چیرۆک

تامی ژیان

فەڕۆخ نێعمەتپوور

لەپاش ماوەیەک رۆیشتن گەیشتبوونە شوێنێکی چڕی ناو دارستانەکە. لێرە دەنگی سیسرک و قرپۆک و بوونەوەرە وردیلەکانی تر سەریان لە ژیان سەندبوو. پاش کەمێک رێکردنی تر کە بۆ مارەکە ئاسان بوو و بۆ حەوا دژوار لە شوێنێک لەبەردەم درەختێکی گەورە و یەکجار جوان راوەستابوون

 

تامی ژیان

فەڕۆخ نیعمەتپوور

 

تا چاو کاریدەکرد درەخت و سەوزەڵانی و گووڵستان بوو. ئاسمانی شین و روون وەک گومبەزێک گەردوونی لە ئامێز گرتبوو. لە هەموو شوێنێکەوە دەنگی زوڵاڵی هەڵقوڵینی کانی و ئەو جۆبارانە دەهات وا بە ناو درەختەکاندا رادەخوشان و دونیایان بە ئاهەنگی سیحراویی خۆیان لێواولێوکردبوو.

بەڵام ئادەم و حەوا بەمەیان نەدەزانی. لای ئەوان هەموو شتێ وەها بوو کە دەبێ ببێ. نە دەیانزانی ئاسمان جوانە و نە بە دیمەنی سروشت سەریان سوڕدەما. هەموو شتێک تا ئەوپەڕی خۆی ئاسایی و بێ تام و بێ لەززەت بوو. تەنانەت کاتێ سەیری عورەتی یەکتریشیان دەکرد ئەوانیش شتێک بوون وەک هەموو شتێکی تر،... وەک دار و بەرد. نە مەمکی قوت و خڕی حەوا سەرنجی ئادەمی رادەکێشا و نە شان و باهۆ، ران و سمت و بەرەتووکی ئادەم سەرنجی حەوا. هەموو شتێک تا ئەوپەڕی خۆی بەدوور لە هەست و ئیحساس بوو.

ئەوان بە دووانە رۆژ تا ئێوارە دەسووڕانەوە و لە میوەی درەختەکانیان دەخوارد. ئاژەڵەکانیان دەلاواندەوە، بە گووڵەکان یارییان دەکرد و بگرە ئاگریشیان نەبوو. بۆیە هەر شەو دەهات لە بن درەختێکدا لەسەر چیمەنی بۆن خۆش کە ئەویش هیچ لەززەتێکی لەواندا هەڵنەدەخڕاند رادەکشان و تا هەتاو هەڵدەهات لە باوەشی بێتامی یەکتردا دەخەوتن.

بگرە ئاژەڵەکانیش یەکتریان نەدەخوارد. ئەوان بە هەوا دەژیان و کەسیان تەمەحی یەکتر هەڵدڕینیان لەوی تر نەدەکرد. دونیا شامی شەریف بوو و خودا خۆشحاڵ لەو دونیا کامڵ و بێ نەقسەی دروستی کردبوو لە دوورەوە لە مەخلوقەکانی خۆی دەڕوانی و رازی چاوی لێ دەتروکاندن.

بەڵام دونیاکە ئەوەندەیش کامڵ نەبوو. خودا ئاگای لە بێتاقەتیی ئادەم و حەوا و بەتایبەت بێ تاقەتییەکانی حەوا نەبوو. راستییەکەی ئەوە بوو هەر لە رۆژی یەکەمەوە کە پێیان گوترابوو لە درەختە قەدەغەکە نەخۆن، ئەو زەین و فکری هەر لە لای بوو و جاروبارە پێش خەوتن یاخود بە دەم پیاسەوە بە قووڵی بیری لێکردبووەوە. ئادەم وانەبوو و بێ خەیاڵ دەهات و دەچوو و ئەو کاتانەیش وا حەوا سەری باسەکەی لەگەڵ دەکردەوە، دەیگوت واباش نیە بچین و کەمێک تووتڕک بچینینەوە و ئەوسا لە گۆمی بەر قەڵبەزەکەدا کەمێک مەلە بکەین!

