ما 3362 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

مەجید عەبدولرەحمان خۆشناو

نووسەر سنوورێکى هونەرى لە نێوان خۆی وخوێنەران دروست دەکات و ئەفراندن دێنێتە وجود، واتە کارە جەماوەرییەکەى زۆر لا گرنگ نییە، وەک رۆمانە تەقلیدییەکان کە چاکى و خراپى رۆمانەکە لە گێڕانەوەى هەقایەتەکەى دابێ و بەرگە هونەرییەکەى لێ دابماڵێ، بەڵکو خوێنەر زۆر ماندوو دەکات تا لە بیرۆکە و ناوەرۆکى رۆمانەکە تێدەگات.

 

 

 

خوێندنەوەى خۆم بۆ رۆمانى 'بە رێگاوە' ى دلشاد کاوانى

مەجید عەبدولرەحمان خۆشناو

رۆمانى بە رێگاوە یەکەم بەرهەمى نووسەری لاو (دلشاد کاوانى) یە. ٤١٣لاپەڕەیە ولە بەرگێکى جوان وقەشەنگ لە ولاتى ئێران بە سەرپەرشتى خانەى ئاشتى چاپکراوە. رۆمانێکى دەروونى، فەلسەفى، مێژوییە. لەناو ئەورۆمانەدا هەست دەکەى مرۆڤى کەچى مرۆڤ نى، هەموومان باشین کەچى باش نین،هەرلە سەرەتاى لە دایک بوونمان تا پەروەردەو گەورە بوونمان هەمووى نا تەندروستە . رۆمانى بە رێگاوە رۆمانێکى تەقلیدى نییە،پابەند نییە بە (سەرەتاو گرێچن و کۆتایی) کە پێی دەلێن (گرێی موپاسانى، یان چیخۆفى)، وەک رۆمانێکى سەردەمیانە توانیویەتى خۆى لە و(گرێیە)رزگار بکات . بە ئاسانى ماناو مەغزاى خۆى نادات بە دەستەوە وخوێنەر ماندوو دەکات تا لێی تێبگات. (ناتالى ساروت ١٩٠٠..١٩٩٩) دەڵێ: رۆماننووس مەخلوقێکە چەند هێزێکى نادیار دەیبزوێنێ و بە وەحییەکى شاراوە دەنووسێ، ئەو خولقێنەرى چەند جیهانێکى جیاوازەو پەیامبەرێکە موعجیزە دەنوێنێ. لە سەرەتای ڕۆمانەکە نارسیس بگێڕەرەوەیە (راوى) ییە بە سەرهاتەکان دەگثێڕێتەوەو دەڵێ: من نارسیسم، بۆ ناسینى نارسیس کە پاڵەوانەکەیە دەبێ بگەڕێینەوە بۆ بنەچەى بنەماڵەکەى.

* میر ئەمبێز کوڕى میر جۆداسى مەزنە،کە باوکى پیر بوو دەسەلاتى دایە میر ئەمبێز، میر ئەمبێز چوار ژنى هێنا :

١.ژنى یەکەمى میر ناوى (رەوشەن) بوو موسلمان بوو، کچى یەکێک لە میرەکانى دەڤەرەکە بوو.

٢.ژنى دووەمى میر (لویزە)ی کچى شەماشە (زەیا) ی فەلەیە.

٣. ژنى سێیەمى میر (نازاو) ی کچى (سیمۆن)ى جولەکەیە.

٤. ژنى چوارەمى میر (ئاورنگ) ی کچى( کریکۆر) ى زەردەشتییە

مندالەکانى میر ئەمبێز :

١. (خدر ) لە رەوشەنى موسلمانە . ٢. (قریاقۆس) لە (لویزا) ی فەلەیە ٣. (ماخە) لە نازاوى کچى (سیمۆن) ى ئەرمەنییە.

٤. (ئەلکترا) کچى (ئاورەنگ) ى کچى (سیمۆن) ى زەردەشتییە.

نەوەکانى لەو چوار ژنە :

١. (شێمراز) کوڕی مەلا خدر) ی موسڵمانە. ٢. (قۆیتاس ) کوڕى ( قریاقۆس) ى فەلەیە ٣. (میخۆ) کوڕی (ماخە) ى ئەرمەنییە.

 

 

٤.(ئۆدیب) کورى (ئەلکترا) ی زەردەشتییە.    

کە دەڵێ : من نارسیسم، نارسیس کوڕى راستەقینەى ئۆدیبە، ئۆدیب مامى راستەقینەى شێمرازی خدری ومیخۆ ماخەی و عەفلەقە، کە قۆیتاسى کوڕى قریاقۆسى فەلەیە.

ئۆدیب کوڕى نا شەرعى میر ئەمبێزی باوە گەورەمانە ..دایکى ئۆدیب کە ئەلکترای نەنکمە پورى هەر سێکیانە.

تۆماس عەفلەق،قۆیتاسی کوڕى قریاقۆسە. لەگەل میخۆ وشێمراز هەر سێکیان ئامۆزاى یەکن . ئەبرێزەى دایکم وگەردەوان  

منداڵى (رەمۆى حەمامچى) بوون، خوشکە زاى میخۆ بوون و لە باوکیشیان خوشکە زاى شێمراز بوون.

مێناز کچێکى دوو ڕووی بەدکار بوو لە هەموو گەمە ناشیرینەکانى میخۆ هاوسازو هاوئاواز و بەشدار بوو

میخۆ حەزى دەسەڵاتى هێندە بە هوروژم بوو وایکرد خیانەت لە شێمراز بکات و نامەکانى باوکى بدزێت و هەموو کۆدە نهێنییەکانى دەسەڵاتى باب وباپیرانیان سەرەنگوم بکات وشەڕ و ئاشوب لە نێوان ئامۆزاو نەوەکان دروست بکات.

