بەکر ئەحمەد

کتێبی ملوانکە، پرۆژەیەکی کامڵی شاعیرێکە کە دەیەوێ پرسی یەکسانی لە پرۆژەیەکی سەرتاپاگیردا و لە نیشتیمانێکی دروستکراوی دیکەدا بسازێنێتەوە کە سنووری نیوان ڕەگەزەکان جێگایەکی ئەوتۆ لە ژیانی رۆژانەیادا داگیرنەکات و ئینسانبوون پێوەری بەهرەمەندبوونی ئینسانەکان بێت نەک نێر یاخود مێ بوون.

 

کاتێک تۆڵەکە و لفکەشامی گرانترە لە پرچی ژن

"کتێبی ملوانکە" و پرسی یەکسانی

 

بەکر ئەحمەد

٢٤ی ئەوگوستی ٢٠٢٠

 

لە ٩ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٢، (مەلالە یوسف زەئی) بەردەسترێژی فیشيک دەدرێت و فیشەک بەر سەری و ملی دەکەوێت. تەقەکەرەکە چەکدارێکی سەر بە بزووتنەوەی تاڵیبانە و هۆی ئەم کۆششی تێرۆرکردنەی مەلالەدەگەڕێنێتەوە بۆ بڕیاری قەدەغەکردنی تاڵیبانەکانی پاکستان کە کچان نابێ بچنە قوتابخانە و مەلالەش بەبەردەوامبوونی بۆ چوون بۆ قوتابخانە، ئەم فتوای قەدەغەکردنە، پشتگوێدەخات.

بۆیەش هاتوچۆی مەلالەی بچکۆلە بۆ قوتابخانە بە خۆیی و کۆلەپشتەکەیەوە، لە ولاتێکی تردا کە تالیبانەکان هەژموونییەکی گەورەیان هەیە، کاتێک مەلالە دەڵێ: من هەر دەچمە قوتابخانە، لە سەرتاسەری دنیادا دەبیسترێت.

"کاتێک هەموو دنیا بێدەنگە، تاکە دەنگێک بەهیز وکاریگەر دەبێت". ئەم دەربڕینە کە بە یەکێک لە وتە جوانەکانی مەلالە دادەنرێت،  لە دایکبووی ئەم دۆخەیە کە من زۆر بە کوورتی لەسەرەوە ئاماژەم پێدا.

 

بە کورتییەکەی: لە بێدەنگی دنیایەکدا، نووزەیەکی بچکۆلە وەک بۆمبا دەنگی دێ.  

هەلومەرجی ژنان لە کوردوستاندا، ئەگەر لە زۆر رووەوە لە گەڵ پاکستان و ئەفغانستاندا جیاوازی هەبێت، بەڵام لە زۆر ڕووی ترەوە، لە گەڵ سیستەمی جەندەری تاڵیباندا، جیاوازییەکی ئەوتۆییان نییە. هات و هاوار و زریکەی ژنکوژی کورد لە مڕۆدا هەر بە تەنها زریکەیەکی لۆکالێ نییە کە لە کوردستاندا دەبیسترێت، بەڵکو ژنکوژی پیاوی کورد لە دەرەوەی سنوورەکانی کوردستاندا، سەر دیڕی رۆژنامەکانی ئەوروپایە.

لە ناو دنیایەکی قاندراو بە سیاسەت و کولتور و ترادیسۆینی دژەژنی کۆمەلگای کوردیدا، لە جیهانێکدا کە:

لێرە تۆلەکە هەرزانترە، یان قژی پێرەژنێ؟

لفکە شامی گرانترە یان مەمکی بێوەژنێ؟

یەک تاڵە مووی سمێڵی خێڵێک

بەرابەر چەند زریکەی ژنە؟

شاعیرێک دێت و لە ناو ئەم دارستانی قریشکە و هاوارەدا، کە بە بێدەنگییەکی گەورە دەووردراوە، دەیەوێ ئەو دەنگە بێت کە تەلیسمی بێدەنگی بشکێنێت و مەلالە ئاسا، دڕ بە جیهانی بێدەنگی بدات.بەلام سەیر ئەوەیە لەگەڵ بەهێزی دەنگی ئەویشدا، کۆمەلگا و ئیلیتە خوێندەوارەکەی ، دەنگی ئەویش لە بێدەنگییەکی گەورەترەوە  دەپێچێت و لە بەرانبەر ئەم دەنگەدا کە دەبوایە سەرنجی بۆ جیهانی کەڕ ولاڵی کۆمەلگا رابکێشایە، ئەویش بە بێدەنگی دەسپێردرێ.

