ما 3697 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

عەباس جەمیل جێماو

بۆیە خوێنەری ناو قەیران لەم تیورانە تێناگات، چونکە فیکری ئەدەبی ناخوێنێتەوە، لەدەرەنجامدا تەنها ئەتوانن بڵێن دەقێکی خۆشەو هیچی تر، بەوپێیەی چێژی خوێندنەوە فیکری نوێ بەرهەمدێنێ‌ نەک بەم چەشنەی ئێستا باسی لێوە دەکەن.

 

قەیرانی خوێنەر و خوێنەری قەیران

عەباس جەمیل جێماو

 

بیانوهێنانەوەی زۆرێک لەخوێنەر و نووسەر و ئەوانەی لەسەر رۆشنبیری حیساب دەکرێن، گوایە سەرقاڵن بەبژێوی ژیان و کێشەکانی دیکەی کۆمەڵایەتی و سیاسی… هتد، بۆیە دوور کەوتوونەتەوە لە خوێندنەوە، بەومانایەی هۆکارگەلێکی شەرعییان هەیە، کە نەپەرژاونەتە سەر خوێندنەوە، هەروەها جۆرێکی دیکەی بیانوو هەیە کە لەبری خوێندنەوە ئەو داتایانەی لەنێو کتێب هەن بە ئاسانی لەرێی کەناڵە جیاوازەکانی راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە دەست دەکەون، ئەمە بۆتە مایەی تێکەڵکردنی قەیرانی خوێنەر و خوێنەری قەیران.

هاتنی کۆرۆنا و کەرەنتینەکردن، بیانوویەکی کۆمێدی دایە دەست ئەوانەی، کە پێشتر نەیاندەخوێندەوە، ئەمە ئەو نالۆژیکییەیە داتایەکمان پێدەبەخشێت، کە پێشتر ئەو بەناو رۆشنبیر و نووسەرانە نەیانخوێندۆتەوە و تەنها بەجەستە لەسەر کایەی رۆشنبیری حیساب بوون، ئەگەرنا خوێندنەوە پرۆسەیەکی بەردەوامە و هیچ بیانوویەکی گەرەک نییە تاکو بەدوای قەیراندا بگەڕێن.

قەیرانی خوێنەر و خوێنەری قەیران دوو کێشەی جودان لەبواری مەعریفیدا، رەهەندی یەکەم، کە خوێنەری قەیرانە، کۆمەڵگە بەرەو جەهالەت دەبات ئەگەر ئەم دیاردەیە بەردەوام بێت، چونکە خوێنەری قەیران بە خوێنەواری موناسەباتی دەوترێت، کە لە ئەنجامی خوڵقاندنی ئەو فەزا تەماویە، یان ئەو کەشە ئاڵۆزەی لێرەو لەوێ سەرهەڵدەدەن و ناچار دەبن بخوێننەوە، نمونەی سەردەمەکانی شەڕی ناوخۆ یان کەرەنتینە، یان فیراری زەمەنی بەعس…هتد.

قەیرانی خوێنەریش بریتیە لە نەبوونی خوێنەری جددی، یان ئەوانەی ئامادە نیین پارە لە کاغەز سەرف بکەن، بەکۆمەڵێک بڕو بیانوو، کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێ کرد، نموونەی ئێستای بەناو پایتەختی رۆشنبیری، کە خاونی ئەم رستە نامەعریفییەن، لەکاتێکدا زۆرێک لەخەڵکەکەی شەڕی وەدەستهێنانی ئەو نازناوەیان دەکرد شارەکە (پایتەختی رۆشنبیری) بێت، جیا لە چەند دەزگایەک بە ئاماژەی چەند سیاسییەک بەڕێوە دەبرێت بۆ مەبەستی تایبەتی و بەرژەوەندی تاک و حیزبی، هەر ئەمەشە وای کردووە هیچ دەزگایەکی چاپەمەنی یان رۆشنبیری نەچێتە سەر و لەنیوەی رێ مایەپوچ دەبنەوە.

خۆ ئەگەر بێت و ئەم فەزایە بە سەر شوێنەکانی تردا بگشتێنرێت.. ئەوکات دەبینین بەهەمان نەغمە گۆرانی بۆ یەکتر ئەڵێن و قەیرانی خوێنەر دەبێتە ئەمری واقیع.