نارسیس دەڵێ : من بیژووى کورى بیژووى لە نەوەى بیژوویەکى ترم. لێرەدا دەپرسین چۆن ؟

دەڵێن میر ئەمبێز( شەوە رەشە)ى هەبووە، شەوێک لە شەوان هەموو چراکان دەکوژێننەوە دەبێتە تاریکستان، ژن وپیاو لە هۆلێک تێکەڵ دەبن هەر کەس دەرپێی کام ژنى کەوتە دەست ئەوە لاقەى دەکات،میر ئەمبێز دەرپێی ئەلکترای کچى خۆى دەکەوێتە دەست نازانى کێیە لاقەى دەکات کە چرا هەڵدەکرێنەوە دەبینى کچى خۆیەتى لەشەرمى خەڵک ولە ترسى ئەو یاسایەى کەبە خۆى دایناوە بڕیار دەدات ئەلکترا بکوژن، بە سێ کوڕەکانى دەلێ: برۆن خوشکەکەتان لە بەرزایی (شەیتانکێو) فڕێ بدەنە خوارەوە با پارچە پارچە ببێ. پیاوێکى میریشیان لەگەڵ دەچێ بە ناوى (ئانۆبانى نى). لە چیا برایەکان دەڵێن ئێمە نایکوژین تۆش دەیکوژى یان لەگەڵی دەڕۆى کەیفى خۆتە،ئەویش نایکوژى ولەگەلى دەڕوا .برایەکان دەگەرێنەوە لە ترسى تۆڵەى باوکیان بڕیار دەدەن باوکیان بکوژن..لەو وڵاتە ئاسایش و بێ کێشەیە یەکەم کوشتن میر ئەمبێز دەبێ بە دەستى کوڕەکانى. ئەلکترا کە رزگار کرا کوڕێکى دەبێ بە ناوى ئۆدیب، کە گەورە دەبى هەرچى خراپەکاری هەیە لە دزی وجەردەیی وحیزى وقۆڵبڕین دەیکات..ژنە دۆمێک لە شەقامەکان دەرۆزە دەکات وفاڵ دەگرێتەوە و بەختى خەڵک دەخوێنێتەوە، ئۆدیب لاقەى ئەو ژنە دۆمە دەکات و من نارسیس لەو ژنە دۆمە لە سەر شەقام لەبەر سەرما لەدایک دەبم، دایکم بێهۆش دەبێ لەو کاتە دێلە سەگێک من دەڕفێنێ و دەمخاتە بەر گوانى خۆى تا تێر دەبم شیرى سەگ دەخۆم، باوکى بەخێوکەرم کە لە گاردى کۆمارى پاسەوانە لە دەستى ئەو سەگە رزگارم دەکات ودەمباتەوە ماڵى خۆى، بزانە چۆن من بیژووى کوڕى بیژوو نەوەى بیژوویەکى ترم.

فامە شێت: کە لە ناو رۆمانەکەدایە ئەو ئەلکترایەى کچى میر ئەمبیزە.

سەرتاپاى رۆمانەکە (سادیستییە) واتە چێژ لە خوێن رشتن، هەموو ئەکتەرەکانى چێژ لە خوێن رشتن وەردەگرن، ئەکتەرە سەرەکییەکانى هەمووى خوێن رێژو خوێنخۆرو مرۆڤکوژن.

لەو رۆمانە نووسەر کۆمارێکى وەک کۆمارەکەى ئەفلاتونی بەخەیاڵ دروست کردووە، کاراکتەرەکان هەموویان راستەقینەن و کەسایەتى مێژوویین لە دەڤەرى خۆشناوەتى وشەقڵاوە، بەڵام نووسەر زۆر تەکنیکارانە لەناو رۆمانەکە تەوزیفى کردوون و یارى پێکردوون و ئەرکى خەیاڵى پێداون.

* کات لە ڕۆمانى بە ڕێگاوە:

نووسەر دەڵێ : ٢٧٢٠ ساڵە کورد لە ناو خوێن ڕشتن و کوشتن و خوێندایە، بەڵام کاتەکە لە دەسەڵاتى میر ئەمبێزەوە دەست پێدەکات تا نەوەکانى دەسەڵات وەردەگرنەوە، سێ پشتە واتە ٦٠ تا ٧٠ ساڵێک دەبێ

* شوێن: (غالب هەلسا ) دەڵێ: شوێن لە رۆماندا ئەو بڕبرە پشتەیە کە هەموو بەشەکانى رۆمان پێکەوە دەبەستێتەوە ( سابیر رەشید، رۆمانى کوردى ).

شوێن و رووداوەکان زۆربەیان لە دەورو بەرى شەقڵاوەن. هەندێکیش لە شارى فومەن واتە هەولێرە.

گۆڕى نێرگزان: لەدەرەوەى شەقلاوەیە بەینى گوندی ئەسپیندارەو ئاقووبان.

شاری قەچوچان: ئێستاش گەڕەکێک لە شەقڵاوە هەیە لەناو برا مەسیحیەکان بە ناوى گەڕەکى قەچوچان،واتە فەرخە پشیلە.

کلیساى مریەمەى عەزرا: واتە کەنیسەى گردى دێرە کە گردێکى بەرزە بە سەر بازاڕى کۆنى شەقلاوە دەڕوانى.

سەقاو: کانییەکى کۆن بوو نزیک مزگەوتى گەورەى شەقڵاوە.

ئەشکەوتى بویا: ڕەبەن بویا، مەرقەدێکە لە سەرووى بازارى شەقڵاوەى کۆن، شوێنێکى هاوبەشە لە بەینى موسڵمان ومەسیحییەکان، لەلاى موسڵمانان (شێخ وسو رەحمانە). لە لاى مەسیحییەکان (رەبەن بویا) یە.

زەندۆڵ: دۆڵێکى درێژە کەتوتە ناوەڕاستى شەقلاوە، هەتا چیاى سۆرک درێژ بووەتەوە.

 

کایسا و سەرى ڕوارى: دوو کەپکە شاخى  زۆر بەرز ن لە سەرى چیاى سەفین، هەزاران پێشمەرگەى لێ شەهید بووە بە تایبەتى لەشەڕەکانى سەفین دا.

روسارک : رووبارێکى زۆر گەورە بووە کەوتۆتە خوار گوندى دەربەند، ئێستا وشک وبێ ئاوە.           

لەو رۆمانە نووسەر دەڵێ: مێژوویەکمان هەیە (٢٧٢٠ ) ساڵە لە دەوڵەتى مادەوە هەر یەکتر کوشتن وخیانەت وخوێنڕێژى بووە هەتا ئیمڕۆ، شانازیشى پێوە دەکەین. (هیبل) کە نووسەرێکى ئەلمانییە دەڵێ: (زۆر راستە ئێمەی ئەلمانى پەیوەنیمان بە مێژووى گەلى خۆمان نییە، ئایا هۆى چییە ؟ لەبەر ئەوەى ئەو مێژووە بێئەنجام بووە،بۆیە ئێمە ناتوانین وا لەو مێژووە بڕوانین کە ئێمە دەرەنجام ورووداوەکانى ئەو مێژووە رەشەین، وەک ئینگلیز، یان فەرەنسییەکان. ئەوەى ئەرکە لەسەرمان وپێویستمانە دەبێ بیڵێن مێژوومان مێژووى ژیانى ئێمە نییە بەڵکو نەخۆشیمانە کە پاش نوشوستییەکان بۆمان ماوەتەوە (الروایە التاریخیە.جۆرج لۆکاش).

نارسیس بەدواى مێژووو بە سەر هات و کەسایەتییەکانى بنەماڵەکەى دەگەڕێ و دەلێ: بەدوایاندا دەگەڕێم کە دۆزینمەوە مەراییان بۆ دەکەم، دەستیان ماچدەکەم، لەناکاو بەرەو سادیستییەت دەچێ و دەڵێ: ئەگەر پێویستى کرد دەیانکوژم کەللە سەریان پاندەکەمەوە، مێشکیان دەتەقێنم.

دوو تەوەرى سەرەکى لە ناو رۆمانەکەدا هەیە : ١.پەتاى دەنگ ،٢. چێژى خوێن

زانست لە وڵاتى نێرگزان لەترۆپکدایە، فەلسەفە، پزیشکى، ئەندازیارى، لەو پەڕی پێشکەوتنە، چارەسەرى پیرى دەکەن، مردوو چاکدەکەنەوە . ئەو میللەتە هەمووی پەتاى دەنگى هەیە، بێدەنگى هەموو وڵاتى داگرتووە . نارسیس لێرە پاڵەوانەکەیە دەڵێ : بە شانازییەوە یەکەم هاوار من کردم، نەڕاندم، هاوارم لە هەموو وڵات دەنگى دایەوە،من مانگرتنەکەم شکاند، من شۆرشەکەم بەر پا کرد، تا بەرە بەرە خەڵک زمانى کرایەوە و قسەى کرد..

نارسیس کە بێدەنگى شکاند کەوتە ناو کێشەو زیندان ودەستبە سەرى، لەو کاتەى دەچێتە نەخۆشخانە گوایە پیاوێکى لێیە نامەیەکى پێیە بۆ نارسیس لەوێ دەکەوێتە دەست گاردى کۆمارى ودەست وزمانى دەگرن ونایەڵن تا حەوت ساڵان نقەى لێوە بێت، وڵاتەکەش هەمووی بێدەنگە،بە درێژى ئەو ئێش وئازارەى ناو زیندان دەگێڕێتەوە کە زۆربەى تاکى کورد چەشتوویەتى،پاش حەوت ساڵ دەمیان دەکرێتەوە، پێیەکانى دەکرێنەوە بیر لە ڕاکردن دەکاتەوە، پیاوێک پارچە کاغەزێکى بۆ داوێتە بن قەرەوێلەکەى لێی نووسراوە (نارسیس تۆ کورى باوکى خۆت نى).

لە گوندى بەرازان سێ برادەر( شێمراز،قۆیتاس، میخۆ) لەرووبارەکەى خوار گوندى کوڕێکى گوندى بەرانان دەخنکێنن، دوایی کەشف دەبن، خەڵک خڕ دەبێتەوە دەڵێن دەبێت ئەو سێ منالەمان رادەست بکەن، مەلاى بە خورتى لەگەڵیان رێک دەکەوى کە یەکیان رادەست بکەن و دووەکەى تر بنێرنە شار. لەوێ دەچنە سەر مالى میخۆی باوکى دەکوژن و دایکى زۆر گێ دەکەن. مەلا خدرى بە خورتى دێو رزگاریان دەکات، ژنەکەو میخۆو شێمرازى کوڕی دەخاتە پشتى حەنچەکەو بەرەو شار دەڕۆن، لە رێگا میخۆ لە سنوورى هەرێمى نێرگزان فڕێدەدەن. لەوێ پاش ساڵانێک مێگاو میخۆ دەبینێ و پێی دەڵێ: پێش دە ساڵ من یەکەم کەس بووم تۆم لەم دۆڵە هەڵگرتەوە، لێرەدا میخۆ دەکەوێتە وەسواسییەکى قورس، وەک جاران ئاسایی نابێ شێمرازو قۆیتاسى بیر دێتەوە، خنکانى کوریژگەى بەرانانى بیردێتەوە، غەمگین وخەفەتبار دەبێ، بۆ یەکەم جار خەم وخەفەت روو لە هەرێمى نێرگزان دەکات،خەمبار دەبن، کار ناکەن، سەما ناکەن،شەڕو فەرتەنە دەکەوێتە هەرێمى نێرگزان، دەبنە چەند بەرەیەک دەکەونە گیانى یەکتر، شەڕو ئاشوب دروست دەبێ، ئەوەش ئەو هەرێمە نەفرەت لێکراوەى ئێمەیە کە هەردەم لەسەر هیچ شتێک رێک نەکەوتوون، شەو مێگاو دەچتە کوخەکەی میخۆى پێی دەڵێ: هەرێم شلەژاوە، ئەوە یاسایە بە کوشتنى ئێمە هەرێمەکە پاک دەبێتەوە. شەڕو ئاشوب دروست دەبێ،

میخۆو مێگاویش نۆشدارێک دەربازیان دەکات و دەگەنە سەرچیایەک لەوێ نۆشدار بە جێیان دێڵی،ئەوان دەڕۆن تا دەگەنە تروسکاییەک حەنچەکە لە وێ یە تەنها شوفێرەکە ماوە،دەبن بە سێ کەس حەنچەکە بە ڕێدەکەوێ.

کاتى مەلا خدرى بە خورتى میخۆى لە سنوورى نێرگزان فڕێدا بە سوارى حەنچەکە چوونە شارى (فومەن) لەوێ ڕوو لە خانەقاى مزگەوتى قەرەنى دەکەن مالى شێخ نوورى. لەوێ بەدواى رەمۆى حەمامچى دەگەرێن و شێمرازى لاى رەمۆى دادەنێن،شێخ دەڵێ : هەر کاتى کارت نەبوو وەرە تەکیە لاى من بخوێنە. مەلا خدریش لە سەر دەستى شێخى زینێ لە خۆى مارە دەکات و بە پەستى تۆماسى لەگەڵ مەلا ژنە زینێ دەگەرێنەوە بۆ هەرێمى قەچوچان. شێمراز لە حەمامێ دەبێتە پشت شۆر،بەهۆى ئەو تاتۆیەى سەر پشتى کە( دوو بازنەیەو ئەستێرەیەکى لە ناوە ) میخۆى کوڕی ماخەى دەبینێتەوە.

 شێمراز، میخۆ، قۆیتاس، هەرسێکیان هەمان تاتۆیان لەسەر پشتە کە نیشانەى شەیتان پەرستییە.