 

"کتێبی ملوانکە"ی شیرکۆ بێکەس (١) لەگەڵ دەنگی یەک بەیەکی موور و  سوورا و ملوانکە جۆراوجۆرەکانی ناویدا  کە مێژووی ئەم دارستانی هاوار و مامەلە تاڵیبانئاسایەی کۆمەلگای کوردیە بەرانبەر بە کچ و ژنەکانی و دەیەوێ بۆ ساتێک لەبەرانبەریدا ڕاوەستین،  کەچی زۆر بێدەنگ تێدەپەڕێت و نیگایەکی ناچیتە سەر. بەوەی شێرکۆ یەکێک لە ناوە هەرە گەورەکانی شیعری کوردییە و  بەرهەمەکانی خوێنەرێکی زۆری هەیە و نووسین لەسەر بەرهەمە تازەکانی کاریكی ئاسایی بووە، بەڵام لە بەدبەختی ئەم پیاوەدا، چۆن دۆزەخی قاندراوی ژنانی کورد کاتێک وەک تایتڵی رۆژنامەیەک باسیلێوەدەکرێت و هیچ دەنگێک دروستناکات، بە هەمان شێوەش ئەم بەرهەمەی شێرکۆ، وەک دەنگی پالەوانەکانی ناو کتێبەکە، بە فەرامۆشی دەسپێردرێت و جەدەلێک لەسەری دروست نابێت.

کۆششی من لەم نووسینەدا، سەرنجدانە لە یەکێک لە بەهێزترین کۆمەلە شیعری شیرکۆ بێکەس کە ناکرێت هەروا بە بێدەنگی بەسەرماندا تێپەڕێت.

 

دەنگی ناو شیعر

 

سەرەتا قەسیدەکە بە کۆمەلێک دەنگ دەستپێدەکات وەک : دەنگی ملوانکەیەکی زەیتوونی عاشق، دەنگی سووراوی لێوێکی جوان و ئازا. بەڵام شێرکۆ سەرتاپای قەسیدەکە دەداتە دەست دەنگی ملوانکەیەکی لەش شینی چاوسەوز کە هێشتا :" زیندووە و نەوەی تازەی گووناهەکانە و دەیەوێ هەموو خواوەندە نێرەکان و هەموو پەیامە نێرەکان لەبەردەم پرسیاردا ڕابگرێ و سەرلەنوێ ژیان بنووسێتەوە. "

شێرکۆ لیرەدا دەنگی خۆی دەداتە دەست ئەم ملوانکەیە و بە وتەی خۆی:" ئەگەر پێویست بێ پالەوان هەبێ، ئەم ملوانکەیە پاڵەوانی ئەم دەقەی ئەوە."

ئەم ملوانکەیە کاتێک ساڵ و مێژووی لە دایکبوونی خۆی دەگێڕێتەوە دەلێ:

لە توخمی مێم

خەڵکی زەریام

لە دایکەوە بە بنەچە

دەچینەوە سەر خەونەکانی مەرجان و

لە باوکەوە

ئەچینەوە سەر خێڵەکانی مرواری

 

لەیەکەم ڕۆژی دەرهێنانی ئەم مراوریەوە، یەکسەر ئەو جوداسازییەی کە سیستەمی جەندەری کۆمەلگا لە پەیوەند بە دروستکردنی نێرێتی و مێیتی لە کۆمەلگادا دەبێ پەیڕەوی لێبکرێت، دەکەوێتە کار.

ئەو دەمەی هاتمە سەر زەوی و

بۆ یەکەم جار هەتاو لییدام

بریقەیشم نزیک نزیک

دای لە چاوی چوار پێنج پیاوێ و

کە زانییان بەردێکی مێم

ئەوسا ئیتر سمێڵیان کەوتە پێکەنین

هەر بەباوەش هەڵیانگرتم و ماچیانکردم و

لە بەردی نیریان دابڕیم.

