لە سویدییەوە: بەکر ئەحمەد

لە پایزدا، داوەڵەکە  لە میوان دەچێ

لە زستاندا لە سواڵکەرێک

نا

وەختێ سەرژمێری گووندەکان دەکەی،

دەبێ داوەڵەکانیش بژمێری!

 

دە هەزار شوێنپێ

لە سویدییەوە: بەکر ئەحمەد

بەشێک لە شیعرەکانی (کو ئون)

بەر لەخوێندنەوەی ئەم شیعرانە، ئەم پێشەکییە کورتە پێویستە.

(کو ئون) بە یەکێك لە دەنگە گەورەکانی شیعری جیهانی و کۆریای باشوور لەقەلەمدەدرێت و هەموو ساڵێک لە لیستی ئەو ناوانەدایە کە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئەدەبی نۆبڵ دەپاڵێورێت.

 

سالانی دەسەلاتدارێتی سەربازی (چونگ دوو هوانس) (١٩٧٩ تا ١٩٨٨) لە کۆریای باشوور، ئەو زەمەنەیە کە دەبێتە خاڵی وەرچەرخان لە نووسینی (کو ئون)دا.  لەم ساڵانەدا بوو کە ئەو لە زینداندا بەلێنە گرنگەکەی خۆی رادەگەێنێ:"گەر ئازاد بم، مەرج بێت شیعر بۆ هەموو ئەو کەسانە بنووسم کە بینیوومن یان دەیانبینم). لە ساڵی ١٩٨٢دا کون بەر لێبووردنی گشتی دەکەوێت و ئەم پەیمانە دەکەوێتە فازی جێبەجێکردنەوە. دەرئەنجامەکەی ٣٠ کتێبی گەورەی شیعرییە لە ژیر ناونیشنای(مانینبو)، یان ١٠ هەزار شوێنپێ.

هێڵێکی بینراو کە بە ناو شیعرەکانی (١٠هەزار شوێنپێ)دا هەستی پێدەکرێت، تۆمارکردنی ئەو تاقیکردنەوە بێدەنگانەیەیە کە تراجید کۆمێکی لێدەتکێ، گێرانەوەی ئەو حەکایەتە بچکووکانەیە کە زۆر جار خۆی دەپێچێتەوە لە چیرۆکە گەورەکانی ئینسانەوە.

سەرنجراکێش نییە کە ئەم شاکارە گەورەیە بە شیعری داپیرە (سام مان) دەستپێدەکات کە داپیرە گەورەی دێیە و هوونەری گێرانەوە زیندوو رادەگرێت.

 

وەختێک مرد، وا دەزانرا ئەو لە گێرانەوە بەردەوامە

ئاخر ئەو بە مردوویش دەمێ هێشتا کراوە بوو

چەند هەوڵیاندا دەمی داخەن، دیسان  دەمی دەکرایەوە.

 

کو ئون لە شوێنێکدا دەنووسی: "لە زەمەنی کۆلۆنیالیزمدا، ئێمە تەنها لە شەودا دەمانتوانی بە زمانی خۆمان  بپەیڤین. ئێمە لە رێگای بە چپەدوانەوە بە کۆریایی گوێبیستی ئاخاوتنی دایک و باوکمان دەبووین."

چەند ساڵێکی ژیان وەک راهیبێکی بوزی و لە دەستدانی زمانی دایک بەو شێوەیەی کە کوئون لە منداڵیدا دووچاری دەبێت، شیعری کون وا لێدەکات کە بە کەمترین وشە و بە دیقەتێکی وردەوە زۆرترین مانا بدرکێنێ.

شیعری کو ئون بە شیعری بەرهەڵستکاریی بێدەنگ و شیعری لەپەراوێزدا بووندا دەناسرێتەوە. ئەم بیست شیعرەی کە لێرەدا دەیخوێننەوە، بەشێکی کەمی شیعرەکانی (١٠ هەزار شوێنپێ)یە.

ئەم شیعرانە لە لایەن (کارۆلین هێرمێلین) و (ئینگا هیرزێگ هان)ەوە وەرگێردراوەتە سەر زمانی سویدی.

Ko Un Maninbo Tiotusen Fotspår Atlantis 2018

 

 

سا هاێنگ

 

لە کەناری چەمی (میجیی)

ماسیگرێک راوەستابوو

ئەو، (ساهاینگ)ی لۆق درێژ بوو کە خەریکی تۆڕهەڵدان بوو

لەوبەرەوە، (چیل سۆنگ)ی کور، بەهەڵەداوان گەیشتە جێ 

"باوە، باوە!