 میخۆ لە دەلالخانە کاری سەرپێی دەکات، کە کاریشى نەبى لە حەمام کار دەکات. پاشان  کە دەزانێ دایکى شووی بە مەلا خدر کردووە کە باوکى شێمرازە زۆر تووڕە دەبی. کە مەلا خدر یەکەم نامە بۆ شێمرازى کوڕی لە حەمام دەنێرێ، میخۆ لەوێ دەبێ، بە قاسید دەڵێ : من شێمرازم. نامەکەی لێ وەر دەگرێ نووسراوە: خەمى ئێمەت نەبێ ئێستا لەگەڵ زینێ بە خۆشى دەژین، خوشک وبرایەکیشت زیاد بووە، حەز بە بینینى تۆ دەکەن. چەند نامەى تریش دێن میخۆ هەموویان لە شێمراز دەشارێتەوە و وەڵامى نامەکانیش دەداتەوە. شێمراز دەبێتە زاواى شێخى گەورەو منداڵی هەیە. شێمراز دەبێتە مەلا لە گوندێک و بار دەکات بۆ ئەو گوندە. میخۆ بە هۆى ئەو نامانەوە هۆزو نەتەوەو ژیانى ماڵباتى خۆى دۆزییەوە. زڕ براکەشى رۆژێک بە سەرخۆشى زینی دایکى دەکوژێ. پاشان خوشک وبراکەى لە مەلاخدر دێنە لاى میخۆ کتێبێکى تۆزاوى لاى خوشکەکەیە کە بە هەردوو قەڵەمى مەلا خدرو میر ئەمبێزى باوکى مەلا خدر نووسراوە: ئەمە سەربوردەى بنەماڵەکەمانە. میخۆ خوشکەکەى دەداتە (ڕەمۆ ڕووتە) ى حەمامێ کوڕێک و کچێکیان دەبێ بەناوی (ئەبرێزە و گەردەوان ). میخۆ لە مەیدانى شار تێکەڵ بە کرێکاران دەبێ رۆژێک لە سەر باج ئەفسەرێکى پۆلیس دەکوژێ و ڕا دەکات بۆ لاى شێمراز. ئەو ناتوانێ جولەکەیەکى بکوژو هەڵاتوو لە دەستى دادگا ڕابگرێت، بۆیە جل وبەرگى سوختەیەکى وەک (تابع العلم) ى دەکاتە بەرو بە پەستى تۆماسی دەینێرێتە گوندى سەقاوێ. لەوێ دەچێتە هەرێمى قەچوچان بۆ زێدی خۆیان بە دواى سەرەداوەکانى میرایەتى و پێگە لە دەست چووەکەیان و بەڵگە نامەو شوێنەوار دەگەڕێ.