کاتێک ئەم مراورییە جوانە دەکرێتە ملوانکە و دەفرۆشرێت و لە سەر رەفەی کۆگایەکی شووشەبەندی سەر شەقامێکی گشتیدا ، لەگەڵ چەند ملوانکەی تردا داەدەنرێت بۆ کڕیاران،  ئەوسا یەکسەر هەست بەو جوداسازییە گەورەیە دەکات کە چۆن ڕۆلەکان بەسەر نێرێتی و مییەتی لە کۆمەلگادا دابەشدەکرێن و چاوەڕوانییەکانی کۆمەلگا لە بەرامبەریاندا چۆنە و چۆنیش نێرەکان و مێیەکان دەکەونە ناو تۆڕێکی گەورە لە مامەڵەی جووداوە لە هەڵسوکەوتی ڕۆژانەیاندا. ژیانێکی نوێ کە جیاوازییەکی گەورەی هەیە لەگەل ژیانی ژێر ئاودا کە هەستی دەکرد، قسەکانی ژێر ئاو نەرمن و پەیوەندییەکانی نێوان نێر و مێ وەکو یەک وان.

 

شیرکۆ وەستایانە لە ڕێگەی دانانی مووکێشێکی پیاوانەی سەر زل و قاچ خوارەوە، زنجیرێکی سەعاتی پیاوانەی دەروون پڕ گڕێوە، گوێزانی ڕیشتاشین، قەڵەمبڕ، قایشی کەمەر و مقەستی بەر سمـێڵ، بۆینباخێکی سوورفڵی دڕێژەوە، لە رەفەکانی دیکەی دوکانی " مێلاقە"دا، ئەو جیهانە دەسازێنێ کە تەنها ژن دەتوانێت هەست بە بوونییان بکات و ڕەفتارییان بخوێنێتەوە.

ئەوەتانێ بۆینباخە سوورفڵەکە: بەدەنگی بەرز، پیادەرۆی سەرشەقامیش گوییان لێێە، ئەکەویتە تالیق لێدان: مێ بۆ بێدەنگی و مووبەق و ناو پێخەف و هیچی تر نا"

بەڵام سەررەفەکانی ئەم کۆگایە، هەر شوێنی ئەم جۆرە لە فیگۆری پیاوانە نین تا دۆزەخێک بۆ ماسکارا و سووراو ملوانکەکانی دیکە بخوڵقێنن.

بەڵکو شووشەبەندی لێیە بە پاندانەکەی تەنیشتی هەر خەریکی شتنووسینە، عەینەکێکی چاوباشقاڵی قۆزی ڵییە هەر گۆرانییان بۆ دەلێ. بۆیە لە هیچ شوێنێکی تێکستەکەدا خوێنەر ناتوانێ "کتێبی ملوانکە" بکاتە مانیفێستێکی دژی پیاوان و پێیوابێ ئەم تێکستە لە دیدگایەکی ئەنتی پیاوبوونەوە نووسراوە.

شێرکۆ لەم تێکستەدا، لە ڕێگای ئەو وێنە شیعریانەوە کە بە مقەست یان مووکیشێکی دەدات تەواوی ئەو نۆرم و بەها کۆمەلایەتی و چاوەڕوانیاننەی کە کۆمەلگا لە ناو سیسیتەمە جەندەرییەکەی خۆیدا دەستنیشانی کردوووە بۆ ئەوەی کە نێربوون و مێبوون دەبێت چۆن بێت، وەستایانە دروستدەکاتەوە.

 

"لین ئولمان" لە رۆمانی " (بێقەراران)دا کە بیوگرافیەکەی شەخسییە سەبارەت بە باوکی خۆی کە "ئینگمار بێریمان"، لە پاساژێکی تایبەتیدا ئاماژەیەکی سەیر بە عادەتێکی ئەم  گەورە دەرهێنەرە جیهانییە دەدات کە ناوهێنانی جێگای سەرنجە لە پەیوەند بە خوێندنەوەی شێرکۆ بۆ چەمکەکانی نیرێتی و مێیتی لە قەسیدەی "کتێبی ملوانکە"دا.  ئولمان دەنووسێ: باوکم لە هەفتەیەکدا چەند خولەکێکی دادەنا بۆ ئەوەی ببێتە کەسێکی دی. ئەمە نەک بە مانای ڕۆچوونە ناو ناخی خۆوە بۆ ئەوەی بزانێ فڵانە ڕۆڵی سینەمای چۆن دەکرێ نمایشبکرێت و چ شتێک لە  کاراکتەرێکی وەک کابرایەکی قەسابدا هەیە کە دەکرێ سەرنجی بدرێتێ، بەڵکو لەو گۆشەنیگایەوەی  کە ئەگەر ئەو بۆ ماوەیەکی کورتیش کەسێکی دیکە بێت، چۆن هەست بە ژیان دەکرێت.

