ما 1966 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

یاسین برایم 

ناوی پاڵەوانی رۆمانەکە بەدەر لەوەی کە لە ژیانیدا بە چەند ناوێکی نهێنی ژیاوە. دەبینین لەم رۆمانە ناوێکی بە سێ شێوەی جیاواز نووسراوە (ژان واڵژان .ل10، ژان و الژان. ل15، ژان واڵژن. ل17). خوێنەرلەم سێ ناوەی تووشی سەرسورمان دەبێت و چێژی خوێندنەوەی نامینێت و نازانێ کامە ناو دروسترە. ئەو (و) لە نێوان (ژان) و (الژان) هەیە وەکو دوو ناو لە یەک جیاکراوەتەوە، ئەمە دەبوو بە پەیڤی دووەم بنووسرابایە، جارێکی تر هەمان شێوە لە لاپەڕە (18) دووبارە بویتەوە.هەروەها نووسینی وشە بە چەند شێوەیەک وەک (کلیسا_کلێسا .ل19) و (بەلێ _بەڵێ .ل21-22) یاخود بەکارهێنانی پەیڤێکی تر لە یەک لاپەڕەو لە پەرەگرافێکی بچووک وبە سێ شێوەی جوایەز. وەک (گوتی:، کوتی: وتی: .ل22)

 

شاکاری بێ نەوایان، بێنەوایی لە بەکارهێنانی هەندێک پەیڤدا

بێ نەوایان (1) شاکارێکی گەورە نووسەری بەناوبانگ ڤیکتۆر هۆگۆیە، وێنەیەک لە ژیانی راستەقینەی کۆلەمەرگی و هەژاری وڕەش و رووتی کۆمەڵگای فەرەنسامان بۆ نمایش دەکات و چەندین چیرۆکی تراژیدیا و ویژدان هەژێنی ئەو سەردەمەی ئەو وڵاتەمان بۆدەخاتە روو. (ژان واڵژان) پاڵەوانی نێو رۆمانەکەیەو تەمەنی گەنجایەتی لە زیندان بە سەردەبات و ئەو تەمەنەی ماویەتی، ژیانێکی نوێ هەڵدەبژێرێت و بە کاری چاکەخوازی و هاوکاریکردنی هەژاران بەسەردەبات و دەبێتە فریادەرسی چەندین بێ نەوای وەک خۆی، تا دەمرێت هەمیشە هەڵگری کاری نهێنی و ژیانی تەنیایی و دوورەپەرێزییە. ئەم رۆمانە لە لایەن (محەمەدی شڵماشی) لە زمانی عەرەبییەوە وەرگێڕدراوە .پێشتر ئەم وەرگێڕە لە رێگای رۆمانی (بێ سەرپەرشتان) ناوێکی پرشەنگدارەوبە خوێنەری رۆمان ئاشنایە. لەم رۆمانەی کە شاکارێکی بەناوبانگە،  هەڵەو کەم و کوری لە بەکارهێنانی هەندێک وشەو رستەو ناو هەیەو لە رووی خاڵبەندیش،یان لایەنی تەکنیکی نووسینەوە سادەیی و بێ سەروبەری پێوە دیارە ولەزمانی فەقێانی حوجرە دەچێ نەک لە زمانێکی ئەدەبی!. کەچی ئەمە لە ناوەرۆک و بەهاو قورسایی رۆمانەکە کەم ناکاتەوە و پەیامی رۆمانەکە بە جوانی ئامانجەکەی دەپێکێت ، دەبێت ددانیش بەو راستیەش بنێین بوونی ئەو هەموو هەڵە زەقانەش هی ئەوە نییە بێدەنگی لێ بکریێت. من وەک خوێنەرێکی رۆمان نەک وەک مامۆستایەکی زمان چەند تێبینی و سەرنجێکم خستۆتە روو دەکرێت لە کاری ئایندە و لە چاپدانەوە کتێبەکە سوودی لێ ببیندرێت، چونکە ئەم هەڵانە هی (هۆگۆ)یخاوەنی شاکارەکە نیین زیاتر لە لایەن وەرگێڕ یاخود (پیتچنی)ەوە یان (هەڵەگڕی) بێت کە لەم کتێبە ناوی نەهاتووە .

