T: Hvordan kan du gjøre den vanskelige samtalen litt lettere? — StandOut |  Rekruttering | Bemanning | Prosjektledelse

ئامادەکردنی: سایتی قەڵەم

جیهان جێگەی داماوان نیە. ئەگەر داماوییت بە دەردی خۆتەوە دانیشە و کێشە بۆ خۆت و خەڵک درووست مەکە، ئەگەر خۆت بە مافخوراو دەزانی ژیرانە و سەربەرزانە قسە بکە... لەوەشدا دەبێ ئاقڵانە بجووڵێیتەوە و بوێر و ڕاستگۆ بی... هەر بۆیە کورد جیهانە و جیهان کوردە.

 

دیمانەی سایتی قەڵەم لەگەڵ ئازاد کەریمی

 

ـ لەم ماوەیەدا پرۆژەیەکی بەرینت بەڕێوە برد کە ئیستاکەیش دیارە درێژەی هەیە، ئەویش وتووێژ بە زمانی ئینگلیزی لەگەڵ خەڵکانێکی زۆر لە ئاستی جیهانیدا بوو، هەر لە نووسەر و ژەنیار و مۆسیقارەوە بگرە تا فیلسوف و نیگارکێش و هتد، کە دیارە لە سایتی قەڵەمیش دا بەردەوام دادەبەزن. چۆن بوو بیری ئەم پرۆژەیەت بەبیردا هات؟

سڵاو و ڕێز! ڕاستەکەی من ئەم شێوە وتووێژە نووسراوەییەم ساڵی ٢٠٠٤ و ٢٠٠٥ لە شاری سەقز تاقی کردوەتەوە و ئاکامەکەشی  ناوازە و سەرکەوتوو بوو. زۆرێکی زۆر وێنە و نووسراوەی کۆنم دەسکەوت و زۆریانم کرد بە بابەت و لە ڕۆژنامە و ماڵپەڕدا بڵاو کرانەوە و ئێستاش لەم لا و لەولا کۆپی دەکرێن و بڵاو دەکرێنەوە. تەنانەت هەندێکیانم گەیاندە دەستی ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگی فەڕانسەوی کریس کوچێرا و ئەویش لە سایتە بەنرخەکەیدا واتە کوردستان فۆتۆلەیبرەری دایناوە کە هەتا ڕۆژ ئەگەڕێ شانازی پێوە دەکەم.

 تروسکەی ئەم پرۆژە لە ڕۆژێک پێش ڕۆژی نێونەتەوەیی یوگا لە کاتی چەت کردن لەگەڵ یوگی ئاچایرای خەڵکی نێپاڵ لە مێشکم درا. من هەر پرسیارم سەبارەت بە یوگا دەکرد ئەویش وەڵامی دەدامەوە. دواتر کوتم تکایە بێڵە بیکەم بە گوتوبێژ و با سبەینێ بڵاوی بکەمەوە! ئەویش زۆری پێ باش بوو. بڵاوم کردەوە و ئەمجار لەگەڵ کابرایێکی ژەنیاری هەندپەن لە سویسرا قسەم کرد، بەڕاستی هیچم نەدەزانی لە هەندپەن. ئەویش ئیجازەی پێدام ئەم چەتە وەک گوتوبێژ بڵاو بکەمەوە. دوای ئەو لەگەڵ نگارکێشێکی ئارژەنتینی و ئەویش ئیجازەی دام... هەر ئەوەندە. دیتم باش وایە وەک ئەو ساڵەی سەقز کۆمەڵە پرسیارێک بنووسم و بیدەم بە کەسانی خاوەن بەهرە و خاوەن قسەی ڕێکوپێک و بەکارهاتوو. دەنا زۆر خەڵک هەن بەم شەوگار و ڕۆژگارە خەریکی قسە کردنن و لەوانەیە گوێگری زۆریشیان هەبێ بەڵام قسەیان هەتا بنگوستێکی بەر چەناگەیان بڕ ناکات. ڕاستەکەی من خۆم کەیفم بە قسەی زۆر کردن نایە  و بەپێچەوانەوە خەڵکی پڕاگماتیک و لێوەشاوەم زۆر خۆش دەوێ. بە خۆشی یەوە پێشوازی زۆر بێوێنە لەم پڕۆژەم کراوە و لەم مانگەدا ئەوە خەریکە پاڵ بە دووسەت کەسەوە دەدات کە وەڵامیان لێگێڕاومەتەوە و دەبێ پێشەکی یان بۆ بنووسم و بڵاویان بکەمەوە.

