شرۆڤە

چەمکە شیعرییەکان و پەنجەرەیەک بۆ ڕوانین (١)

ناڵە حەسەن

کاتێک شاعیرێک نائومێدی دەردەبڕێت ئەوە مانای ئەوەیە ئەو کەسە ئومێد و خەونی گەورەی هەیە، بەڵام لە ئێستادا پێی نەگەیشتوون. واتە لەو چرکەساتەی شیعرەکەی نووسیوە کەسێکی نائومێدە و راستگۆیانەش ئەم نائومیدییەی خۆی دەربڕیوە.

 

 چەمکە شیعرییەکان و پەنجەرەیەک بۆ ڕوانین

 ناڵە حەسەن

بەشی یەکەم :-                                                     

  

  • ڕووبەری شیعر و (شاعیر و شیعرنووس)
  • شیعر لە نێوان (نائومێدی و ڕەشبینی) دا
  • شیعر و (نامۆبوون)

 

_  ڕووبەری شیعر  و (شاعیر و شیعرنووس)

ڕووبەری ڕاستەقینەی شیعر ئەو شوێنەیە کە / هەموو شیعرێک ناتونێ بیگاتێ و لە نێویدا بمێنێتەوە تەنها ئەو شیعرانە نەبێ کە، بە مەبەستی بەرهەمهێنانی جوانی نووسراون، لەوێدا شیعر دەبێتە جووڵەیەکی بەردەوامی ئیستاتیکی و لە ئاستێکی بەرزی داهێناندا دەبێ، چ لەڕووی زمانەوە یان لە ڕووی فۆرمەوە. بە مانای، شیعر وەکو ژیان دەبێتە پڕۆژەیەکی بەردەوام و تەواو نەبوو . لەنێو ئەم رووبەرە / شاعیر لەنێو بیرکردنەوە شیعرییەکانی لەژێر هیچ کاریگەرییەکی دەرەکی و کاریگەرە کەلتووری ئایدیۆلۆژییەکاندا نابێت، هەر خوێندنەوەیەک بۆ شیعرەکە دەبێتە کرانەوەیەک بە ڕووی ژیان و گەردووندا، کەواتە شیعرەکانی نێو (ڕووبەری شیعر) داهێنانەکانییان لە ئاستێکدایە و دەبنە بەشێک، (لە پڕۆسەیەکی بەردەوامی لە نەبوونەوە بەرەو بوون، لەپێناو خۆ تەواوکردنەوە دەکەونە گەڕ...) بە مانایەکیتر / هاوتەریب دەبن لەگەڵ ژیان و بەها مرۆییەکان و چەمک و پێکهاتە گەردوونییەکان. ئازادی بوون توخمێکی سەرەکی نێو ڕووبەری شیعرە ، شاعیر دەبێ تەواو بیرکردنەوە و بوونێکی ئازاد بێت ، پڕ بێت لە خەون و جووڵە و نیگەرانی ، لەنێو رووبەری شیعر پەیوەندییەکان خۆڕسک و توندوتۆڵن، تەنانەت پەیوەندی نێوان (سیاسەت و شیعر)یش ، پەیوەندییەکی نزیک و لێکدانەبڕاوە چونکە، شیعر لەنێو ڕووبەری زمان دەتوانێ قسە لەسەر هەموو شتێک بکات، مەبەستمە بڵێم / لەنێو پانتایی جوانی (شیعر و سیاسەت) تەبا دێنەوە بەڵام ، بە دیوەکەی تر هاودژ و پێچەوانەن (مەبەستمان ئەو دیوەیە کە سیاسەت و گوتاری سیاسی لە جوانی دوور دەکەونەوە!)