بە کورتییەکەی: ئەگەر بۆ ساتێکیش ئینسان چاوەکانی دابخات و پێیوابێت بۆ ماوەی چارەکێک تۆ منداڵێکی دەستگێڕی سەر شەقامی شارێکیت، تۆ هەست بەچی دەکەیت. بە بڕوای من ئەم عادەتە هەفتانەییەی (بێریمان) لووتکەی ئینسانی بوونی کەسێک نیشاندەدات بۆ ئەوەی لە چاوی کەسێکی دیکەوە سەرنج لە ژیان بدات.

نیگایەک کە هەموومان پێویستمانە تا لە بەر نیگاکانی "ئەوی دی"دا کە ڕووبەڕوو لەبەرچاودا نییە،  بتوانیت سەرنج لە خۆت بدەیت، هەست بەوە بکەیت کە ئەویدی هەستی پێدەکات .

بۆیە کاتێک شیرکۆ بێکەس لە "کتێبی ملوانکە" دا دەنووسێت

 

درەنگە و درەنگە و ئەمەوێ

"با"ی قسەی گیرخواردووی مێینەم

ڕاچڵەکێ و هەڵکات و

دابچێ و بمرێت و....

وەک دەنگی سپی ملوانکەیەکی زەیتوونی عاشق تۆماردەکات بەرلەوەی بە پەتەکەی خۆی بیخنکێنن، زیاتر وەک دەنگی مێینەی ناو کەسی خودی شێرکۆ دێتە دەر و شێرکۆ لەم شاکارە جوانەیدا ڕێک ئەو  کارە دەکات دەکات کە "ئینگمار بێریمان" هەفتانە خەریکی بوو.

بەڵام وەک چۆن موکیش و سەعات و بۆینباخی ناو ئەم کۆگایە دەفرۆشرێن و دەکەونە لای کەسانی دی، ئەم ملوانکە چاوشینەی ناو کۆگای مێلاقەیش لە لایەن مامۆستایەکی کچەوە دەکڕدرێت و لە یەکەم چرکەساتی چوونە ناو جانتاکەی شانییەوە، لەگەڵ دەستەخوشکەکانی دیکەی ناو جانتاکەدا، دەکەوێتە ناو ئەو جیهانەوەی کە ئینسانی کچ لە کۆمەلگای کوردیدا، چ لە ماڵ و چ لە دەرەوەدا رووبەڕووی دەبێتەوە.

کتێبی ملوانکە، بە جیا لە دەیەها چەخماخەی شیعری نازدار کە بەندت دەکەن و راتدەگرن تا لە بەرانبەریاندا ڕاوەستیت، سەفەری ئەم ملوانکەیەیە کە لە رێگای هەلگرەکەیەوە تا جیهانی ژنبوون لە کۆمەلگای کوردیا نیشانبدرێت.

بەڵام بۆ ئەوەی ئەم چیرۆکە بە تەنها گێرانەوەی ملوانکەیەکی تەنیا نەبێت و لە سنوورەکانی تاکەکەسی ژیانی هەڵگرەکەیدا قەتیسنەبێت، بولبولی مەدالیای سەربەرۆکی خانم و قەلەمی برۆ و متومووروەجۆراوجۆرەکانی دیکەی خانم کە لە شەواندا دەچنە دەرێ و سەر بەو کونج و کەلەبرەرانەی دیکەی شاردا دەکەن تا بزانن ژنانی دی چۆن دەژین. بەمەش شیرکۆ فەزایەکی فراوانتر لەبەرانبەر خوێنەردا دەکاتەوە تا تراژیدیای ژن بوون لە کۆمەلگای ئێمەدا، لە رووبەریکی فراوانتردا نیشانبدات.

 

لە "کتێبی ملوانکە"دا شیرکۆ دەست لە هیچ ناپارێزێ. یەک بە یەکی ئەو جومگانەی کە ژێردەستەیی ژن بەرهەمدەهێننەوە دەخاتە بەر نیگای شیعر.