دایکم مرد، ئەو بە چاوی کراوەوە گیانی دەرچوو"

ئەو هێند دوور بوو، دەنگی نەگەیشتە ئەمبەر.

 

لەبەینیاندا،  شەپۆلەکان ئارام ئارام

بەڵام خۆیان،  بۆ هەمیشە لە یەک جودا.

 

باوک

 

بۆ یەک تۆزیش گرنگ نەبوو چەند هیلاک بوو

کاتێک بە رێگەدا دەرۆی، لە رووباردا دەپەرییەوە

بەسەر هەموو (نائیپۆ)دا رێی تەیدەکرد

لە بازاڕی (تایچۆن)ەوە تا دەگەییە بازارەکانی (ئیسان) ، (سۆسان)

ئەو چەندەها خەونی هەبوو

وەختێ کە باران دەباری

دەستەکانی بۆ دڵۆپەکان بەرز رادەگرت

بە تاسەوە دەیووت: ئایجو*، ئایجو

پێخۆشحالم بە بینینیت.

 

* ئایجو لە زمانی کۆریدا بۆ دەربڕینێکی پڕ هەست و سۆزی ناخەکی بەکاردەبرێ.

 

 

(دۆ سۆنگ)ی مارگر

 

(دۆنگ سۆنگ) لە گوندی (پانگ جونک) بوو

ئەو مارگربوو

ئەو هەمیشە ماری دەگرت، کەوڵی دەکرد، سوێری دەکرد    

دواتریش بە کەیفەوە دەیخوارد

ئێمە ئەومان  پێ سامناک بوو، بۆیە زوو لێیهەلدەهاتین

ئەو بۆهەر شوێنێ  بڕۆشتایە 

بە بینینی،

زەردە مار و گەزەمار و هەموو جۆرە مارێکی دی، لە شوێنی خۆیان وشک دەبوون

 بەرلەوەی دارعەسا تیژ و نووکدارەکەی لێیان بگرێ

مارەکان گشتیان گیرابوون.

ئێمە گشتمان لە ڕیگای ئەو لاماندەدا

دەترساین نەک بێتە خەومان

کەچی سەرباری هەر هەمووی، چ دڵپاک بوو

ئەگەر کەسێک لە ماڵێکدا بمردایە، چی کاری قورسی ناو ماڵ بوو

(دۆ سۆنگ) دەیکرد

ئەو دەیناڵاند و دەگریا

لەو رۆژەیشی، قوربانی بۆ مردوو  دەکرا

 لە سێ رۆژەی دوای ناشتندا، لەوێش ئەو عەزای خۆی دەگرت

ئەو مارگر بوو، بەلام چ دڵێکی هەبوو 

 

(چۆڵگۆنگ)ی دەربەندی (ئۆکجۆنگ)

 

کە (چۆلگۆنگ) لە دەربەندی (ئۆکۆجۆنگ)دا

یان لەوبەر چیای (یۆنگ تۆل ری)دا

یان لە دەربەندەکەی خۆرئاوا، بە بێ ترپە و بە ئەسپایی

دەهات ، دەچوو

خەڵک بە گاڵتەوە دەیانووت: ئەها شێتە کەوتۆتە رێ!

بەڵام (چۆڵکۆنگ) خەمی نەبوو، وەک هەمیشە پێدەکەنی

لەو شەوە تاریکانەیشی گووڵە سپییەکانی کالیباس

تاریکی سپی دەکردەوە، (چۆلکۆنگ) بۆ خۆی پێدەکەنی

بەس ئەو ڕۆژەی کە پۆلیسە ژاپۆنییەکە

 بە قەمچی بەربووەگیانی باوکی (کیل موو) و تا لێواری مردن بردی

ئەوە تەنها ئەو رۆژە بوو،  (چۆلکۆنگ) تیایدا پێنەکەنی.

 

 

 

پەنجەی (جای هاک)

(جای هاک) هاوڕێی نزیکی باوک بوو

باوک، (جای هاک) و (کیۆنگ سۆپ)ی ئامۆزا

سوێندیان بۆ یەکدی خواردبوو کە وەک برای شیری وابن.

 

دەساڵ دواتر، (کیۆنگ سۆپ) مرد و

باوکیشی گەلێک نەخۆش بوو

(جای هاک) پەنجەی خۆی بۆ بڕیی وخوێنی خۆیشی وەکو دەرمان

دایە باوکی

کە (جای هاک) دەهات بۆ سەردان

لە دوورەوە، بە رلەوەی نزیک بێتەوە،

نەک یەک کەرەت، چەندین جار هاواری دەکرد: برای گەورە!

