ما 8666 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

رەسوڵ سەفەریانی

ئاڵبرایت وەک هەموو لایەنگرانی بورژوازی دەیهەوێت بە شێوەیێکی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ ئەوە بسەلمێنێت کە فاشیسم بە هۆی توندرەوی سوسیالیستەکانەوە لە کۆمەڵگای ئەوسەردەمەدا گەشەی کردووە و بووەتە هۆی سەرهەڵدانی موسولینی و هیتلر. بەڵام باس لەوە ناکات کە ئەگەر سوسیالیست و چەپ نەبوایێت سەرمایەداری پەت نەدەکرا.

 

فاشیسم  یەک هۆشدار

رەسوڵ سەفەریانی

 

'مادلێن ئاڵبرایت' ناوێکی ئاشنایە وەک وەزیری دەرەوەی ئامریکا لە دەورەی سەرۆک کۆماریی 'بیل کلینتون' کە دەبێتە یەکەمین وزیری ژنی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکایش. مادلێن جیا لە چالاکبوونی لە بواری سیاسیدا و ناوبانگ دەرکردنی لەم بوارەدا، لە بواری نووسینیشدا خاوەن چەندین کتێبە کە دووایین کتێبیان بە نێوی "فاشیسم، یەک هۆشدار" بە چەندین زبان وەرگێڕدراوە و سەرنجێکی زۆری جیهانی بۆ لای خۆی راکێشاوە. بابەتی کتێبەکە لە سەر فاشیسم و هۆکانی سەرهەڵدانی ئەم دیاردەیە لە بڕگەگەلی مێژوویدایە لە جیهاندا. ئاڵبرایت لەم کتێبەدا وەک ژیاننامەیەک لە منداڵیی خۆیەوە و بیرەوەرییەکانی تا دەچێتەوە سەر شەڕی دووی جیهانی دەس پێدەکات. ناوبراو کە لە ئەساسدا خەڵکی وڵاتی "چیک" ە، باسی ناسەقامگیری وڵاتەکەی و کەوتنە نێو شەڕ و ئاوارە بوونی خەڵکەکەی دەکات کە بنەماڵەکەی ئەوانیش وەک یەکێک لە هەموو ئەو خێزانانەی کە لە ترسی شەڕ هەڵاتوون و روو لە وڵاتانی تر دەکەن، سەرەتا دەچنە بەریتانیا و پاشان دەچن بۆ ئەمەریکا و لەوێ گەورە دەبێت و گەشە دەکات.

ئاڵبرایت بە وردی باسی سەرهەڵدانی 'موسولینی' دیکتاتۆری فاشیستی ئیتالیا دەکات. لە منداڵیی موسولینییەوە تا گەیشتنە دەسەڵاتی باسدەکات و پیشانیدەدات کە هۆکارەکانی  سەرهەڵدانی موسولینی چی بووە. لەم کتێبەدا ئاڵبرایت بارودۆخی ئەو سەردەمە بۆ خوێنەر تەسویر دەکات و هۆکانی گەشەی هیتلر و موسولینی شیدەکاتەوە و پاشان باسی دونیای ئەمڕۆ و وڵاتانێک دەکات کە لە سەدەی بیست و یەکدا  لە ژێر دەسەڵاتی فاشیستدایە. ئاڵبرایت لەم کتێبەدا بە وردی هۆکانی سەرکەوتن و گەشەی دەسەڵاتدارانی هەنوکەی وڵاتانێک وەک روسیا، تورکیا، وێنزوێلا و ئێران و تورکیا و لەهستان (پۆلەند) و چەندین وڵاتی تر دەکات کە چۆن بەڕێەوە دەچن و چۆن گەیشتونەتە دەسەڵات و وردە وردە هەموو دەسەڵاتی وڵات دەخەنە ژێر رکێفی خۆیان و یاساکان لە بەرژەوەندی خۆیان و بۆ مانەوەی خۆیان دەگۆڕن. ئەو وڵاتانەی دەچنە خانەی دەوڵەتانی فاشیستییەوە. مادلین ئەم شێوە دەسەڵات قۆرخکردنە بە شێوازی مۆسولینی ناو دەبات کە خودی موسولینی وتویوتی دەبێت وەک پەلە مریشک یەکە یەکە و بە ئارامی بیکەنیت بۆ ئەوەی بە خۆی نەزانێت.

