ما 6386 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

ئیرەج!جەلال مەلەکشا شاعیر بوو

ئیرەج مسداقی، ئەندامی جارانی سازمان موجاهدینی خەڵقی ئێران و رەخنەگری ئیستا، لە یاداشتێکی بچوک کە لە رووبەری فەیسبووکی خۆی سەبارەت بە مەرگی جەلال مەلەکشا نووسیویەتی، دەڵێ جەلال مەلەکشا یەکێک لە تاوانبارانی یەکجار چالاکی ناو زیندانی قزل حەسار بووە کە چالاکانە لە لێدان و ئازاردانی زیندانیاندا بەشداری کردووە و، فشارێکی زۆری بۆ سەر زیندانیانی کورد بەتایبەت مێردمندالان و گەنجان هێناوە. ئیرەج دەڵێ جەلال شیعری زۆری بەسەر حاج داوود رەحمانی و خومەینی دا گوتووە.

لێرەدا ئێمە ناچینە سەر درۆ یاخود راستی و دروستی وەها گوتەیەک، لەگەڵ پێداگرتن لەسەر ئەوەی کە ئیرەج مسداقی ئەرکی سەلماندنی ئەم قسەیەی دەکەوێتە ئەستۆ و دەبێ بە بەڵگە بیسەلمێنێ. لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی رەوتی تەواب سازی رەوتێکی پلان بۆ داڕێژراو بوو کە بە وردی بەتایبەت لە شەستەکانی هەتاویدا لە رێگای ئەشکەنجەی بێڕەحمانەوە کاری بۆ دەکرا.

ئەوەی لێرەدا جێگەی سەرنج و سەرسوڕمانە ئەوەیە ئیرەج بە بێ ئەوەی باس لە دۆخی زیندان و گوشار و ئەشکەنجەکانی جەلاد بکا بۆ ناچارکردنی زیندانی بە مەبەستی ملکەجبوون و شکستی، لە جیاتی باسکردن لە هۆکار یەکسەر دەچێتە سەر ئەنجام و بەم شێوەیە بەرپرسایەتی لە جەلاد دادەماڵێ و دەیخاتە سەر شانی قوربانی.

وا دەردەکەوێ ئیرەج دەبێ خۆی زیندانی ئەو سەردەمە بووبێ یاخود لە نزیکترین هاوڕێکانی ئەم قسەیەی بیستبێ، بۆیە وادیارە تا رادەیەکی زۆر دڵنیایە لەوەی دەیڵێ، بەڵام قسە تا نەسەلمێندراوە وەک قسە دەمینێتەوە و نابێتە بەڵگە. بەداخەوە لە مێژووی سیاسیی ئێراندا لەم تۆمەتانە کە هێشتاکە نەبوونەتە راستی یەکجار زۆرن و لێرەوە کەسی هەڵگری ئەم جۆرە قسانە دەبێ وردتر و مەسولانەتر بچێت بەدەم گوتەکانی خۆیەوە.

جگە لەمە رێزگرتن لە جەلال مەلەکشا پێش لەهەر شتێک رێزگرتنە لە پلەی ئەدەبیی ئەم شاعیرە و ئەو دەقە شیعرییانەی وا پێشکەشی کردن بە دونیای وێژە. جوداکردنەوەی ئەم بەشانە گرینگیی تایبەتی هەیە و مرۆڤ دەبێ لە فرەچەشنی خۆیدا ببینرێ.

گەر قەرار لەسەر بینینی تاوان بێت ئەوا زۆر کەس دەتوانن ببنە تاوانبار پیش لەهەر شتێک بە هۆی ئەوەی لەگەڵ ئەو رەوتانە یەک کەوتن وا دەسەڵاتیان گرتە دەست یاخود لە رەوتی خەباتیاندا بۆ بەدەست گرتنی دەسەڵات کاری تاوانبارانەی زۆریان کرد و جگە لە کوشتنی نەیارانی خۆیان دەستیان بە سەرو سامانی وڵاتدا گرت و بەشێوەی نانیشتمانی کەڵکیان لێوەرگرت.

جگە لەمە ئەوەیکە هەندێ لە رۆژنامە و سایتەکانی دەسەڵات لە ئێران باسی مەرگی جەلال مەلەکشایان کردووە خۆبەخۆ ئەمە بەڵگە نابێ بۆ سەلماندنی خۆشەویستیی ئەو لای دەسەڵات یاخود سەلماندنی تاوانباربوونی ئەو، چما هەندێ لەم رۆژنامانە باسی شەجەریان و شاملووشیان کردبوو.

بۆیە بەڕای ئێمە گرینگە شتەکان لێک جیابکەینەوە و کەسایەتیی ئەدەبیی جەلال نەکەویتە بەر گومانەوە. ئیرەج گەر راستگۆیی هەبایە لە پێناوی قسەکانی خۆیدا دەبا دۆ و دۆشاو تێکەڵ نەکا و دانی بە پلەی ئەدەبیی شاعیردا بنایە کە هەڵگری بەشی بنەڕەتیی کەسایەتی و جۆری خەون و خەیاڵ و تێڕوانینی ئەوە بۆ ژیان و بۆ کێشەکانی.

سایتی قەڵەم

٢ مانگی یازدەی ٢٠٢٠

 جەلال مەلەکشا،جلال ملکشا،Jalal Malaksha - Photos | Facebook

گەڕان بۆ بابەت