ئەوساکە باوک کە خەریکی قوڕشێلان بوو

بە قاچی قوڕاویەوە و دەمووچاوی پڕلە خەندە

رایدەکردە پیشوازی و دەیوت: برالە ، ئەمە تۆی!

توانای (جای هاک) لە دروستکردنی عارەقدا

لە ناوچەکانی (کونسان) و (ئوکوگو)دا لەسەر زاربوو.

کارگەکانی عەرەقخانە بە پەرۆشبوون ئەویان هەبێ 

بەلام ئەو زۆر وەفاداربوو

قەت نەیدەویست ، ژوورەکانی پشتەوەی عەرەقخانەی (مێیجی) بە جێبهێڵێ

(جای هاک) دەیووت: گەر من بڕۆم، برایەتیمان زەربە دەخوا 

ئەو کاتێک بە شیوازی خۆی، بە دەستی چوار پەنجەیەوە

کەوچکی لە تێکەلەکە دەدا،

تامی شەرابی برنج و عەرەقەکەیش، لەسەر زار قەت لانەدەچوو

کاتێک باری سێ چوار کارتۆن شەرابی برنج بۆ کێڵگەیەکی دی دەنێردرا

ڕادەوەستا و سەیری دەکرد

وەک ئەوەی بەشیک لە جەرگی خۆی لێکەنەوە

ئێوارەیەک کاتێک لێزمەی باران دایکرد

وەک وەی دونیا سەرەوژوور بێت

(جای هاک) بە هەلەداوان هات و

هاواری کرد: برا گەورە، برا گەورە!

لە مەودوا من مەشروبی بەهێز دروستناکەم

 ئەوانەی  شەرابەکەی منیان خواردبووەوە

ببوە شەریان

(هۆنگ سۆنگ دۆک)ی دێی (ۆندان ری)

بە چەقۆی (پاک کوانا سو) کوژرا

ئەوان هەر هێندەی مەست بووببون ، بەچەقۆ لەیەک بەرببوون

 

 

(پۆنگ تای)

 

من و تۆ کێبڕکێمان بوو، کێمان باشترین قوتابی پۆل بێ

تۆ لە ماڵی  خانەدانێکەوە هاتبووی

هەمیشە جلکی جوانت بوو

پێنج قۆپچەکان، چەندە پاکبوون

هەموو رۆژێ، هێلکەیەکی سپی کوڵاو

لە زەمبیلەی خواردنەکەتدا  کە تێکەڵێ لە جۆ و برنجی تێدا بوو

تۆ هچ فیزت نەدەزانی

ئێمە مەرەزەیەکمان هەبوو بە تەنیشت ئەوی ئیوەوە

 رۆژیک وتت: با هاوڕێ بین!

ئەوەت وت و نانبرنجی وشکت دامێ

بەڵام (پۆنگ تای)!

 یەکەمجار باوکت مرد

کاتێک سوورەکان بەرەو دوا و بەرە و باکوور کشانەوە

خەڵکی هاتن و تۆیان  لە کۆلاندا کێشکرد

لە ئەشکەوتێ، لە چیای (هاڵمی)، لەوێ مردی

بەدەست سەربازێکی ڕەشپێستی یوئێن کوژرای

شەوێکی مانگەشەو بوو

لە ئەشکەوتێکی تاریکدا

ئای (پۆنگ تای)!

من نەمتوانی ڕزگارت کەم

تۆ ئەوسا حەڤدە ساڵان بووی

منیش هەروا.

 

 

گڵخۆرکە

 

ئەو تەمەنی شەش ساڵێکە و ئەستێرەکانیش دەژمێرێ

ئێوارەکان زۆر دڵگیرن

رۆژەکانیش گەلەک گران

باپیرە چووە بۆ کێڵگە

باوک لەسەر مەرەزەیە

مەرەزەی کەسانی دیکەش

بە رۆژ، لە دوای تاوێ باران

لە ژێر داری گوێسوانەدا، لەگەڵ کرمی گڵخۆرکەدا وازی دەکا

ئاوا منداڵێکی شەش ساڵ، (دۆ سووپی) ئوقرەنەگرتوو

ئیواران چاوەڕواندەکا

 

(پائێک)ی بێوەژنی خەلکی (هادمۆک ری)

 

(کیم کی هو)، بەلەموانێکی (هادمووک) بوولە دوورگەی (چیجوو)

