ما 3820 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

سەرۆکی نەمر

لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نە دەوڵەتی نەتەوەیی بە مانا راستەقینەکەی خۆی دروستدەبێ، نە دەوڵەتی ئیسلامی، نە لیبراڵ دیمۆکراسی و نە سۆسیالیستی. لانیکەم تا هەنووکە. هەموو شتێک لە نێواندا ماوەتەوە. هیچ شتێک بە لایەکدا ناکەوێ. زۆر سادە رەنگە بەو هۆکارەی سەرۆکەکان نەگۆڕن.

کە سەرۆک نەگۆڕ بوو مانای ئەوەیە بەرەی نوێ لە پرۆژەکەدا بەشدارنیە. مانای ئەوەیە لە لای سەرۆک و دەورووبەرەکەی پرۆژەکە راوەستاوە و ماوەتەوە. مانای ئەوەیە نە باوەڕێک بە بەرەی نوێ هەیە و نە سەرۆک توانیوویەتی پەیامی خۆی بگەیەنێ.

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرزەمینی سەرۆکە نەمرەکانە. ئەوانەی حەزدەکەن وێنەیان لێبگرن، میکرۆفۆنەکان هەمیشە لەبەردەمی ئەواندا بێت، گەنجەکان بە چەکەوە هەمیشە پارێزگارییان لێبکەن و بە فیقە و چەپڵە راستیی وتەکانیشیان بۆ بسەلمێنن. تەنانەت نەیارەکانیشیان بۆ بکۆژن.

ئەمە تەنیا دەسەڵات ناگرێتەوە، بەڵکو دژبەرانی دەسەڵاتیش دەگرێتەوە.

لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئازادیکوژ و ئازادیخواز کۆیلەی چەمکی 'سەرۆکی نەمر'ن. بە بێ سەرۆکی نەمر رێ وندەکەن. تەنانەت خۆیشیان وندەکەن.

سەرۆکی نەمر ئاوێنەی باڵانمای کووشتنی ئەندێشە و لەناوبردنی جورئەت و توانای بیرکردنەوەیە. سەرۆکی نەمر، مراندنی من و تۆ و ئەوی ترە. بەئەبەدیکردنی بوونەوەرێکە کە ئەویش دەمرێ.

سایتی قەڵەم

٧ مانگی دەی ٢٠٢٠

 

گەڕان بۆ بابەت