ما 5016 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

دابین کامران کریم شارەزا

بەڕێگاوە لەو ڕۆمانانەیە کە لەو شێوازەی دواییانە و سەرەڕای بوونی چیرۆکێکی دوورودرێژ و هەبوونی چەندین کارەکتەر لە ناویدا، هەروەها گرێدراویی زۆرێک لەو ڕوداوەکان بە یەکەوە، کەچی هێشتا بە ئاسانی سیحر لە خوێنەرەکانی دەکات و بە ئاسانییش پەلکێشیان دەکاتە ناو ڕووداوەکانیەوە.

سیحری وشە لە ڕۆمانی بە ڕێگاوە

 

ڕانانێک بۆ ڕۆمانی (بەڕێگاوە) ی (دڵشاد کاوانی)

 

دابین کامران کریم شارەزا

 

کە من ئەو ڕۆمانانەی کە دەتوانن بە چیرۆکێکی درێژ و تا ڕادەیەکیش ئاڵۆزەوە کاریگەریی گەورە لەسەر خوێنەرەکانیان دروست بکەن، هەندێک ڕۆمان هەیە بە هۆی درێژیی ناپێویستی چیرۆک یان سادەیی لە گێڕانەوە یان گرێوگۆڵی ناپێویستەوە، هەر زوو هێزی ڕازیکردنی خوێنەرەکانیان لەدەست دەدەن، هەشن بە پێچەوانەوە بە سادەیی و گرێی ئاڵۆز و تەکنیکی جۆراوجۆری گێڕانەوە توانیویانە بە خێرایی بەسەر ناخی خوێنەرەکانیاندا زاڵ ببن، هەڵبەت جیا لەم دوو جۆرە لە نووسینی ڕۆمان جۆر و شێوازی تریش هەیە کە سەرەڕای هەبوونی چەند تێبینی لەسەر شێوازی گێڕانەوە و درێژدادڕیی لە چیرۆک و هەروەها هەندێک ئاڵۆزی لە گرێچنی ڕووداوەکاندا، کەچی ئەو سیحرە لەدەست نادەن کە لە خوێنەرەکانی دەکەن بۆ بەردەوامی و لەگەڵی ڕۆشتن بەوپەڕی شەوقی خوێندنەوەوە.

بەڕێگاوە لەو ڕۆمانانەیە کە لەو شێوازەی دواییانە و سەرەڕای بوونی چیرۆکێکی دوورودرێژ و هەبوونی چەندین کارەکتەر لە ناویدا، هەروەها گرێدراویی زۆرێک لەو ڕوداوەکان بە یەکەوە، کەچی هێشتا بە ئاسانی سیحر لە خوێنەرەکانی دەکات و بە ئاسانییش پەلکێشیان دەکاتە ناو ڕووداوەکانیەوە و شانبەشانی کارەکتەرەکانی سەفەری دوور و گەڕانی سەیر بە ناو کات و شوێنی ڕووداوەکانیدا بە خوێنەرەکانی دەکات، بۆیە زەحمەتە کە خوێنەری بەڕێگاوە بیت و بێبەش بیت لە گەڕان و چێژوەرگرتن لە سروشت و کات و جوانیی مرۆڤ. هاوکات چێژێکی ئیستاتیکییانە لەگەڵ سروشتدا لە هەندێک کات و شوێندا لەم ڕۆمانەدا دەگاتە لوتکە. ئەمە سەرەڕای دەستبردن بۆ کۆمەڵێک گرێکوێرەی دەروونی مرۆڤ لە کاتە سەخت و ئاڵۆزکاوەکانیدا. هاوکات پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکان بەگشتی و هەروەها شۆڕبوونەوە بۆ ناو ناخی مرۆڤە دەروونئاڵۆزەکان. شەڕی مرۆڤ لەگەڵ خووە خراپەکانی و لەگەڵ مرۆڤەکانی دیکە و پاشان شەڕی بەرژەوەندییەکانی و شەڕی کۆڵنەدان و بەردەوامیی ژیان. ئاخر زەحمەتە خوێنەری بەڕێگاوە بیت و پێبەپێ و شانبەشانی ڕوداوەکان لەگەڵ نارسیسی پاڵەوان نەڕۆیت و سەفەری گوندی بەرازان نەکەی و لەشاری فومەن نەمێنیتەوە و سەر بۆ کۆشکی سپی لار نەکەیت. کێ هەیە خوێنەری بێت و هەست و ئیحساسێکی تارماوی نەپڕژێ بە ڕووخساریدا و لەقاوشە شینەکە یەخەیاڵیش بمێنێتەوە؟ گەرمی و ساردیی ڕۆژگارەکانی ناو ئەو قاوشە و بێ نرخبوونی ئازادی و ووشە ؟ کێ هەیە خوێنەری بێت و هەست بە ئازار و تراژیدیای لەناوچوونی بێزۆ و جیقۆ فشە و عەدە گرینۆکو کوژرانی باوکی و هتد..... نەکات و لەگەڵ خەمەکان ڕێنەکات؟

نارسیس ئەو مرۆڤە دەروون ئاڵۆزەی کە هەڵپەی ڕابواردن و خۆشییەکانی ژیان و گرێ دەروونیەکانی و عاشقبوونی خۆی دەیانکاتە مرۆڤێک، کە دواجار بە قووڵایی ناخی خۆیدا ناخودئاگا ڕۆ دەچێت، هەتا دەگاتە بارودۆخێک کە هەوڵی خۆکوشتن و لەناوبردنی خۆی دەدات .

هەڵبەت كۆی کەسایەتی و پاڵەوان و کات و شوێنەکانی ئەم ڕۆمانە هەریەکە و بە جۆرێک خوێنەر پەیوەست دەکەن بە دونیای خۆیانەوە، کە ئەمەش هەم پێوەری چێژ لای خوێنەر زیاتر سەر دەخەن و هەمیش دەوڵەمەندی دەکەن بە ڕووداوگەلێک کە لە هەر کات و ساتێکدا ڕووبەڕوویان دەبیتەوە، هەستی بەردەوامیت لە لا درێژتر دەکەنەوە.

ڕۆمانی بەڕێگاوە خاوەن بەرگێکی سادە و ناوەڕۆکێکی پتەوە جیا لەزمانە سادەییەکەی کە تێیدا بەکارهاتووە مەبەست و ژینگەی ڕێگا دەخاتەڕوو کە کەسانی چاک و خراپی تێدایە. زمان پیس و ئاکار جوان و لات و بەڕێز و جنێو فرۆش و بگرە بەسەدان بیر و ئایدیای تێدایە کەئەمەش مەبەست لێی خوودی ڕێگایەکەیە

ڕۆل و ئەرکی حەنچە لەو ڕۆمانەدا هیچی کەمتر نیە لەکارەکتەرەکان و ماوەتەوە بڵێم سادیست بوونی چێژێکی تری بەخشیوە بە ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە هەربژیت و هەر هەبیت کاک دڵشاد کاوانی، خەرمان بەرەکەت.

٨ ی ئوکتوبەری ٢٠٢٠

 

گەڕان بۆ بابەت