بۆیە بەشێکی زۆر لە خوێنەری ئاسایی، بەپاڵپشتی ئەوەی قەیرانی بەردەوام هەیە، نابینین روو بکەنە کتێبخانەکان بەمەبەستی کڕینی کتێبێک، یان بەدوای دەقێکەوە بن بۆ ئەوەی بتوانن هەڵسەنگاندنێک بکەن، یان بەراوردکاری و جیاوازیەک لەنێوان دەقی رەسەن و دەقی دروستکراو بکەن، یان جیاوازی لەنێوان ئەو بابەتانە بکەن، کە بەگڵۆپی سەوزی حیزبی دێنە چاپکردن.

لەقەیراندا ئاساییە خوێنەر دووچاری دوورکەوتنەوە بێ لە خوێندنەوە، چونکە ئەوکات ئینسان سەرقاڵی خۆ رزگارکردنە لە کێشەکانی رۆژ، بەڵام لۆژیک نییە خوێنەر بەدوای قەیرانەوە بێت تاکو بخوێنێتەوە، ئامانجی سەرەکی قسەی ئێمە لەسەر ئەم پنتەیە.

ئەم حاڵەتەش هۆکاری هەمە چەشنی هەیە، ناکرێ قەتیس بکرێ لەچەند خاڵێکدا، چونکە خوێندنەوە دەرهاویشتەی بەشێکی نەبڕاوەی قەیرانی شارستانیەتە، یان روونتر بڵێین بۆ خۆی دیاردەیەکی شارستانییە و سەرەتایەک بووە بۆ وەدەستهێنانی مەعریفە و پێکەوەیی و کەرەستەی رۆژانەی پەیوەست بە گەشەی کۆمەڵایەتی و ئابووری…تاد.

لایەنێکی دیکەی قەیران ئەوەیە، کە کوردی خوێن و عەرەبی خوێن، بیانووی ئەوەیان وەرگرتووە، کە دەقەکان بەزمانێکی خراپ نووسراونەتەوە، ماوەیەکی زۆر بەهۆی بڵاوکراوەکانی بابەتگەلێکی عەرەبی یان ئینگلیزی..هتد، کە دەکران بەکوردی، دیارە مەبەست لە نەوەی شەستەکان و هەفتاکانی سەدەی رابووردوو، کە ئێستا کتێبێک دەبینن کراوە بەکوردی، دەڵێن لەزەمەنی خۆیدا بەزمانی عەرەبی خوێندوومانەتەوە، لەراستیدا ئەوان نەیان خوێندۆتەوە، بەڵکو تەنها ناو و ناونیشانەکەیان بیستووە، بۆیە ئێستا هەرچی زیاترە بەپەلە دەیخوێننەوە.، کەواتە پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی لەکاتی سەپێندراودا وەکو کاتی کەرەنتینە کردن خوێ درووست دەکاتەوە، وەڵامی ئەمە بەگومانێک دەستپێدەکات، کە رابردووی ئەو تەرزە خوێنەرە هەمان ئێستایە کە دەیبینین.

ماوەیەکە لەناو توێژی نووسەران کۆمەڵە کەسێک پەیدابوونە، کە پێشتر کتێبیان دەکڕی نەیان دەخوێندەوە، کەچی ئێستا لەم سەردەمی کرۆنایە مێشکیان بردووین گوایە خەریکی خوێندنەوەن، لەکاتێکدا دێن کتێبی دەستی دوو دەخوێننەوە، چۆن خوێندنەوەیەک، ئەویش تەنها گێڕانەوەی حیکایەتی ناو دەقەکان دەخوێننەوە، یان هەر کوردی ئەخوێننەوە لەکاتێکدا ئەبێ نووسەر لە خوێنەری ئاسایی جیابێتەوەو بزانێ بەهای تیوری نووسین چی یە.

بۆ نمونە.. کاتێک مارکیز ئەخوێنینەوە یان کافکا یان سارتەر یان نەجیب مەحفوز یان هارۆکی موراکامی، دەبێ جیایان بکەینەوە، چون هەریەک لەمانە ستایڵی نوسینیان سەر بە تیۆرێکن، هەیانە واقیعیە یان خەیاڵیە یان واقیعی ئەفسانەیی یان پەروەردەییە یان رۆمانی مۆدێرنە…تاد، نموونەش ئەوەیە کاتێ جەنگیز ئەتیماتۆڤ ئەخوینینەوە دەبێ بزانین بۆچی لەرۆمانی ماڵئاوا گوڵساری ئەسپ وەکو کارێکتەری سەرەکی لە جێگەی مرۆڤە .

