ما 2829 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

رزگار لوتفی

وەک بوولێڵی بەیان لام ناڕوونە کە باوکم هەمیشە دەیگووت: یاخودا جوولەکەکانی فەلەستینیش رێیان نەکەوێتە نووسینگەی ئەو سمێڵ سوورە لە خودا بێ‌خەبەرە! ناگا هەنگاو بنێتە هۆڵی نووسینگەکەوە لە مێژە گووردراوە و کەوڵکراوە و پێستەکەی لە مەزادخانەکاندا خراوەتە مەزاد! باوکم ئەیگووت: نەخەڵەتابن واهەست بکەن تەزبێحە درێژەکەی دەستی تەزبێحە! گەوج مەبن، مە! 

 

 

تا ئەو ئێوارەیەی بەڕێوەبەری نووسینگەی خانووبەرەی سەر کۆڵانەکەمان زمانی نەماشتەوە و بە زەردەخەنەوە نەیگووت: جەوان! گەر دایکت دی  سڵاوی منی پێ بگەیەنە، بە تەواوی دڵنیا نەبووم باوکم مردووە و مەحاڵە چی‌تر جارێکی دی بیبینمەوە، گەرچی ئەو چەقۆ زامندارەی پارێکە پاییز باوکمم پێکوشت ــ ئێستاش لە ژێرخانەکەی ماڵی خۆماندایە و هەرجارەو بۆ تێکردنی شەراب چووبێتمە خوارێ لە پێچەرۆکەکەیم کردۆتەوە و بە خوێنەوە لستوومەتەوە و لە کەلێنی دیوارەکەم رۆکردۆتەوە ــ دەبوا گەلێک زووتر دڵنیای کردبام کە ئەوە نییە بەم دەستانەی خۆم باوکمم کوشتووە و، بەم دەستانەی خۆشم جەستەییم شۆردووە و، هەر بەم دەستانەشم تەرمە بێ‌ نازەکەییم ناشتووە! بەڵام ئەی هۆکاری چ بوو کاتێک بوونی چەقۆ زامندارە خوێناوییەکە و ئەم دەستانەم ــ ئەم دەستانەی هەر جارێ خستبمنە بەر بەلووعە و تەمای شۆردنیانم بووبێ و ویستبێتم ئاویان پێ لە چاوانم پڕژێنم خوێناویان دەڵاندبێ و وڕ تاساندبێتمیان ــ باشترین هۆکار بوون بۆ راستەقینەبوونی مەرگی باوکم، بۆچ تا ئەو بەڕێوەبەرەی نووسینگەکەی سەر کۆڵانەکەمان ئەو فەرماییشتە ناڕەوایەی نەفەرموو ئاوا بە تۆخی لە سەر مردنەکەی باوکم یەکلایی نەبووبوومەوە و بە دڵنیایی تەواو نەگەییشتبووم؟! مەگەر هۆکار لەمانە زەقتر و بەرچاوتر دەست ئەکەوێ وا من نەزانانە پێملیان نەبووبووم و سەرسەرییانە لە پەنایانەوە تێپەڕبووبووم؟! یان ئەوەی بۆ پیاوی نەزان جۆرێکی‌ترە و ئەبێ هەمیشە بایەک لە لای نووسینگەیەکەوە راخووشێ و هەموو گیانی بلەرێنێ و ئۆقرە و حەژمینی نەهێڵێ ئینجا حەقیقەتی بای لا روون دەبێتەوە؟! ئەو بایەی ــ تا باوکمم نەکوشتبوو ــ هەمیشە لە بن سمێڵە چەخماخییە خەنەییەکەی بەڕێوەبەری نووسینگەی سەر کۆڵانەکەمانەوە راخووشاوە و من بۆم نەبووە هەستی پێبکەم یاخود بۆم بووە هەستی پێبکەم و خۆم نەمویستووە یان هەر جۆرە ئەراجیڤێکی بێ بنەما و بەتاڵ لە مانایەکی‌ دیکە. وەک بوولێڵی بەیان لام ناڕوونە کە باوکم هەمیشە دەیگووت: یاخودا جوولەکەکانی فەلەستینیش رێیان نەکەوێتە نووسینگەی ئەو سمێڵ سوورە لە خودا بێ‌خەبەرە! ناگا هەنگاو بنێتە هۆڵی نووسینگەکەوە لە مێژە گووردراوە و کەوڵکراوە و پێستەکەی لە مەزادخانەکاندا خراوەتە مەزاد! باوکم ئەیگووت: نەخەڵەتابن واهەست بکەن تەزبێحە درێژەکەی دەستی تەزبێحە! گەوج مەبن، مە! ئێوە بە باشی لێی ورد نەبوونەوە و لە جادووەکانی تێ ناگەن. بە شەرافەتم ئەو تەزبێحە درێژەی بەردەوام دەوری ئەکاتەوە خودی تەنافی قەنارەکەیە، ئەو تەنافی قەنارەیەی دایم بۆ لە سێدارەدانی پەککەوتە وهەژارەکان هەڵدراوە، تەنها پەککەوتە و هەژارەکان! بۆ دەوڵەمەندەکان هەمان خەتمکەری سوبحانەڵڵا لێو بزوێنەکانە و بەس. باوکم ئەیگووت: ئەگەر هەموو کاسبکارەکانی دونیا شەرافەتیان لە دەست دابێ، ئەم هەر لە بنەڕەتڕا شەرافەتی نەبووە تا لە دەستی بدات. گەر شەرافەتێکیش بوونی بووبێ، وەک مێش هەنگوینە لە پیاوی خۆی ئاڵاوە و هەرگیز رووی لە مووبۆرێکی چاوشینی لەو چەشنە نەکردووە. باوکم ئەمانە و زۆر شتی دیکەشی دەگووتن و کاتێکیش دەیخستنە بەر باس و لێیان ئەدوا کە دایکم لە دانیشتنەکەیدا بوونی هەبوو و، تیشکی هەتاو چوون رایەڵێکی ئەستۆندکی لاییتێکی دەستی، بە زێڕی سیمایدا رادەبوورد و لە سەر زولفە رەشە پڕبریسکەکەی دەمۆڵی. مۆڵینێک ئێستاشی لە گەڵدا بێ؛ گەر گەرووی باوکمی بە نووکی چەقۆیەکی زامندار ئاشنا کرد، بێ گوومان زگی ئەو بەڕێوەبەرەی نووسینگەی خانووبەرەی سەر کۆڵانەکەشمان دەکاتە خەزێنگەی فیشەکگەلی دەم تەڵا و نوقرەیی.

 

٧/١١/٩٣

 

 

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت