ما 5019 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

محەمەد نەبى

زمان وەک داهێنراوێکى مرۆڤ خزمەت و کۆمەکێکى گەورەى بە مرۆڤ کردووە، وەک ئامرازى سەرەکى دەبینرێت لە پرۆسەى ژیانکردندا؛ بەبێ زمان مرۆڤ توانایى ئەوەى نەدەبوو لێکتێبگات و پەیوەندى پێکەوە بکات و لە هەموو ئاستەکاندا ئاڵوگۆڕ بکات؛ ئەوە زمانە دێت و یاریدەى مرۆڤ دەدات ژیانى خۆى درووست بکات، لێرەوە ستایشکردنى زمان ستایشکردنى بوونە. چونکە هایدیگەر گووتەنى: (زمان، ماڵى بوونە). واتە، بوون لە زماندا نیشتەجێیە. بەڵام مرۆڤ هێندە بوونەوەرێکى ئاڵۆز و فرە رەهەند و پڕ مەودایە، کە زمان بە تەواوى دەرەقەتى نەهێت.

 

زمان داهێنراوێکى مرۆڤە، پێویستیى ژیان وایکردووە مرۆڤ قسە بکات و زمان دابهێنێت، وەک دەڵێن: (پێویستى، دایکى داهێنانە) بە واتایەکیدى: وەک لە تیۆرەکەى دارویندا دەردەکەوێت: کە گیانلەبەرەکان خۆگونجێنن لەگەڵ سروشتدا، واتە لە پێناوى مانەوە و پێویستیدا: بوونەوەرەکان لەگەڵ هەڵومەرج و بارودۆخە جیاوازەکان و لەگەڵ سروشت و ئەو شوێنەى تێیدا دەژیێن: خۆیان دەگونجێنن؛ رەنگە داهینانى زمانیش یەکێک بێت لە میکانیزمەکانى بەرگرى لەپێناو مانەوەدا، کە مرۆڤ دایهێناوە. لە رووى مێژووییەوە هیچ بەڵگەیەک نییە بە شێوەیەکى زانستى بیسەلمێنێت کە زمان چۆن داهێنرا، لە سەرەتاى خەلقى ئادەمەوە، بە پێى قورئانى پیرۆز: کاتێک خودا ئادەم درووست دەکات، فریشتەکان جۆرێک لە ناڕەزایى و گلەیى دەردەبڕن لە بەرامبەر خەڵقکردنى ئادەمدا: خودا دەفەرموێت: (من جێنشینێک بۆخۆم دروست دەکەم لەسەر زەویدا کە خاوەنى هێزى زانیارى و ئارەزووى نەفس و رق و قین بێت) فریشتەکان وەک جۆرێک لە ناڕەزایى دەڵێن: (تۆ مەخلووقى وەهات بۆچییە کە لەوێ ئاژاوە بنێتەوەو خەرابە بکات و خوێن بڕێژێت!) خودا لە وەڵامدا دەفەرموێت: (ئەوەى من دەیزانم ئێوە نایزانن) لە پاشاندا کە ئادەم دروستدەکات و فریشتەکانیش بانگدەکات، بە فریشتەکان دەڵێت: (ناوى شتەکانى دەورووبەرم پێ بڵێن) ئەوانیش دەستەوەستان دەبن و نایزانن، ئینجا خودا ناوى هەموو شتەکان فێرى ئادەم دەکات (وعلم ادم اسماْ  کلها) بروانە: ( قورئانى پیرۆز، ێورەتى البقرە، ئایەتى 31)  ئینجا خودا بە ئادەم دەفەرموێت (تۆ بیانڵێ  و حاڵیان بکە) ئادەمیش ناوى هەموو شتەکان دەڵێت. ئەم ناوگووتنەى ئادەم ئەبێتە وەڵامێک بۆ گلەیى فریشتەکان، لەم گێرانەوەیەدا دەردەکەوێت کە هەر لەسەرەتاوە مرۆڤ بە شێوەیەک دروستدەکرێت کە تواناى زانینى هەبێت، هەروەک خودا لەسەرەتاوە بە فریشتەکانى فەرموو: (من جێنشینێک لەسەر زەوى درووستدەکەم کە قودرەتى زانینى هەبێت) بەکارهێنانى زمان و ناونانى شتەکان لەلایەن ئادەمەوە: دەرکەوتەى ئەو قودرەتى زانینەیە کە خودا لەسەرەتاوە ئاماژەى بۆ دەکات، لێرەوە دەردەکەوێت کە (زمانزانین) یەکێکە لە تواناکانى مرۆڤ لەسەر داهێنان، کە لە گێڕانەوەکەدا دەردەکەوێت خودا ئەم قودرەتەى پێ بەخشیوە کە ئەویش: هێزى زانیارییە. (بۆ زانینى تەواوى بەسەرهاتى ئەم گووتانەى خوداو فریشتەکان دەربارەى خەڵقکردنى ئادەم، بڕوانە:  ێورەتى البقرە، ئایەتى 30،31،32، 33)

لە زانستى زمان و دیالێکت (شێوەزار)ەکاندا دەربارەى پەیدابوونى زمان، چەند گریمانەیەک هەن کە زمانناسەکان و توێژەرانى بوارى زمان لەبارەى پەیدابوونى زمانەوە دایانهێناون: بۆ نمونە گریمانەى دەنگە سرشتییەکان: ئەم گریمانەیە پێى وایە کە مرۆڤ لە ئەنجامى دەنگە سروشتییەکانەوە زمانى داهێناوە ، بۆ نموونە: ناڵەو گریەو هاوارو گرمەى هەور و هاژەى ئاو و گڤەى باڕەش و چەند دیاردەیەکیدیکەى سروشتى، کە گریمانەکە پێى وایە: مرۆڤ بەسودوەرگرتن لەم دەنگانەوە فێرى زمان بووە. گریمانەیەکیدى پێى وایە کە مرۆڤ لە ئەنجامى ئاماژەکانى دەست و دەم و چاوەوە زمانى داهێناوە، کە ناوەکەى گریمانەى بزاوتنە، وە پێى وایە لە ئەنجامى پێشکەوتن و گەشەکردنەوە مرۆڤ ئەم ئاماژانەى گۆڕیون بۆ دەنگ و وشە. چەندین گریمانەیدیش لەبارەى پەیدابوونى زمانەوە هەن، کە زمانناسەکان سەرەتاى دروستبوونى زمان دەگەڕێننەوە بۆ ئەم گریمانانە، ئێمە ناچینە ناو ئەو باسەوە کە بڵێین کامیان راستەو کامیان هەڵەیە، یان کامیان زیاتر لە راستیەوە نزیکەو مەنتیقى ترە، مەبەستى سەرەکیى ئەم نووسینە جەختکردنەوەیە لەسەر زمان و وشەکان وەک دەفرێک کە هەست و بیرەکانى مرۆڤیان تێدا هەڵدەگیرێت، رامانە لە زمان لە پرۆسەى عەشق و ئەو گۆڕانانەى لە زماندا روودەدەن لەو پرۆسەیەدا، وردبوونەوەیە لەو مەدلول و ئاماژانەى عەشق بەرهەمیاندەهێنێت، جەختکردنەوەیە بەوەى زمان ئامرازى فۆرموەرگرتنى هەست و بیرەکانى مرۆڤە و وەک مەنجەڵێک هەستەکانى خۆمانى دەترنجێنینە ناو، بەو واتایەى: سەرەتا هەست و بیر هەن و زمان ئامرازى گەیاندنى ئەو هەست و بیرۆکانەیە کە مرۆڤ دەیەوێت دەریانبڕێت، لەمەوە چەند پرسیارێک سەرهەڵەدەن کە لەم نوسینەدا هەوڵەدەین تاوتوێیان بکەین و بیانخەینە ژێر نەشتەرى لێوردبوونەوەوە، ئەوانیش ئەمانەن: ئایا زمان (وشەکان) توناى ئەوەیان هەیە هەستەکان بەتەواوى بگوازنەوە؟ ئایا وشەکان نوێنەرى راستەقینەى ناخن؟ ئایا بیرۆکەکان لەناو زماندا جێیان دەبێتەوە؟ ئایا هەموو وشەیەک کە دەردەبڕدرێت هەست و بیرى تێدایە یان بەتاڵە؟ واتە وشەکان بارکراون (پڕکراون) لە هەستى ناوەوە یان بەتاڵن و وەک کورد دەڵێت: هەر تەنیا قسەى سەرزمانەو لە دڵەوە نییە؟ کاتێک دەڵێین: (لێدانێکى باشم لێدا) بۆچى جیاوازیى نییە لەگەڵ ئەوەى بڵێین ( لێدانێکى خراپم لێدا )؟ بۆچى لەم دوو رستەیە وشەى  (خراپ ـ باش) بوونەتە هاومانا، لەکاتێکدا ئەم دوو وشەیە دژواتاى یەکن؟ ئەمانەو چەند سەرەداویدى دەخەینە روو و لێیان وردەبینەوە.