قسەکردن لەبارەی دەقەوە چێژی خۆی هەیە، هەروەها تێڕوانینیش لەکاتی خۆیدا بۆ نووسەر بەهای خۆی هەیە، سەربەخۆیش مەرجێکە لەمەرجەکانی ئایدیای خوێنەر، تاکو بزانێ ئایا چ جێگەوڕێگەیەکی گرووپ بەندی گرتووە، ئەم خوێنەری قەیرانە هیچ یەکێک لەو مەرجانەی تیانییە، ئەگەر گرووپ بەندیش بکات، چونکە هەم خوێنەر و هەم نووسەر، دوو کارێکتەرن، کە دەبێ‌ پەیوەست بن بەئایدیاوە، ئەمە قسەی سارتەرە لە کتێبی ئەدەب چییە.

بەلایەنی کەمەوە بۆ خوێنەر دەبێ‌ بزانێ‌ بۆچی رۆمانێک یان دەقێک زووتر کاریگەری لەسەر فکری دەکات یان بۆچی نایکات، بۆ نموونە کۆنستانتین گۆرگیۆ لەرۆمانی کاتژمێر 25 باس لە بەمیکانیک بوونی مرۆڤ دەکات، ئەمە پێشبینی نووسەرە، هەروەها ئەلیۆت لەدەقی شیعری وێرانە خاک دابڕانێکی لەگەڵ رابردوو درووستکرد، کە کاریگەری لەسەر خوێنەر دانا، کافکا لە رۆمانی ئەمریکا پێشبینی ئەوەیان کردووە، کە مرۆڤ ئەگاتە ئەو قۆناغەی کە بوونی زیادە، بۆیە خۆکووشتن باشترین چارەسەرە، ئەمە ئایدیایەکی تایبەتە، کە خوێنەر بەلای خۆیدا رادەکێشێ، لەکاتێکدا ئەم دەقانە پێش و پاشی شەڕی سارد نووسراون، کەچی خوێنەری قەیران لەبری ئەوەی چێژی ئەو دەقانە لە نووسینەکانیاندا رەنگبداتەوە، تازە بەتازە هاتوون بەزمانی شکاوی کوردی ئەم تێکستانە دەخوێننەوە، لەکاتێکدا دەبوو خوێندنەوەیان بۆ بکردایە، کەچی بەپێچەوانەوە وەک بڵێی خاوەنی ئەو دەقانە دوێنێ نووسیبێتیان، ئەمەش بۆ خۆی بەڵگەی ئەوەیە لە سەردەمی خوێنەری قەیرانین، نەک قەیرانی خوێنەر، خوێنەری سەردەمی قەیرانیش لەکاتی بەسەرچوو ئەخوێنێتەوە، مەبەست لەکاتی بەسەرچوو، ئەو کاتەیە کە زەمەن هیچ بەهایەکی نەماوە، ئەگەرنا دەبوو ئەو خوێنەرانە، کە تەمەنێکە لەنێو خوێندنەوە و نووسین بوونە، یادەوەرییان هەبوایە لەگەڵ ئەو تێکستانە.

هیچ نووسەرێک یان هیچ خوێنەرێک لە قەیراندا فریای ئەوە ناکەوێ دەقێک بەراوردی دەقێکی تر بکات، یان کێ پێش ئەوی تر نووسیوێتی، بۆچی نووسراوە..؟ لەبەر ئەوەی ئەم خوێنەری قەیرانە لەزەمەنی خۆیاندا شارەزای دەقی رەسەن نەبوونە، بۆ نموونە ئەگەر جاک بریڤەریان نەخوێندبێتەوە نازانن مانای دەقێک چیە و بۆچی پڕیەتی لەجیاوازی رەگەز، وەختێ ئەمانە نەخوێنرابێتەوە، بەم کاتە درەنگە فریای بەراوردکاری ناکەون، ئەگەر بێت و دەقەکانی فلۆبیر نەخوێننەوە، حەتمەن ناتوانن پەتاتە خۆرەکانی فەرهاد پیرباڵ بەراورد بکەن، چونکە ئەسڵەن پێشتر نەیان خوێندۆتەوە.

لە چێژی خوێندنەوەشدا ئەگەر کەسێک توخمی فیکری ئەدەبی نەخوێنێتەوە ناتوانێ بخوێنێتەوە، بۆ نموونە ئەگەر بێت و کتێبی 3 وتاری رۆڵاند بارت یان کتێبی چێژی دەق نەخوێنیتەوە، حەتمەن نازانی چێژ چییە.