پاشان باسى لە دایک بوونى ئۆدیب دەکات.. بە دروستى کەس نازانێ کێیە و کوڕی کێیە و دایک و باوکى راستەقینەى ئەو کێن، تەنها لە منداڵییەوە لەگەڵ پیاوێک دەژیێ کە هەرچى خراپەو خراپەکارى و دزی وجەردەیی،حیزى،قۆڵبڕین هەیە کردوویەتى. ئەو هەمیشە لە جوولە دایە لە هەندێک شوێن ئەولیاو پیاو چاکە تا ڕادەى پێغەمبەرایەتى، لە هەندێ شوێن شەیتانەو ڕوو رەش وئەهریمەنە. لە شوێنێک کچێک لە کوشتن رزگار دەکات کە برایەکانى دەیانەوێ بیکوژن، لێرەدا نووسەر ئەو پیاوە وەک ئەفسانەى (فایتۆن و زیۆسى یۆنانى) لێدەکات. یان دەیکاتە (هەبوو نەبووى ناوحیکایەتەکان)، یان دەیکاتە خواوەندى (توڕ) چەکوشێکى لە دەستەو لە شاژنى (فەخاى) خواوەندى بە پیت وبەرەکەت دەچێ. چەند جار وەفاتنامەى دەرچووە، چەند وەفاتنامەى بە ناوە. نارسیس دەڵێ: بۆ دوا جار من بووم ئەو پیاوەم بینى بورابووەوە لە سەرشەقام کەوتبوو، هەڵم گرتەوەو بردمە نەخۆشخانە پارچە کاغەزێکم لە گیرفانى دۆزییەوە لێی نووسرابوو (نارسیس تۆ کوڕی ڕاستەقینەى دایک وباوکى خۆت نى). ئەو پیاوە مەلۆتکەیەکى پێیە هەر جارەو لە شوێنێک دایدەنێ، رۆژێک لە خانەقا، رۆژێکى تر لە حەمام، جارێک دەیباتە باخى گشتى، جارێک لە مزگەوت، تا منداڵەکە قاچ دەگرێ و دەیخاتە دەستى ژنە دۆمێک کە زۆرترین ماوە لاى ئەو دەبێ. ئەو ژنە لە کوچە و کۆلانان، لە شەقامان، لە ناوچەى پیشەسازى سواڵ بەو منداڵە دەکات کە (ئۆدیبە)، پاشان فێرى دزی دەکات، زۆر کارامە و لێزان دەبێ لە هەموو کارێک. تا گەورە دەبى، رۆژێک لاقەى کچە دۆمە سواڵکەرێک دەکات من دەکەومە رەحمى ئەو ژنە دۆمە سواڵکەرە. جگە لە ئۆدیب کەسی تر نەیدەزانى من کوڕی ئۆدیبم، من نیوەم قەرەجە و نیوەم میرە، رەگێکم زەردەشتییە و رەگێکم موسلمانە، نیوەم کوردە و نیوەم تورانى. نارسیس دەڵێ: کە لە دایک دەبم رۆژێکى زستانە بەفرێکى زۆر بارییوە، دایکم لە هۆش خۆى دەچێ کە دەقیژێنم دێڵە سەگێک بە دەمى خۆى هەڵمدەگرێ و دەمخاتە بەر مەمکى خۆى و لە مردن رزگارم دەکات، باوکم لە گاردى کۆمارى پاسەوان بوو لە گەڕانەوەى چاوى بە من دەکەوێ لە چنگى سەگ دەرم دێنێ دەمباتەوە ماڵەوە بەم جۆرە من ( نارسیس لە باوەشى قەرەجێک بۆ باوەشى سەگێک تا پاسەوانى گاردى کۆمارى و باوەشى ئەو دایکەى کە بە خێوى کردم، واتە دایکى دووەمم. ئۆدیب لە مانگێک سێ حەفتە لە زیندان دەبێ لە زیندان (خاوەکێش) دەناسێ و دەبێتە هاوڕێیەکى نزیکى. لە کاتى دەرچوونى ئۆدیب لە زیندان خاوەکێش ناوونیشانێک دەداتە ئۆدیب وپێی دەڵێ : بڕۆ بۆ ئەو ناو و نیشانە و خەمى هیچت نەبێ. ئۆدیب لەگەڵ شوفێرى تاکسییەک بە ناوى (گەردەوان) دەچێتە سۆراخى ناوونیشانەکەى خاوەکێش کە ناوچەى (سورەش) ە، ئەو ناوچەیە هەمووى ڕەشە تەنها دروشم ودیوارەکانى بە خوێنى سوور نووسراون،کە دەگاتە دوا بەربەست ناوونیشانەکە دەردێنێ دەبینى تەنها هێمایەکە ( دووبازنەو ئەستێرەیەک ) لە ناوى کێشراوە، بەربەستەکە دەبڕێ لەو دیو وڵاتێکى هێمن و بێدەنگ دەبینى لەکۆڵانێک قورساییەک بە سەرى دەکەوێ بەر دەبێتەوە، کەچاوى دەکاتەوە لە ژورێکى تەنیا بەستراوەتەوە دووپیاو دێنە ژوورەوە و دەست بە ئازاردانى دەکەن لە ناکاو دەنگى دوو تەقە دێت هەردوو پیاوەکە بەردەبنەوە لە بەردەمى، کەسێک لەدواوە دەستى دەکاتەوە دەڵێ من (تۆماس عەفلەق) م دانیشتووی ئێرەم ئەوانەى کوشتنم (گرووپى خاچى خوارن) کاریان فڕاندن وکوشتنى خەڵکە. عەفلەق فێرى بەکارهێنانى چەک ونیشان شکێنى دەکات. ئۆدیب لەگەڵ عەفلەق دەکەونە ناو دونیا خوێن ڕشتن ومرۆڤ بوونى خۆى لە د ەست دەدات. شەڕێک لەگەڵ گرووپى بازنەیی دەکەن ئۆدیب بریندار دەبێ، عەفلەق وا دەزانێ ئۆدیب بۆ کوشتنى ئەو نێردراوە پێی دەڵێ : من دەبێ تۆ بکوژم تۆ سەر بە گرووپى خاوەکێشى، ئەوانە دوژمنى منن، لەو کاتە دووچەکدار دەگەنێ عەفلەق رادەکات و ئۆدیب لە کوشتن رزگارى دەبێ . ئەوانەش دەیبەن ئازارى دەدەن لەوێ نامەکەى خاوەکێشى بیر دێتەوە کە دەبینى پێی نەماوە، هەرچەند دەڵێ من تەتەرم سوودى نابێ پشتى رووت دەکەنەوە بۆ داغکردن دەبینن مانگ وئەستێرەیەکى لە سەرپشتە کاتى خۆى لە زیندان خاوەکێش هەمان هێماى نامەکەى لە سەر پشتى تاتۆ کردبوو، دەست بە جێ پاسەوانەکان هەواڵ بە سەرۆک دەدەن، کە سەرۆک دێ هەمان کچە قژ رەش و ترسناکەکەی ماڵی گەردەوانە،سەیرى تاتۆکەى ئۆدیبى کردو رۆیی، پاشان سەرکردەى گروپەکە هات و کردیانەوەو دەستیان بە چارەسەرکردنى کرد. شەو مەراسیم رێکخرا بۆ رادەست کردنى سەرۆکایەتى،کچە ڕەشپۆشەکە چەقۆیەکى دایە دەستى ئۆدیب کەسێک لە سەر کورسییەک بەسترابووەوە گوتیان لە کردنەوەى ئەم مەراسیمە دەبێ ئەو کەسە سەربڕی، کەچەقۆکەى لە ملى نا کچەکە تەشتێکى لە بەر خوێنەکەى گرتەوە تا دوا دڵۆپ ئینجا خوێنەکەى فڕ کرد پاشان دایانە هەموو جەماعەت،پاشان دایانە ئۆدیب،پاشان ئۆدیب پەڕۆکەى لەسەرى لادا دیتى ئەوە گەردەوانى هاوڕێیەتى، دەستى بەلاوانەوەى کرد، پێیان گوت جەنەرال گەردەوان کەسێکى خاین بوو، ئەو کرێگرتەى عەفلەق بوو دوو سەرە کارى دەکرد. ئۆدیب دەبێتە دڕندەترین سەرۆکى ئەستێرەى بازنەیی، هەمیشە تینووی خوێن وکوشتن وبڕین وپارچە پارچەکردنى قوربانییەکانە. دەسەڵاتى ئۆدیب زۆر فراوان بوو تەنها بەربەست لە بەردەمى عەفلەق بوو زۆر چەکدارو لایەنگریان لە یە ک کوشت تا دوا جار عەفلەق براوە دەبى ودەبێتە ئیمپراتۆرى ناوچەکە و جەماعەتى (جەنەڕالى خوێن ) واتە ئۆدیب تووشى نسکۆیەکى گەورە دەبن و هەڵدێن بۆ چۆلگەو چیایان، عەفلەقیش دەچێتە ئاوەدانى وناو شارو گوندان.

کە منداڵەکەى گوندى بەرازانیان خنکاند لەوێ قۆیتاسى لە گۆمێ داوێن ئەو مەلەوانە دەچێتە ئەو دیوى شاخەکەو مەلاش دەربازى دەکات. میخۆواتە( قۆیتاس ) دەڵێ: لەوێ رۆیشتم شەو چوومە ئەشکەوتێک چەند چەکدارێک پەیدا بوون، ئاویان دامێ، گۆشتى بزنە کێوییان دامێ، سەکردەکەیان گوتى من ناوم ( تۆماسی فەلەیە) بە عەفلەق ناسراوم، بوومە هاورێی ئەوان، فێرى شەڕو چەک بووم، فێرى کوشتن ورێگری بووم، شەوێک عەفلەق لە شەڕێکدا کوژرا منیش دواى ئەو وازم لەو دەستەیە هێنا و چوومە ناوچەى سورەش لەوێ مێژوویەکى ترى خوێن ڕشتنم بۆ خۆم تۆمار کرد.

 لە کتێبخانە هەردەم بە دواى زانیارییەکان و سەرە داوێک دەگەڕام رۆژێک مێناز لە کتێبخانە هاتەوە پیرە پیاوێک پێی گوتبوو ئەگەر دەتەوێ هەر زانیارییەکت دەربارەى ئەلکترا دەستکەوێ دەبێ شێمراز بدۆزییەوە. کەوتمە سۆراغى تەکیەو خانەقاکان و تەریقەتى سۆفیگەرى و عیرفان تا مریدێک پێی گوتم کە شێمراز رابەرێکى روحى بە هێزى سەردەستەى تەریقەتەکەیانە و لە دەرەوەى شار لە سەر گردێکى گەورە تەکیەو خانەقایەکى بێ هاوتاى هەیە، گەیشتن بەو زۆر سەختە ئەگەر لە ڕێی ڕە مۆ ڕووتەلەى حەمامچى پێی بگەى. لەگەل مێناز سەرمان بەسەر هەموو حەمامەکانى شاردا گرت تا لە کۆتایی حەمامێکى کۆن وداڕماومان دۆزییەوە حەمامچییەکە دەفتەرى ناوى حەمامچییەکانى دامێ نامەیەکى لە ناو بوو لێی نووسرا بوو (میخۆى خیانەتکارى مەزن ) بۆم دەرکەوت هەموو نامەکانى مەلا خدرى باوکم بە دەستى تۆ گەیشتوون، زۆر نهێنى ناو بنەمالەکەمانى بۆ نووسی بووم، باسى ئەلکتراو ئانۆ بانى نیشى تێدابوو. هەر لەو نامەیە ستایشى شێخ نوورى کردبوو. نامەکەم بردە ماڵی شێخ نوورى ئەو مردبوو مناڵەکانى رێنماییان کردم بەرەو شێمراز. نارسیس دەڕوات گردو چیاو دۆڵ ودەشتان دەبڕی پاش شەوو رۆژێک مزگەوت و منارەیەک دەبینێ کە نزیک دەبێتەوە دەنگى بە کۆمەڵ دێت، دواى چەندین ساڵ لە وڵاتى بێدەنگى یەکەم جارە گوێی لەو دەنگە دەبێ، حەلقەى زیکرە دەکەوێتە ناویان، وەک ئەوان دەست پێدەکا، لەهۆش خۆى دەچێ، کەبەهۆش دێتەوە پیاوێکى نوورانى ریش سپی لێى دەپرسێ لە کوێوە هاتووى ؟ زمانى نییە بە دەست ئاماژە بۆ پشت چیاکان دەکات، پاشان بۆى دەنووسێ کە لە شارى فومەنەوە هاتووە دەلێ: نهێنییەکم لایە دەبێ شێمراز ببینم،لەژوورێکى تەنهایان دانا،شێخ هات گوتى نارسیس دڵخۆشم بە سەلامەتى گەیشتى،دەفتەرى ناو حەمامەکەى رەمۆ ڕووتەڵەى دەداتە دەستى، دەست وخەتى خۆی دەناسێتەوە، دەڵێ دەبێ سەرەتا چارەى دەنگت بکەین ئینجا دەتوانى بە دواى حەقیقەتى بنە ماڵەوهۆزى قەچوچان و رەگ وریشەى ئەمبێز بەگ و نەوەکانى بگەڕێی، دەبێ بچیە ئەو دیوى چیاکان ئەوەى تۆ دەتەوێ لاى ( میخۆ جووە). لەگەل مریدێک بە سوارى ولاخ دەڕۆن لە چیا نارسیس بەردەبێتەوە دەکەوێتە ناو گوڵە نێرگزان بە بێهۆشى کچێک هەلی دەگرێتەوە، دواتر نۆژدارووی سەرۆکى هەرێمى نێرگزان بەبە مەبەستى چارەسەر دەیخاتە ناو کورەى ژیلەمۆى نێرگزان. چەند سالێک پێش ئێستا مێگاو میخۆى رزگار کرد بە هەمان شێوە ئەو جارە مێناز بوو نارسیسی رزگار کرد. چۆن مێگاو بووە هەوێنى تێکچوونى هەرێمەکە ئەو جارە مێناز بووە هۆى تێکچوونى ئەو هەرێمە خۆش و پێشکەوتووە. دیسان لەو هەرێمە ئارامە دەستەو گرووپ و سوپاى جیا جیا دروست دەبن و هەموویان دەکەونە گیانى یەکتر و سەرۆکەکان بڕیارى لە سێدارەدانى نارسیس ومێناز دەدەن.نۆشدار دەربازیان دەکات و پێیان دەڵێ: من میخۆى کوڕی ماخەى کوڕی میر ئەمبێزی میرى قەچوچانم , دەزانم تۆ نارسیسی کوڕی گەردەوانى، کتێبێکى رەشى دەداتە دەستى دەڵێ: ئەمە مێژووى بنەماڵەکەتانە، ئەو کچەى لەگەڵتدایە کچى منە، کچى مێگاوى کچى نۆژدارى مەزنى هاوژینى کۆچکردوومە. ئەوان دەڕۆن نۆژدار هاوا ر دەکات نارسیس لە بیرت نەچێ تۆش وەک من لە ماڵباتى میرانى. لەگەڵ مێناز دەڕۆن سنوورى بیست وپێنج گوند دەڕن، پشوو دەدەن نارسیس خەوى لێدەکەوى کە چاو هەلدێنى لەکۆشکى عەفلەقە، پێی دەڵێ : ئێرە نیشتمانى منە تۆ تاوانبارى، تۆ بەرپرسى لە زریان وتۆفان و لافاو لە نیشتمانى من، بەلام من تۆ دەبوورم بە ئازادى قسە بکە تۆم بە قسە کردن بەخشییەوە، هەرچییەک دەکەى بیکە، تۆش کارێک بۆ من بکە، کورێکى لاڵم هەیە دەمەوێ بۆم چاکبکەیەوە، تۆ یەکێک بووى لە پەکخراوانى دەنگ وخەسێندراوى قوڕگ لە نەخۆشخانەى کۆمارى حەفت سال ونیو بەردەوام ژەهرى گەروو فایرۆسى دەنگت لە سەر تاقی کراوەتەوە، هەڵمان بۆ رەخساندى تا ڕا بکەى، ئەوانى تریش ڕایان کرد تەنها تۆ گەیشتییە هەرێمى نێرگزان، تەنها تۆ لەو تێستە دەرچووى، تۆ دەبێ بچیەوە هەرێمى نێردزان تاقیگەکە بدزى و دەرمانەکان بۆ کوڕی من بێنى.