دەربارەى پرس و روداو و بابەتەکانى ژیان و بوون و دەربارەى هەبووەکانى ئەو بوونە و تەنانەت دەربارەى ئەو بوونەى خەیاڵکراویشە: لەناوەەوەى مرۆڤدا چەند هەست و بیرۆکەیەک سەرهەڵدەدەن و مرۆڤ دەیانکاتە وشە (واتە بە وشە دەریاندەبڕێت)، لێرەوە وشەکان هەمیشە هەن: بۆ نمونە زمانى کوردى وەرگرین: وشەکانى زمانى کوردى فۆرمى ئەو زمانەن، هەموو وشەکان هەن و ئیمە لە هەڵوێستە جیاوازەکان دەیانهێنین و بیروهەستەکانمانیان دەترنجێنینە ناو و لە سیاق (کۆنتێکست)ێکى زمانیى کۆیاندەکەینەوە و لە ستراکتۆرێکى رستەیى گونجاودا لە ناوەوە دەیانهێنینە دەرەوە، بەڵام کە ئەو هەستانە دێنە ناو وشەکانەوە: وەک ئەوە وایە جەستەیەک رۆحێکى بێتە ناو، وشەکان و رستەکان رۆحیان تێ دەگەڕێت، ئەم رۆحە بەپێى کات و شوێن و بارودۆخ و بەپێى کەسەکان جیاوازیى هەیە و زۆرجار یەک وشە کاتێ دووکەس دەریدەبڕن: رۆحییەتیان جیاوازە و کاردانەوەى جیاوازى لێدەکەوێتەوە، وروژان و هەڵچون و تام و چێژى جیاوازى هەیە، وشەکان دەکرێت تام بکرێن لە رووى تاڵى و شیرنییەوە. وشەیەک لەزارى مەعشوقەوە: تام و چێژى زیاترە لە هەموو خۆراکەکانى دونیا، لەنێو ئەوینداراندا وشەکان زیندون و هەناسەدەدەن، تام دەکرێن و گەشەدەکەن، ماناو مەدلولى جودا وەردەگرن، زۆرجار لە ئاماژە باوەکان لادەدەن، بۆ نمونە رەنگە بەکارهێنانى وشەى (رەزاگران _ بێتام) تەعبیربێت لەوپەڕى (قشتى و خنجیلانەیى و بەتامى). هەندێ جار وشەکان پڕن لە هەستى خۆش و ناخۆش تا ئەو رادەیەی کە وشەکە: جێى هەموو هەستەکەى تێدا نەبێتەوە و تواناى ئەوەى نەبێت گوزارشت لەم هەستە بکات کە لە ناخدایە، بەتایبەتى لەنێو عاشقاندا، عاشقان زۆرجار بێدەنگى هەڵدەبژێرن لەبەرامبەر بابەتێکى نێوانیان، چونکە هەست دەکەن وشەکان کەمن و ناتوانن تەعبیر لە ناوەوەیان بکەن، بە واتایەکیدى: زمان بێتوانایە لە تەعبیرکردنى عەشقدا، ئیتر لێرەوە لە بەکارهێنانى زماندا وشەکان پڕ دەبن لە رۆح، پڕ دەبن لە هەست و لەسەریان دەڕژێت، وەک ئەو جامەى کاتێک پڕ ئاو دەبێت: دەڕژێت. کورد دەڵێت: (جام کە پڕبوو: لێى دەڕژێت) بە سودوەرگرتن لەم پەندەوە هاوکێشەیەکیتر دروستدەکەین: (وشە، کە پڕهەست بوو  و لە دڵەوەبوو: لێى دەڕژێت) واتە پڕاوپڕ و لێوان لێو دەبێت نەک بەتاڵ. هەندێ جاریش وشەکان بەتاڵن و هیچیان لەخۆدا هەڵنەگرتووە، بەتایبەتى لە پەیوەندیییەکدا کە خاڵیە لە ئەوینى گەرم و عەشقى گەورە، بۆ نمونە دەکرێت یەکێک بەویتر بڵێت: (خۆشمدەوێى) بەڵام ئەو وشەیە خاڵى بێت لە خۆشویستن و لە ناو ئەو کەسەدا ئەم هەستە نەبێت، یان ئەگەر هەشبێت لاوازبێت تا ئەو رادەیەى: وشەکە گەورەتربێت لە هەستەکە، کە خۆشەویستیش گەورەبوو: ئەم وشەیە بچوکدەبێتەوە تا رادەى ئەوەى نەتوانێت دەربڕى ئەو هەستە بێت کە لە ناوەوەدا هەیە، بۆیە بەکارهێنانیشى کەم دەبێتەوە و رستەو وشەیتر دێنە پێش کە زیاتر لەمە هەستى خۆشویستن دەگوازنەوە. بەمەش لە ئاستى مۆرفۆلۆجى (وشە) دەچینە ئاستى سینتاکس (رستە) بۆ نموونە : لەجێى وشەى (خۆشمدەوێى): رستەکانى (قوربانت بم _ بێ تۆ ناژیم_ وەختە دڵم بتەقى هێندە بیرت دەکەم ـ ئەشقێ من هندى خڕ دونیاێ یە_  تخودا تە هایى ل خۆهەبیت بلا جەرگێ من؟ ـ تو یا منى و ئەز یێ تەمە ـ تۆم هەیە بۆیە هەناسەدەدەم، قوربانى هەناسەت بم....) ئەمانەو چەندین وشەو رستەیتر کە زیاتر لە وشەى (خۆشمدەوێى) مەحەببەتیان بارکردووە.