"باوکم هەر خۆی نییە، یەک لەشکری تەیاری لە ژمارەنەهاتووی هەموو سەدەکانی لەگەڵە. لەشکری خودا بە هەڕەشەی دۆزەخێکی هەمیشە نێڵەنێڵ سووتاوەوە. باوکم هەر خۆی نییە، هەرچی دێوجامەی هەزارساڵەی کولتووری ڕاوە لای ئەوە. باوکم وەک خودا بێباکە و چوون دەمی شمشێری هەڵکێشراو لەبەر سوورە هەتاودا بریقە بریقیتی. ئەو مووی ریشی لە ئاوی شەرەف هەلکێشاوە، بۆیە پیاوە. باوکم کتێبی نامووس و حەیای لەناوگەڵدا داناوە و لە چاوی ئەو کونانەوە تەماشی دنیای فانی دەکات. قانوون لەو بووە، جەلدە وەچەی ئەوە. باوکم تۆلەیەکی ئەبەدییە و جەنگێکی بێ کۆتایی. باوکم پیاوە پیاو، سمێڵە  سمێڵ، باوکم خەنجەرە خەنجەر. باوکم هەر خۆی نییە، نیشتیمان لە پشتییەوە ئەڕواو مێژوو نووکتەی بۆ دەگیڕێتەوە و حەیاو حورمەت کڕنووشی بۆ ئەبا"

لەم  کتێبیەدا، جومگەگەلێکی زۆری ژیانی ژنان تیشکییان دەخرێتەسەر، بەڵام شەرەف و خەنجەربوونی باوکێک کە ئەگەر ژیانی شارنشینیشی بۆ خۆی هەلبژاردبێت، هیشتاش نەیتوانییەوە دیوجامەکانی کولتوری ڕاوی لێبسەنێتەوە، لە سووچ و بەسەرهاتی جۆراوجۆری پاڵەوانەکاندا دێتەوە بەر باس.

ئاخر لە راستیشدا بناغەیتریتن پرسیارێک لە کۆمەلگای کوردیدا لەبەرامبەر پرسیارەکانی یەکسانیدا، لە دەوری مافەکانی ژنان چەقی نەبەستووە. بەلکو لەسەر خودی مافی مانەوەی ژنە کاتێک شەرەف بە جۆرێکی دیکە هێنرایە پێناسەکردن کە لەگەڵ پێناسەکەی باوکدا یەکناگرێتەوە. دەکرێ ژن بەڕێوەبەری گەورەترین کۆمپانیا بێت ، ئەندامی پەرلەمان بێت  یان کچێکی شوونەکردووی ماڵ بێت، کاتێک قاچ لەو دیو سنوورە پێناسەنەکراوەکانی کولتوری شەرەفەوە دادەنرێت، ئەوسا سەرتاپای مافەکان هەرەسدەهێنێت و ژیان خۆی لە مەترسیدایە. بۆیە پرسی یەکسانی لە کوردوستاندا، لە دەوری فراوانکردنەوەی پانتاییەکانی ماف نییە لە ژیاندا، بەلکو لە پلەی یەکدا بەرگریکردنە لە خودی مانەوە، لە خودی بوون و نەبوونی ژن.

 

جەندەر و رژێمی جەندەر لە کتێبی ملوانکەدا

شیرکۆ لە زۆر قەسیدە و بۆنەی جۆراوجۆردا شیعری بۆ ژنان نووسیوە، بەڵام لە هیچ شوێنێکدا ئاوا خوێندنەوەیەکی سیستیماتیکییانەی بۆ پرسی یەکسانی و خستنە ژێر پرسیاری ئەو سیستەمە جەندەرییەی لە کوردستاندا کاردەکات نەکردووە.

کتێبی ملوانکە، پرۆژەیەکی کامڵی شاعیرێکە کە دەیەوێ پرسی یەکسانی لە پرۆژەیەکی سەرتاپاگیردا و لە نیشتیمانێکی دروستکراوی دیکەدا بسازێنێتەوە کە سنووری نیوان ڕەگەزەکان جێگایەکی ئەوتۆ لە ژیانی رۆژانەیادا داگیرنەکات و ئینسانبوون پێوەری بەهرەمەندبوونی ئینسانەکان بێت نەک نێر یاخود مێ بوون.