پەیمانیان بەست ئەو کوڕی عەفلەق چاک بکاتەوە ئەویش گەردەوانى باوکى بۆ بدۆزنەوە. سووپایەکى گەورە یان رێکخست بەرەو چیاکان کەوتنە جوولە، دەشتاییەکانى دەوروبەرى چیاکان دەگرن، پاشان هێرش دەکەنە سەر ( زەندۆل)، لەوێ دەبێتە شەڕی حەربەو نیزەو چەقۆ کەس نایزانى کێ دەکوژى. من وفەرماندە گەیشتینە ناوەندى زەندۆل لەهەموو لایەک چەتەکان لێیان داین، هەموو بە سەر یەکدا کەوتین، سیخوڕى گەورە منى لە مردن رزگار کرد، نزیکەى دە چەتەى کوشتن، دواجار هەموو سەربازەکانمان کوژران من وسەرکردەش بە دیل گیراین.سەرکردە بە هێواشی بە منى وت :تۆ دەبێ بچیتە ناو رێزى ئەو گروپەو ببیە هاوڕێی ئۆدیبى سەرکردەى ئەو گرووپەو بە دواى سۆراخى باوکتەوە بچى، نامەیەکى لە گیرفانى دەرهێناو گوتى : ئەو نامەیە تەنها یەک کەس دەرباز دەکات دەبێ تۆ زیندى بی و بژى، سەرکردەیان بردو کوشتیان، ویستیان منیش ببەن بۆ کوشتن زوو هاوارم کرد بوەستن من لە خۆتانم، سیخوڕی ئێوەم مەمکوژن، نامەکەم دایە دەستیان سەرچەتە خوێندیەوەو سەرى چەماندەوە، هاتە پێش وگوتى : بمانبەخشە سەرۆک ئێمە خەجالەتین. دەیبەنە لاى ئۆدیب لە ئەشکەوت، لەناو ئەشکەوت شارێکى ئاخر مۆدیل و ئەتەکێت دروست کراوە، دەگاتە لاى سەرۆک پێشوازى لێدەکات وپەرداخێک خوێنى پێشکەش دەکات، ئەویش داواى لێدەکات بگەڕێتەوە هەرێمى نێرگزان و زانست وپێشکەوتن وشارستانییەتى ئەوانى بۆ بگوازێتەوە هەموو دۆسیێ نهێنیەکانى ئەشکەوتیان خستە بەر دەست، چووە کتێبخانە دیسان مێناز لە وێ بوو، نارسیس دەڵێ : لە منداڵی ونم کرد، بە گەورەیی لە شارى فومەن لە ناو کتێبخانە دۆزیمەوە، ئەوم لە هەرێمى نێرگزان جێهێشت، ئەو بە مردوویی منى دۆزیەوە، جارێکیتر من ئەوم لە ناو گەردەلوول وقوڕو لیتەدا ونکرد، ئێستا بە هەمان جل وبەرگ لە ناو شارى مافیاکان و چەتەکان ئەوم لە ناو کتێبخانە دۆزییەوە. لەناو کتێبخانە مێناز دۆسێیەک دەدۆزێتەوە کە راپۆرتێکى تێدایە سەبارەت بە زیندانى بوونى سەرۆک لەگەڵ خاوەکێش ومانەوەى لە ماڵی گەردەوان وئەبرێزەى خوشکى و خیانەتکردنى باوکم بۆ بەرژەوەندى عەفلەق، لە ناوچەى سورەش ئۆدیب گەردەوان سەردەبرێ و ئەبرێزەى خوشکى خوێنى بەسەر ئامادەبووان دابەش دەکا , لەوێ نارسیس کە دەزانێ باوکى بە دەستى ئۆدیب کوژراوە چەقۆیەک هەڵدەگرێ ومێناز بە دواى دەکەوێ، کە دەچێتە ژوورى ئۆدیب دەبینى لەسەر کورسییەکەى خەوی لێکەوتووە لە پشتەوە دەمى دەگرێ وبە چەقۆ ملى دەبڕێت لەگەل مێناز دەڕۆن لە دۆڵێک دەکەونە دەست پێنج چەتە بێزەوالى سیاناو خۆر دەردەکەوێ و چەتەکان دەکوژێ و بریارى گەڕانەوە بۆ شارى خۆیان دەدەن. سێ کەس دووپیاوو ژنێک بە سوارى حەنچە

دەگەڕێنەوە شارى فومەن دەچنە ماڵی فامە شێت دەبینن فام شێت کوژراوە نامەیەکى لە دەستە لێی نووسراوە : یەکەم کارتان ئەوەیە خەڵک لە بێدەنگى رزگار، تەوقی قسەکردن بشکێنن، شۆڕشێک بەرپا بکەن پڕوشکەکەى ئێوە بن و گڕەکەى تا ناو کۆشک نەوەستێ (نەنکتان ئەلیکترا). تازە زانیمان کە فامە شێت ئەو ئەلکترایە بوو کە زۆربەى نهێنییەکانى ژیانى ئێمەى لا بوو کە چى ئێمە هەزاران کیلۆمەترمان رێگاى سەخت وهەوراز بڕی کە چى کۆدە نهێنییەکانى ژیانمان هەر لە شارەکەى خۆمان ولە کۆلان وگەرەکەکەى خۆمان بوو.

کوشتنى فامە شێت دەبێتە پاڵنەرى شکانى بێدەنگى وبەرپابوونى شۆرش دەست دەکەن بە نووسین لە سەر دیوارەکان وقەڵاو شوورەو کارخانەکان، کاتى شکانى بێدەنگییە، پەتاى گوتن قسەو درۆیەکى گەورەیە، بەیاننامەمان بە ناوى شکاندنى بێدەنگى بڵاو کردەوە، لە مزگەوتەکان بانگدرا، لە کلیساکان زەنگ لێدرا، لە چایخانەو مەیخانەکان ئاهەنگ گێڕان بوو، بارەگاو باڵەخانەکانى دەوڵەت سوتێندران، هێز شکا،سوپا پەرتەوازە بوو، چەکدارو چەتەى دەستە دەستە دروست بوون.

شێمرازى روحانى خۆى و هێزێکى گەورەى تەریقەت بەرەو کۆشک وتەلاران چوون، ئەویش بە دواى کچە تاقانەکەى دەگەڕا، لە هەرێمى چیاکان، لە کایسا وئەشکەوتى بویا، لە تونێل وسەردابەکانى ترس وتۆقاندن. چەتەکانى ئۆدیبیش بۆ کوشتن وخوێن رشتن چەپ وراست خەڵکیان دەکوشت بە دواى خوێنى ئۆدیبەوە بوون. ئێمەش سێ کەس بە سوارى حەنچە بەرەو قەڵا و کۆشکى سەرۆکایەتى چووین بۆ دۆزینەوەى دۆسیەکان. گەیشتینە دەرگاى کۆشک لە ناو کۆشک تۆماس عەفلەق وسیخوڕی باڵاو ئانۆ بانى نى بەرگرییەکى دژواریان دەکرد،ئێمە تا ناوەراستى کۆشک نەوەستاین کەئانۆ بانى نى چاوى بە بێزەواڵ کەوت لە خۆشیان نەڕاندى کوڕە تاقانەکەى خۆم وریا بە، لە دەرەوە گولەیەک بێزۆی پێکا، ئانۆ دوا ماچى لە بێزۆى کردو خۆى لە پەنجەرە فڕێدایە دەرەوە ناو لێڕەوارو جەنگەڵ بزر بوو. سیخوڕی گەورەش بە دەمانچەکەى خۆى کوشت، ماسکەکەم لە سەرى لابرد میخۆ جوو بوو. کتێبە رەشەکەى لەلا بوو لێم سەند، دوایی بۆم دەرکەوت هەمان خاوەکێشى گەورە مافیاى بەندیخانەو ناوچەى سورەش بوو. گەمەکە کۆتایی هات لە بەرژەوەندى شێمرازى کە توانى لە جەنگى کۆشک بە سەر چەتەکانى ئەستێرەى بازنەییدا زاڵببى و عەفلەق وکورە لالەکەى بکوژى، شێمرازى روحانى خەلافەتى تەریقەتى لە ناو کۆشک راگەیاند. لێرەدا نووسەر ئەو وڵاتە ئاسایش وپاک وخاوێنەى تەسلیمى سەلەفى وڕیشدارو ئەهلى تەریقەت دەکات.

