تووندڕەوی و هەراوهوریا

لە جیهانی سیاسەت یەکێک لە ترسناکترین دیاردەکان سەرهەڵدانی تووندڕەوەکانە. تووندڕەوی لە بەرنامە بەشێوەی سروشتی هەڵدەداتە تووندڕەوی لە گوتار و لە شێوەی ئاخافتندا و بەم شێوەیە نەریتێکی تایبەت لە میدیا و لە دێباتە سیاسییەکاندا سەرهەڵدەدا. تووندڕەوی هەم لە بەرەی پۆزیسیۆندا دەبینرێ و هەم لە بەرەی ئۆپۆزیسیۆندا.

تایبەتمەندیی تووندڕەوی لەئەوەدایە خۆی بە خاوەن حەقی راستەقینە دەزانێ و ئەوانی تر بە درۆینە و بەدوور لە راستی. لەم سۆنگەوە ئەو ئیزنە بە خۆی دەدا لە هەموو شێوازێک بۆ لێدانی بەرامبەر کەڵک وەربگرێ، بۆ وێنە لە تۆمەتلێدان و لە هەراوهوریا وەڕێ خستن و بگرە قسەی سووک و لە ناوەڕۆک بەتاڵیش.

کاتێک تووندڕەوی سەرهەڵدەدا، لایەنەکانی بەرامبەر چونکە لە هەمان شێوازی ئەوان کەڵک وەرناگرن بۆیە لەبەر چاوی رای گشتیدا لاوازتر دەنوێنن. لایەنەکانی تر چونکە هەوڵدەدەن زیاتر ئەقڵانی بن، ئەوا وەک تووندڕەوەکان هێرشکەرانە نانوێنن و بۆیە وا دەنوێنێ کە مەیدان لە راستیدا بە دەست تووندڕەوەکانە و ئەوانن خاوەن زۆرینە یاخود حەقیقەتن. بە واتایەی تر دەنگ جێگای بوونی راستەقینە دەگرێتەوە.

بە تایبەت لەم سەردەمەدا کە جیهانی تکنۆلۆژیای میدیایی بە ئەوپەڕی تواناکانی خۆی گەیشتووە، رەنگە زیاتر لە هەر کاتێکی تر تووندڕەوەکان بەهێز بنوێنن.

بۆیە نابێ فریوی هەراوهوریای ئەوان بخۆین و دەبێ ئاگاداربین کە لە سیاسەتدا هەراوهوریا نایباتەوە ئەوەندەی کە پێداویستی و جۆری ململانێ و یاخود سازانی رەوتە باوەکانی ناو کۆمەڵگا لە دوواماندا دەور لە یەکلایی کردنەوەی دۆخەکاندا دەگێڕن.

سایتی قەڵەم ٣١ مانگی حەوتی ٢٠٢٠

 Hvordan forhindre radikalisering? | Flyt Frem