت

هەڵگەڕانەوەی چی؟ ئەو قسانەی تۆ هی بەر ئاگردانن، وەکو دروشمی کوردایەتی لێهاتووە، کە بەناوی کوردایەتییەوە ملی کورد دەشكێنن، دەشڵێن ئێمە سیاسەت دەکەین و ئەگەر وا نەکەین نامێنینەوە، دەك پیرۆزتان بێت ئەو مانەوە پڕ شەرمەزارییە، راستیان گوتووە مەنجەڵ سەرقاپی خۆی دەدۆزیتەوە.

 

ئۆرۆپا جەژنیان بە ئێوە تەرك كرد!

رزگار حەمە پیرۆت

لای بێ ئیشان ئەمڕۆ رۆژی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە، هەمووان لەو مەیدانەدا سوورەی بەر لەشکرن، تەنانەت ئەوانەش کە لە ماڵەوە بەر لێدانی کەیبانووەکان دەکەون. ئیتر زۆربەی باسەکانیش باسی خۆشن، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی هەر لە کەبتدا ژیاون و عەقڵیان دابەزیوە بۆ خوار ناوکیان، خۆ لای خۆشمان ئەنجی خوری و سەما میسری زۆر هەن کە خەڵکانێکی زۆریان بە خۆیانەوە سەرقاڵ کردووە، لەم بیرانەدا بووم:

- لە دوورەوە برادرەکەم هات و وتی ئەم پۆستەت بینیوە:  

"قسەی قۆڕو پڕوپوچ و بێ مانا شەڕی دنیاتان كردووە، حەسادەتی دنیاتان بەیەكتر بردووە، كوێربن یەكتر نەبینن، حەز بە دۆڕان و لەناوچوونی یەكتر دەكەن... كەس چاوی بە كەس ھەڵنایەت، كورد یەك پارچە بۆتە تۆپەڵێكی ڕقاوی.... كەچی ھەر لە خۆیەوە وەك شێت داوای گەردن ئازایی ئەكات دوای ئەو ھەموو بێ ئاکارییە... ھێندەی جوقە جوق و نركە نرك لەسەر حكومەت دەكەیت تۆزێك خۆت ئازا بكە، كۆیلە چۆن ئازا ئەبێت....

  خۆشەویستی نیە لە ماڵەكانتان بۆیە ئاوا بێزارن، ھەموو ماڵەكانتان لێ بۆتە جەھھەننەم."

 گوتم: من هەرچەندە بۆچوونم لەگەڵ کەسایەتی ئەودا یەکناگرێتەوە و ئەو خۆنوواندنانەو هەڵوێستە سیاسییە دووفاقانەی ئەوم پێ ڕەفزە، بەڵام ئەو قسانەی زۆر راستن.

- برادەرەکەم: چۆن؟ یەعنی دووپشك لە کونی خۆی هەڵگەڕێتەوە گەڕ نابێت؟

وتم: ٣٠ ساڵە ئاکار وردە وردە کۆچی کردووە لە ناوماندا، زۆر لەوەو پێشتریش لەناو سیاسییەکانماندا مرد، بۆچی تۆ وادەزانیت نموونەی ئەوکەسەی لە ماڵەکەیدا دەمرێت و دوای ماوەیەکی زۆر خەڵک بە بۆگەنەکەیدا پێی دەزانن نیشانەی داڕمانی کۆمەڵگا نییە؟ مەگەر ئەوانە: نە خزم، نە ناسیاو، نە دراوسێ، نە لایەنێك نییە لە هەواڵیان بپرسێت پێش ئەوەی وا بێ ناز بمرن؟ مەگەر ئەو کەمئەندامەی باخی گشتی  و بەساڵاچووەکەی هەڵەبجە کە مانگی رابردوو کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا دەبێت بەرەنجامی چی بێت؟ کوا دراوسێ لەمڕۆژەدا لە دراوسێ ئەمینە؟ ئەی مەگەر برا لەگەڵ برادا نایانەوێت چاڵ بۆ یەکتر هەڵبکەنن؟ خزم لەگەڵ خزم و هاوڕێ لەگەڵ هاوڕێدا....

هەڵگەڕانەوەی چی؟ ئەو قسانەی تۆ هی بەر ئاگردانن، وەکو دروشمی کوردایەتی لێهاتووە، کە بەناوی کوردایەتییەوە ملی کورد دەشكێنن، دەشڵێن ئێمە سیاسەت دەکەین و ئەگەر وا نەکەین نامێنینەوە، دەك پیرۆزتان بێت ئەو مانەوە پڕ شەرمەزارییە، راستیان گوتووە مەنجەڵ سەرقاپی خۆی دەدۆزیتەوە.

 

- برادەرەکەم جغارەیەکی پێکردو هەناسەیەکی قوڵی هەڵمژی و وتی منیش ئەو راستیانە هەموو دەزانم، بەڵام ئێمە بەداخەوە میللەتێکین خۆمان دەدەین لە گێژیی...

 

+ وتم: میللەت نیە لەم سەرزەویەدا لە ئێمە باشترو پێشکەوتووتر نەبێت، تەمشای سۆماڵیەکان بکە بزانە چەند هەژارن بەڵام خاوەنی دەوڵەت و ئاڵای خۆیانن و ببینه کە چەند تەبان لەگەڵ یەکتردا، بزانە هیچیان پشتی یەکتر دەدەن لە عەرز بۆ بێگانە، بزانە هیچیان خاکی خۆیان دەفرۆشن بۆ گیرفان و مەسڵەحەتی شەخسی و حیزبیی؟!

 

- وتی ڕاستت دەوێت، ئەو جەژنە پیرۆزەی لە یەکتری دەکەین هەر سەرزارەکییەو بووەتە عادەت، ئەگینا لە دڵەوە کەس گەردنی کەس ئازاد ناکات، هەمووان فیش لەیەکتر دەخۆنەوە، زۆر لە خەڵکان کۆپی سیاسییەکانن: شێری ناوخۆو ڕیوی دەرەوە. کار وا بڕوا  سەد ئاوات بە ژیانی جەنگەڵ، هەر قسەی پرۆفیسۆرەکەیە کە وتی لە پێنجدا چواریان دزن. ئیتر ئەمە حەقیقەتێکەو پێمان خۆش بێت یان نا ئەمە رووە راستیەکەیەتی دوور لە ریکلامی کەناڵەکانی سەتەلایت. فیزو لووت بەرزیش سەبارەت ئەم مەسەلەیە هێندەی تر قوڕەکە خەستر دەکاتەوە.