ئیدعا و دژە ئیدیعا

مرۆڤ هەر لەگەڵ هاتنەڕووی دونیا، دەستدەکات بە تاقیکردنەوە. کۆرپەی تازە لەدایکبوو بە زار و دەم دەگەڕێت بۆ ئەوەی کە غەریزە داوای دەکات بۆ تێرکردنی سکی برسی. واتە برسیەتی وا دەکات کۆرپە بە بێ ئاگاداربوون لە دونیای نوێ بۆ خواردن دەگەڕێت. ئەو سەرەتا ناتوانێت زۆر دەست و پێ و تەنانەت چاوەکانیشی بەکاربێنێت بۆ ناسین و گەیشتن بە خواستە جەستەییەکانی، بۆیە تەنیا بە زار دەگەڕێت و تاقی دەکاتەوە. هەر شتێک لە رومەت و سەروچاوی نزیک بێتەوە بە دەم هەوڵدەدات تاقیبکاتەوە.

ئەم هەستە وردە وردە گەشەدەکات و ئەندامەکانی تری ئینسان رۆژ لەگەڵ رۆژ بەهێزتر دەبن و کۆرپە گەورە دەبێت و پێ دەگرێت و دەگەڕێت و بە چاو و باقی ئەندامانی بەردەوام خەریکی ناسین و تێگەیشتنە لە دونیا و ژیان و هۆکانی. لەگەڵ گەورەتربوونی مرۆڤ مێشکیش گەشەدەکات و ئیتر تەنیا هەستە جەستەییەکانی مرۆڤ نییە کە خەریکی لێکۆڵینەوە و تاقیکردنەوەیە. ئەمجار مێشک وەک کامپیوترێک بەردەوام زانیارییەکانی وەرگرتوو لە هەستە جەستەییەکان وەک تام و وێنە و هەستەکانی تر لەیەکیان دەدات و سەریەکیاندەخات و شیاندەکاتەوە بۆ گەیشتن بە جوابی پرسیارە پەیتاپەیتاکانی قووتبووەوەی بەردەم ئینسانی هۆشیار و هۆشمەند.

مرۆڤ تا دێت وەڵام دەدۆزێتەوە و هۆ دەبینێتەوە بۆ بوون و فەلسەفەی بوون و دووای بوون. باشترین و بەهێزترینی خاڵی مرۆڤ لەبەرانبەر باقی بوونەوەراندا توانای سەبت و خەزنکردنی دەسکەوتەکانییەتی. هەر ئەمە خێرایی دەسکەوتەکانی رۆژ لەگەڵ رۆژ زیاتر و زیاتر دەکات. بەم تواناوە ئیتر پێویست ناکات مرۆ هەمیشە لە سەرەتاوە دەست پێبکات. مرۆڤەکان ئەمڕۆ لە خاڵی کۆتایی هەۆڵەکانی بەرەی پێشوەوە دەسپێدەکەن و ئاگاداری ئەوە هەن کە تا چ رادەیێک لە رێگاکە پێشینیان بڕیویانە و هەڵەکانیان چی بووە.

مرۆڤ کە گەیشتە تەمەنی گەورەساڵی ئیتر بە کەڵک وەرگرتن لە توانای فیکری هەوڵدەدات بە ئەو ئارگومێنتانەی کە بەدەستی هێناوە و هەیەتی زۆر گرێی فەلسەفی و فیکری پێبکاتەوە و زۆر پرسی فیکری و فەلسەفی و پێ حەل بکات و ئیدیعای زۆر بەم ئارگومێنتانە بخاتە بەردەم. ئەمە وادەکات زۆرجار مرۆڤ ئیدیعاگەلێک بکات کە سەرەڕای بێ بنەماییان رەتکردنەوەیان زەحمەت یان نامومکینە، یانی بۆ رەتکردنەوەیان ئینسان بەڵگە یان بەڵگەگەلێک کە دژی ئەو ئیدیعا بسەلمێنێت و ئیدیعاکە بەتاڵ بکاتەوە نییە.

نمونەی ئەم ئیدیعایانە فەلسەفەی بوون و هۆ یان بونیاتنەری هەستییە. کە لەم بووارەدا زۆر بۆچوون و ئیدیعا هەیە کە بەڵگە بۆ رەتکردنەوەیان بە دەس مرۆڤەوە نییە. جا بەبۆنەی نەبوونی بەڵگەی دژی ئیدیعاکەوە زۆر لە مرۆڤەکان بڕوای پێدەکەن. بەڵام  برتراند راسل فیلسوف و کۆمەڵناسی گەورەی سەدەی بیست قسەیكی جوانی هەیە کە دەڵێت: من دەتوانم ئیدیعا بکەم کە قۆریێک چا بەدەور گۆی خۆردا لە سوڕدایە، بۆ رەتی ئەم ئیدیعاش کەس بەڵگەی نییە و ناتوانێت بیسەلمێنێت کە وا نییە و ئەم ئیدیعای من درۆیە. بەڵام بەڵگە نەبوون بۆ رەتکردنەوەی ئیدیعایێک هۆیێکی باش نییە بۆ باوڕکردن بەو ئیدیعایە.

سایتی قەڵەم ١٣ مانگی نۆی ٢٠٢٠

 اگرهای برتراند راسل

بازدید: 2270