بە بەلەمێکی ماسییەوە

لەگەڵ مامە (جۆنگ هۆنگی)دا چووە دەریا

رووبەڕووی زریان بوونەوە، بەلەم بەملاو لادا دەچوو

بەڵام قەت نەگەرانەوە

(پائیک)ی ژنی (کیم کی هو)، ژنە مەلەوانەکانی هاوڕیی کۆکردەوە

بەشوێن تەرمی پیاوەکاندا کەوتنە گەران

ماوەی هەشت رۆژ، لەو دەریا فراوانەدا ، شوێنێ نەما نەیپشکنن

بە بێ هوودە

راهیبێکیان بانگ کرد نوێژ بۆ پاشای ئەژدیها بکات

بە بێ هوودە

(پائێک) کە ببووە بێوەژن  هێشتا بیست و پێنج سالان بوو

خۆی تەواو خاوێن کردەوە و خۆی بۆ نێو قووڵایی دەریا هەڵدا

 لە نێوانی دوو گابەردا ، لاشەی مێردەکەی دۆزیەوە

یان وەک دەڵێن ئەوەی کە لە لاشە دەچوو

 ماسی بە گازشیواندبووی

ئەو هاتە دەر، تەرمەکە لە باوەشیدا و

دواتر، بێ ئەوەی کات بدا بە پرسە گرتن

ئەوی مابوو کفنی کرد و خستیە تابووتێ سنەوبەر

لە شوێنێکی موڵکەکەیدا و لە جێێ بەرز، تەنها ناشتی

هەموو سەرلەبەیانییەک

 لەبەردەم گۆردا دەوەستا

ئەمە و ئەوەی بۆ باسدەکرد کە دەبوایە بە ڕۆژ بکرێ

ئێوارانیش دەچووە سەر گۆڕ تا  بەووردی ئەوە باس کا 

چی فریا کەوتبوو بیکا

دواتریش دەگەرایەوە ماڵ تا چاوی لە کوڕەکەی بێت

(پایک) لە ژیانی رازی بوو

لە جیاتی مێرد، ئەو ژیانی دا بە کوڕەکەی.

ئێوارانیش کاتێ ئاوی دەریا دەکشایەوە

سەیری شکانی شەپۆلی دەریای دەکرد

کاتێ دەگەیشتنە کەنار

 لە شەپۆلەکان و دەنگیاندا،  گوێی لە دەنگی مێردەکەی بوو

 

 

گۆریک لە کەرەستەی کارکردن

 

نزیک رووباری (مانکیۆنگ)،

دەریا سەری کردو  گردە خوێکانی ڕاماڵی

پیرە (سو گیل)ی دەهۆلکوت

چوو بوو بۆ خوێ هێنانەوە

رووبار لەو شوێنەی خولدەخوا، لوولی کردوو و

جیا لە تەنها تاکێ پێڵاو، لاشەکەشیان نەدۆزیەوە.

برا گەورە و خوشکانی شووکردووی (سوگیل)

باسییان کردو بڕیاریان دا یادەکێلێکی بۆ بکەن

 تەشوێ و تەورداس وشەنەکەی (سوگیل)ی پیری تێبخەن

لە گۆڕستانەکەی باپیران، (سوگیل)ە پیریان ئاوها ناشت 

قەبرێ بۆ سندوقی شتەکان

لەبەر هەر هۆکارێک بووبێ،  هیچ منداڵێکی گووندەکە

 خۆی لە قەرەی گۆڕ نەدەدا

سەبەب چی بێ ، ئەم قەبرە درۆینەیە، تۆقێنەر بوو.

کێ دەکرێ بە خەیاڵیا بێ

سێ ساڵ دواتر، (سو گیل)ی پیر گەڕایەوە

براکانی هەموو تۆقین، دەیانزانی جندۆکەیە

کاتێک سوگیل بۆ چەند جارێک هاواری کرد:

منم خۆمم، جنۆکە نیم.

ئەوسا ئیتر، هەموو لە ئامێزیان گرت و تێر تێر گریان 

ئەمە خەونە، سوپاس دەژی! وایان دەووت.

ئەو ڕووبار تا قولایی دەریا رایماڵی بوو 

دەستی گەیبووە تەختەیەک

ئەوەش  رزگاری کردبوو

شەپۆلەکان تا کەنارەکانی (چیلسان)، تا ناو دەریایان بردوو

لەوێ کەشتییەک بینی بووی

دەریاوانەکان دەیانووت: چوون ئێمە رزگارمان کردی،

دەبێ پاداشتمان بەیتەوە و کارمان بۆ بکەی

ئەو سێ ساڵە، ئەو چیشتلێنەری کەشتی بوو

لە نزیکی (پۆپسانگ پۆ)دا، رۆژێک توانی بوو هەڵبێت  و

زرپ و زیندوو هاتبووەوە ماڵ

(سوگیل)ی پیر گۆرەکەی هەلدابوویەوە و

سندووقەکەی دەرهێنابوو.

