وەڕەزین لە باڵا کورتەکان

دنیا هەتا دێت زیاتر دەبێ بە شوێنی دەرکەوتن و تەراتێنی پیاوە باڵاکورتە سیاسییەکان. بە گوێرەی پاشەکشەی خەونە گەورەکان و زاڵبوونی لۆژیکی پارە و قازانج، هەر بەو رادەیەیش ئەوانەی جڵەوی کارەکان دەگرن بە دەستەوە وا نیگایان لە بستێک واوەتر نابینێت. هەموو شتێ بووە بە خەونە باڵاکورتەکان.

پێ بە پێی زاڵبوونی پیاوە باڵاکورتە سیاسییەکان، رق و کینەکان زیاتر باڵادەکەن و هەموو شتێ دەبێ بە خۆویستییەکی شێتانە کە تیایا خاڵە هاوبەشەکان هەتا دێن کەمتر دەبنەوە. لە وەها جیهانێکدا گەیشتن بە سەر چۆنیەتی گەیشتندا زاڵدەبێ و ئەخلاق لە جاران زیاترمەجبوور بە پاشەکشە دەکرێ. ئیتر گرینگ ئەوەیە تۆ بتوانی سەرکەوی نەک ئەوەی دەتەوێ ئەو سەرکەوتنە چۆن بەکاربێنی.

لە وەها جیهانێکدا خودی مرۆڤیش دەبێ بە دەستەچیلەی ئامانجەکان و مرۆڤ خۆی لە خۆی دادەماڵدرێ. کاتێکیش سیاسەت وای لێهات، متمانە دەفڕێ و تەنیا ئەوانە پێ دەخەنە ناو جیهانی سیاسەتەوە وا سیاسەت لایان شوێنێکە تەنیا بۆ درۆ و دەلەسە و پێشێل کردنی نەیاران و جودابیران.

هۆکارێکی گرینگی پیسبوونی ژیانی هەنووکە، تەراتێنی پیاوە باڵاکورتەکانە لە جیهانی سیاسەتدا. هەتا وەهایش بێت جیهان کەمتر رووی باشتر بە خۆیەوە دەبینێ. دونیای سیاسەت تەنیا شوێنی قازانج نیە، بەڵکو شوێنی ئاواتەکانیشە. ئەوەی سیاسەت لە بازاڕ جیادەکاتەوە رێک ئەمەیە. سیاسەت هەمیشە بە ئایدیا گەورەکانەوە گرێدراوە و هەمیشەیش هەوڵیداوە بەدییان بێنێت. تەنانەت گەر نەیشی توانیبێت بەدییان بێنێت، بەڵام هەوڵەکان بوونەتە هۆی دەرکەوتەیەکی تری جیهانی سیاسەت. دیاردەیەک کە ئەمڕۆکە چیتر وەک جاران نابینرێ.

هەموومان بە جۆرێک بێتاقەت و وەڕەزین. چارمان نیە، بۆ ئەوەی دەربازبین دەبێ جارێکی تر بگەڕێینەوە بۆ ئایدیاکان و پشت لەو باڵاکورتانەی بکەین وا لە جیاتی سیاسەت لاسایی سیاسەت دەکەنەوە.

سایتی قەڵەم

٢٠ مانگی دەی ٢٠٢٠

 5 grunner til at det ikke er verdt å være en pessimist - Utforsk Sinnet

بازدید: 1737