کورتە باسێک... (رۆمانى بە ڕێگاوە)

دڵشاد کاوانی

هەرچەندە ئەم کتێبە لە ناو و ناونیشانەکەی تایبەت کردووە بە تەکنیکی گۆشەنیگا لە ڕۆمانەکانی بەختیار علی دا، بەڵام نوووسەر ڕاستەوخۆ ڕووی لەسەرجەم نووسەرانی کوردە و لە خەمی جواننووسی و ڕێک نووسی نووسەرانی کورد دایە، تاڕادەیەکی زۆر خرواتانی سەرکەوتوو بووە لەوەی کە زانیارییەکانی ورد و درشت بە نووسەران بگەیێنی.

"کتێبێک بۆ نووسەران"

"کتێبی تەکنیکی گۆشەنیگا لە ڕۆمانەکانی بەختیار علی دا" لە نێوان ویست و پێویست دا.

دڵشاد کاوانی

"کتێبی تەکنیکی گۆشەنیگا لە ڕۆمانەکانی بەختیار علی دا" ی د. مستەفا سالح مستەفا خرواتانی یەکێکە لە کتێبە نایابەکانی ڕەخنەیی کە گرنگی بە شێواز و تەکنیکی نووسین لای نووسەران و دیاری کردنی گۆشەنیگا لای نووسەران دیاری دەکات. ئەم کتێبە دەتوانم بڵیم ڕاستەوخۆ بۆ نووسەران نووسراوە و دەکرێ وەک رێبەرێکی نووسین یاخود سەرکەوتنی پایەکانی نووسین لای نووسەرانی کورد دیاری بکرێ. بەدەر لە وەرگێڕان زۆرن ئەو کتێبانەی بۆ خوێنەرانی کورد دەنووسرێن بەڵام کەمن ئەو کتێبانەی بۆ نووسەران دەنووسرێن، هەر بۆیە من وەک خۆم سوودێکی زۆرم لەم کتێبە زانستییە بینی هەرچەندە من ناچمە سەر ناوئاخنی لایەنی پلەی زانستی و ئەکادیمی کتێبی گۆشەنیگا، بەڵام ئەم کتێبە خوێندنەوەی بۆ نووسەران خۆی لە زەروورەت دەبینێتەوە. چونکە نووسەر زیاتر لە (١٠٠) سەرچاوەی جیهانی و (٣٧٩) پەڕاوێزی وەک بنەما بۆ بیر و ڕاکانی بەکار بردووە. بەمەش ئەرکیکی قورسی لە ئەستۆی نووسەران کەم کردۆتەوە، کە بە ئاسانترین شێوە نووسەران دەتوانن وەک بنەمایەکی زانستی پشتی پێ ببەستن، هەرچەندە ئەم کتێبە لە ناو و ناونیشانەکەی تایبەت کردووە بە تەکنیکی گۆشەنیگا لە ڕۆمانەکانی بەختیار علی دا، بەڵام نووسەر ڕاستەوخۆ ڕووی لەسەرجەم نووسەرانی کوردە و لە خەمی جواننووسی و ڕێک نووسی نووسەرانی کورددایە، تاڕادەیەکی زۆر خرواتانی سەرکەوتوو بووە لەوەی کە زانیارییەکانی ورد و درشت بە نووسەران بگەیێنی. بەتایبەتی دیاری کردنی گۆشەنیگا وەک چەمکێکی نا ئاشنا بە نووسینی کوردی، هەڕچەندە نووسەر خۆشی ئەو دەخاتە ڕوو کە بەر لەو چەند تێزی تر لەم بارەوە نووسراون، بەڵام هیچیان بە ئەندازەی تەکنیکی گۆشەنیگا لە ڕۆمانەکانی بەختیار علی دا لە ڕێباز و ڕێچکەکانی گۆشەنیگا لای نووسەرە جیهانییەکان بەو ئەندازەیە قووڵ نەبوونەتەوە. جگەلەوەی کە د. مستەفا لە هەردوو قۆناغی کلاسیک و رۆمانسییەت، هیچێک لە دیدگاکانی سەرکەوتوو، شکستخواردووی لەبیر نەکردووە، گۆشەنیگای لە سەرجەم ژانرەکانی چیرۆک شانۆنامە و ڕۆمان و دراماشی دەگرێتەوە. هەر بۆیە بە دیدگای من بۆ چیڕۆکنووس و ڕۆمانووس وشانۆنووس و سینارستەکانی کورد زۆر گرنگە بۆ سەرکەوتنی دەق لە گیڕاونەوەدا پێویستە ئەم کتێبە لە یاد نەکەن. ئەو نووسەرە جیهانییانەی کە خرواتانی دیقەتی لێگرتوونە لەوانە بۆرس زۆزبەنیسکی ڕووسی و ئیینبۆس و تۆدۆرۆف و نورمان فریدمان و هنری جیمسجۆن، بۆیۆن، بیرسی لوبوک، کلیس بروکس، جۆن بۆیۆن و روبێرت بن وارین. ئەوی جیگای سەرنج بوو لای من بەشێک لەو نووسەرانە درێژەی هەمان قوتابخانەی پیشووترن و کە لە ئەفلاتون و ئەرستۆوە دەستپێدەکات و بەشێکیشیان دژی ڕێچکەی یەکتر بوون. بەمەش د. مستەفا توانیویەتی بەرچاو ڕوونیەکی تەواو بخاتە بەردەست نووسەرانی کورد، کە پشت بە کام قوتابخانە و ڕێچکە و دیدگای گۆشەنیگاکان ببەستێ. ئەوەی ڕاستی بێت دەبێ ئەو راستییە بڵێین نووسەرانی کورد زۆر بە چڕی لەسەر شێوەوە و شیواز وبونیاد وەک گێڕەوەی ڕووداوەکان وەستاوون. هەر بۆیە دوای ئەم تێزە دەشێ گۆشەنیاش ببێتە بەشێک لە گەشەسەندنی هونەری تەکنیکی گێڕانەوە لای نووسەرانی کورد

دسته: هەواڵی هونەری