دەسکی تازەی بۆ کەرەستەکان کردبوو

کاتێ یەکێکیانی لە زەوی تووند کرد

ئەو وتبووی: ئێوە زیندوو و منیش زیندوو

وەک هەمیشە، گەلێک کار ماوە تا بکرێ.

 

 

شەش پەنجە

 

لە تەمەنی سی ساڵیدا، شەش پەنجە هێشتا بێ ژنە

پەنجەیەکی زیادی هەیە، تا بتوانێ زیاترکار کا

دەستی ڕاستی، هەمیشە بەخشندەترە

ئەو هەروا لەدایک بووە و ئەم پەنجەیە، دەستەوستانی  نەکردووە 

شەش پەنجە بەو دەستەیەوە، جانتای شان و

 زەمبیلە زۆر وەستایەنە دەچنێتەوە

دوای نۆشینی پەرداخێ شەرابی برنج، کەمێک مەزە

بە بێدەنگی دادەنیشێ

هەردوو قاچی درێژکردەکا

دنیا لەسەر سەر وەستا بێ یان لەسەر قاچ

وەختێ شەقاوەیەک دێت وبە بێ چرپە

خۆی لێ نزیک دەکاتەوە و بە دەنگێ زل

خوازیاری تۆقاندنییەتی

ئارام ئارام، شەش پەنجە بۆ خۆی هەر دەچنێ

دواتر دەڵێ: بە هیچ جۆرێک نامتۆقێنی

وەرە بخۆ!

ئەو بە نیگای داوەتی پەتاتەی دەکا،

پەتاتەی سارد، هینی دوێنێ

باوکی (شای بۆنگ)، بە ڕێزەوە:

 کونجی دڵی بوودای گەرەک چۆنە،

شەش پەنجە بۆ ئێمە وایە.

ئەو وا دەڵێ

بەلام دەکرێ باوکی (شای بۆنگ)

یەکێ لەو دوو کچەکەی خۆی باتێ؟

بێگوومان نا.

ئەو بۆ وا بکات؟

خەرمانی زۆر وبووداکان، بەس هەر وشەن.

 

جۆگەلە بچکۆلەکە

 

وەرە و سەیری ئەم جۆگەلە بچووکە بکە

ئاوەکەی چەندە ئاشنایە وەکو نەنە و وەکو پوورێ  

کە سەختی ژیانیان دیوە

بەڵام ئا ئەمە درۆیە!

کارەکەرە وردیلەکەی ناوچەی (چاینامس)  

کاتێک بە ئیشی (گاسێمی)

گەیشتبووە  لای جۆگەکە

ئەو کەوتبووە ناوی و خنکابوو

منداڵێکی بێ ناو

منداڵێکی بێ دایک  باوک

ئەو هەمیشە ، خاوەنماڵ چاوی  لەسەربوو

بۆیەش شوێنێکی دی نەبوو تا ڕووی تێ بکاو تێر تێر بگری

ئەم مندالە، قەت بە دڵی خۆی نەگریابوو

 سەیری ئەم جۆگەلەیە  بکە!

ئەویش لەم منداڵە دەچێ

ئاوی جۆگەش کە مندالەکەی تیا خنکا

ئەویش لەم منداڵە دەچێ.

 

سەرچاوە بچکۆلەکە

 

گەر (یونگ تون) بێ چاوگی خۆی بێ؟

نەدەکرا ببێ بە دێ

 بەفر بێ وچان دەبارێ  

دەبارێتە ناو قوڵایی ئاوی ڕەشی ئەم چاوەیە

لەوێش بێدەنگ دەتوێتەوە.

ئەم ئارامییە چەندە قوڵە.

کاتێ هاوسەرەکەی (یانگ سو) دێتە دەر تا بچێ ئاو بێنێ

ئەو لە ناو بەفردا داپۆشراو

گۆزەی ئاوەکەی دادەنێ

یەک سەتڵ ئاو هەڵدەکێشێ و بیری دەچێ بیکاتە ناو گۆزەکەوە

پرووشەبەفرەکان دەبینێ چۆن لە سەتلەکەدا دەمرن.