ئەگەر شێرکۆ لە قەسیدەی "ئێستا کچێک نیشتیمانمە" بە شوێن نیشتیمانێکی ترەوەیە  بۆ ژیانی ئینسانەکان کە دوورە لە پێناسە ناسیونالیستییەکان ، ئەوا لە "کتێبی ملوانکە"دا، کچەکانی نیشتیمان دەخاتەوە ئەو شوێنەی کە نیشتیمانی تازە دەخوازێ چۆن بن.  شێرکۆ بەم هەنگاوەی گورزێکی کوشندە لەو درۆ گەورەیە دەدات کە لەناو بزووتنەوە ناسیونالیستییەکانی دنیادا رەواجیپێدەدرێ کە گوایە: تا نیشتیمان ڕزگار نەبێت، رزگارکردنی ژنان مەحاڵە. کتێبی ملوانکە چەند ساڵێک بەر لە نووسینی "ئێستا کچێک نیشتیمانمە" نووسراوە و پەیامی دێر بە دێری حەکایەتی ملوانکەکان هیچ شتێک نییە جگە لە دەستکاریکردنێکی رادیکالانەی شیعری بۆ پەیوەندی نیوان یەکسانی و رزگاری ژنان لەگەڵ رزگارکردنی نیشتیماندا.  

سەیرێکی ئەم نەخشە رەنگڕێژکراوەی شیرکۆ بکەن بۆ خوێندنەوەی ئەو سیستەمی جەندەرەی لە کوردستاندا کاردەکات.

"لێرە. لێرە. لێرە، شت ومەک بێ و کەل و پەل بێ و هەرچییەک بێ کە بینیمن من دەزانم نێرن یان مێ: دیوار نێرە، شەقام نێرە،  درەخت مێیە و کۆلانی تەنگ و باریکیش زۆربەیان مێ. بەهار و هاوین نیرینەن. پاییز و زستان میینەن. رۆژ نێرە و شەو مێ. ئاگر نێرە و خۆلەمێش مێ. نهۆمەکانی سەرەوە نێر و ژێرزەمینیش زۆربەیان مێ. شاخ نیرە و دۆلەکان مێ. لێرە. لێرە. لێرە: ئاو مییە و بەربەست نێرە. هەڵم مییە. ماسی مێیە و چەشەیش نێرە. باران مێیە. باخچەکان مێن. سپی مێیە و سووریش نێرە.  سروودەکان هەموو نێر و بەستەکانیش زۆربەیان مێ. دوولەسەر سێی ئازارەکان مێینەن و حەرام مێیە و حەڵالیش نێر. بەشی زۆری سێبەرەکان میینەن و بەشی زۆری فەرمانەکان نێر. خودا نێرە و عەرشەکەی مێ. هەموو مافوورەکان مێن و هەموو کورسییەکان نێر.هەموو تەنافەکان مێن و هەموو گیرەکان نێر. بەفر مێیە و ڕەشەبا نێر.  دووکەڵکێشەکان زۆربەیان مێن و نێڵەنێڵی ئاگری توونییش زۆربەیان نێر. جگەرە نێرە و تەپلەکی جگەرە مێ. لێرە. لێرە. لێرە، بەرگی پێشەوەی هەموو کتێبەکان نێرن و بەرگی دواوەیش مێ. گڵۆپی ترافیکەکان هەموویان نێرن و خەتی پەڕینەوەی سەر شەقامەکانیش هەمووین مێن.

وشە مێیەو تەباشیر مێیەو لاستیکی خەتکوژانەوە و تەختەسڕ نێر. لێرە هەموو مەتنەکان نێرن و هەموو پەراوێزەکان مێ.تەلەفیزیۆن نێرە و مێزەکەی ژیریشی مێ. لێفە نێرە و دۆشەک مێ. پەنجەرەکان مێن و پەردەکانیان نێر. هەموو ماشێنەکان نێرن و هەموو پارکەکان مێ. چادرەکان نێرن و پەردە و کوللەکان مێ. تابلۆکان مێن و چوارچێوەکان نێر. دەسکەوان دەسکەکەی نێرە و خۆیشی مێ. دەرزی نێرە و دەزوو مێ. شیعر مێیە و سانسۆر نێرە. گێژاو نێرە و بواری هێوریش مێ. لافاو نێرە و داروپەردووی سەرئاوکەوتوویش مێ. بوومەلەرزە نێرە و وێرانەیش مێ. بزە مێیە و مۆڕەیش نێرە. لێرە. لێرە. لێرە: ژیان نێرە و مردن مێ."