، هەروەها زۆرێک لە قسەکانی نیو شیعر وەک قسەکردن لە خەون، عەشق، بوون، بەشێکی دانەبراون لە سیاسەت، بە مەبەستی بیناکردن و داهێنان یان گۆڕینی ئاسۆکانی نووسین بەڵام ، لەو شوێنەی شیعر دەبێتە هۆکار لەپێناو سیاسەت و ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراو لەوێدا، شیعر ئامانجە سەرەکییەکەی خۆی لەدەست دەدات و دەچێتە دەرەوەی ڕووبەری شیعر. چونکە لە دواجاردا / زۆرێک لە شیعرە ئایدیۆلۆژی و سیاسییەکان لە دەرەوەی ڕووبەری شیعر وەک، (مەلەف و بەڵگەنامەیەکی سیاسی و مێژوویی) دەمێننەوە . دەقە زیندووەکانی نێو ڕووبەری شعر شێلگیرانە و بەردەوام لە هەوڵی بەرهەمهێنانی پرسیاری نوێدا دەبن، ئیش لەسەر سڕینەوەی مانا پێشوەختەکان دەکەن. کەواتە شیعر گەڕانێکی بەردەوامە لەنێو پانتایی مانادا. ئەو شیعرانەی لەئاستێکی بەرزی داهێناندان بە تۆخی ئیش لەسەر زمان و پێکهاتە شیعرییەکانی وەک، (هێما و میتافۆر و وێنە و پارادۆکس و جێگۆڕکی و دووبارەبوونەوە و گومان و پرسیار و گەمە کردن بە وشە) دەکەن .. چونکە لەم ڕووبەرە شیعرییە باوەڕمان بەوە دەبێ کە / هەموو دەقێکی گەورە ڕوئیایەکی فەلسەفی گەورە و گومان و پرسیارێکی گەورە لەگەڵدا دەبێت. چونکە قووڵایی بەهرە و توانا مەعریفییەکانی مرۆڤ لە وەڵامدانەوە نییە بەڵکو ، لە پرسیارکردن دایە، ئەوە ئایین و ئایدیۆلۆژییەکانن کە هەمیشە وەڵامێکی جێگیر و نەگۆڕییان پێیە ، هەر لێرەوەیە شیعر ڕەنگ و ڕووبەر و سیمای خۆی لە ئایین و ئیدیۆلۆژیاکان جیا دەکاتەوە. لێرەدا دەمانەوێت، (شاعیر لە شیعرنووس) جیابکەینەوە. واتە هەموو ئەو شیعرانەی لە ئاستێکی بەرزی داهێناندان و لەنێو ڕووبەری شیعر دەمیننەوە، ئەوانە نووسەرەکانییان (شاعیرن)، ئەو شیعرە سادانەی دەرەوەی ڕووبەری شیعریش نووسەرەکانییان شاعیر نین بەڵکو تەنها (شیعرنووسن)، چونکە (شاعیربوون)  جێگاکەی لە هەورازێکە هەموو شیعرنووسێک ناتوانێ بیگاتێ...! مەبەستمانە خۆمان لە هەندێ دەستەواژەی نائەدەبی ڕزگاربکەین وەک (شیعری دەرەجە یەک و دوو و دەرەجە سێ و هتد ، یان شیعری باش و خراپ، یان ئەو دەربڕینە نائەدەبییەی کە دەڵێن (میللەتی کورد هەمووی شاعیرن!)، ئەو ڕوانگە و بیرکردنەوانە، ڕوانگەی ئەو کەسانەن کە خاوەن ئەو مەعریفە شیعرییە نین کە هێزی ئەوەیان پێ بێت، (شیعری نێو ڕووبەری شیعر و شیعرەکانی دەرەوەی ڕووبەری شیعر) لە یەکتری جیابکەنەوە، یان ناتوانن ئاستەکانی جوانی و هونەری لەنێو دەقەکان ببینن. یان بە دیوێکی تر، هەموو وشە ڕیزکردنێک بە شیعر دەزانن، بۆیە تاکو ئێستا (شاعیر و شیعرنووسیش) لە یەکتری جیانەکراونەتەوە .