 

ـ چ ئامانجێک لە پشت ئەمەدا خۆی حەشارداوە؟

بیرۆکەیەکی مرۆڤی نێونەتەوەیی یان هیومانیتەری ئینتێرناشناڵ لە پشت ئەم پڕۆژەوەیە. لە یاسای نێودەڵەتیدا کە وانەیەکی زۆر گرینگی بواری مافەکانە لە زانکۆدا خوێندوومە کە ساڵی ١٩٤٥ دوای شەڕی دووهەمی جیهانی، دەوڵەتەکانی ئەو کات بڕیاریان دا بە دروستکردنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڵام جوانترەکەی ئەوەیە نێوی وڵاتە یەکگرتووەکان بێ یان دەوڵەتە یەکگرتووەکان لەبەر ئەوەی هەر لە کوردەوە بگرە هەتا سورەکانی کیشوەری ئەمریکا و ئەمازیغەکان و زۆر خەڵکی ورد و درشتی دیکە لە دنیادا هەن کە دەوڵەت نین، بەڵام بۆ خۆیان نەتەوەیەکی سەربەخۆن. ئێستا باس لە سەر ئەوە نیە بۆ دەوڵەت نین و ئەم بابەتانە، بیرم کردەوە با بخوێندرێنەوە و دیارە ئەو جۆرە ڕوانینانە لە جیهانیشدا نەماوە وا ناوی ئەم جۆرە بابەتە بهێنی و لە قوڕت نێن... پێرێ بەڕێز وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی ئەوەی کرد ئاڵای کوردستانمان هەڵکرد بۆ ئەوەی بیسەلمێنین کێشەی ئێمە کێشەی ئایدێنتیتی کورد نیە ... بە کردەوەش ئەوەیان چەسپاند... لەم مانگەدا دادگای ئەرزرووم  و دادگای وان  ڕایانگەیاند هەڵکردنی ئاڵای کوردستان بە کارێکی دژەیاسای تورکیا نازانن و بڕیاریان لەسەری دەرکرد. ئەوانە هەموو هێمان... زۆر شت گۆڕاوە. یان لە ئێران، هەتا ساڵی ١٩٧٩ جلی کوردی لەبەر کردن بۆ کوڕان لە قوتابخانەکان قەدەغە بوو، هەتا ماوەیەکی پێش ئێستاش لە ئێران تەنیا یەک پارێزگایان بە کوردستان دەناسی ئەویش سنە کە برێتییە لە سنە و سەقز و بانە و مەریوان و گەڕوس و قوروە و کامیاران. ئیتر تۆ باسی کرماشان و ورمێ و ئیلام و مەهاباد و بۆکان و شاباد و سەڵماس و ماکوو و چەنای چەن هەزار گوند ناکەیت وا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەن کە سەر بە پارێزگای سنە نین و لە ڕووباری ئاراسەوە هەتا سنووری مێهران و دیالە درێژەیان هەیە. ئێستا باس لە وشەی کوردستانی ئێران دەکرێ لە میدیاکانیانەوە.

هیچ کەس لە جیهاندا نەماوە کە نکۆڵی لەم بابەتە بکات، ئەگەر هەبێ و بکرێ دیارە ڕەسمیەتی نیە و قسەی ناو کۆزیلکە خەڵکە فرەوێژەکانە وا وەک باسم کرد قسەیان هەتا بەرچەناکەیان بڕناکات با بە سەدان و دەیان هەزار گوێگر و فالوێریشیان هەبێ.