ئارامییەک قوڵ  

 

نزرگەی  رۆحە پیرۆزەکان

 

گەر بخوازی، کەسێ سەفەرێکی خۆش کا

دەبێ بەردێ بگریتە نزرگەی رۆحە پیرۆزەکان

ئەمە شتێک نەبوو کەس لە باوکەوە فێری بێ

وەک مندالێکی سێ ساڵە، تۆ واتدەکرد

وەختێ بەردێ دەگیرایە شوێنی رۆحە پیرۆزەکان

دوعایەک لەو کەسە دەکرێ تۆ چارەت لە چارەی نایە

بەو نیازەی ، کارێکی باش نەیەتە رێی

بەلام ئینسان دوعا ناکا کەسێ بمرێ، ئەمە ئیتر سنوورێکە ونابەزێنرێ

تووڕەیی جوتیارەکان، ناکرێ لەوە زیاتر بڕوا.

بەلام کاتی داگیرکردنی ژاپۆنییەکان، لە دوارۆژەکانی شەردا

وەختێ سکەکان برسی بوون،

خەلک جگە بێئومێدی چی دی نەبوو

ئیتر زۆر جار لەو کاتەدا کە بەرد دەگیرایە شوێنی رۆحە پیرۆزەکان

ئینسان بێ ترس دوعای دەکرد: مناڵی کەسێکی دەوڵەمەند بمرێ!

یان باوکی کەسێ دەوڵەمەند، بەیانییەکی خۆشی نەبێ!

بۆیەش بەردی کەلەکەبووی نزرگەی رۆحە پیرۆزەکان

بەرز و بەرزتر دەبوویەوە

هاوسەرەکەی (پاک تان کون)یش دەچووە ماڵی دەولەمەندان

دەچووە ئەوێ و حەکایەتی ئەو نوێژانەی دەگێراوە.

(سونگ دۆ)ی هەژار کە نوێژێک ودوعایەکی وای خوێند بوو

بانگکرابوەوە باخچەی ماڵی (کانیۆکاس)ی زۆر دەوڵەمەند

 کارەکەرو  و(تارۆ)ی کورە گەورەکەی کانیۆکاس

 بە گۆپاڵ تێرلیان دابوو.

زۆری نەبرد

لە جیاتی بەرد بگرێتە نزرگەی رۆحە پیرۆزەکان

(سو دونگ) لە شەوێکی دێردا،  بەردی گرتە ماڵەکەی( کانیۆکاس)

ئەو لەجیاتی بەرد هەلبات و دوعا بکات

وەک جنۆکە بەردی گرتە گەلا برنجی سەر دەرگای

ژووری نووستنی کابراوە.

بەلام دەستبەجێ گرتیان و خرایە زیندان

بۆ مانگێک لە زینداندا بوو

کە هاتە دەر، ئەو بۆ هەمیشە دەگریا.

سەگەکانیش دەوەرین

 

وانگ ساناک

 

کاتێ قامکی لەسەر تاڵی کۆمۆنگۆنسەکە نەرم دانا

قوڵنگێکی رەش سەماکەر، هات و فڕی

کۆگۆریۆ میللەتێکی جەنگاوەر بوون

هەر لەوێش بوو، کۆمۆنگۆسژەنێ بێ بە وەزیر

وەزیری ژێردەسەلاتی مەلیک کوانگکاێت

ئەو بە تۆنی کومۆنگۆکەی، ببووە پاشای ئەم مەملەکەتە گەورە یە

سەدان ئاوازی دانابوو

کاتێ مەملەکەت گەشەی کرد، مۆسیقای کومۆنگۆش هەروا

بێگوومان ئەم مۆسیقایە پەریەوە بۆ چین، بۆ ولاتی جین،

بۆ پائێکجێ لە باشوور

بەسەر دەریادا بۆ ژاپۆن

دەڵێن قوڵنگ بەسەماوە بە دوای تۆنی کۆمۆنگۆکەدا فڕیوە

لە باکووردا، وانگ ساناک

لە باشووردا، ووروک

گوومان نییە، ئەم موزیکە لە خولقاندنی دەنگی زیندوو و

تەنانەت دەنگی مردووشدا، لەسەر زەوی دەووری هەبووە.

 

داوەڵ

 

لە پایزدا، داوەڵەکە  لە میوان دەچێ

لە زستاندا لە سواڵکەرێک

نا

وەختێ سەرژمێری گووندەکان دەکەی،

دەبێ داوەڵەکانیش بژمێری!

 

 

جنۆکە

 

تا تەمەنی دەسالیشم، لە بەینی مەرگ و ژیاندا هاتووچۆم بوو

لەو ماوەدا، من زەعیف و پیریش بووبووم.

وەختێ چاوانم دەچووە خەو، نیوەشەوان، جنۆکەیەک دەهاتە لام

بەدەم ئارەقکردنەوە دەمقیژان

باوکم هەلدەسا، بە ڕووتی و بە پەلە دەچووە دەر

داسی سەردیوارەکەی دادەگرت: گەر بێتەوە، من بەم داسە بۆت دەکووژم.