تێبینی / ئەم کورتە وتارە لە کتێبی (گەیشتن بە ڕووبەری شیعر) وەرگیراوە کە ئێستا لەژێر چاپدایە، کەمێک بە دەستکارییەوە.

 

  • شیعر لە نێوان (نائومێدی و رەشبینی) دا

من ئێستا لە گەڕەکی نائومێدیدا دەژیم

بە کەلوپەلەکانی عەشق ماڵێکم پێکهێناوە

لە ژوورێکدا تابلۆی دۆڕانەکانی خۆمم هەڵواسیوە

لە ژوورێکیتر / تابلۆی ترس و نیگەرانییەکانم

لە ژوورێکیتر / تابلۆکانی مردنم

لەژوورێکیتر / تابلۆکانی تەنیاییم

لە دواهەمین ژووریش وا خەریکم

هێدی هێدی /

 تابلۆکانی خۆکوشتنم هەڵدەواسم!

لەو شیعرەی سەرەوەو لە شیعری تریش کاتێک، نائومێدییەکانی خۆمم دەربڕیوە و لە شیعرێکدا بەرجەستەم کردوون، جاریوابووە، پرسیاری ئەوەم لێکراوە کەوا، بۆچی لەم شیعرەم هێندە ڕەشبینم؟ منیش لە وەڵامدا گتومە / من نائومێدم نەک ڕەشبین! کەواتە بەپێی ئەو وەڵامەم دەبێ (نائومێدی و ڕەشبینی)، دوو چەمکی جیاواز بن، ڕەنگە لە هەندێ ڕووەوە نزیکایەتییان هەبێت بەڵام، دوو وشەی تەواو جیاوازن. هەوڵدەدەین لەم نووسینە زۆر بە کورتی ماناکان و جیاوازییەکانییان بخەینە ڕوو. بە بروای من زۆر ئاساییە شاعیرێک یان نووسەرێک لەنێو شیعر و نووسینەکانییان ڕاستگۆیانە (نائومێدییەکانی) خۆیان دەرببڕن، ئەوە هیچ بەمانای ئەوە نایە، ئەو شاعیر و نووسەرانە کەسی ڕەشبینن، یان (نائومێدی) چەمکێک و بارێکی نێگەتیڤ نییە، کە دەڵێین نێگەتیڤ نییە ، مانای ئەوە نییە بڵێین پۆزەتیڤە، بەڵکو دەتوانین بڵێین بارێکی ئاساییە، کاتێک شاعیرێک نائومێدی دەردەبڕێت ئەوە مانای ئەوەیە، ئەوکەسە ئومێد و خەونی گەورەی هەیە بەڵام لە ئێستادا پێی نەگەیشتوون، واتە لەو چرکەساتەی شیعرەکەی نووسیوە کەسێکی نائومێدە و راستگۆیانەش ئەم نائومیدییەی خۆی دەربڕیوە، بۆیە دەڵێین / بارێکی نێگەتیڤ نییە ، چونکە هێشتا لە لەگەڵ خەونە و ئومێدەکانیی دەژی بە ئومێدی ئەوەیە یان لە هەوڵی ئەوەیە ڕۆژێکدا بێت پێی بگات. بەمانای ئەگەرچی بە ئومێدەکانیی نەگەیشتووە و لە ئێستادا کەسێکی نائومێدە بەڵام، دەستی لە خەون و ئومیدەکانیی بەرنەداوە یان هەڵنەگرتووە. بەڵام / (ڕەشبینی) چەمک و بارێکی نێگەتیڤە. کەسی ڕەشبین هیچ ئومێدێکی بەژیان نەماوە، (بوون و نەبوونی) خۆی لە نیو ژیاندا وەکیەک چاولێدەکات ، ژیان هیچ بەهایەکی تیا نەماوە تا بۆی بژی، پڕبووە لە هەستەکانی پووچی، بەمانای بەو پۆینتە گەیشتووە کە ژیان ئەوە ناهێنێ کە بۆی بژی، زۆرێک لەو کەسانە پەنا بۆ خۆکوشتن دەبەن. ئەوکەسانە لەهەمانکاتیش لەبارێکی دەروونی ناهەمواردا دەژین تووشی نەخۆشی خەمۆکی و زۆرێک لە نەخۆشیتری دەروونی دەبن. لە لێکۆڵینەوەکمان لەبارەی (شیعر و خۆکوشتن) ئەوەمان خستبووەڕوو کە زۆربەی ئەو شاعیر و نووسەرانەی پەنایان بۆ خۆکوشتن بردووە، ئەو کەسانە بوون کە دەرگیری نەخۆشی خەمکی ببوون و ئەوکەسە (ڕەشبینانە)بوون کە هیچ باوەڕ و ئومێدێکیان بە ژیان نەمابوو ، حەز دەکەم دواقسەم لەمبارەوە ئەوە بێت کە / ڕاستە من لە هەندێک لە شیعرەکانم نائومێدی یان نائومێدییەکی گەورەشم بەرجەستە کردووە بەڵام / بۆ یەک چرکەش لە ژیانم ڕەشبین نەبووم.

