راستی و درۆ

درۆ و راست دوو دیاردەن وەک هەموو دووانە دژە یەکەکان کە لە گەڵ  دەست بە قسەکردنی مرۆڤ لەدایک بوون  و لەگەڵ گەشە و پێشکەوتنی مرۆڤ ئەوانیش خۆیان گونجاندووە. درۆ وەک  ماسک و دەمامکێک بۆ شاردنەوەی راستی بەکارهاتووە. یانی لە راستیدا لە پشت هەموو درۆیێکەوە راستیێک خۆی حەشارداوە.

درۆ زۆر جار بۆ دەسکەوت و قازانجی کەسەکان بەکار دێت کە دەتوانێت بەرانبەرەکەی فریو بدات و کڵاوبکاتە سەری. زۆر جاریش  درۆ لە ترسانا دەوترێت و بۆ پاراستنی گیان و قازانجەکانی کەسەکان بەکار دەهێنرێت. درۆ شاردنەوەی راستییە جا چ لەبەر ترس یان بۆ قازانج بێت. درۆ دەتوانێت لە بەرژەوەندی تاک یان گروپ و دەسەڵات و بواری سیاسیدا بێت، بەڵام هەرچی بەردەنگ و ئامانجەکانی تری بەرفراوانتر بێت مەترسی و خەسارەکانی گەورەتر دەبێت و دۆزینەوە و دەرخستنی راستییەکان لە ژێریدا سەختتر و زەحمەتتر دەبێت.

هەر وەک وتمان لەگەڵ گەشە و پێشکەوتنی مرۆڤ لە بواری ژیاندا و باری تەکنۆلۆجیا و گەشەی کۆمەڵایەتییەوە، درۆیش شکڵ و شێوازی خۆی گۆڕییوە و باشتر توانیویەتی شکڵی راستی بە خۆیەوە بگرێت و جیاکردنەوەی لە راستی دژوارتر و بڕوا پێکردنی ئاسانتر بووە. ئەمڕۆ بە بۆنەی بوونی میدیاکان و کەرەسەکانی پێوەندییە جیهانییەکانەوە ئیتر درۆ تەنیا لە پانتایێکی کورت و بەرتەسکدا نامینێتەوە و لە کورتترین کاتدا دەبێتە پرسێکی جیهانی و دەرخستنی رووی راستیە شاراوەکەی پشت ئەو درۆ زۆر بە زەحمەت و تا رادەیێک نامومکین دەبێت.

"مارک تواین" نووسەری ئامریکایی دەڵێت: "پێش ئەوەی راستی فریابکەوێت پێڵاوەکانی لە پێ بکات، درۆ نیوەی جیهان گەڕاوە." ئەم وتەی مارک تواین ئاماژە بە خێرا گەڕانی درۆ لەسەر رووداوەکانە و مەبەست ئەوەیە کە راستییەکان زۆر بە ئاسانی دەتوانرێ ببنە قوربانی درۆ و لە ژێر پێی درودا پان و پلیش ببنەوە. بۆیە مرۆڤەکان دەبێت ئەمڕۆ وشیارانەتر لە هەمیشە پێش برواکردن بە بابەت و باسەکانی رۆژ  سەرەتا هەوڵبدەن هەموو ئەو توێژ و توێکڵانەی کە درۆ لێوەی پێچراوە لێی داماڵن تا دەگەنە کاکڵی راستی. پێش دڵنیابوون لە راست بوون تۆڤی بڕوا نابێت بچێندرێت.

سایتی قەڵەم. ٧ مانگی نۆی ٢٠٢٠

شعر در مورد دروغ :: داش آکل

بازدید: 2175