کڕۆنا و وشیاریی کۆمەڵگا

جیهان خۆی لە خۆیدا لە دووای هاتنی ترامپ، بەهێزبوونەوەی ململانێکانی نێوان ئێران و وڵاتانی عەرەبی، شەڕی یەمەن، قەیرانی سووریا، لەشکرکێشییەکانی تورکیا و ئاسەوارەکانی قەیرانی ئابووری جیهانی، جێگایەکی زۆر خۆش نەبوو کە دەردی کڕۆنایشی بەسەرداهات.

کڕۆنا کێشەکانی لە هەموو بوارەکاندا قووڵتر کردەوە، هەم لە جەنگ و هەم لە کێبەرکێ رقاوییەکاندا و هەم بەتایبەت لە بواری ئابووریدا.

چاوەڕوانیی ئەوە دەکرا کە ئەم پەتا گشتگیرە ببێتە هۆی رەچاوکردنی سیاسەت، کردار و رەفتارێکی تر لە ئاستی جیهانیدا، بەڵام نەتەنیا ئەمە نەکرا بەڵکو بەڕچاوەکردنی ئەو دۆخەی کە هەیە دەبینین جۆرێک لە بەخراپە کەڵک وەرگرتن لە هەلومەرجی ئیستا لە ئارادایە.

چاوەڕوانیی ئەوە دەکرا مرۆڤەکان زیاتر یەکتر بدۆزنەوە و دەوڵەتەکان بەرپرسایەتی زیاتر نیشانبدەن، بەلام ئەوەی هەیە لێکدووربوونەوەی زیاترمانە لەیەکتر.

هەم سیاسەت و هەم ئەخلاق زیاتر لەجاران بەتووش قەیرانەوە بوونە. کڕۆنا دەکرا دەرفەتێک بێت بۆ ئەوەی مرۆڤەکان لە ئاستی جیهانیدا زیاتر هەست بە یەکگرتوویی و هاوچارەنووسی بکەن، بەڵام دەوڵەتەکان بەم ئەرکەی خۆیان هەڵنەستان و نە تەنیا ناوەندێک بۆ خەبات لە دژی کڕۆنا سازنەکرا بەڵکو ناوەندە جیهانییەکانی وەک رێکخراوی تەندرووستیی جیهانیش لاوازکرا.

رەنگە مرۆڤ سەرئەنجام ئەم پەتایە تێپەڕ بکات، کە تێپەڕیشی دەکات، بەڵام گەر لەم بەڵایە ئەزموون وەرنەگرێ ئەوا ئەگەری پەتا چاوەڕواننەکراوەکانی تر لە داهاتوودا دەتوانێ ئەوەندەی تر داهاتووی مرۆڤ تاریکتر بکا.

ئەوە ئەرکی رێکخراوە مەدەنییەکانە کە هەر لە ئیستاوە پلانیان بۆ رۆشنگەری لەم بوارەدا هەبێ و بەردەوام وڵاتان و بیروڕای گشتی سەبارەت بەم مەترسییە وشیاربکەنەوە.

لۆژیکی دەوڵەتەکان زۆرتر لە دەوری ئابووری و قازانج دەسووڕێتەوە و ئەوە ئەرکی کۆمەڵگا خۆیەتی کە بە بەرنامەوە بەرەوڕووی داهاتووی خۆی هەنگاو هەڵبگرێ و فشار بۆ دەوڵەتان بێنێ هەر لە ئیستاوە ئامادەیی وەها دۆخێکیان هەبێ.

سایتی قەڵەم

٢٠ مانگی نۆی ٢٠٢٠

 Korona - informasjon til foreldre om skolehverdagen

بازدید: 2034