ناڵە حەسەن

هەر نووسەرو شاعیرێک گەر بە ئاگاهانە بەرگری لە فاشیزم بکات، ئەوا بەبێ هیچ گومانێک (ئەدەب و شیعر) و داهێنانەکانی دەکەونە ژێر پرسیارەوە، تەنانەت گەر لەنێو ئەدەبەکەشی بەم ئاراستە کاریی نەکردبێت.

 

 

بەشێک لە وتاری (ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا و فاشیزم )

شیعری:  (یەکەمجار کە هاتن) 

 ناڵە حەسەن     

 

یەکەمجار بۆ کۆمۆنیستەکان هاتن        پاشان بۆ جولەکەکان هاتن

من هیچ قسەیەکم نەکرد                من هیچ قسەیەکم نەکرد

چونکە من کۆمۆنیست نەبووم           چونکە من جولەکە نەبووم

دواتر بۆ سۆشیالیستەکان هاتن          دواجار بۆ منیش هاتن

من هیچ قسەیەکم نەکرد               بینیم هیچ کەسێک لەوێدا نەماوە

چونکە من سۆشیالیست نەبووم         تا قسەیەک بۆ من بکات ...!                      

پاشان بۆ کرێکارەکان هاتن

من هیچ قسەیەکم نەکرد                                مارتن نیمۆلەر

چونکە من کرێکار نەبووم

 

 

_  تێگەیشتنێک بۆ فاشیزم :

فاشیزم ئایدیۆلۆژییەکی ئالۆز و فرە ڕەهەندە، فۆرمێکە بۆ بەڕێوەبردنی دەسەڵات، ڕەگی فاشیزم لە نێو ئایدیۆلۆژییاکان بەتایبەت، ناسیۆنالیزم و نەتەوەپەرستیی چەکەرە دەکات، هەر ئایدیۆلۆژیایەک کاتێک دەگاتە ئاستی دۆگمایی فاشیزم بەرهەم دەهێنێ، بەمانای (ئایدیۆلۆژیا / دۆگما / فاشیزم). دەسەڵاتی فاشیزم دەسەڵاتێکی عەسکەرتاری تاکڕەوانەیە، باوەڕیان بە یەکسانی و دادپەروەری نییە. لە ڕێگەی توندوتیژییەوە مامەڵە لەگەڵ نەیارەکانییان دەکەن و تاکەکانی کۆمەڵگە سەرکوت دەکەن، فاشیزم زۆرجاران بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشەکان (شەڕ) بە باشترین ئۆپشن و چارەڕێگە دەزانن، کاریان بەوە نییە لە ئاکامدا چ کاولکارییەک و قەسابخانەیەکی لێدەکەوێتەوە لەمبارەوەش / کەمنین نموونەی کاولکارییەکان و کۆمەڵکوژییەکان، (هۆلۆکۆست و جینۆساید) لە مێژووی فاشیزم هەمیشە دووبارە دەبنەوە، لە سەرەتا لە ساڵی ( ١٩٢٢ _ ١٩٤٥ ) فاشیزم لە ئیالیا بە ڕابەرایەتی مۆسۆلینی سەریهەڵدا، پارتی فاشیستی نەتەوەیی پێکهێنا، دواتریش لە ئەلمانیا، بە دوای جەنگی یەکەمی جیهانی، لە ٥ی جانیوەری (پارتی کرێکارانی ئەلمانیا) دادەمەزرێ، هیتلەر لە ١٦ی سیپتەمبەر دەبێتە ئەندامی ئەم حیزبە، لە ٢٤ی فێبروەری ئەم حیزبە لە پلاتفۆرمێک ناوی خۆی دەگۆڕێت بۆ (پارتی کرێکارانی ناسیۆنال سۆسیالیستی ئەلمانیا)، دواتر دەبێت بە (حیزبی نازی) ( ١٩٣٠ _ ١٤٣٥ ). هیتلەر لە ساڵی ١٩٢١ دەبێتە سەرۆکی ئەم حیزبە، بە شێوەیەکی ئاسایی هەموو فاشیستێک دیکتاتۆرە بەڵام، مەرج نییە هەموو دیکتاتۆرێک فاشیست بێت. لە سەرەتا فاشیست بوون  ناوێک و شوناسێکی ئاسایی بوو بەڵام، دوای کارەساتی (هۆلۆکۆستی جولەکەکان ) کە ، شەش ملیۆن مرۆڤ تیابوونە قوربانی، دوای ئەوە بوو بە شوناسێکی شووم، بەدوای ئیتالیا و ئەلمانیا، فاشیزم پەڕییەوە بۆ هەندێک. لە وڵاتانیتر وەک ئیسپانیا، ئەرجەنتین و زۆریک لە وڵاتی تریش ، فاشیزم تاکو ئەمرۆش بە ماسکی جۆراوجۆر درێژەی هەیە .

_  ئەدەب و فاشیزم

پێشتر لە وتارەکانیترمان / بە درێژی باسی پەیوەندییەکانی (ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا ) مان کردووە، لەم بەشە زێتر باسی پەیوەندییەکانی نێوان (ئەدەب و فاشیزم) دەکەین، گوتاری ئەدەبی و گوتاری فاشیستی بە دوو ئاراستەی پێچەوانە ڕێدەکەن، هەروەکو گوتمان، فاشیزم لەسەر توندوتیژی و سەرکوتکردن و کوشتن و تۆقاندن، درێژە بە تەمەنی خۆی دەدات، پەیوەندییەکان لە فاشیزم ناڕێک و نا تەندروستن، چ پەیوەندی نێوان تاکەکان یان پەیوەندی نێوان دەسەڵات و تاک، هەروەها بە تێزی حەقیقەتی ڕەها ئیشدەکەن، واتە هیچ نرخێک بۆ باوەڕی ئەوانیتر دانانێن ، هەروەک ئەوەی کە دەڵێن (گەر لەگەڵم نەبیت _ دوژمنی منیت!) ئەمە بیرکردنەوە و ئاراستەیەکی فاشیانەی لە پشتە. بەڵام ئەدەب ڕێک پێجەوانەی فاشیزمە ، ئەدەب ئامانجی گەیشتنە بە جوانی و هەوڵدانە بۆ گەیشتنی ژیان بە کەناری ئارامی، هەروەها گەڕاندنەوەی هەموو سەروەرییەک بۆ مرۆڤ ، لە نێو ئەدەب چ پەیوەندی تاکەکان یان پەیوەندی نێوان دەسەڵات و تاک پەیوەندییەکی تەندروستن، حەقیقەتی ڕەها بوونی نییە، بەڵام لە فاشیزم بوارێک بۆ کەناری ئارامی و پێکەوە ژیان نامێنیتەوە، لە جیاتی پێکەوە ژیان / ملکەچبوون و دەستەمۆیی ڕەواجیان هەیە. هەر نووسەرو شاعیرێک گەر بە ئاگاهانە بەرگری لە فاشیزم بکات، ئەوا بەبێ هیچ گومانێک (ئەدەب و شیعر) و داهێنانەکانی دەکەونە ژێر پرسیارەوە، تەنانەت گەر لەنێو ئەدەبەکەشی بەم ئاراستە کاریی نەکردبێت. دەکرێ لەم ڕاستایە باسی (ئەزرا پاوەند) بکەین، کە نووسەر و شاعیرێکە لاینگر و بەرگری لە فاشیزمی ئیتالیا کردووە، پاوەند قسەیەکی هەیە دەڵیت (ئەگەر کەسێک ئامادەیی موجازەفەکردنی نەبێت لەنێو بیرکردنەوەکانیدا، ئەوا ئەوکەسە یان بیرکردنەوەکانی نرخێکی ئەوتۆیان نییە یان خۆی)، ئەمجۆرە بیرکردنەوانە لە بنەڕەتدا بیرۆکەی فاشیزمی بەرهەم دەهێنن، هەرچەندە (ئەزرا پاوەند) شاعیرێکی نوێخواز و داهێنەر بووە، کاریگەری بەرچاوی هەبووە لە نێو ئەدەبی ئەمریکی و پێگەیاندنی زۆرێک لە نووسەرانی سەردەمی خۆی و داهێنانی قوتابخانەی (وێنەیی) و... . لای خۆشمان کەمنەبوون ئەو نووسەر و شاعیرانەی بەباڵای (سەدام حوسەین) یان دا هەڵدەدا و هانیاندەدا، لە کۆمەڵکوژی و توندوتیزییەکانی بەردەوام بێت، یان ئەو نووسەر و پیاوە ئایینیانەی لە مینبەرەکان بە گوتارەکانییان پاڵپشتییان لە (ئۆردوگانی فاشیست) دەکرد، بۆ کۆمەڵکوژییەکانی کوردانی باکوور و ڕۆژئاوا . ئەوانە پێبزانن یان نا، بە ئەدەب و گوتارەکانییان خزمەتییان بە فاشیزم کردووە. ڕەنگە ئەو شیعرەی (مارتن نیمۆلەر)، کە لە دەسپێکی ئەم وتارە نووسیومانە، ئەم (ڕەشبگیرییە) و (کۆمەڵکوژییە)، باشترین وێنە بێت، کە سیمای فاشیزمی بە ڕۆشنی تیا بخوێنینەوە.