خەون و راستی

خەون و راستی

نە تەنیا شۆڕشگێڕەکان، بەڵکوو هەموو مرۆڤەکان بە جۆرێک لە جۆرەکان خەون دەبینن، خەون بە ئارەزووە رەنگاوڕەنگەکانی خۆیانەوە، ئەو ئارەزووانەی کە لای شۆڕشگێڕەکان گشتگیرترێکن و زیاتر رواڵەتی سیاسیانەی هەیە و، لای تاکەکانیش دەکرێ زیاتر خەونی تاکەکەسی بۆ وێنە لە بوارەکانی خۆشەویستی، یارمەتیدان، بنەماڵە و خۆ بێت. خەون وەک "لەنگستۆن هیوز" شاعیری ئەمریکائی وەسفی دەکا ئەو شتەیە کە بە بێ ئەو، ژیان باڵندەیەکی باڵ شکاو و دەشتێکی رووتەنی سەهۆڵینە.

 

 

 

بەڵام خەون هەر لەوەدا جوان و سەرنج راکێش نیە کە رۆژێک دەتوانی بیگەیتێ، بەڵکوو خەون زیاتر رەمزی جوانییەکەی لەوەدایە کە خۆی لە خۆیدا جوانە، تەنانەت بە بێ ئەوەی پێیشی بگەی. خەون واتە دەکرێ خۆی لە خۆیدا ئامانج بێت. وەک چۆن "مارسل پرۆست" ی فەرەنسی دەڵێ: "... وەکو ئەو کەسانەی کە سەفەر دەکەن و تا شارێکی دڵخوازی خۆیان دەبینن، پێیان وایە کە دەتوانن جوانیی خەون لە واقعییەت و راستی دا ببینن."١

وەک دەبینین لە گەڵ پێداگریی هەر دوو ئەدیب لە سەر خەون، تا رادەیەک دوو جۆرە سەرنجیشیان لە سەری هەیە: لەنگستۆن هیوز وا دەنوێنێ کە خەون جگە لەوەی مانا بە ژیان دەدا بەڵکوو دەکرێ دەستەبەریش بکرێ، بەڵام پرۆست هاودژییەک لە نێوان خەون و راستی دا دەبینێ، وەها کە ناکرێ جوانیی خەون لە راستییەکاندا ببینینەوە.

لە گەڵ ئەوەی کە هەر دوو ئەدیب ئاماژە بە خاڵێکی گرینگ دەکەن (گرینگیی خەون)، وا پێدەچێ ژیانی مرۆڤ زیاتر لە هەر شتێک بریتیە لەو ساتانەی وا تێیدا دەژی و هەر بۆیە ئەو ژیانەی جوانە وا ساتەکانی ئیستای بە ئارەزووەکانییەوە گرێدەدا و هەر بۆیە ئەگەرچی هێشتا پێی نەگەیشتووە، بەڵام دەکرێ ساتەکانی هەنووکەی ژیانی جوان بن.

رەنگە لە ژیاندا هیچ بەهەشتێکی راستەقینە دەست نەکەوێ. ژیان ئەوەندەی بریتییە لە ماندوو بوون و هەوڵدان بۆ بە واقع کردنی پۆتانسیەلە ئینسانییەکانی مرۆڤ، رەنگە هیچ شتێکی تر نەبێ. بەهەشت هەر ئیستاکەیە، بە و مەرجەی وەها بژین کە هەست بکەین مرۆڤایەتیمان لە پرۆسەی ژیانماندا پێشێل نەکراوە.

سایتی قەڵەم

٢٦ یانواری ٢٠١٥

 

ژێرنووس:

 

١ـ در جستجوی زمان از دست رفتە. مارسل پروست. لاپەڕەی ٦٦