ئەو شەوانەی جنۆکەکە

بەملاو ئەولادا دەگەرا چەند درێژ بوون

تا تەمەنی دەساڵیشم ، من جنۆکە ڕاویدەنام

گزنگی بەیانییەکی دیکە، گژو گیاو دارو سەوزایی و  

گردە رووناکەکانی شوینە دوورەکانی ئەوبەریش

ترسیان نەدەرەواندمەوە

ئەوەی جنۆکەکەی لێدەرهێنام

تەنها ئەوە بوو کە وایکرد ئیتر چیدی برسی نەبم

کاتێک توانیم لە رۆژێکدا سێ ژەم بخۆم

بۆ منێک کە بە هۆی کرمەوە نەخۆش بووم

ئەو کرمانەی لە سکمدا خۆیان لوولدابوو

بەڵام ئاخر جنۆکە چییە؟

من دەزانم، برسێتییە

من دەزانم

 

ئۆکایای خانمی کۆشک

لە ژێر دەسەلاتی بنەماڵەی (ئی)دا

ژنەکانی کۆشک دەبوایە دەستداخراو وبەرزکراوە بۆ لای چاویان

لە حاڵەتی ملکەچکردندا  بخەوتنایە

وەک ئەوەی چەمابنەوە

ئاخر ئەگەر پاشا هەموو عومری بۆ یەک جاریش

بێتە دەر و خۆی پیشانبات

دەبوایە ژنانی کۆشکیش

بەرزە پێ هەڵبسنە سەرپێ و هەردوو دەست تووندداخراو تا لای برۆ

چ ڕێسایەکە، پێم ناڵێن.

لە ژێر دەسەلاتی بنەماڵەی (کۆرۆی)دا

هەمان بارودۆخیان هەبوو

گەر پاشا کوڕی نەبوایە

 پیاوانێکی زرپ و کەتەیان هەڵدەبژارد

تا لە ژنانی کۆشکیان جووتکەن و سکیان پڕبێ

بەلام لەو هەموو منداڵە، دانەیەکیان لێهەڵدەبژارد

دایکان، باوکان، هەموو مندالەکانی دی، گشت دەکوژران

بەلام (ئوکیا)ی خانمی کۆشک

لە هەلومەرجێکی واهیدا، کچێکی بوو  وتوانیشی کە رزگاری بێ

وەک هاولاتییەک، خۆیی و کچەکەی، دوور لە چاوەکانی کۆشک

سادە ژیا.

ماوەی نێوان دەسەلاتی بنەماڵەی (کۆریۆ) و(ئی) دا

بەخت و ناوچاومان وای دێنا

یەک لە هەزار

یەک لە سەد ملیۆنێکدا

 

 

باپیرە

(چووی هۆنگ کوانگ)ی باوکی دایکم

هیند درێژ بوو، شەپقە گەورە و درێژەکەی دەگەییە بنمیچی ماڵ و

دەیدا لە هێلانەی چۆلەکەکان

ئەو هەمیشە پێدەکەنی

ئەگەر نەنکم شتێکی بدایە بە کەسێ تا کو بیخوا

باپیرە بوو لە هەمووان زیاتر پێی دڵشاد بێ

ئەگەر نەنکم، ڕەقتر لەگەڵیا بدوایە

ئەو بۆ خۆی هەر پێدەکەنی و گوێی نە دەدا توورەبوونی

بیرم دێ کاتێ منداڵ بووم

باپیرەم وتی: گوێم لێگرە!

ئەگەر باخچەکە خاوێن کەی، باخچەش بۆتۆ پێدەکەنێ

ئەو پێکەنێ

پەرژینی دەوری باخچەکەیش پێدەکەنێ

تەنانەت تیشکی خۆری درەوشاوەی سەر پەرژینیش

ئەویش دێت و پێدەکەنێ

 

(بون ری) نابینا

 

کچەکەی (مون چونگ ئان)ی خەلکی (چایتۆنگ جی)

لە تەمەنی دوو ساڵیدا، چاوەکانی خۆی لە دەستدا

تەمەنیشی بیست و شەش بوو، هێشتا کەس نەدەچووە داوای

ئەو  قالدرمەکانی گسک دەدا، نەک هەر جارێک لە رۆژێکدا

یان دەبوو ئاگای لە ماڵ بێ

کاتێک دایک و باوک هەردووکیان لەمەزراکە لەسەر کارن

ئەو دەبوو ئاگای لە ماڵ بێ

کاتێک ماڵ هیچی تیا نییە ئاگات لێی بێ

منداڵی هار دێنە ژوور و قرژاڵێکیان بەدەستەوە

دەپرسن: چۆرەک دەخۆی، دەمکەرەوە!

