ما 3168 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

هاوڕێ نەهرۆ

گەنجەکە تا دەهات دەنگی بەرزدەکردەوەو وەک مەلای مزگەوت گوتاری دەدا دەیگووت ئەلبیر کامۆ دەڵێ ژیان بریتییە لە خەتوکەیەکی ڕەشی نێوان دوو بۆشایی، بۆشایی پێش سەرهەڵدانمان هەروا بۆشایی دوای لە نێوچوونمان.

 

 

لەزاری تەیمورەوە

هاورێ نەهرۆ

             

سەماوە لە دوو وشە پێکهاتووە (ماء السماء) دوواتر بۆتە سەماوە! نازانم رۆژە یان شەوە لەبەر ئەوەی زەمەنەکان تێکەڵ بوون. خۆر و مانگ ئاوێزانی یەک ببوون وەک تەراویلکە پێکەوە سەمایان دەکرد. تا چاو بڕکا حەشاماتە، ژن و پیرو مناڵ و گەنج تێکرا بە نێو یەکدا ئەهاتن و ئەچوون. وەک بڵێی سەریان لێ شێوابێ. بەڕاستی وابوو سەرلێ شێوانێک ئەو دیوی دیار نەبوو. خەڵک هەبوو رووەو ئاسمان دەستی بەرز کردبووەوە لە خوا ئەپاڕایەوە، بەڵام هیچ دەنگدانەوەو رەنگدانەوەیەک لە خودا بەدی نەکرا لەو ساتە وەختە. لەو کاتەدا تەنانەت خوایش نەیتوانی بەرەنگاری ئەو تاوانە بێتەوە، لەڕاستی دا کەرنەڤاڵی مەرگ بوو، دوا شانۆگەری شانۆی ژیان بوو، تراژیدیایەکی دەگمەنی کورد بوو لەو بیابانە. وەک شەپۆلی سەر لێ شێواوی دەریا خەڵکەکە جمەی دەهات. وەک گەردەلوولی بێ ئاراستە دەنگی مناڵ و ئافرەت و پیر حەوت تەبەقەی ئاسمان پڕ کردبوو. دواسیمفونیای دلتەنگی ژیان بوو. مناڵ هەبوو داوای شیری لە دایکی ئەکرد، بەڵام دایک نوزەی لەبەر بڕا بوو، پیاویکی پیری جامانە لەسەر بەدوای حەبی سەئیشە وێڵ بوو، کەس بەدەنگیەوە نەهات. هەندێ خەڵک وەک ئەوەی دووچاری نەخۆشی دەروونی هاتبن ئەیاندا لە قاقای پێکەنین، هەندی تریش ترسیان لێ نیشتبوو واق وڕ مابوون. پاسەوانەکان لە دووری ئێمە بەچەکەوە ڕاوەستا بوون. دەنگی شوڤڵ  وڕ و کاسی کردبووین لە پەسا چاڵیان هەڵدەکەنی. کوریکی گەنج بەدەنگی بەرز لەگەڵ پیاوە پیرەکان قسەی دەکرد دەیگوت لە خوا مەپاڕینەوە خوا کاتی نییە گوێی لە زریکەی دەنگی مناڵی ئێمە بێ، نیتشە لە مێژە گووتویەتی خوا مرد هەر بۆیە مروڤ دەبێ ببێتە سوپەرمان. هەر چەندە ئەمرۆ کریستیانەکان دەڵین نیتشە مرد بەڵام خوا ماوە. گەنجەکە تا دەهات دەنگی بەرز دەکردەوەو وەک مەلای مزگەوت گوتاری دەدا دەیگووت ئەلبیر کامۆ دەڵێ ژیان بریتی یە لە خەتوکەیەکی ڕەشی نێوان دوو بۆشایی، بۆشایی پێش سەرهەڵدانمان هەروا بۆشایی دوای لە نێوچوونمان کەواتە پێش و پاشی ژیان عەدەمە بۆیە نیگەران نەبن ئەگەر بمانکەنە ژێڕ لمەوە هەر ساتی یەکەم ناخۆشە دوایی دەچینە نێو دونیای عەدەمەوە، ئێـمە چی بکەن چارەنووس و قەدەرمان وابوو، هەر یەک لە ئێوە خاوەنی ئەرزو زراعەت و تراکتۆرو باغ و رەز بوو، خاوەن مانگاو مەڕو ماڵات بوو هەمیشە مشکەتان پڕ دۆ بوو هەر رۆژێ بە دەیان میوانتان بەدڵی خۆشەوە بەرێ دەکرد، ئێوە خاوەن شکۆ بوون خاوەن سەروەری بوون، ئێوە پاڵپشتی پێشمەرگە بوون ئەوە ئێستا باجەکەی دەدەین، هوشیمەنە دەڵی پێشمەرگەو جەماوەر وەکو ماسی و دەریایە، ئیوە دەریاکە بوون هەر بۆیە رژیم هەوڵیدا لەناوتان بەریت هەتا دەریاکە وشک بکاو ماسیەکان بمرن.

