ما 3194 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

یەک رووداو، بێ ئەژمار رووداو

رەوتی نووسین، پرۆسەیەکی ئاڵۆزە. رەوتێکە هەمیشە پڕ لە پرسیار. لەگەڵ ئەوەی ژیان پڕە لە چیرۆک، کەچی خودی گێڕانەوەی چیرۆک بەردەوام جیهانێکی پڕ لە راز و رەمزە. لەم گێڕانەوەیەدا بینین و بیرکردنەوە دەوری سەرەکی دەگێڕن. هەندێ دەبینن و دەنووسن، هەندێ دەبینن و بیری لێدەکەنەوە و ئەوجا دەنووسن. جا تۆ کامیانی؟

کاتێک بیرکردنەوە دەکەوێتە نێوان بینین و نووسین، ئەوا ئیتر گێڕانەوە شێوازێکی تر وەردەگرێ. ئیتر تەنیا نابێتە تۆمارکردنی رووداوەکان، بەڵکو دەبێتە گوڵبژێرکردن و خوڵقاندن و سەرلەنوێ داڕشتنەوەیان.

کاتێک بیرکردنەوە دەکەوێتە نێوان، پلان سەرهەڵدەدا. نووسەر هەوڵدەدا بەجۆرێک لەنێوان رووداوەکاندا پێوەندی سازبکا. پێوەندێکی نوێ. ئەو پێوەندییانەی وا تەنیا بە بینین خۆیان نادەن بەدەستەوە. لە راستیدا گێڕانەوەی چیرۆک گێڕانەوەی بەسەرهاتە دەروونییەکانە. ئەو بەسەرهاتانەی وا شاراوەن و لە پشت کردەکاندا خۆیان حەشارداوە. دیارە زۆر جاریش کردەوەکان نابنە هۆکارێک بۆ دەرکەوتنیان. ئەوان یەکجار حەزیان بە خۆحەشاردانە.

لێرەوە هەڵدەکەوێ نووسەر کە گەلێک جار ناچارە بۆ ئەوەی دەروونناسییەکی پشتەوە دەربخا، رێگایەکی دژوار ببڕێ. هەتا بیرکردنەوە لە جۆری پێوەندی نێوان رووداوەکانیش زیاتر بێت ئەوا رووداو بە بەهرەترە.

کەواتە گرینگە رووداو تێکەڵ بە بیر بکەین و تەنیا وەک رووداو نەیگێڕینەوە. بیرێک کە هی نووسەرە و لە نووسەرەوە دێت و خۆی ئاوێتەی رووداو دەکا. بە هۆی بیرەوە یەک رووداو دەتوانێ بێ ئەژمار رووداو بێت.

سایتی قەڵەم

١٣ مانگی دەی ٢٠٢٠

 

گەڕان بۆ بابەت