ناڵە حەسەن

شاعیر فەیلەسوف نییە، بەڵام لەریگەی پاشخانە مەعریفییەکەیەوە دەتوانێ پرسیاری فەلسەفی بوروژێنێ، شاعیر گەریدەیەکی جوانناسە بۆ دۆزینەوەی جوانییەکان هەموو گەردوون لەبەردەمی دایە، ئاسمان و کیشوەرەکان و ئۆقیانووسەکان و تەنانەت وردە ئەستێرە دوور دوورەکانیش.

 

نامەیەک بۆ هاوڕێی شاعیرم (سەباح ڕەنجدەر )

سڵاو هاورێی ئازیز بە هیوام ئاسوودە و تەندروست بیت.

بەسەلیقەیەکی پڕ هەستەوە زێتر لەجارێک، قەسیدەی (تەواو بۆ دواجار لێرەوە دەڕۆین) م خوێندەوە، چێژی زۆری پێبەخشیم، بە بڕوای من یەکێکە لە قەسیدە نایابەکانی تۆ، دەقەکە زێتر فۆرمێکی درامی هەیە ، دەقێکی درێژ لەنێویدا کۆمەڵێک دەقیتری جودای لەخۆ گرتبێت، وەک ئەوەی ڕۆمانێک چەند کاراکتەرێکی سەرەکی هەبێت و هەریەک لەو کاراکتەرانەش بە کۆمەڵێک ڕووداو  دەورەدرابن .. لەم شێوە دەق و فۆرمانەدا کە زمان بە چڕی ئیشی لەسەر کرابێ و وشە و ڕستەکان لە پەیوەندییەکی توندوتۆڵدا بن، کردنەوەی کۆد و هێماکان بۆ بەرجەستەبوونی خوێندنەوەیەک و دیاریکردنی ناوەڕۆکێک ڕەنگە کارێکی سانا نەبێت، من نامەوێت لێرەدا باس لە پەیوەندی فۆرم و ناوەڕۆک بکەم بەڵام، هەر ئەوەندە دەڵێم / لە هەموو دەقێکی شیعری (ناوەڕۆک) بوونێکی نادیاری هەیە، لەڕێگای خوێندنەوە ئەو بوونە دەردەکەوێت، دەرکەوتنەکانیش لە خوێنەرێکەوە بۆ خوێنەرێکیتر دەگۆڕێت، لە دەقی (تەواو بۆ دواجار لێرەوە دەڕۆین) خوێنەر لە ڕێگەی هەندێک لە وشە و ڕستە و دەستەواژە شیعرییەکانەوە، دوای ڕامان و قووڵبوونەوە دەتوانێ بڕێک لە کۆد و هێماکان بکاتەوە و (ڕەنگە)  بە ناوەڕۆک و خویندنەوەیەک بگات. من بەشبەحاڵی خۆم / لەم دەقەدا زۆرێک لە ڕستە و دەستەواژەی شیعری جوانم خوێندەوە، کە هەم چێژبەخش بوون هەم وەک و میتافۆر و هێما و وێنەی شیعری لە پشتیانەوە هەڵگری کۆمەڵێک گوتن و کێشمەکێش بوون، بە تایبەت کێشمەکێشی نێوان (ژیان و مردن). من لێرەدا ( هەندێک) لەم ڕستە و دەستەواژە شیعرییانە دەنووسمەوە دواتر هێندەی بۆم بکرێت قسەیان لەسەر دەکەم .

_  لە شیعری (ڕوخسار و شوێن)

 دیکتاتۆر بەسەر خوانماندا پژمی

هیچ نیشانەیەکی خواردن نەما

گەڕاینەوە بەرسێبەری درەختی گۆڕستانەکان

_  مرۆڤ شاراوەو نهێنی درۆی ژیرە

    نانی کردە تاشەبەرد

 _  گۆڕیان بەتاڵکردین و ئێسکیان کردە قۆپچە

_   لە شیعری (جێناوەکان):-

با بگەڕێینەوە دواوە هێز تووڕەیە لە سێوی کەوتوو

 با بگەڕێینەوە دواوە باران خوێواوی لێدەچۆڕێ و

   دەیکاتە هەڵم و دەبێتە تانەی چاوە

لە شیعری (گەشەی ڕەنگ)

_ شۆڕش شەپڕە لێی داوە

ناتوانێ مەلە بکا

_ دیکتاتۆر ڕۆنی لەبن پێی شۆڕشگێڕدا

هەڵخلیسکاند بەرەو ڕووناکییەکی چرووک

_ لە شیعری (ئاوازی چاوپێکەوتن)