قرژاڵ دەخەنە نا ودەمی ولەوێ هەڵدێن

پیاوانی بەتەمەن دێن و بەدزەوە دەست دەبەن

بۆ (بون ری) کوێر و بە چپە دەڵێن: چەندە جوانی!

دەست دەخەنە سەر مەمکانی و ژێر کراسەکەی

(بون ری) دەیەوێ رایانگرێ، سەیرە ئەو هیچ  ناقیژێنێ

بە بێدەنگی زەجری ئەم هەمووە و شتی دی دەکیشێت و

وەختێک ئا ئەم بەرازانە، هۆشیان دیتەوە بەر خۆیان و ماڵ جێدێڵن

وەختێک ئەو تەنها خۆیەتی، لە پرمەی گریانی دەدا

ئاخر ئەو چاوانەیشی کە نابینن، فرمێسکی خۆیانیان هەیە

ئەو هەر دەگری

جاڵجاڵۆکەیەک بە کۆتایی داوەکەیدا

بێ جوولە خۆیهەڵواسیوە

 

قەبری مندالەکەی (گالموێ)

 

عومری قەت نەگەییە ساڵێک  

منداڵێکی بێ ناو

 

لە دایک بوو، چەند هەناسەیەکی هەلمژی

دوای ئەوە مرد

پێش ئەوەی فریا بکەون لە نفووسدا قەیدی بکەن

 

دایک فرمێسکی پێ نەبوو

گلەیی لە بەختی خۆی نەکرد

دەزانی؟

ئەو رۆژگارە برسێتی بوو

سەگێک هات و بە دەوری قەبری منداڵدا لمۆزی لە زەوی دەخشاند

بە چنگ گۆرەکەی هەڵکەند و

چی لە گۆردا مابوو خواردی و هار بوو

 

سەگی هار بوو دوو کەسی گەست

 

ئەم منداڵە

کە هیشتا ناویشی نەبوو

هاتە دنیا و

توانیشی سەگێک هار بکات

دەڵێن پیاوێکی ناوچەی (میجیی) بوو

توانی سەگەکە دەستگیرکا

 

 

(شیم)ەی نابینا

 

لە کۆلانێکی پشتەوەی شاری (سۆنگ بانگ)

پیاوێکی نابینا دەژیا

بە (شیم)ە کویر بانگیاندەکرد

لە راستیدا ناوی باپیرەیشی (کیم ) بوو

بەڵام خەلکی بە هۆی چیرۆکێکی مەشهوورەوە،

بە (شیم)ە کوێر بانگیاندەکرد

بە کۆمەکی گۆچانەکەی، هەموو ئێوارانێک دەچووە

ویستگای شەمەندەفەر و بە تەنیا لەوێ دەوەستا

گۆچان لە دەستی راستیدا

 کەمێکی دی دەیگۆاستەوە بۆ دەستی چەپ

ساڵێک دەبێ، کچە چواردە ساڵانەکەی، لەگەڵ ژنێکی دراوسێ

خەریکی فرۆشتنی رۆبیانی لە قووتووکراودان

بەوەی ڕۆبیان لە (چانگ هانگ) زۆرهەرزانترە،

لەوێ دەیکرن

سەبەتە بەسەر سەرەوە، ، لەو ناوچانەدا دەیفرۆشن

بەرلەوەی تاریکی دابێ، دەگەڕیتەوە بۆ (چانگ هانگ)

جارێکی دی، سەبەتەپڕدەکاتەوە و

سواری دوا قیتار دەبێت و بەرەوە ماڵ دەگەرێتەوە

کاتیك قیتار لە ویستگاکە رادەوەستێ

یەکێک لەو موسافیرانەی دادەبەزێ، کیژۆلەکەی (شیم)ە کوێرە

ئەو بانگ دەکا: باوە، باوە

دەنگی دەڵێ بەردە سەوزەکەی (یادێ)یە *

 تاریکی ناو چاوەکانی (شیم)ەی کوێریش،

لەبەر شەپۆلی رووناکی دەنگی کچدا بەچۆکدا دێ.

 

بەردی یادێ. بەردێکی گرانبەهایە لە چەشنی دەسکێک کە بەردێکی سەوزی لووس بەسەرێکیەوەیەتی بۆ مەساژی دەمووچاو بەکاردەهێنرێ.