لە سەرەتای رۆمانەکە نارسیس پاڵەوانى رۆمانەکەیە لە کۆتایی شێمراز دەبێتە پاڵەوان و دەسەڵات وەردەگرێ.

لە دۆسێکەدا دەرکەوت من نارسیس کوڕی گەردەوان نەبووم بەڵکو کوڕی راستەقینەى ئۆدیب بووم، کە بە دەستى خۆم سەرم بڕی. گەردەوان خاڵم بوو براى ئەبرێزە، ئەبرێزەش دایکم بوو لە شەڕی نێوان عەفلەق وباوکم کوژرا.

ئەبرێزەى دایکم و گەردەوان منداڵی ڕەمۆی حەمامچى بوون لە دایکیانەوە خوشکەزاى میخۆ بوون و لە باوکیشیان خوشکەزاى شێمراز بوون. دواى سووتانى رەمۆ لە حەمام میخۆ دەیانڕفێنێ. ئۆدیبى باوکم مامى هەرە بچوکى میخۆو شێمرازو عەفلەق بوو. هەموو راستییەکانى چیرۆکەکەى دەزانى. ژنە دۆمەکەش ئەبرێزەى دایکم بوو لەگەڵ ئۆدیبى باوکم پەیوەندى سێکسى نا شەرعى دەبەستێ من پەیدا دەبم. مێناز کچێکى دوو ڕووى بەد کار بوو، لە هەموو

 گەمە نا شیرینەکانى میخۆ هاوسازو هاو ئاوازو بەشدار بوو. سیخوڕی مەزن کە میخۆ بوو شەڕی نێوان چوار ئایینەکە، شەڕی نەوەکانى میرو شەڕی شارستانییەتى هەرێمەکان و پێکدادانى نێوان شارو گوندەکان و هۆزو تیرەکانى گەرم دەکرد. نارسیسیش بە هۆى عەشقەکەیەوە لە مێناز خۆشدەبێ و هەرسێکیان بڕیارى گەڕانەوە دەدەن بۆ شارى فومەن، تەرمى بێزەواڵمان لەگەڵ خۆمان برد. چۆن لە سەرەتاوە هاتین ئەوهاش لە کۆتاییدا گەڕاینەوە ( حەنچەیەک بەرێوەیە وەک لە سەرەتاوە دوو پیاوو کچێک و تەرمێکى هەڵگرتووە ).

*. چیڕۆکەکانى ناو رۆمانەکە :

١. گیرانى نارسیس ومانەوەى حەوت ساڵ ونیو لە سەر قەرەوێڵە و زیندان.

٢. گیر خواردنى بێزەواڵی سیاناو خۆر لە ناو زێراب.

٣. خنکانى کوریژکەى گوندى بەرانان.

 ٤. میخۆ لە هەرێمى نێرگزان.

٥. چوار هاوسەرەکەى ئەمبێز.

٦. شێمراز دەچێتە شارى فومەن ( هەولێر).

 ٧.میخۆ لە بەلاشخانە یان دەلالخانەى شارى فومەن.

٨. لە دایک بوونى ئۆدیبى مەزن.

٩. خاوەکێش وئۆدیب لە بەندیخانە.

١٠. ئۆدیب لە ناوچەى سورەش.

١١. قۆیتاسیان دە گۆمێ هاویشت.

١٢. رزگار بوونى نارسیس لە بەندیخانە.

١٣.گەیشتنى نارسیس بۆ کۆشکى عەفلەق.

١٤. نارسیس دەگەڕێتەوە هەرێمى نێرگزان.

١٥. نارسیس لە کۆشکى سپى عەفلەق.

١٦. هێرشى سوپا بۆ هەرێمى ئەشکەوت و چیایان.

١٧. کرانەوەى کۆدە نهێنییەکان.

*. هێماکانى ناو رۆمانەکە :.

١. میر ئەمبێز..بابە گەورەى میرانى خۆشناوە. لە گوندى هەرمک لە دۆڵى بالیسان دانیشتووە.

٢. کریکۆر: پیاوێکى ئەرمەنى بوو لە دواى قەتل وعامەکەى ئەرمەنییان لە لایەن تورکیاو سوارەى حەمیدى هاتۆتە عیراق پاشان لە شەقلاوە نیشتەجێ بووە، دوکانێکى هەبوو لەو گەرەکەى کە ئێستا ناوى کریکۆرە.

٣. سیمۆن: وەک کریکۆر ئەویش ئەرمەنى بوو وا بزانم ئامۆزا بوون، لەسەروى کریکۆر چێشتخانەیەکى دانابوو، گەرەکەکەش هەر بە ناوى سیمۆنە .

٤. عەفلەق: کە میخۆى کوڕی ماخەیە، ئاماژەیە بۆ (میشیل عەفلەق) ى دامەزرێنەرى حیزبى بەعس.

٥. نارسیس: واتە (نەرجسییەت ) ئەو کەسەى عەشقى جوانى خۆى دەبى.

٦. ئەلیکترا: واتە حەزى کچ بۆ دایک.

٧. سادیستى: واتە چێژ وەرگرتن لە خوێن وخوێنڕێژى.

٨. پەستى تۆماسى: پەستێکى کۆن بوو خاوەنەکەى ناوى تۆماس بوو لە بەینى شەقلاوەو هەولێر کارى دەکرد.

لەم رۆمانە نووسەر سنوورێکى هونەرى لە نێوان خۆی وخوێنەران دروست دەکات و ئەفراندن دێنێتە وجود، واتە کارە جەماوەرییەکەى زۆر لا گرنگ نییە، وەک رۆمانە تەقلیدییەکان کە چاکى و خراپى رۆمانەکە لە گێڕانەوەى هەقایەتەکەى دابێ و بەرگە هونەرییەکەى لێ دابماڵێ، بەڵکو خوێنەر زۆر ماندوو دەکات تا لە بیرۆکە و ناوەرۆکى رۆمانەکە تێدەگات.

 

 

 

.

 

 

گەڕان بۆ بابەت