بۆیە خوێنەری ناو قەیران لەم تیورانە تێناگات، چونکە فیکری ئەدەبی ناخوێنێتەوە، لەدەرەنجامدا تەنها ئەتوانن بڵێن دەقێکی خۆشەو هیچی تر، بەوپێیەی چێژی خوێندنەوە فیکری نوێ بەرهەمدێنێ‌ نەک بەم چەشنەی ئێستا باسی لێوە دەکەن.

رۆماننووسی نوێ بەهەموو ئیمکانییەتێکی یان بەتەوزیف کردنی یادەوەری خودی خۆی بە حەبکە و کەرەستەکانی رۆمان شوناس بەدەست دەهێنێ‌، خوێنەری قەیران پێی وایە بە ئینشا یان پەخشان نووسین ئەتوانێ رۆمان بنووسێ، یان پێی وایە بە چیرۆک کردنی شیعر یان بەشیعر کردنی چیرۆک توانیوێتی دەقێک بنوسێ، لەکاتێکدا ئەمانە هونەری نووسینن.

هونەری نووسین لەقەیراندا خۆی بەرجەستە ناکاتەوە بۆ ئەوی تری خوێنەر، بۆ نموونە ئەوە بۆتە باو، کەخوێنەری قەیران هەموو دایکێک بە میهرەبان دەناسێ‌ و هەموو باوکێکیش بە زاڵم، ئەمە تێنەگەیشتنە لەهیومانیزم، بەوپێیەی کە خەسڵەتی مرۆڤ باش یان خراپ لەنێوان نێر و مێ‌ جیاوازی ناکات، بۆیە بەرجەستەکردنی دایک وەکو میهرەبانێک لەدەقەکاندا بەوپێەی یەکەم خاوەنی یادەوەری منداڵە، باوکیش لەکۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی خاوەن دەسەڵات و زاڵمە، ئەمە بۆتە سەوابتی بیرکردنەوە، لەکاتێکدا ئەم بیرۆکەیە زۆر سۆزدارییە نەک مەعریفی، چونکە لە ئەدەبدا ئەوپەڕی بێ سلوکی ئەگەیەنێ نێر و مێ‌ جودا بکرێتەوە لە رەفتار، باشترین نمونەش لەو جیاکارییە نا لۆژیکیە لە دەقەکانی شێرزاد حەسەن دەبینین، کە لەراستیدا حیکایەتی جێگیر لای دایکە و حیکایەتی جوڵەریش لای باوکە، باشترین نموونەش نۆڤلێتی (حەسار و سەگەکانی باوکم) ە.

لەقەیراندا جۆرێکی تر لە نووسەرمان هەیە لەبەر بێ کاری دێت ئەم بنێشتە ئەجوێتەوەو جارێکی تر جیاوازی نێوان نێر و مێ لە ئەدەبدا ئەکەن، بۆ نموونە ئەگەر وشەی سێکس لە نووسینەکەی دەر بهێنین وەک ئەوە وایە هیچی نەچنیبێت، ئەمە دەیسەلمێنێت کە خوێنەر لەپێناوی چەپاندنی سێکسی دەخوێنێتەوە، کە کاری هەرزەیە، نەک خوێنەری جددی، بۆیە نووسەریش ئەو داواکارییە وەکو بەندبێژی گۆرانی لەنووسینەکانی رەنگدەداتەوە.

کافکا لە رۆمانی ئەمریکا لەسەر کێشەی لە بیرچوونی یەک جانتا لەلایەن کارڵ ماڵسۆوە دنیایەک بیانۆ دێنێتەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ کلارادا حیوارەکە بەردەوام بێت، کەچی ئەوەی مایەی نەنگیە رۆماننووسی ئێمە بۆ سوێندیش یەک حیواری سەرنجڕاکێش پێشکەش ناکات، ئەو پرسیارەش دێتە پێشەوە بۆچی رۆمانی کوردی گرێیەکی تیانییە خوێنەر لەسەری هەڵوەستە بکات و بچێت وانەیەک لەلای فرۆید یان یۆنگ یان جاک لاکان بخوێنێتەوە.

خوێنەری قەیران هەر بەرووکەش دەخوێنێتەوە، هەر بەسەتحیش ئەنووسێ، بۆیە بەردەوامیان تێدا نییە، بەواتای درێژدادڕی یان بەکارهێنانەوەی جوڵەکان لە زمانی رۆژانە.