 سەرزەمین تەواو ماندووە

پێویستی بە چاوپێکەوتنی دەنووک و باڵە

_  لە شیعری (بلیتی ژمارە بیست و هەشت)

هەناسە سواریت باڵندەیەکی هێڵکە شکاوی هەڵکورماوە

گوتم لە شاری شیعر دەژیم و هەناسەم نەرم و خۆشە

بە ئارەزووی خۆم لە بەهەشت ناچمە دەرە

_ لە شیعری (بێڕەنگ)

ئەو ڕۆژەی مرۆڤ دروست بوو

بێڕەنگ هەموو رەنگەکانی دابووە دنیا

_ لە شیعری (کاتی تایبەتی ڕووبار)  

کلیل لە دەستی دیکتاتۆر بڕفێنن

بیخەینە گەنجینەی منداڵێک...!

زۆرنین ئەو دەقانەی کە / بەچەند دێرێکی شیعری دەتوانن تەعبیر لە تراژیدیایەکی گەورە یان ژیانێکی پڕ لە ئازار و مەرگەسات بکەن. یان ڕەسمکردنی ئەو زەمەنەی مرۆڤەکان لەنێو شەوەزەنگێکی تاریک و لە گۆڕستانێکی گەورەدا هەناسە دەدەن. یان هەموو خەونە گەورەکان دەبن بە تۆزوغوباری دەم ڕەشەبا...! شاعیر لەو دەقەدا ڕۆحێکی تووڕە و ماندووە، بێزار لە هەلومەرجێک کە دەتوانین بە بە هەلومەرجی مردنی خەونە جوانەکان ناوی ببەین، ڕۆژگارێکە کە دیکتاتۆر خاوەن هەموو دەسەڵات و هێزێکی گەورە و ڕەهایە، لەڕیگەی ئەم هێزەی دیکتاتۆرەوە هەموو پەیوەندییەکان و یاسا و ڕێساکان ناڕێک و ناتەندروست دەبن و جووڵە و ئاراستەکانی ژیان دەشێوێندرێ ...! ، کە هیچ بەهاو حوڕمەتێک بۆ ئەویتر و مرۆڤ و بەها مرۆییەکان نامینێتەوە ، نیشتیمان دەبێتە گۆڕستانێکی گەورە ، شاعیر لە شیعری ( ڕوخسار و شوێن) دا ، وێنەی ئەم نەهامەتیانەمان لە وێنەیەکی شیعری جوان و سەرکەوتوودا بۆ دەکێشێ و دەڵێ ، (دیکتاتۆر بەسەر خوانماندا پژمی / هیچ نیشانەیەکی خواردن نەما / گەڕاینەوە بەرسێبەری درەختی گۆڕستانەکان)، دیکتاتۆر بێرەحمانە بەسەر خوانەکان دەپژمێ و دەڕشێتەوە، خوانەکان پیس و ژەهراوی دەکات، دواتر هیچ نیشانەیەکی خواردن نامێنێ و سفرەکان بەتاڵ و خاڵی دەبن، مرۆڤەکانیش بە سکی برسییەوە لەبەر سێبەری درەختی گۆڕستانەکان ڕۆژەکانی تەمەنییان دەژمێرن ، چونکە نان بۆتە (تاشە بەردێکی گەورە ...!). شاعیر لە دێرێکی تردا وێنەیەکی گەورەترمان بۆ دەکێشێ و دەڵێ، (گۆڕیان بە تاڵ کردین و ئێسکیان کردە قۆپچە)، ئەمە دێرە شیعرێکی تا بڵێی جوان و شیعرییە ، پڕ لە جووڵە و پڕ لە قسەیە ، واتە دیکتاتۆر لە ڕێگەی ئەو هێز و دەسەڵاتە ڕەهایەی کە هەیەتی ، وەک بازرگانێکی بێڕەحم نەک بەروبوومەکانی سەرزەوی بەڵکو چاوی بڕیوەتە ئەوانەی ژێر زەویش ، ئەوەتا گۆڕەکان بەتاڵ دەکەن و ئێسکەکان دەکەنە قۆپچە، شاعیر لەم وەزعە ناڕازی و نائارامە ، چونکە لە خەیاڵی ئەو ، گۆرستان شایستە بە مرۆڤ نییە ، لە خەیاڵی ئەو (پەپوولەکان دەمدەخەنە نێو دەمی یەکتری و کەمانجەژەنەکانیش سەمفۆنیای گوڵ و نان دەژەنن...!)، ئەو هەمیشە لە نێو خەیاڵە شیعرییەکانیدا، خەون بە دنیایەکی جوانتر و باشتر دەبینێ ، لە نێو بیرکردنەوەکانی ئەودا، مرۆڤ پیرۆزترین بوونەوەرە و شایستە بە هەموو خۆشییەک و سەروەرییەکە . ئەوەتا ڕوون و ئاشکرا لە شیعری (بێڕەنگ) دا، پێمان دەڵێ / (ئەو ڕۆژەی مرۆڤ دروست بوو / بێرەنگ هەموو ڕەنگەکانی دابووە دنیا!)، دەکرێت (بێرەنگ) هێما بێت بۆ خالقێک بەڵام ، خالقێکی نادیار ، لێرەدا سەروەری و بەهای مرۆڤمان بۆ ڕەسم دەکات ، شاعیر دەخوازێ ئەم ژیانە بگۆڕێت سەرزەمین و بەرسیبەر و ماڵەکان نەبنە گۆڕستان ، ( چونکە لای ئەو سەرزەمین تەواو ماندووە ، پێویستییان بە چاوپێکەوتنی دەنووک و باڵە)، (دەنووک و باڵ) هێمایە بۆ فڕین، واتە جێهێشتنی ئەو سەرزەمینەی کە ماندووە و بۆتە گۆڕستانێکی گەورە ، واتە دەخوازێ ژیان بگەڕێتەوە باری ئاسایی و بەها و ڕێز و سەروەری بۆ مرۆڤەکان بگەڕیتەوە ، بەڵام گۆڕان بەچی دەکرێت؟ ئەوە ئاشکرایە کە / هەموو گۆڕانێک چ ڕۆشنبیری بێت یان سیاسی یا کۆمەڵایەتی بێگومان بە ڕاسان و شۆڕش دەکرێت، بەڵام هەیهات لێرەدا (شۆڕش شەپڕە لێی داوە / ناتوانێ مەلە بکات ...!) ، چونکە (دیکتاتۆر ڕۆنی لەبن پێی شۆڕشگێڕدا / هەڵخلیسکاند بەرەو ڕووناکییەکی چرووک ...!) واتە دیکتاتۆر ڕۆنی لەژێر پێی شۆڕشگێرەکان ڕۆکردووە و هەموویان خلیسکاون و کەوتوون، بەمانای هەموویان / یان ئەوەتا لە خشتەبراون یان ئەوەتا دەستەمۆبوون، ئێستا لەنێو نائومێدییەکی گەورە و لەنێو ڕووناکییەکی چرووک ڕاکشاون ..!)، ئیتر گۆڕان چۆن ڕوودەدات ..!؟ بۆیە شاعیر کە دڵنیا دەبێ لەوەی بەم هەموو کەوتن و نائومێدییە گەورانەوە تروسکایی هیچ گۆرانکارییەک نابیندرێ و بەم زووانە هیچ گۆرانێک ڕوونادات، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ناتوانێ بێدەنگ بێت چونکە ئەو شاعیرە و ( شیعریش فۆرمێکی بێدەنگ نییە ...!) بۆیە دەخوازێ، (کلیل لە دەستی دیکتاتۆر بڕفێنن / بیخەنە گەنجینەی منداڵێک ...!)، (گەنجینەی منداڵ) لێرەدا هێمایە بۆ دەستێکی پاک و ئەمین ، شاعیر دەخوازێ گەنجینەکە بگوازرێتەوە بۆ دەستێکی ئەمین ، تا چیتر مرۆڤەکان سفرەیان خاڵی نەبێت و لەژێر سێبەری درەختی گۆڕستانەکان ڕانەکشێن ..! بەڵام شاعیر لەوەش نائومێد دەبێت ، واتە بە وەزعێکی ئیفلیج و تا چابڕکات هەر تاریکییی بێ ...! بۆیە هەر لەنێو  نائومێدییەکانی خۆی دەمێنێتەوە  و دەڵێ (با بگەڕیینەوە دواوە باران خوێواوی لێدەچۆڕێ / دەیکاتە هەڵم و دەبێتە تانەی چاو ...!)، ئیتر تەواو ، کە باران خوێوای لێچۆڕا ، درەخت و گیا و سەوزاییش دمرن، وردە وردە مرۆڤەکانیش، بەمانای / ئیتر (تەواو دواجار هەموومان لێرەوە دەڕۆین ...!)، گوتمان شاعیر لەنێو نائومیدییەکی گەورەدایە، یاخی و بێزار و ماندوو و توورەیە، بە گومانێکی تۆخ و بە چاوی ڕەخنەوە لە هەموو گۆشەیەک دەڕوانێت، لەهیچ شوێنێک ئارام ناگرێ و ناحەسێتەوە، لەگەڵ ئەوەی هەموو یاساکان و هەموو دۆخەکان ناڕێک و شێوێندراون، ژیان هیچی بەسەر هیچەوە نەماوە، شاعیر لەم گۆڕستان و لەم ژیانە مەرگەساتییە تەنها شوێنێک شک دەبات کە بتوانێ تیایدا هەناسە بدات و ئارام بێتەوە ئەویش (شاری شیعرە (وەک ماڵێکی ئارام) ..!) ئەوەتا خۆی لە شیعری (بلیتی ژمارە بیست و هەشت) دا دەڵێ، (گوتم / لە شاری شیعر دەژیم و هەناسەم نەرم و خۆشە / ئەها شیعرم لێدیارە و وەک کاتژمێری چوونە ژوان ڕێکی خستووم ،،!)، ئەو دەڵێ (شاری شیعر) بەڵام شاریش هەر شوێنی ژیانە بۆیە من دەڵێم ماڵ، واتە لەنێو ئەم هەموو نەهامەتی و نائومێدییە گەورانەدا شیعر تاکە هیوایە کە بۆی دەژی و لەنێو ئەم هەموو ناڕێکیانەدا / (ماڵی شیعر) ژیانێکی ئارامی پێبەخشیوە وەک کاتژمێر جەستە و دەروونی ڕێکخستووە. هەر ئەوەندەش نا ، دەڵێ (بە ئارەزووی خۆم لە بەهەشت ناچمە دەرەوە...!)، ئەو شاعیرێکی نوێخواز و داهێنەرە، لەنێو ڕووبەری شیعر و داهێنان شوناسی شاعیربوونی بەدەستهێناوە، ئیتر کەسە داهێنەرەکانیش دەبن بە موڵکی مێژوو و مرۆڤایەتی بۆتاهەتا لەنێو ئەبەدییەتدا دەمێننەوە، لێرە بەهەشت هێمایە بۆ مانەوە لەنێو ئەبەدییەتدا!