تەنانەت خوێندنەوەی منیش بۆ دۆزی کورد ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە و ئەگەر وا نەبووبێ دیارە منیش هێشتا نازانم لە دنیادا چ باسە... لەم پڕۆژەدا کە نێوم ناوە "ئۆتۆپیای من" بە یارمەتی  پاشخانی بیرۆکەیی و ئەزموونی ڕۆژنامەوانی و هەست و خواستی خۆم بۆ ئەوەی کارێکی مرۆڤانی و کەسنەکردووم ئەنجامدابێ و قازانجی بۆ خۆم و خەڵکی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا بە گشتی و ئەورووپای نازدار کە خۆم تییدا دەژیم و ئەمریکا وکیشوەری ئۆسترالیا بە نیوزیلەندەوە و ئەفریقا هەبێ دەستم داوەتە ئەم پرۆژە کولتوریەوە.

لەم جیهانە کولتورییەی مندا گورگ و مەڕ پێکەوە لە ئاوەخۆرێک ئاو دەخۆنەوە. زۆر خۆشە... زۆر گەورەیە... هەر لە کەسانی نزیکی خۆم لە نۆروێژ واتە هاووڵاتییە نۆروێژیەکانم هەتا دەگاتە خەڵکێکی زۆر لە دەرەوەی سنوورەکانی نۆروێژ دوور و نزیک پشتیوانییان کردووم. دڵنیام دەوڵەتەکان پشتیوانی ئەم کارەن و نەشبووبێتن دەبن... لە بەر ئەوەی جیهان هەست بەو جۆرە ڕوانینە دەکات لە خۆیدا. چاوت لێکردووە کۆسۆڤۆ و سێربیا چۆن ئاشتیان بووەوە؟ چۆن هەرتکیان ڕوویان کردە ئیسراییل؟ ئاگات لێیە ئیسراییل و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی چۆن ئاشتیان بووەوە؟... کەواتە کێشەی کورد کە کێشەیی ناوخۆیی چەند دەوڵەتە و هەروەها کێشەیەکی نێودەوڵەتیشە چۆن چارەسەر نابێ... با کوردیش قۆڵی لێهەڵماڵی و بەدەرلەوەی خۆیشی بەشێکە لە کێشەکە، هەوڵ بدات ڕێگەش بۆ چارەسەر کردنی کێشە خۆش بکات وەک کەسێکی دەرەوەی بابەتەکەش... ئەگەر وات کرد دوور دەبی لە دەمارگرژی و توندئاژۆیی. ئێمەش وەکوو هەموو جیهان.خوینمان لە خەڵک ئاڵتر نیە. با ئێمەش وەک مەلا نەسرەدین نەبین وا کەوتبووە چاڵێکەوە خەڵکی لێ کۆوە ببوو هەر هاواریان ئەکرد مەلا! دەستت بدە با هەڵتکێشینە سەر و دەرتبێنین لەم چاڵەقووتە! مەلانەسرەدین دەمی قونجاندبوو دەستیشی کردووە نێو گیرفانی عاباکەیەوە و هیچی نەدەکرد. هەتا ژیرێک پەیدا بوو کوتی درگای باوانتان بەقوڕناگێرێ! ئەوە من دەزانم چۆن دێتە دەرەوە... هاواری کرد مەلا! دەستم شۆڕ دەکەمەوە دەستمبگرە با بتهێنمە دەرەوە! هەروای گوت مەلانەسرەدین دەستی کابرای گرت و بە یەک تەکان هاتە دەرەوە... ئەو خەڵکە ماق مابوون چۆناوچۆنە! کابرا کوتی ماڵتان نەشێوێ هێشتا نەتانزانیوە مەلا چۆنە! مەلا کەنگێ دەستی دایینی هەیە مەلا دەستی گرتنی هەیە دەبێ لە فێڵی بزانی...دەبێ بڵێی دەستم بگرە مەڵێ دەستت بدە!

ئەمەم کوت با بیدرکێنم ڕقم لە خۆفەقیرکردن و کەربەلایی گەری دێ بۆ ئەوەی بەزەییان پێتدا بێتەوە... ئای ئەوە شێرێک بووم بەڵام بە هەژاری و بە داماوی تێداچووم!