ئانا کارنینا ئەڵێ ئەگەر کتێبێک دووجار پێت نەخوێندرایەوە، بۆ یەک جاریش موستەحەقیت نییە بیخوێنیتەوە، چونکە فەلسەفەی ناو چیرۆکەکە ناتگەیەنێتە حیکمەتی بابەتەکە، نووسەر دەبێ لە قسەکانیدا حیکمەی هەبێ، ئەگینا هەموو کەسێک ئەتوانێ بنووسێ و ببێتە نووسەر لە رووە گاڵتەجاڕییەکەوە، لەکاتێکدا لەنێو ئەو هەموو ئاڵۆزی و فرەیی لەقەیرانەکان، مەبەست لەقەیرانی رۆژانە و ئەتوانین بڵێین نقومبوون لەنێو قەیرانەکان لە زۆرێک لەسەردەمەکان، دەبوو نووسەری کورد باشترین دەقی بنووسیبا، ئەمە لەناو هونەرمەندانیشدا دەبوو باشترین شانۆ فیلم مۆزیک گۆرانی نیگارکێشی.. هتد، بەرهەم بهێنرابا، کە ئەویش بۆ خۆی جۆرێکی ترە لە گوتاری ئاڕاستەکراو بە رووی گوێگر و بینەر، ئەمە بۆ خۆی دەلالەت لەوە دەکات، کە هەموویان لەگەڵ ئەدەب و خوێندنەوەدا راستگۆ نیین، لەکاتێکدا زۆربەیان کتێبخانەیان هەیە وەرشەیان هەیە ستۆدیۆیان هەیە، ئێستا بۆمان دەرئەکەوێ ئەمانە خوێنەر و گوێگری قەیرانن.

دیارە مەبەست لەهونەر رووی دەمم لە رەسەنایەتی نییە، نموونەی ئەو مەقام و گۆرانیە و بابەتە توحفە ئاساکانی فۆلکلۆری کوردی نییە.

لایەنێکی دیکەی قەیرانی خوێندنەوە، ئەوەیە کەسێک نابینین پەنجە بۆ بەراودکارییەکان ببات و قسەی خۆی هەبێ، لەبەرامبەردا وەک بیانوویەک دەڵێن باوی ئەدەبی بەراوردکاری نەماوە، کە دەبێ لەهەموو کاتێکدا گرنگی بەم تەوەرە بدرێت و لە بڵاوکراوە و گۆڤار و موناقەشەی رۆژانەدا رەنگبداتەوە، بۆئەوەی کە خوێنەر چیدی بە دەقی وەرگیراو یان لاسایی کردنەوە خۆی سەرقاڵ بکات و زەمەن بەفیڕۆ بدات.

بۆ کۆی ئەو رەهەندە ئەدەبییانەشی، کە بەمەبەستی جەدەلی ئەدەبی قسەمان ڵێوەکردووە، یان پەنجەدانان لە سەر کەموکوڕییەکانی رەوتەکە، دەکرێ ئاماژە بە پیاچوونەوەو باشترکردنی بکەین، کە هاوکات ئەمە لە جیهانی عەرەبی و رۆژهەڵاتی ناوینیش بەگشتی بوونی هەیە، کە زەمەنێکە وەکو دەردێک سەریهەڵداوە، هەروەک رۆژنامەنووسی عەرەب سەقەر ئەبو فەخر لە خوێندنەوەیەکیدا لە ژێر ناوی (عەرەب و خوێندنەوە) دا دەڵێت، یەکێک لە هۆکارە هەرە دیارەکان بۆ ئەم کێشەیە، غیابی پڕۆژەی سەرهەڵدانەوە و بەرتەسککردنەوەی رۆڵی بزووتنەوەی سیاسی ریشەییە، هەروەک ئەبینین لێرەیش، لەم جوگرافییەی خۆماندا بەهەمان حاڵەتدا تێدەپەڕین، کە مەبەست لێی خستنەوە سەر ئاقار و رێڕەوی درووستی خۆیەتی.

کاتێک لێرەوە زانیمان خوێنەری قەیران کێیە، دەتوانین حوکمیش بەسەر قەیرانی خوێندنەوە بدەین، چونکە قەیرانی خوێندنەوە لەئەنجامی ئەو دۆخەوە سەرچاوەی گرتووە، کە نەوەی پێش خۆیان بەم ستایڵە مامەڵەیان لەتەک دەقدا کردووە، بۆیە کە داوای دەقێکی نایاب یان جوان دەکەین، ئەو بیانووە دێتەوە، کە هەرچییەک بنووسین و بەرهەم بهێنین، بەهای نییە، چونکە قەیرانی خوێندنەوەیە، ئەمە کاریگەری خوێنەری قەیرانە نەک قەیرانی خوێندنەوە.

گەڕان بۆ بابەت