   لە پێشەکی رۆمانەکە لە وتەیەکی وەرگێڕ هاتووە"وە نەبێ پیت بە پیتم گۆریبێ؟ بەڵکو پوختەم وەرگرتووە. تەنانەت لە بەر ئەوەی ناوی(کوزیت) بە کوردی جوان نەبوو، کردم بە (کەزیە). جا تکایە لەو لایەنەوە ڕەخنەم لێ نەگرن و تایەکی تر جوانتری وەردەگێڕێ خۆتانی پێوە بخافڵێنن...ل5."لەم وتانەی دوماهیدا هاتووە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت، وەرگێڕ بۆکارەکەی خەمخۆر بووە و ددانیش بەوە دەنێت ئەم وەرگێڕانە وەک پێویست لێی رازی نەبێت، چونکە تا دوا جار (یەکی تر جوانتر)ئەم شاکارە بە جوانتر وەردەگێرێت.بەو کارەی کە کردوویەتی ئەگەر جوانیش نەبێت داوامان لێدەکات (خۆتانی پێوە بخافڵێنن!) بەڕای خۆم خوێندنەوە بریتی نییە لە خۆخافڵاندن و کاتکوشتن. پەیامێکی گەورەتری هەیە لە پێگەیاندنی کەسایەتی و خۆرۆشنبیرکردن و تێگەیشتن لە بەهاو ماناکانی ژیان خوێندنەوە پرۆسەیەکی مەعریفەیە، نەخاسمە بۆ شاکارێکی بەناوبانگی دونیا دەبێ بە شێوەیەکی ژیرانەترو مامەڵە لە گەڵ دەقەکە بکەین و کاتی زیاتری بۆتەرخان بکەین ولە ماناو گەوهەرو ئیستاتیکای شاکارەکە بگەین خۆمان لەنێو دەقەکە بدۆزینەوە.بۆیە دەبێ وەرگێڕ دڵسۆزانەو خەمخۆرانە پەیامەکەی بە جوانی بگەیەنێت.کە وەرگر هەست بکات ئەمە بە زمانی دایک نووسراوە، یاخود وەرگێڕ نووسەری شاکارەکەیە.

   بائاوڕێک لەم هەڵانە بدەینەوەو سەرەتا لە بەرگی کتێبەکە دەست پێبکەین و بیکەینە کلیلی ئەم باسەمان.لەبەرگەکە (ڤیکتۆر هیگۆ) نووسراوە و لە پەڕی دواتر(فیکتۆر هۆگۆ)یە جیاوازیەکی زۆر هەیە دەکرا بە یەک شێوە ناوەکە تۆمارکرابوایە.

ناوی پاڵەوانی رۆمانەکە بەدەر لەوەی کە لە ژیانیدا بە چەند ناوێکی نهێنی ژیاوە. دەبینین لەم رۆمانە ناوێکی بە سێ شێوەی جیاواز نووسراوە (ژان واڵژان .ل10، ژان و الژان. ل15، ژان واڵژن. ل17). خوێنەرلەم سێ ناوەی تووشی سەرسورمان دەبێت و چێژی خوێندنەوەی نامینێت و نازانێ کامە ناو دروسترە. ئەو (و) لە نێوان (ژان) و (الژان) هەیە وەکو دوو ناو لە یەک جیاکراوەتەوە، ئەمە دەبوو بە پەیڤی دووەم بنووسرابایە، جارێکی تر هەمان شێوە لە لاپەڕە (18) دووبارە بویتەوە.هەروەها نووسینی وشە بە چەند شێوەیەک وەک (کلیسا_کلێسا .ل19) و (بەلێ _بەڵێ .ل21-22) یاخود بەکارهێنانی پەیڤێکی تر لە یەک لاپەڕەو لە پەرەگرافێکی بچووک وبە سێ شێوەی جوایەز. وەک (گوتی:، کوتی: وتی: .ل22)ئەگەر لە رووی زارۆچکە و شێوەزار بەهانە بۆ تەواوی مانای وشەکە بهێنینەوە، ئەوا لە رووی دەنگ و وشەوە ئەو جیاوازەی هەیە. ئەوا بۆ منداڵێک یاخود بۆ کەسێک فێری زمانی کوردی بێت نازانێ کامە پەیڤ بە دروست بزانێ! خوێنەریش سەلیقەی خوێندنەوەی نامینێت و چێژلەکارەکە نابینێت و بێزاردەبێت .لە لایەکی تر بە کارهێنانی ناوی (کارەکتەر و شوێن)بە هەڵە، سەرلێشێوان بۆ خوێنەر دروست دەکات، لەوانەیە بوونی پیتێک و زیادی و کەمی هەمان مانای ناوی وشەکە نەگۆرێت، بۆ نمونە پەیڤی (ڕواندز، ڕەواندز، رواندوز، رەواندوز)هەموومان دەزانین مەبەستمان شاری (ڕواندز) ە، و شارێکی کۆنی کوردستانەو سەر بە پارێزگای هەولێرەوهیچ شارێکی تر بەم ناوە نییە.بەڵام بە کارهێنانی وشەی ئەم شارە بە چەند شێوەیەکی جیاواز دروست نییە و تا ئێستاش لە نووسراو ودەزگا ڕاگەیاندنەکان بە هەڵە ناوی ئەم شارە بەکاردێت .لەلایەکی تر بوونی پیتێک یاخود ئاڵوگۆرکردنی پیتێک هەم مانای وشەکەو هەم دەنگەکەی دەگۆرێت و ناکرێت لەم رووە هەڵەکردن هەبێت و دروست بەکارهێنانی وشەکە فرامۆش بکەین. بۆ نمونە(مێگر ) و (جێگر). تەنها پیتی یەکەم جیاوازیەکەی دروستکردووە و ئاسمان و ڕێسمان بەینیان هەیە .هی یەکەم ناو شوێنە ولە هەمان کات ناوی ئەم شوێنەیە کە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە بۆ رواندزدابیندەکات ، بەڵام لەوشەی دووەم دیارە بۆ جێگرەوەی کەسێک یان بەڕێوەبەرێک بەکاردێت. خۆ ناوی (ئەژین _ئەڤین) و (چیمەن _ دیمەن) و (شاناز _ شاباز)هەرپیتێکە جیاوازی و ئاوازو ماناکەی دروستکردووە.