بەڵام ئێمە دەمرین لەوانەیە پێشمەرگەکان بێ لانە بن بەڵام کێشەی رەوای ئێمە هەر بە زیندوییەتی دەمێنیتەوە، ئێمەو ئێوەش بەم کارەساتە لە گەورەترین دەرگاوە دەچینە ناو مێژووەوە، کاتێ باسی میللەتی کورد بکەن دەبێ باسی کۆچی ناوادەی ئێمە بکرێ، گەنجەکە بیرکردنەوەی لە تەمەنی خۆی گەورەتر بوو بۆ ساتێک خەڵکەکە سڕو بەنج بوون قسەکانی کاریگەریی هەبوو، بێدەنگی باڵی کێشا بەسەر هەموویاندا، چی دی کەس نەدەگریا، کەس نەدەپاڕایەوە، کەس لە قاقای پێکەنینی نەئەدا لە ناکاو پیاوێکی نیمچە پیر لە حەشاماتەکە هاتە دەرەوە گوتی لەجەنگی جیهانی دووەم نازیەکانیش قڕی پینج ملیون جوویان کرد کە ناویان نا هۆلۆکوست دەستی برد لە ژێر پشدوینەکەی خەنجەرێکی دەرهینا گووتی خەڵکینە من دەمەوێ بەم خەنجەرە خۆم بکوژم من نامەوی بەدەستی بەعس وەک بێ دەسەڵاتێک بکرێمەوە ژێر لمەوە و بمرم من دەمەوی یەکی لە ئیوە بێتە دەرەوە بەم خەنجەرە بمکوژی هەتا منیش ئەو بکوژم، شەری براکان بوو وای لە ئیمە کرد بەو چارەنووسە بگەین، من دەمەوێ لە دوا ساتی ژیانم شانۆی شەری براکان تۆمار بکەم بەڵام کەس دڵی نەهات ئەم پیاوە جوامیرە بکوژی ناچار بە خەنجەرەکەی بەر بووە ورگ و سینەی خۆی، خوێن فیچقەی کردو ڕژایە سەر لمەکەو تابلوی هونەری مەرگی جوامێرێک نەخشاند، ئافرەتان روومەتی خۆیان ڕنی بۆ چارەنووسی پیاوەکە لەلایەک وچارەنووسی خۆیان لەلایەکی دی. دوا بەدوای مردنی پیاوەکە ئافەرتێک لە حەشاماتەکە دەرچوو کەوتە کەناری ئاپۆرای خەڵکەوە گووتی خەڵکینە ئەو پیاوە جوامێرە ڕاست دەکات با بەدەست بەعس نەکوژرێن، من شخارتەیەکم پێ یە خۆم دەسووتێنم، کێ لە ئیوە دێ بمسووتێنێ، کەس جورئەتی نەکرد لە ئاپۆرەکە دەرچێ، ناچار ئاگر لە پرچی خۆی بەر دا تا دەهات ئاگرەکە کلپەی سەند، هەندێ خەڵک لمیان پیا کرد بەڵام ژنەکە لە حەشمەتا ڕای کرد بە نێو خەڵکەکە وەک گڕی ئاگری نەوروز تا دەهات گەشەی سەند، گڕی ئاگرەکە گەیشتە تروپکی لە ناکاو لە شوێنی خۆی دا خامۆش بووەوە، یەکێ لە پاسەوانەکان پیاوێکی ئەسمەری باڵا بەرز بوو پێ دەچوو خەڵکی باشوری عیراق بێ کاتێ ئەم دیمەنانەی بەچاوی خۆی بینی دەستبەجێ چەکەکەی فڕێ دا هاتە ریزی ئاپوڕای خەڵکەوە بەدەنگی بەرز گووتی با منیش لەگەڵ ئەو خەڵکە زیندە بەچاڵ بکرێم بەڵام ئەفسەرێک ڕەنگ سووری تێکسمراو هات ڕاکێشایە دەرەوەو هەر لەوێ گوللە بارانی کرد، کاتێ ژنەکان ئەم دیمەنانەیان بینی دایان لە قیژەو هاوار، پاسەوانەکانی دی لە شوێنی خۆیان جوڵان وەک ڕانە مەڕ ئەو خەڵکەیان بەرەو چاڵەکان دەبرد، تا دەهات گریان وشیوەنی خەڵک بەرز دەبووەوە، کاتەکە شەو بوو لە کەنار چاڵەکە دەسترێژیان لێمان کرد من بریندار بووم بەسووکی، دیوی لای چاڵەکەی من نزم بوو، ڕام کردە دەرەوە بەرەو تاریکی هەڵهاتم، نەمزانی بەرەو کوێ بڕۆم، گرنگ ئەوە بوو دوور بکەومەوە، ئەو شەوە بەرێگاوە بووم بۆ بەیانی کە رۆژ بووەوە ڕەشماڵیکم بەدی کرد، مەرو ماڵاتیان هەبوو، سەگیان هەبوو سەگەکان پێم دەوەڕین بەڵام ئافرەتێکی ڕەشپۆشی پەنجا ساڵە سەگەکانی تاڕاندو بەپیرمەوە هات نە ئەو کوردی دەزانی نە منیش عەرەبی بەڵام بەهەستی مروڤانەی خۆی زانی لێم قەوماوە پێشوازی لێ کردم و کەوتە تیمار کردنی برینەکەم وەک کوڕی خۆی دوو ساڵ بە خێوی کردم تا ساڵی ١٩٩٠ کاتێ سەدام کویتی داگیر کرد زەلامێکیان نارد بۆ کوردستان بۆ ئەوەی خزمەکانم بدۆزێتەوە، کاتێ خزمان هەواڵی منیان زانی شوناسنامەیەکی ساختەیان بۆ کردم لە بازگەکانی حکومەت پەڕیمەوەو گەیشتمە کوردستان، تا ئێستاش چاکەی ئەو ماڵە لە بیر ناکەم کە منیان رزگار کرد.

پەراوێز / تەیمور ئەو مێرد مناڵە بوو کە لە ئەنفال رزگاری بوو.

 

گەڕان بۆ بابەت