جیهان جێگەی داماوان نیە. ئەگەر داماوییت بە دەردی خۆتەوە دانیشە و کێشە بۆ خۆت و خەڵک درووست مەکە، ئەگەر خۆت بە مافخوراو دەزانی ژیرانە و سەربەرزانە قسە بکە... لەوەشدا دەبێ ئاقڵانە بجووڵێیتەوە و بوێر و ڕاستگۆ بی... هەر بۆیە کورد جیهانە و جیهان کوردە... من وا بیر دەکەمەوە... بۆیە لە ئۆتۆپیای مندا هەموو کەس کوردێکە لەلام... ئەوەیە قسەی هەمووکەسم پیخۆشە و هەموو کەس لەلام جوان و نازدارە لەم پڕۆژەمدا جا با خەڵکی کوێیە خوای ئەکرد تورکێکی لای مەڵکەنی و میاندوواوە هەتا دەگاتە گۆرانیبێژێکی ئیتالیایی یان ئاکتێرێکی ناوازەی شانۆی برادوەی لە نیویۆرکی ئەمریکا... هەر کەس پێی خۆشە با بێ، بەڵام خاوەن بەهرە بێ... ئۆتۆپیاکەی من وێنای ئەو جیهانە گەورەیە وا خودا درووستی کردووە بەڵام هەمووکەس ئازادە بڵێ : من هەم لەبەر ئەوەی بیر دەکەمەوە Cogito ergo sum... هەروەک ڕێنە دێکارت ٣٨٣ساڵ پێش ئێستا لە کتێبی باس و خواس لە شێوازدا نووسیویەتی. بیربکەیتەوە کەمتر قسە دەکەیت و زیاتر هەوڵ دەدەیت. شیکردنەوەی بنەماکان درێژدڕی لێدەکەوێتەوە و قسە کەڵکی نامێنێ. بۆیە با کارێکم بۆ "کارێکی بەڕێ و جێ" کردبێ... ئەوەندەی بە دلێر ناومان دەبەن با بە وریا بیشمانناسن... بە دڵنیاییەوە دلێری و وریایی لە مرۆڤدا متمانە لە لایەنی بەرانبەرتدا درووست دەکات. متمانە ڕێز بەدوای خۆیدا دێنێ و ڕێز بەدوای خۆیدا خۆشەویستی و دۆستایەتی و برایەتی و هاوخوانی و هاوبەشی دێنێ. وای لێدێ لەوانەیە نانی نێو سفرەکەت لەگەڵ بەرانبەرەکەت بەش بکەیت و بیریشی لێنەکەیتەوە... ئەوەندە ئاسایی و ڕووتین بێ بەلاتەوە کە نان بەخەڵک دایین بە خێر و چاکەکاری نەزانی و وەک هەناسەکێشان وابێ بەلاتەوە.لەبەر ئەوە کەس ناتوانێ بڵێ هەناسەکێشان بۆ ژیان کارێکی ئەخلاقی یە و دەتبات بۆ بەهەشت و حۆری و خوڵامت دەدەنێ! دەبێ نانی نێوسفرەکەت لەگەڵ خەڵکدا بخۆیت و بە خێر و دینداری نەزانی... وەک هەناسەکێشان بەشێک بێ لە نیهاد و گەوهەری ئینسانی خۆت. من وا بیر دەکەمەوە. زۆر خۆشحاڵ و بەختەوەرم کەوا بیر دەکەمەوە.

 

ـ شێوازی پێوەندی گرتنەکەت چۆن بوو؟ داخۆ لە بەپیرەوە هاتنتدا باوەشیان ئاوەڵا بوو؟

هەر بە فەیسبووک مەسێنجێر پەیغامم دەنارد و ئەوانیش وەڵامیان دەدامەوە و جار وابوو دەبوو بە وتووێژێکی قووڵ و دواتر باسەکەم دەدرکاند و ئەوانیش دەیانکوت باشە لەگەڵتداین. تەنیا دوو یان سێ کەسم بینیوە کە قسەی سەیریان کردووە... بەڵام دوێنێ بە تێکڕا ستافی فیلمێکی فەڕانسەوی جوابیان لێگێڕامەوە ! بە ئاکتێر و ئاکترێس و دەرهێنەر و وێنەگر و کامێرامان و ئەسیستەن و... تەنانەت ئەناونسی سەرەتایی فیلمەکەیان بۆ ناردووم وا هێشتا کەس نەیبینیووە! من تێگەییشتووم دەبێ ئەم کارە ببەمە سەر و ئیتر بۆ ناوبانگ دەرکردن و ئەو شتانەش نیە... پاڵنەرە دەروونی یەکەم ویژدانی کاری و هەست بە بەرپرسیاربوون کردنە...

