خوڵقاندنەوەی دووبارە

ئەدەب بە تاککردنی جیهانە. کۆکردنەوەیەتی لەناو یەک کەسدا و نوواندنەوەیەتی لە رێگای ئەو کەسەوە. ئەو کەسەیش کەسی تر نیە جگە لە نووسەر. نووسەر دەبێ وەها بە جیهانی بێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێ بەم ئەرکە هەستێ. لێرەوە جۆرێک لە خۆدەربازبوون روودەدات. خۆجێهێشتن بە مەبەستی گەڕانەوە بۆ خۆ لە دوواجار.

خۆدەربازبوون و دیسان گەڕانەوە بۆ خۆ. کایەی دیالکتیکیانەی نێوان ئەم دوو جەمسەرە دەبێتە هۆی بە تاککردنی جیهان، بەڵام لە هەمان کاتیشدا دەبێتە هۆکاری بە جیهانی کردن یانخود بە گشتی کردنی نووسەر. هەر دوو رێگاکە دەشێن.

بەڵام نووسەر لە ناو دەقدا تەنیا نیە. کاراکتێرەکان ناو دەق لەپاڵ نووسەر رێدەکەن و دەبنە جەستەکانی نوواندنەوە. نووسەر هەم دەڕوانێتە ئەوان و هەم جیهانی دەرەوەی ئەوان. هەموو شتێک بەم شێوەیە دەبێتە کایەیەکی دەگمەن.

چ چێژێکیش لەوە بانتر کە نووسەر دەتوانێ سەر لە نوێ جیهان بخوڵقێنێتەوە!

سایتی قەڵەم (٥ مانگی هەشتی ٢٠٢٠)

Paperback Writer Mixed Media by Duncan Roberts

بازدید: 2082