لەم رۆمانەدا، ناوەکان زۆر بەهەڵە نووسراون و خوێنەر نازانێ کامە بە دروست بزانێ بە تایبەتی بۆناوو شوێنێکی بێگانە کە ئێمە شارەزایمان لە سەرنەبێت.چەند نموونەیەک: (شینادیو، ل38_شینلدیو،ل40) و (گوش بیل _ گوش پیل، ل40) و (ناپلئون، ل8_ناپلیۆن، ل67) و (تئودل، ل37_ تئۆدوڵ ،ل74) و (کامب فر، ل127 _کومب فر،ل129 ) و (باهوول، ل130 ، باهول،131) .هەروەها بۆ خزمەتکارەکەی (ژان والژان) سێ ناوی لە یەک دوور بەکار هاتوون ، ئەوانیش ناوەکانی (توسان ،ل 109، توسین، ل110، توسنت، ل137). جاخوێنەرلەم سێ ناوە (شێڕو خەت) بۆکامەیان بکات و ناوی راستەقینەی خزمەتکار دەبێت کامە بێت !با ئەمجارە ناوی شوێنێک بخەینە روو کە بە چوار شێوە ناوی هاتووە ، مەودای بەکارهێنانی ئەم وشەیە لە چوار لاپەڕە تێپەر ناکات. جا ئێوەی خوێنەر سەرپشک بن کامەتان لە لادروستە بۆخۆتان هەڵبژێرن. بۆنمونە: خیابانی (هوم ئئارمە)، ل136_ کوچەی لوهەم ئئارمە، ل138_خیابانی (ئارمە)، ل139 _ خیابانی (هوم ئارمە)، ل140).

با واز لە هەڵەی ناو و شوێن بهێنین و ئەمجارە روو بکەینە ژمارەو ئاوڕێک لە هەڵەکردنی نووسینی (ساڵ) و رووداوەکان بدەینەوە، ئەگەر هەڵەی چاپ نەبێ! لەم دوو پەرەگرافە بەرچاودەکەوێت :

* لە مانگەکانی ئاخری بەهار و ئەووەڵی هاوینی ساڵی (1733)دا، دراوسێکانی (ماریۆس) هەمیشە پیرەمێردێکیان دەدی، لیباسی رەشپۆش بوو،ل157.

_ مەبەست لەم پیرەمێردە (ژان واڵژان)ی پاڵەوانی رۆمانەکەیە ، کە لە ساڵی (1796)هەتاساڵی(1815) لە زیندان بووە بۆیە ساڵەکە (1833)یە ، نەک ساڵی (1733) کە یەک سەدە جیاوازی هەیە.

* یەکەمیان لە بەرواری بیست و پێنجی حوزەیرانی (1823)دا ، هەواڵی (ژان واڵژان) و (مادلن)ی بڵاوکردبۆوەو ، دووەمینشیان ڕۆژنامەی ( مونی تور)ی پازدەی حوزەیرانی (1832)بوو، خەبەری مەرگی (ژاور) و بەسەرهاتی (ژاور)ی تێدا بوو نووسیبووی...ل 182.

 _ رووداوەکە بۆ مانگی حوزەیران دەگەرێتەوە وساڵی (1823)هەڵەیەو ساڵی (1832)دروسترە ، چونکە لە ساڵی (1833 ) ماریۆس و کەزیە بە یەک گەیشت بوون ئەوکاتەی(تندارییە) ئەم دوو بەڵگەیەی خستە بەر ماریۆس مانگێک پێش ئەوە ژاور لە رووبار خنکابوو.

دەکرێت هەر کارێکی وەرگێڕان یاخود نووسینی هەر کتێبێک، بەر لەوەی چاپ بکرێت یاخود دوای ئەوەی کاری پیتچنی بۆدەکرێت ، جارێکی تر لە لایەن کەسانی شارەزا لە بواری زمان پێداچوونەوە بە بەرهەمەکە بکرێت ئەمە هەم کاری وەرگێڕان و هەم کاری نووسین و بەکارهێنانی وشەو رستەو دەستەواژەکان جوانتر دەکات. خودی بەرهەمەکەش بە پوختی و خاوێنی و بێ هەڵەو کەموکوری پێشکەش بە خوێنەر دەکرێت و خزمەتێکی گەورەش بەزمان وپرۆسەی نووسین و مەعریفە دەکات.

 

سەرچاوە :

 

* بێ نەوایان ، ڤیکتۆر هۆگۆ، وەرگێرانی محمدی شڵماشی ،دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی رۆژهەڵات ، هەولێر ، چاپی یەکەم ، 2011.

گەڕان بۆ بابەت