ئاڵبرایت لە دەسپێکی کتێبەکەیدا دەنوسێت: "ئەو رۆژەی فاشیستەکان رێگای ژیانی منیان بۆ یەکەم جار گٶڕی، من هێشتا بە تەواوەتی نەکەوتبوومە سەر پێ. تاریخی ١٥ مارسی ١٩٣٩، ئەو رۆژەی وا  ئاڵمانییەکان هێرشیانکردە سەر وڵاتەکەم "چێکوسڵواکی".

مادڵین ئاڵبرایت لە بەشێک لە ماناکانی ناساندنی فاشیسمدا دەڵێت: "هەر کەسێک کە بە ناوی خەڵکێک یان گروپێکەوە قسە بکات و خۆی بە دەمراستیان بزانێت و بە نیسبەتی مافی بەرانبەرەکانی خەمساردی بنوێنێت و بیهەوێت بە زۆر خۆی بسەپێنێت و هەوڵ بۆ کوشتن و لەناوبردنی بەرانبەرەکانی بدات، ئەوە فاشێستە." هەر لەسەر ئەم پێناسەیە هەوڵ دەدات وڵاتانێک کە ئێستا لەلایەن وەها دەوڵەتانێکەوە بەڕێوەدەچن بە وردی بناسێنێت و رەفتار و کرداری ئەو دەسەڵادارانە شیدەکاتەوە وەک مەترسیێکی گەورەی سەر رێگای دیموکراسی جیهانی داویان دەنێت. لە باسەکانی ئەم کتێبەدا باس لەوە دەکرێت کە لە هەموو ئەم دەوڵەتانەدا پشێوی و نزم بوونی ئاستی ئابووری و تەنگ و چەڵەمەی زۆری ژیانی خەڵک کە بە چارەنەکراوی دەمێننەوە دەبنە هۆی ئەوەی کە فاشیستەکان کە لە سەر پۆپۆلیسم گەشەدەکەن و بیانکەن بە دروشی خۆیان و بە ناو هەوڵ بۆ چارەسەری گرفتەکانی خەڵک، خەڵکی بێدەرەتان بخەنە شوێن خۆیان تا بە دەسەڵات دەگەن. پاشان وردە وردە هەوڵ بۆ بێدەنگکردن و کپکردنی دەنگەکانی تر دەدەن و لە کۆتاییدا بە کوشتن و هەڕەشە وڵات یەکپارچە دەکەنەوە و، دەسەڵاتی نەگۆڕ و هەمیشەیی دەگرن بە دەستەوە.

مادلێن کە سەدەی بیست بە سەدەی شەڕی دیموکراسی و فاشیست پێناسە دەکات، نیگەرانی خۆی بە نیسبەت مەترسییەکانی سەر رێگای گەشەی دیموکراسی دەردەبرێت و لە سەر ئەو بڕوایەیە کە لە دونیای پاش شەڕی جیهانی یەک و دوو دەبووا ئیسانەکان ئەو ئەزمونە تاڵانەیان لە بیر نەچوبایەت و ئیتر قەت رێگایان بە سەرهەڵدانی فاشیسم نەدایەت. بەڵام بە هۆی سەرهەڵدانی بەرەی نوێ و لە بیر چوونەوەی ئەزموونە کۆنەکان و نزمبوونی ئاستی زانیاری و خوێندەواری کۆمەڵگا مەترسی گەشەی فاشیست و خەتەری دروستبوونی شەری گەورە و نەمانی دیموکراسی  وەک مۆتەکە بەسەر کۆمەڵگای مرۆڤایەتییەوە هەیە.