لە لێکۆلینەوە ئەکادیمیەکاندا، جەندەر بە رەگەزی کۆمەلایەتی پێناسە دەکرێت. نەک رەگەزی بایۆلۆژی (٢) بۆ نموونە بەوەی کە دارا نێرە و زارا مێیە گوایە یەکەمییان مەمکی نییە و دووەمیان هەیەتی.

واتا جەندەر ئەو جۆرە لە رەگەزە کە لە باری کۆمەلایەتی و کولتورییەوە رۆژانە دروستدەکرێتەوە. بەوەی کە کۆمەلگا چ چاوەڕوانییەکی لە رەگەزەکان هەیە، چ نۆرم و عورف وعادەتێک دەبێ پەیرەوی لێبکرێت و نێرو مێبوون لە کۆمەلگادا دەبێ چۆن بێت. ئەم جۆرە لە رەگەز، پەیوەندییەکی ئەوتۆی بە رەگەزی بایۆلۆژییەوە نییە و کۆمەلگا خوڵقاندوویەتی. سواری پاسکیلبوون تا رۆژگارێکی کەمێک دوور نا کردەیەکی کوڕانە بووە و هیچ پەیوەندییەکی بە ناوگەڵی ئینسانەکانەوە نەبووە و نۆرم و بەها کولتوورییەکانی کۆمەلگای کوردی دروستیکردووە. ئەم جۆرە لە رەگەزی کۆمەلایەتی کە لە ناو کولتور و پەیوەندییە کۆمەلایەتییەکاندا دروستدەکرێت، پییدەوترێت. رەگەزی جەندەر.

ئەم بەها جۆراوجۆر و چاوەڕوانییە جۆراوجۆرانەی کە لە رەگەزەکان دەکرێ لە هەوادا ڕوونادات و پەیڕەوی لە سیستەمێکی جەندەری دەکات کە پێێ دەوترێت رژێمی جەندەر. (ئیڤۆن هیردمان)، ژنە مێژوونووسی سویدی  ئاوا بەشێک سترۆکتۆرەکانی ڕووندەکاتەوە: "رژێمی جەندەرخاوەنی دوو خەسڵەتی تایبەتە کە کاریگەری لەسەر پەیوەندییە جەندەرییەکانی کۆمەلگا دادەنێ.  یەکەمییان هیرارکییەتە و دوومیان توخمێکی لێکجیاسازی.، دیکۆتۆمی" (٣)) (دیکۆتۆمی بە مانای دابەشکرنی یەکەیەکە بەسەر دوو بەشی لەیەک جیاوازدا کە هیچ شتێکیان لەیەک ناچێ).  

 

(ساندرا ‌هاردین) سێ رەهەندی دیکە بۆ جەندەر دادەنێت کە لە ئاستەکانی فەرد و سترۆکتۆر و رەمزیەتدا دەکرێ ئاماژەیان پێبدرێ و هەریەکە و بە جۆرێک لە برەوپێدان و کەمکردنەوەی ئەم رژێمی جەندەرەدا کاریگەری دادەنێ. (هەمان سەرچاوەی پێشوو).

لە ئاستە سترۆکتۆریەکەیدا دەکرێ سەرنجێ لە سیستەمی کاردابەشکرنی ناو کۆمەلگا بدرێت کە چۆن سیستیماتیک کار و سێکتەرە جیاوازەکان لەسەر بنەماکانی نێر و مێبوون ڕەنگرێژدەکات. بۆ نموونە سایەق تاکسی و نانەوایی هەر کارێکی پیاوانەیە و لە دایەنگادا کارکردن پیشەی ژنە.

لە بارە رەمزییەکەیدا ئەم سیستەمی جەندەرییە لە زماندا خۆی نیشاندەدات. ژن ناسکە و پیاو ڕەقە. پیاو ئازایە و ژن ترسنۆک.

لە ئاستە فەردییەکەیشیدا ، ئاستی خوێندنی تاک وپەروەردە و چوارچێوە کۆمەلایەتییەکەی تاک کاریگەرییەکی تایبەت لەسەر ئینسانەکان دادەنێ کە چ تێروانینێکی لەسەر رژێمی جەندەر هەبێت.