لەهەموو خراپتریش شەوانە بوو. حەوا ئاگای لێبوو کاتێک دونیا تاریک هەڵدەگەڕا لە قووڵایی ئاسمان لەو دووردوورانە گۆیەکی خڕی شین و گەش دەردەکەوت و وەک مروارییەک دەدرەوشایەوە. گۆکە زۆر جوان بوو. ئەو، کاتێک ئادەم دەخەوت، بە راکشانەوە تا درەنگان لێی رووانیبوو. بگرە ئەمە ببووە هۆی ئەوەی کەمکەم بە هۆی بەئاگابوونەوە عادەت بە شەو بگرێ و وەک دونیایەک کە خاوەن جوانی و سەرنجڕاکێشیی خۆیەتی، لێی بڕوانێ. جاروبارە هەستابووە سەرپێ و بە دزیی ئادەمەوە کەمێک لە تاریکیشدا گەڕابوو. باغی عەدەن بە شەو جوانییەکی تری هەبوو.

لە یەکێک لە گەڕانەکانی شەوانەدا بوو بەتووش مارێکەوە ببوو. مارێکی گەورە و رەشی چاوگەش کە کراژەکەی لەبەر تیشکی مانگدا وەک زێڕ شەبەق شەوقی دەدایەوە. ئادەم هەستی کرد شتێک لەم مارەدا هەیە کە لەوانی تری جیادەکاتەوە. جۆرێک لە ساردی و لە فێڵ لە چاوەکانیدا بوون. بە مارەکەی گوتبوو:

ـ ئەوە بۆ ناخەوی؟

ـ ئێمە بەشەو دەگەڕێین،... حەزمان بە شەوە.

ـ ئەها نەمزانیبوو.

ـ بەشەو چی ئەکەی؟

ـ هیچ،... تەنیا دەگەڕێم، وەک تۆ وەک ئادەم.

حەوا بێدەنگ ببوو. سەرێکی هەڵبڕیبوو و لە ئاسمانی رووانیبوو. مارەکە گوتبووی:

ـ بێتاقەتی؟

حەوا کە نەیدەزانی بێتاقەتی چییە و ئەم وشەیەی قەت بەر گوێ نەکەوتبوو، گوتبووی:

ـ بێتاقەت! مەبەستت چییە؟

مەبەستم ئەوەیە نازانی چی بکەی، لە نێوان شتەکاندا سەرگەردانی، هیچ شتێک خۆشیت پێ نابەخشی، حەزدەکەی شتێکی تر بکەی شتێک ـ جیاوازتر لەوەی تا ئیستا کردووتە...

ـ ئەها ئیستا تێئەگەم.

ـ لەگەڵم وەرە شتێکت پیشان بدەم.

ـ ناتوانم، ئادەم خەبەری دەبێتەوە و نیگەران دەبێ.

ـ زۆرمان پێناچێ، ئیستا دێینەوە.

حەوا لایەکی کردبووە و لە دوورەوە لە ئادەمی رووانیبوو کە هەروا لە سەر چیمەنەکە خەوتبوو.

ـ زۆر باشە.

لەپاش ماوەیەک رۆیشتن گەیشتبوونە شوێنێکی چڕی ناو دارستانەکە. لێرە دەنگی سیسرک و قرپۆک و بوونەوەرە وردیلەکانی تر سەریان لە ژیان سەندبوو. پاش کەمێک رێکردنی تر کە بۆ مارەکە ئاسان بوو و بۆ حەوا دژوار لە شوێنێک لەبەردەم درەختێکی گەورە و یەکجار جوان راوەستابوون. مارەکە لایکردەوە و بەسەر ئاماژەی بە درەختەکە دابوو. سەرەتا حەوا لەبەر ئەوەی قەت بە شەو نیبینیبوو، نەیناسییەوە. بەڵام پاش کەمێک دەستبەجێ چووەوە سەری و بەسەرسوڕمانەوە بە مارەکەی گوت:

ـ بۆ منت بۆ ئێرە هێناوە، بۆ لای ئەم درەختە پیرۆزە. ئەگرچی زۆری بیر لێدەکەمەوە یەکجار دەمێکەیە نەمبینیوە، خوا کاتی خۆی پیشانی داین و ئیتر لەو کاتەوە قەت لەگەڵ ئادەم روومان نەکردووەتەوە ئێرە...