 

دەرئەنجامێکى کورت: زمان وەک داهێنراوێکى مرۆڤ: خزمەت و کۆمەکێکى گەورەى بە مرۆڤ کردووە، وەک ئامرازى سەرەکى دەبینرێت لە پرۆسەى ژیانکردندا؛ بەبێ زمان: مرۆڤ توانایى ئەوەى نەدەبوو لێکتێبگات و پەیوەندى پێکەوە بکات و لە هەموو ئاستەکاندا ئاڵوگۆڕ بکات؛ ئەوە زمانە دێت و یاریدەى مرۆڤ دەدات ژیانى خۆى درووست بکات، لێرەوە ستایشکردنى زمان: ستایشکردنى بوونە، چونکە هایدیگەر گووتەنى: (زمان، ماڵى بوونە) واتە: بوون، لە زماندا نیشتەجێیە. بەڵام مرۆڤ هێندە بوونەوەرێکى ئاڵۆز و فرە رەهەند و پڕ مەودایە، کە زمان بە تەواوى دەرەقەتى نەهێت، زمان بەو هەموو تواناییەى: ناتوانێت  لە ئاست هەموو داواکارییەکانى مرۆڤ بێت و بە کاملى تەعبیر لە بیرو هەستەکانى بکات. لەمەوە وشەکان ماناى جیاواز وەردەگرن، دەکرێت لەکاتى دەربڕیندا هەم (بەتاڵ) بن و هەمیش (پڕ) بن، دەکرێت زیندوو بن و رۆحیان تێدابێ و تام بکرێن و بگیرێن، لەهەمان کاتدا مردوو و بێ رۆح بن و بچن بە هەوادا.

گەڕان بۆ بابەت