 

  • شیعر و (نامۆبوون)

نامۆبوون چەمکێکی فرەمانا و فرە ڕەهەندە ، چ لەلای خەڵکی ئاسایی و چ لەلای نووسەر و بیرمەند و فەیلەسوفەکانەوە ، مانا و خوێندنەوەی جۆراوجۆری بۆکراوە، ئێمە لەو کورتە نووسینەمان هەوڵدەدەین هەندێک لە خوێندنەوە و مانا جیاوازەکان بخەینە ڕوو، وە هەروەها هەڵوێستە لەسەر ئەو خوێندنەوەیە بکەین کە / پەیوەندی بە شیعر و داهێنانەوە هەیە

_ نامۆبوون لەلای (هیگل) / پەیوەندی بە (دابڕان )ەوە هەیە، یان هەر بەمانای (دابڕان) دێت، وەکچۆن لە کاتی لەدایکبوون منداڵ لە دایک دادەبڕێ و دێتە نێو ڕووبەرو دنیایەکی نوێوە و تووشی حاڵەتی نامۆبوون دەبێت، هەروەک لە کتێبی (بوون و داهێنان)ی د. محەمەد کەمال دا هاتووە / لەلای هیگل پڕۆسەی داهێنانیش بە نامۆبوون دادەنرێت چونکە، لە ڕێگەی داهێنانەوە

بیرۆکەکان لە نووسەرەکان دادەبڕێن

 

_ نامۆبوون لەلای (مارکس) / پەیوەندی بەکاڵا و بەرهەمهێناوە هەیە / بەمانای کاتێک (کرێکاران) کاڵاکان بەرهەمدەهێنن و خۆشیان لێی بێبەشدەبن، خێروبێری ئەوکاڵاو بەرهەمانەش دەچێتە گیرفانی سەرمایەدار و خاوەن کارەکانەوە ، لێرەدا کرێکاران بەرامبەر ئەو کاڵا و تەنانەت ئەو دنیایەش کە بەرهەمی دەست خۆیانە نامۆدەبن، هەر لەسەر ئەو بنەمایە مارکس ڕەخنەی لە هیگل هەبوو کە داهێنانی بە پڕۆسەیەکی نامۆبوون دادەنا، مارکس پێی وابوو ئەو جۆرە دابرانە نامۆبوون بەرهەم ناهێنن، بەلای مارکس ئەوکاتە داهێنان نامۆبوونی لێدەکەوتەوە کاتێک بیرۆکەکان لە نووسەرەکان دادەبڕێن و لەلایەن کەسانیترەوە داگیربکرێن و خاوەنەکانی پێ بچەوسێننەوە، وەک ئەو پەیوەندییەی لە نێوان (کرێکاران و بەرهەمهێنانی کاڵاکان)

 

_ نامۆبوون لای (مارتن هایدگەر) / مرۆڤی دەستەمۆ کاتێک دەکەوێتە ژێرکاریگەرییە دەرەکییەکان واتە هێزە دەرەکییەکان ئاراستەی جووڵەکانییان کۆنتڕۆل دەکەن ئەوکەسانە کەسانی نامۆن. چونکە هەمووشتێکن بەس خۆیان نین. وە خاوەن بوونێکی دەستەمۆ و ناڕەسەنن . ناتوانن تەعبیر لە خواست و ئارەزووەکانی خۆیان بکەن. ئێمە لە پەیوەند بە شیعر و داهێنان هەڵوێستە لەسەر ئەو ڕایەی (هایدگەر) دەکەین و دەیکەینە سەرچاوەو بنەمای بیرکردنەوەکانمانە. هەروەک لە کتێبی (ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا) پێداگریمان لەسەر ئەم خوێندنەوەیەی هایدگەر کردبوو لە وتاری (بوون و ئەدەب)، لە پەیوەند بە بوون و ئازادی نووسەرەرەوە . چونکە خودی داهێنان (بە پێشمەرجی ئەنتۆلۆجی بوونی مرۆڤ) دادەنرێت، (داهێنان و نامۆبوون)یش لەگەڵ یەکتریدا پەیوەندییەکی ناکۆکییان هەیە، بۆیە کەسێکی نامۆ بە داهێنەر دانانرێت چونکە (ناتوانێت خۆی بڕیار لەسەر پڕۆژەکانی بوونی خۆی بدات!)، هەموو بڕیار و پڕۆژەکانی لەژێر کاریگەری دەسەڵات و هێزە دەرەکییەکان دەبێت، بۆیە دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە کەسی داهێنەر نامۆنییە و یان کەسی نامۆ ناتوانێ داهێنان بکات!

 

تێبینی / بۆ نووسینی ئەم کورتە وتارەمان سوودمان لە کتێبی (بوون و داهێنان) ی د محەمەد کەمال وەرگرتووە.

 

درێژەی هەیە