ما 10940 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

کارزان ڕەشید

بەسەربەرزی و شەرەفمەندییەوە دەڕوات و ئاوڕناداتەوە، ئیستاش شیعرەکانی زیندووە و دەسەڵاتدارن لێی تۆقیوون. سەربەرزی بۆ ئەو شاعیرەی کە خۆی نەفرۆشت، سەربەرزی بۆ ئەو شاعیرەی بەرگری لە مافی هەژاران کرد.

ئەو شاعیرەی بەردێک سەرینی بوو!

 

"دایکم پێم دەڵێ ڕۆڵە ئەو چرایە بکوژێنەوە، منیش وتم دایە رۆژێ دێ مناڵێکی سەربێشکە گەورە دەبێت و ئەم شیعرانەی من دەخوێنێتەوە" بەکر عەلی.
بەڵێ ئەوکاتەی تۆ تیرۆرکرای، من لەبێشکەدا بووم، ئێستا تێڕاماوم بەدیار شیعرەکانتەوە، ئاخر من شاعیر نیم، شایەد لەزمانی شیعریش نەگەم! بەڵام نازانم بۆ وشەکانت کەمەندکێشم دەکەن و سەرنجم ڕادەکێشن، بۆچی دەبێت ئەوەندە وشەکانت کاریگەربن! بروام وایە شیعرەکانت ئاوێنەی ژیانکردنەکەتە، ئەزانی ئەگەر مرۆڤێک قسەو کرداری یەکێکبێت، وشەکانی لەناخێکی پاکەوە هەڵدەقوڵێت و پەیڤەکانی کاریگەردەبێ، تۆ سەرینەکەت بەرد بوو، دۆشەکەکەت مقەبابوو، ئەما وشەکانت بەهێز و تۆقێنەربوون بۆ ئەو مرۆڤانەی ستەمیان دەکرد بۆیە بەو دەردەیان بردی!چەند ناسکانە پەیڤەکان دێنیتە گۆ ئەها لەشعرێکدا دەڵێی:
ئای له‌ عه‌زابم
چۆن ته‌ره‌ نابم
شه‌قامێك نییه، ڕاوی نه‌نابم
ڕۆژێكم نییه‌،
به‌دیار سووتانی عومری دایكمه‌وه‌
هه‌تیو و گریاو، هه‌ڵنه‌كورمابم
هاوار له‌ عومرم!
بۆ ئینسان نه‌بم
بۆ حیكایه‌ت بم؟
بۆ حه‌قم نییه‌ به‌حورمه‌ته‌وه‌
له‌ تێپه‌ڕینی عومرم شایه‌ت بم؟
چەند وشەگەلێکی جوانن، ئازارەکانی چەشتوە، تامی هەژاری و بێ ماڵی کردووە، خەمی میللەت و هەژارانی بووە، ئەوکاتەی کەبریار درا خانووە بە لەوح دروستکراوەکانی هەژارەکانی حامیە بڕوخێنرێت و بکرێت بەپرۆژە، تۆ یەکسەر وتت دەبێ برۆم خەڵکی حامیە ئومێدیان لەسەرمن هەڵچنیوە، بەرگری لێبکەم دەبێ برۆم... ئەو ئەی توانی وەک هەندێ لە شاعیر و نوسەرانی پێش خۆی و ئێستاش قەڵەمەکەی بفرۆشیت وە داوایشیانلێکرد ئەما تۆ وتت من ویژدانی خۆم نافرۆشم!.
شعرێک کەهەموو کات لەزەینی من و هەزاران کەسدا دەمێنێننەوە، تۆ بڵێی هەبێت و گوێی لەکەمال محەمەد گرتبێت و ئەم شیعرە ناسکەی بەرگوێ نەکەوتبێت، کەمال محەمەدیش هێندەی تر شیعرەکەی جوانکردووە، وەک خۆشی دەڵێ کاتێ شریتەکەی بڵاو بویەوە بانگی کردم و بردمی بۆچاخەنەیەک زۆر دڵی خۆشبوو وتی زۆر زۆرم بەدڵە:
هۆ په‌پووله‌ی سه‌ر به‌رده‌كانی باوه‌نوور
ئاخر گوڵم، هۆ حه‌بیبه‌كه‌ی شاره‌زوور
ئه‌م دڵه ‌باڵنده‌یه‌كه‌، شه‌وانه ‌دێ
په‌ڕوباڵی له ‌ده‌رگه‌كه‌تان هه‌ڵئه‌سوێ
كه‌واته‌ چۆن ده‌مه‌و ئێوارانێ كه‌ دێی
نه‌زانانه‌ پێی پیائه‌نێی؟
هتد....
نازانم چیتر بڵێم باسی عشق بکەم !هێندە جوان عاشق بوویت لەباسکردن نایە، ئەما چ جۆرە عەشقێک، عاشقێک کە گیرفانی هیچی تێدانەبوو! عاشقێک کە نان و پیازی دەخوارد!چەند خراپە مرۆڤ هەژاربێ و عاشقیش ببێ، چەند جوان بۆی دەنوسێ:
لەو ڕەشەبایەش خۆش نابم،
تەنها شەوێک،
لەحەوشەتانا نووستبێ و
بۆنی تەوێڵ و پەرچەم و هەناسەتی
بۆکەسێکی تر بردبێ...!!
- بۆچی ئه‌تهێشت خۆشم بوێی؟
كه ‌ئه‌تزانی من ئه‌و ڕه‌نده‌م
له‌م وڵاته ‌بچكۆله‌یه‌ی
دڵی خۆشما، په‌ناهه‌نده‌م!..
وەک ئەوەی ئیتر هەستی کردبێ و ماڵئاوایی دەکات، ئیتر ژیانی ژێر لەوحەکان جێ دێڵێ و بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لەهەژاری و برسێتی دەکات، بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لەمەعشوق بکات دەڵێ:
من ده‌ڕۆم و
تکایه‌ پێی بڵێن ئیتر
به‌ دیدارم ناگاته‌وه‌،
وه‌ک چه‌م ده‌ڕۆم،
چه‌میش ئاوڕ ناداته‌وه‌،
بێزارم، بێزارم لێره،‌
له‌ دار، لە بەرد
بێزار له‌ شاره‌که‌ی، له‌ خۆی،
له‌ ئاوێنه‌ و ته‌وقه‌ و شانه‌ و
قژی نیگرۆی،
له‌ ده‌ست و په‌نجه‌ی ده‌سته‌مۆی.
_______
بەسەربەرزی و شەرەفمەندییەوە دەڕوات و ئاوڕناداتەوە، ئیستاش شیعرەکانی زیندووە و دەسەڵاتدارن لێی تۆقیوون، سەربەرزی بۆ ئەو شاعیرەی کە خۆی نەفرۆشت، سەربەرزی بۆ ئەو شاعیرەی بەرگری لە مافی هەژاران کرد.

سەرچاوە: ئاوێنە

گەڕان بۆ بابەت