کاتێک بەم کەمە زانیارییەوە لەسەر رژێمی جەندەری کۆمەلگا سەرنجێک لەم وەسفکردنەی شێرکۆ بێکەس دەدەیت بۆ چیرۆکی  :" لێرە. لێرە. لێرە، شت ومەک بێ و کەل و پەل بێ و هەرچییەک بێ کە بینیمن من دەزانم نێرن یان مێ"، ئەوسا هەستدەکرێت شێرکۆ چەند چاوتیژانە ئەم نەخشە جەندەرییە لە ئاستە جۆراوجۆرەکانی، سەردەستەیی و ژێردەستەیی ژن و پیاو وەک بەشێک لە هیراکییەتی سیستەم و  لێکجووداسازی  بە رەهەندە فەردی و رەمزی و ستراکتۆرییەکەیەوە پیشانی کۆمەلگایەک دەدات کە نایەویت بیبینێ.

 

لە "کتێبی ملوانکە"دا، شیرکۆ ڕۆڵی ئایین لە تراژیدیای دەنکە مرواریەکانیدا بە زەقی نیشاندەدات، بەلام لە گەلیک شوێندا بە زمانێک دەدوێ کە هێندەی پرسیارکردنە، کەمتر پەنجەی تاوانبارڕاکێشانە لە بەرانبەریدا. بەمەش بەرلەوەی جەنگێکی ئایدیلۆژی لەبەرانبەر ئایندا بەرپاکات، دیدێکی ئیکۆلۆگیانە دەخاتە بەردەم لەچکداری لە کۆمەلگاکانی رۆژهەلاتدا.

 

بڕیارماندا سەردانی "لەچکەکان" بکەین

پێیان بڵێین:

ئاو و هەتاو و مانگەشەو

کلووی بەفر، دەنکە تەرزە،

سروەو جریوەی ئەستێرە و

شەبەنگەکان

نمەی باران

هەر هەموویان لێیان زیزن

چونکە ئەوانن ناهێڵن

بگەنە لای سەروقژییان.

 

بەڵام دەنکە مرواری ملوانکەی خانم، لە ناو هاواری جەنگ ودەنگی حەڵال و حەرامەکاندا و ئومێدی گۆرانییەکی نوێدا، دەکرێ مەئیوسانە دانیشێت و پێیوابێ

 کە: یەکسانی چییە؟

جگە لە دووکەڵی جگەرەیەک کە ئەویش هەر پیاو

بە (با)ی ئەدا.

یەکێک لە تایبەتمەندییە دیارەکانی کەسایەتی شیرکۆ، جگەرەکێشانی لەرادەبەری ئەوە. ئەگەر ورەبەردان و بێهیوایی یەکێک لە پالەوانەکانی کتێبی ملوانکە دەخاتە سەر ئەو دەربڕینەی سەرەوە، ئەوا دەتوانم بڵێم  شیرکۆ وەک پیاوێک لە کتێبی ملوانکەدا، هەر هەموو ئەو جومگە سەرەکی و لاوەکییانەی کە نایەکسانی بەرهەمدەهێنێتەوە، لەگەڵ دووکەڵی جگەرەکەیدا بە بایدەدا و جوانترین سروودی یەکسانیمان بۆدەچڕێ.

"کتێبی ملوانکە"،  شایەنی ئەوەیە لە هەموو ماڵێکدا هەبێ، بە تایبەت لە کاتێکدا کە حەکایەتی رێزلێگرتن لە ژنان لە ژێر دەربڕینی: "بەهەشت لەژێر پێی دایکدایە" لەسەردەستسالارییەکی گەورەدایە و پرسیاری ئەوەی بۆ پێی "پێ نادرێ تا پێی بڕوا و تا پێی بگات" پرسیاری یەکەمی ملوانکە و دەنکەکانیەتی.

 

 

١ شیرکۆ بێکەس، کتێبی ملوانکە، چاپخانەی ڕەنج چاپی یەکەم ساڵی ٢٠٠٧

 

2- http://www.normbryt.se/vad-ar-egentligen-genus/

3- http://www.genus.se/wp-content/uploads/pub_-Genusperspektiv-pa-vardvetenskap.pdf sid 16-17