 

ـ لە دووای ئەم گشتە وتووێژە کە خۆی لە زیاتر لە سەد دانە دەدا، چ هەست و بیروبۆچوونێکت لا دروستبووە؟

 هەر ئەوەندە دەڵێم هەستێکی زۆر خۆشم هەیە... زۆر گەورە بووم ... ئەوەندە ژن و پیاوی بەڕێز ڕەفیقمن... زۆر جار دەمکەنە گریان.. بەڕاستی لە گەورەیی ئەومرۆڤانە سەرم سووڕ ماوە...بۆیە ئەم جیهانەم بە قەت باوەشی دایکم لەکاتی منداڵیمدا چەند خۆش دەویست ئێستاش هەر ئەوەندە خۆشم دەوێ. هەموویان گوڵی ناوباخن... زێڕن ،گەوهەرن...

 

ـ وەک نووسەرێکی کورد، چ لایەنێکی ئەم گفتوگۆیانە بەلاتەوە سەرنجڕاکێش بوون؟

ناڵێم مێشکم هەڵتەکاوە، لەبەر ئەوەی ئەوەندەم تێدا هەبوو کە لە ژیانی ڕۆژاواییدا بتوانم بگونجێم و بەڕاستی کێشەم لەگەڵی نیە. لە بواری هەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتی و شێوازی پەیوەندی گرتن و لیکتێگەییشتن، لێرە زۆر شت فێربووم... ئەوەندە کەوا هەست بە بێگانە بوون و نامۆیی ناکەم. خۆم بە بێگانە نازانم... لە بیریشم نایێ من بە بێگانە سەیر کرابێتم. ئەوەیە کەس هەست ناکات پێنج ساڵە لە ئەورووپادا دەژیم و تازەم... ئەو قسە و باسانە لەگەڵم دەکرێ وا بووە دەڵێی خەڵکی بریتانیا ،ئیتالیا، ئێسپانیا، پۆرتوگال، فەڕانسا، بەلژیک، نێدێرلەند، ئەمریکا، سێربیا، بۆسنیا، کۆسۆڤۆ، کروواتیا، ئۆتریش و پۆلۆنیا و ئۆسترالیا و لاتین ئەمریکا، مالێزی، چین، ژاپن، مالێزی، هێندستان و ئەفگانستان، پاکستان و ئەفریقام... ئیتر واز لەوە بێنە سکاندیناڤیا هەر وەک ماڵی خۆمە واتە دانمارک و سوید کە هەر دەبنەوە بە نۆروێژ یان ئیسراییل و وڵاتە عەرەبیەکان و تورکیا و ئەرمەنیا و گۆرجیا  کە هەر دەبنەوە بە کوردستان و ئێران... من هەستم بە غەریبی نەکردووە بە ڕاستی... بڕوات هەبێ هیچ کەس دوژمنی کوردستان یان ئێران نەبووە... خۆشە! جوانە! دنیای دۆستایەتی و هەواڵبەندی یە.

 

 

ـ داخۆ دەتەوێ ئەم گفتوگۆیانە وەک کتێب لە داهاتوودا چاپ بکەیت؟ بەرنامەی وەرگێڕانیت هەیە؟

