توتالیتاریزم لە ئەدەبدا

یەڤگنی زامیاتین Yevgeny Zamyatin (١٩٣٧ ـ ١٨٨٤)، نووسەری رووسی خاوەن رۆمانی 'ئێمە'یە کە لە کاتی شۆڕشی روسیا بوو بە بۆلشویک و، لە شۆرشدا بەشداری کرد. دوواتر بەهۆی نووسینی ئەم رۆمانەی لە ساڵەکانی ١٩٢١ و ١٩٢٢، کە نەیتوانی لە رووسیا چاپی بکا بەناچار لەسەردەمی ستالین رووسیای جێهشت و سەرئەنجام لە ساڵی ١٩٣٧ لە پاریس لە دوورەوڵاتیدا کۆچی دووایی کرد.

ئەوەی جێ سەرنجە ئەوەیە رۆمانی 'ئێمە' ئیلهام بەخشی جۆرج ئۆروێل لە نووسینی رۆمانی '١٩٨٤'ە. لە راستیدا ئەوەندەی کە رۆمانی ١٩٨٤ی جۆرج ناوبانگی دەرکرد رۆمانی 'ئێمە' دەرینەکرد و، رەنگە ئەمە زیاتر بۆ کارتێکەریی دەزگای رێکلامەیی رۆژئاوا بگەڕێتەوە بۆ هێنانەگۆڕی زیاتری کلتوری خۆیان و بڵاوکردنەوەی لە جیهاندا.

رۆمانی 'ئێمە' زیاتر وەسفی و باسی کۆمەڵگایەکی تۆتالیتارە. کۆمەڵگایەک کە دەوڵەت کۆنتڕۆڵی بەسەر هەموو شتێکدا هەیە و لە راستیدا تاک فەرامۆش دەکرێ و دەبێ بە پاشگری دیاردەیەکی گشتگیر بە ناوی دەوڵەت.

یەڤگنی زامیاتین لەسەردەمێکدا دەژیا کە توتالیتاریزم لە ئۆرووپا تازە خەریکی گڕوگاڵی خۆی بوو و ئەو بە وشیاریی خۆی توانی لە دووتوێی رۆمانێکد وەسفی بکا.

رۆمانەکە دیارە وەک هەر دەقێکی ئەدەبی تر لە وەسفەکانیدا ئەوەندە زێدەڕۆیی دەکا کە رەنگە نەتوانین هەموو کۆمەڵگای سۆڤیەت لەژێر ئەم ناوەدا کۆبکەینەوە، بەڵام لەهەمان کاتدا ئەوە نیشاندەدا کە ئەدیبان چەندە دەتوانن لە دۆزینەوەی ئەو دیاردانەی وا کۆمەڵگای مرۆڤایەتی دەخەنە ژێر کاریگەریی خۆیانەوە، بەشداری چالاکانە لە ناسینیدا بکەن.

هەڵبەت هێربێرت مارکۆزە، بیرمەندی مارکسی، دوواتر چەمکی توتالیتاریزمی گەشە پێدا و تەنیا لە چوارچێوەی ئایدیۆلۆژیادا نەیهێشتەوە و برەوی دا بۆ پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان و، لێرەوە کۆمەلگای کاپیتالیستیی رۆژئاوایشی خستە ناو وەها چوارچێوەیەکەوە.

لە هەر شوێنێک دەوڵەت دەیەوێ هێزی تەواو پەیدابکات ئەوا ئێمە خۆبەخۆ لەگەڵ دیاردەیەک بە ناوی تۆتالیتاریزم رووبەڕوو دەبینەوە. بۆیە دەبێ وشیاربین کە چەمکی دەوڵەت پانتاییەکی وەها داگیرنەکا کە تاک لە تایبەتمەندیەکانی خۆی وەک تاک داماڵدرێ.

سایتی قەڵەم

٢٥ مانگی نۆی ٢٠٢٠

 upload.wikimedia.org/wikipedia/commons/thumb/0/...

بازدید: 2249