مارەکە بە پێکەنینەوە گوتی:

ـ هەڵەی ئێوە لێرەدایە. تا لەو میوانە، تا لەو سێوانە نەخۆی نازانی تامی ژیان چییە. خوا هەموو شتێکی داوە بە ئێوە جگە لە تامی ژیان نەبێ!

حەوا تووڕە گەڕایەوە. مارەکە هاواری لێکرد:

ـ من هەموو شەوێک لێی دەخۆم  و هیچیشم لێنەهاتووە!

حەوا راوەستا. لایکردەوە. لە مارەکە و لە درەختەکەی رووانییەوە. بیری کردەوە کاتی خۆی خوا لە خواردنی میوەی ئەم درەختە مەنعی کردبوون، بەڵام نەیگوتبوو لەبەرچی. ئەمەی کەمێک وەک بێ رێزی دەهاتە.بەرچاو. باشە خودا نەیدەتوانێ بڵێ بۆ؟

ئارام ئارام بەرەو لای مارەکە گەڕاوە. مارەکە گوتی:

ـ پێویست ناکا پیایا سەرکەوی، وەک دەبینی لە داوێنی ئەم درەختە پیرۆزەدا هەمیشە سێوی هەڵوەریو هەیە. هەمیشە ئەوەندە بەبەرهەمە کە لێی هەڵدەوەرێ.

دەنگی مارەکە گۆڕابوو. جۆرێک لە زیرەکییەکی تایبەت تیایا رەنگی دەدایەوە. چاوەکانی زیاتر دەبریسکانەوە.

حەوا لە درەختەکە نزیکتر کەوتەوە. لە سێوە هەڵوەریوەکانی رووانی. هەر وا گەش و جوان بوون. بە ئاستەمیش بێت نەڕزیبوون. چۆکی دایە سەر زەوی و یەکیانی هەڵگرت. کتوپڕ وێنەی گۆ مرواری ئاساکە، ئەوەی وا هەموو شەوێک سەیری دەکرد تیایا دەرکەوت. حەوا سێوەکەی فڕێدا. مارەکە هەروا چاوەڕوان بوو. حەوا پاش کەمێکی تر دیسان هەڵیگرتەوە.

بۆ سبەی کاتێک ئادەم لە خەو هەستا، سێوەکەی پیشاندا. ئادەم بە تەعەجوبەوە لێی پرسی:

ـ ئەوە پێش من لەخەو هەستاوی.

ـ سێوێکیشم بۆ هێناوی.

لە دووای ئەوەی لە رووبارەکەی بەردەمیان دەموچاویان شۆرد، لەسەر بەردێک دانیشتن و دەستیان کرد بە خواردنی سێوەکە. هەر کە تەواوبوون دونیا کتوپڕ تاریک هەڵگەڕا. بایەکی تووند هەڵیکرد و بارانێکی بەخوڕ دایکرد. هەورەتریشقەیەکی سامناک ئاسمانی دڕی و خودا لە پاش ساڵانی ساڵ دەرکەوتەوە. خودا کە بە زمانی هەورەتریشقە دەدوا لە عاسی بوونی ئادەم و حەوا ئاگاداری کردنەوە و وەک سزایش بڕیاری دا بیانێرێ بۆ زەوی. بۆ سەر گۆ مروارییەکە.

حەوا چاوەکانی گەشانەوە و ئادەم لە خەفەتا کەوتە سەر چۆک و گریا.

حەوا دانەوی و لە کاتێکدا هێشتا دنکێکی رەشی سێوەکە لە دەمیا دەهات و دەچوو و قووتی نەدابوو، گوتی:

ـ ژیان چەند بەتامە!

ئادەم سەری بەرزکردەوە و بۆ یەکەم جار لە سەرەتای خڵقەتەوە مەمکی قوت و لەش و لاری حەوا سەرنجی قۆستەوە.