ئاڵبرایت سەرهەڵدان و سەرکەوتنی ترامپ لە ئەمەریکا کە بە فاشیستی لیکس ناوزەدی دەکات، بە نیشانەی گەشەی ئەو مەترسیە دەزانێت و داوا دەکات لە هەموو لایەنگرانی دیموکراسی ئەم پرسە بەجیدبگرن و بۆ سەرخستنی ئاستی زانیاری خەڵک تێبکۆشن و هەوڵبدەن ئەو شتانەی کە دەبنە هۆی گەشەی فاشیسم بنەبڕبکرێت. ئاڵبرایت دەڵێت ئەگەر دەسەڵاتگەلی فاشیستی وەک ئەو وڵاتانە کە ناوزەدکران نەبووایێت ئەوا دەکرا بوونی ترامپ وەک دیاردەیێکی کاتی سەیر بکەین و بە مەترسیمان نەزانیبایێت.

کتێبی "فاشیسم، یەک هۆشدار" کتێبێکی سەرنج راکێشە و خوێنەر بەدووای خۆیدا دەکێشێت و دەیباتەوە بۆ کۆڵانەکانی مێژوو و لەوێوە دەیهێنێتەوە بۆ ئەمڕۆ. دڵەڕاوکێکانی ئاڵبرایت بۆ مەترسییەکانی سەر دیموکراسی شتێکی بەجێیە و دەتوانێت هەموو ئینسانێکی ئازادیخواز و لایەنگری دیموکراسی تێگەیشتنی ببێت بۆ ئەو هەست و دڵەراوکێیانە، بەڵام  ئاڵبرایت وەک هەموو لایەنگرانی بورژوازی دەیهەوێت بە شێوەیێکی راستەوخۆ  و ناراستەوخۆ ئەوە بسەلمێنێت کە فاشیسم بە هۆی توندرەوی سوسیالیستەکانەوە لە کۆمەڵگای ئەوسەردەمەدا گەشەی کردووە و بووەتە هۆی سەرهەڵدانی موسولینی و هیتلر. بەڵام باس لەوە ناکات کە ئەگەر سوسیالیست و چەپ نەبوایێت سەرمایەداری پەت نەدەکرا و وەک دڕندەخوویەک هەموو کۆمەڵگاکانی دەمژی و قایل بە هەشت سەعات کار و مافی دەنگدان و و دەیان ئیمتیازی تر کە ئەمڕۆ بووەتە بەشێک لە مافی مرۆڤ و پێکهێنەری بناخەی دیموکراسین نەدەبوو. ئاڵبرایت دەڵێت ئەگەر دیموکراسی ئامریکایی لە شوێنێکدا موشکلەی هەبێت ئەوە خەتای ئەوکەسانەیە کە لە دەسەڵاتدان و باش بەڕێوەی نابەن. بەڵام ئاڵبرایتیش وەک هەموو باوڕمەندانی دیموکراسی بۆرژوازی نایەوێت قبوڵی بکات کە عەینی ئەم ئیستدلالە و پاساوە دەتوانین بۆ سوسیالیزمیش بەکار بهێنین و بڵێین ئەگەر سوسیالیزم لە شوێنێکدا خراپ پیشاندراوە ئەوە خەتای بەڕێوە بەرانی بووە نەک خودی ئایدیاکە.

لەو وڵاتانەی کە هێزی چەپ بە قووەتە، دێموکراسیش بەهێزترە و ئاستی خۆشگوزەرانی و رفاە لەسەرەوەیە و مافی مرۆڤ زۆرتر رێزی لێدەگیرێت. عەکسی ئەم وتەش بە ئاشکرا دەبینین. لە هەرکوێ دەنگی چەپ کپ کرابێت، بورژوازی چ مودڕن و چ کلاسیکی بێ بەزەییانە خەریکی خۆ پەروەراندنە و هیچ بایەخێکیش بۆ دیموکراسی و مافی مرۆڤ دانانێت.

لە کۆتاییدا بە ڕای من دەبێت بۆ تەکمیلی هەوڵەکانی مادلێن ئاڵبرایت بڵێین کە بۆ نەهێشتنی هۆ و زەمینەی گەشەی فاشیسم دەبێت بیرۆکەی چەپ لە کۆمەڵگاکاندا بەهێز بکەین و هەوڵ بۆ جێبەجێ کردنی مافەکانی مرۆڤ بدەین و دین و دەسەڵات لێک جیابکەینەوە و هەوڵ بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی خۆش بژیوی سوسیالیستی بدەین.

 

گەڕان بۆ بابەت