تا ئێرە بەشی یەکەمی نامەکەم بوو / لە بەشی دووەمدا، دەمەوێت لە دەرگای بابەتێکی گرینگ بدەم ئەویش لە ڕێگەی دێرە شیعرێکی نێو ئەم دەقە، لە شیعری (جێناوەکان) دا دەڵێت ، (با بگەڕێینەوە دواوە هێز تووڕەیە لە سێوی کەوتوو ..!)، لەم دێرە شیعرەدا جوانییەکی بێوێنە بەرهەم هاتووە لە هەمان کات، بارگاوییە بە خەیاڵی زانستی و فەلسەفی ، لە سەرەتا ئەو پرسیارە لەلای خوێنەر دروست دەبێ / بۆ هێز تووڕەیە لە سێوی کەوتوو...؟! لەنێو قووڵایی بیرکردنەوەدا ڕاستەوخۆ بیرمان بۆلای (نیوتن و هاوکێشەی کێشی زەوی) دەچێت  ، دواتر تێکەڵ بە ململانێی نێوان هێزەکانی مردن و ژیان دەبینەوە .. لەم وێنەیەدا / دیکتاتۆر زەوی کردۆتە گۆڕستانێکی گەورە ، زەوی هێمایە بۆ مردن، ئاسمان لە سەرووی سێوەکەوە، ڕووناکی و خۆرەتاو و ئەستێرەکان و بەپێی بیرکردنەوە ئایینەکان خوداوەندەکانیش لەوێن ، خوداوەندیش خاوەن هەموو دەسەڵات و هێزێکە ، ئاسمان هێمایە بۆ ژیان ، لەنێوان ململانێی (هێزی زەوی و هێزی ئاسمان) سێوەکە ململانێ و ئەنجامەکان یەکلایی دەکاتەوە، دەکرێ سێوەکەش هێما بێت بۆ (مرۆڤەکان و نیشتیمان و هەموو شتە جوانەکان ..!)، دواجار / سێوەکە دەکەوێت! هێزی مردن واتە (هێزی زەوی) زاڵ دەبێت بەسەر (هێزی ئاسمان) واتە هێزی ژیان، بێگومان لەباروزروفێکی وا کە / شۆڕش شەپڕە لێی دابێ و شۆڕشگێڕەکان هەڵبخلیسکێن و بکەون ، هەروەها چاویان پڕبێر لە ڕووناکییەکی چرووک ، تروسکایی هیچ گۆڕانکاریەک نەبیندرێ و مرۆڤەکان بە سفرەی خالییەوە لە ژێر سێبەری درەختی گۆڕستانەکان پاڵکەوتبن بێگومان جووڵەکان بە ئاراستەی مردن دەڕۆن ...! بۆیە شاعیر لەنێو ئەو نائومێدیە گەورەیەدا دەڵێت (تەواو بۆدواجار لێرەوە دەڕۆین ...!)، ئەم دێرە شیعرە ڕەهەند و ماناکانی، بۆ من جگە لە ئیستاتیکا و چێژ گرینگی و مانایەکی گەورەتری هەبوو، من مانیفێستێکم نووسیوە کە لە (سێ بەش) پێکهاتووە ، گۆشە نیگا و تێڕوانین و بیرکردنەوەکانی ئەزموونی خۆمم بۆ شیعر لەم مانیسفێستە چڕ کردۆتەوە، کە بەشی یەکەمی بە ناوی (شیعر فۆڕمێکی بێدەنگ نییە)، ( بەشی دووەم / شیعر عەشقێکی گەورەیە!) لەم بەشەدا واتە لە بەشی دووەم دەڵێم /  (شیعر ئەو عەشقەیە / پڕاوپڕە لە خەون و ئومێد و جووڵە، فۆرمێکی پڕ لە قسەیە و هاوتەریبە لەگەڵ ژیان و بەها مرۆییەکان، شاعیر بیرمەند نییە بەڵام، لە ڕێگەی بیرکردنەوەکانی دەتوانێ پرسیاری بیرمەندانە بەرهەمبهێنێ، شاعیر فەیلەسوف نییە بەڵام لەریگەی پاشخانە مەعریفییەکەیەوە دەتوانێ پرسیاری فەلسەفی بوروژێنێ، شاعیر گەریدەیەکی جوانناسە بۆ دۆزینەوەی جوانییەکان هەموو گەردوون لەبەردەمی دایە، ئاسمان و کیشوەرەکان و ئۆقیانووسەکان و تەنانەت وردە ئەستێرە دوور دوورەکانیش، دواجار / شیعر عەشقێکی گەورەیە، ئەشقیش میلۆدییە بەردەوامەکەی ژیانە و ژیانیش دەقێکی شیعری ناوازەی پڕ لە جوانی و چێژە ...!). ئەم دەقە ئەوەی پێشانداین کە شیعر (فۆرمێکی بێدەنگ نییە ) و شاعیر دەتوانێ دەنگ و هاوارەکانی خۆی بەسەر هەموو ئەو هێز و هۆکارانە بەرز بکاتەوە کە، دەیانەوێت ژیان ناشیرین بکەن و خەونە جوانەکانی مرۆڤ لەبارببەن، هەروەها شیعر لەتوانایدا هەیە، بارگاوی بێت بە خەیاڵی زانستی و فەلسەفی و لەنێو مەعریفەیەکی فرەڕەهەند ئیش بکات، دواجار پرسیاری زانستی و فەلسەفیش بوڕوژێنێ، بۆیە دڵخۆش بووم بە خوێندنەوەی ئەم دەقە بۆ من وەک ئەوە وابوو بە قەڵەمی جوانی نووسرابێتەوە،

ئیتر هاورێ گیان / دووبارە هیوای خۆشبەختی و بەختەوەریت بۆ دەخوازم، بە ئومێدم لەنیو ڕووبەری شیعر و رووبەری داهێنان، قەڵەمەکەت هەر بە بڕشت بێ و سڵاو لە شیعر ...!

                                          

                                                         ناڵە حەسەن / کەنەدا

                                                             ١٢/ ٩ ٢٠٢٠

 

تێبینی / قەسیدەی (تەواو بۆ دواجار لێرەوە دەڕۆین) لە دە شیعریتر پێکهاتووە بەم ناوانە (ڕوخسار و شوێن / جێناوەکان / ڕێگاکانی دەوروبەر / گەشەی ڕەنگ / ئاوازی چاوپێکەوتن / بلیتی ژمارە بیست و هەشت / ئەمڕۆ گۆرانییەک دەگوترێ / بێڕەنگ / کاتی تایبەتی ڕووبار / ستایشێک بۆ جوودی).

دسته: هەواڵی هونەری