بەڵێ... با باسی ماڵپەڕی بەرز و بەڕێزی قەڵەم بکەم و بەڕێوەبەرانی خۆشەویستی وهەروەها بەڕێز کاک فەڕۆخ بکەم کە چۆناوچۆن پشتیان گرتم و بەشی ئینگلیزی یان کردەوە بۆ بڵاو کردنەوەی ئەم گوتوبێژە کولتوریانە وا سەرەتا لە سەر دیواری فەیسبووکەکەمدا پۆست دەکەم و دایدەکوتم و دواتر بەڕێی دەکەمە خزمەت ماڵپەڕی قەڵەم و ئێستا قەڵەم ی خۆشەویست دەستی کردووە بە بڵاو کردنەوەی و بە گوێرەی ئەوەی دەیبینین خەڵکێکی بەرچاو بەردەوام خەریکی خوێندنەوەی ئەم گوتوبێژانەن. بەڵێ دەمەوێ وەک کتێب بڵاوی بکەمەوە. بە ئینگلیزی... ئەمە کاریکی بێوێنەیە. دەبێ بکرێ... ئێستا وای لیهاتووە من بیکەم، کێشە نیە من دەیکەم و بە دڵ و بە گیان هەوڵی بۆ دەدەم... بەڕاستی کاتم نیە بۆ وەرگێڕان... لەبەر ئەوە ئەم ماوە وا پەتا نگریسەکە داکەوتووە و لە ماڵەوەم ئەم کارەم پێدەکرێ.. لە چەند مانگی داهاتوودا کە کار و ژیان ئاسایی دەبیتەوە دەکەومە شوێنی ژیانی هەڵاتهەڵات و ئاسایی. بۆیە دەستاوبرد دەکەم لە تەواو کردنی ئەم پرۆژەدا و دەکەومە شوێنی کارو باری چاپ کردنەکەی، دیارە لەگەڵ بەرپرسی کاروبارەکانم لە سیستەمی نۆروێژیدا کە خانمێکی زۆر خۆشەویستە لەمبارەوە قسەم کرد و پێیکوتم دەبێ چ بکەم... هەروەها کاک فەڕۆخ نعمەتپووری خۆشەویست نووسەری بەناوبانگی کورد زۆر بە هەستیاری و دڵسۆزی یەوە ئاگای لە ڕەوشەکەیە و بەرنامەمان بۆی داڕشتووە چۆن بکەین.

ـ دوواقسە...؟

سەرنجڕاکێش ئەوەیە بۆمان دەرکەوتووە هەم لای خۆمان لە کوردەواری و هەم لە ئاستی جیهان خوێندنەوە بە زمانی ئینگلیزی بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و ئەمەش هەنگاوێکی گەورەیە بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان و جیهان زیاتر هەست بکەن بەوەی لەگەڵ یەک پەیوەندی بگرن. پیرۆزە!  بە کوێریان کوت: چت دەوێ؟ کوتی: دوو چاوی بینا! ئێمەش ئەوەمان دەویست لە پشت دیوارەکان بێینە دەرەوە و لەگەڵ خەڵک قسە بکەین. قسەی خۆش، سەبارەت بە خۆشی و کامەرانی و دۆستایەتی قسە بکەین.

سوپاس بۆ یەزدان و سوپاس بۆ وڵاتەکەم نۆروێژ، کێشەی ماڵی م نیە. بەڵام کێشەی من لێرەدا یارمەتیدانە... دەبێ کەسانێ هەبن کاری ڕێکو پێک کردنی بابەتەکانم بۆ بکەن. واتە ئێدیت کردن و هەڵەچنین. من هەر فریای نووسینی پێشەکی یان ئینترۆداکشن دەکەوم. بەڕاستی زۆر کەڵەکە بووە و خەمم لێهاتووە... کێشەم کاتە... خەڵک حەز دەکەن گوتوبێژەکەیان زوو بڵاو بکەمەوە. ئەوان چووزانن خەریکە دەبم بە ژێر هەرەسی وەڵامەکانیانەوە... سوپاسی زۆر کەسی گەورە لە جیهاندا دەکەم وا پشتگرییان بۆ دەربڕیم و ئەوەش دڵخۆشم دەکات زیاتر هەوڵ بدەم بۆ ئەم پڕۆژە مرۆڤانی یە. سوپاسی ماڵپەڕە جوانەکەتان دەکەم وا خانەخوێی بابەتەکانی منن... خۆشم دەوێن.

بژی!

Azad Karimi sitt profilbilde