رەحمان سۆفی

ئەوە بوو کچێکی دیکە بە مۆبايلەکەی خەریکی ئەوە بوو کە ڕووداوە تۆماربکا. لە نێو ژنەکاندا ژنێکی سەرسپی به ئەيەڕۆ ئەيەڕۆ بەرەنگاری کابرای شۆفير بوەوە و گوتی «يەڕۆ بله کڕوز جا، خۆ ئەو فريشته جوانەت کوشت!»

 

خوێنبايی

رەحمان سۆفی

 

مام باپير له پەنجێرەی ژوورەکەيەوە چاوێکی له دەرێ کرد. له بەر خۆيەوە بۆڵه بۆڵێکی لێوەوهات. به لەرەلەر ڕابوو. کڵاوەکەی له سەر نا و تابنا گوێ دایکێشا. شاڵگەردنەکەی له ملی ھاڵاند و گەرێی دا. باڵتەکەی له بەر کرد و زنجيرەکەی تا بينەقاقەی ھەڵکێشا. دەستەوانەکانی له دەست کرد و گۆچانه بڵاڵوکەکەی به دەستەوە گرت و به نيازی نان کڕين له ماڵ وەدەرکەوت.

وەرزی بەفرانبار بوو. زەوی تاراێکی بەفرينی پۆشی بوو. کۆڵان و شەقام سەھۆڵ بەسته. زەردەی خۆرەتاو مابوو. پڕشنگێکی کەمتينی بەسەر شاردا پەخش و بڵاو بوو.

مام باپير گوێی بە بەفر و بەستەڵەک نەدەدا. دەڕوی و له دنيای خەیاڵی خۆيدا سەيری دەکرد. بيرەوەريکی دوور زەينی داگرت. پێی خزی و بەپشتەوە تخێل بوو. کەم هەێز ھەوڵی دا ھەستێتەوە. بەڵام زەوی خز و ئەو کەم ھێز و کەم توانا. وەکوو دەڵێن "بەختی يار بوو". فريشتەێک کە باڵتەيەکی فرينی پۆشی بوو بەسەر سەريەوە ڕاوێستا و بە وردی تێڕوانی. به ئەسپايی دەسته نەرم و زەريفەکانی نا نێو دەسته زبر و قەڵشاوەکانی مام باپير. فریشتە بە زمانی چاوە سەوزەکانی تێیگەیاند دەستم گرتووی تەکان له خۆتدە و ھەستەوە! ڕوانينی گەرم و دڵسۆزانەی ئەو فريشتەیە ورەی نا بەر مام باپير و ھێزێکی هاتەوەبەر. ئیرادەی کرد و به يارمەتی دەستە چکۆڵە سڕەکانی فريشتەکه تکان له خۆی دا و ھەستاوە. فريشتەکە به بزەی سەرلێوی دەی دواندی. مام باپير وایدەزانێ که به دەنگی نەرم و بەسۆز لايه لايەی بۆ دەکا و دەیلاوێنێتەوە.

ھەستی برسييەتی زۆر بەھێزە. و بۆنی نانی گەرمەتەنوور بەرەو نانەواخانەکەی سەر شەقام مام باپيری پەلکێش کرد. به ئەسپای گۆچانی دەکوتی و به پادزه به پەنا ديواردا گەیشتە نزيک نانەواخانەکه. بينی خەڵکێکی برسی و سەرما بردوو. ژنان لەلایەک و پياوان لە لایەکەوە له بەر درگای نانەواخانەکە لە نۆبەدا وێستاون. ھەرکەس به جۆرێک نوقمی  خەياڵاتی خۆی بوو. ئەويش له نۆبە دا جێ خۆی کردەوە. وێستابوو و قورسايی لەشی خستبووە سەرلاێکی بەدەنی و به لەنگەری گۆچانەکەی خۆی لەسەر پێ ڕاگرتبوو. نوقمی ڕوانينی ئەم پا و ئەو پا کردنی نانەواکه بوو. له دنيای برسييەتی و خەياڵاتی خۆیدا ھەڵوەدای تێڕامان بوو. بیرەوەری خۆش و ناخۆشی ڕابردوو لە زەینیدا جۆلانەی دەکرد.

لەناکاو ماشێنێک له سەر سەھۆڵەکە خزی. بەڵام تایەر له دەور نەکەوت. فریشتە چکۆلەکە پەشۆکا. سەری لێشێوا. دەرفەتی لێبڕا. له نێوە ڕاستی شەقامەکەدا کەوته ژێر تەگەری ماشێنەکه خوێن فیشقەی کرد. و لەسەر بەستەڵەکی قيرەتاوەکه نەقش و نيگارێکی دوور له باوەڕ و دڵتەزێنی کێشاوە.

ئەوخەڵکەی لە نۆبەی نان وەرگرتندا وێستا بوون شڵەژان. سەر لێشێواو هێرشیان کرد بۆ سەر شەقام. تەنانەت نانەواکەش دەرپەڕی. ھەرا و ھاواری ژنان له نزيک و دوور به گەڕەکدا بڵاو بوەوە. مام باپيريش به لەرزه لەرز خۆی گەیاندە ناوندە ڕووداەکە. خەڵکەکه دڵپەرۆشیکی ھاوبەشیان نيشا دا. لاوێک ڕوو له مام باپير هاواری کرد و گوتی «مامۆستا هەی بێبەڵابی تۆ لێگەڕی! با ئێمە يارمەتی بکەين! بەو ڕيشه سپيەتەوه هەر دەڵێ "زەڕدەشتی" بەم بەیانییە بە لەرزه لەرز دەرکەتوی.»

لاوەکە بێ ئەوەی بشڵەژێ.گورجانە پەلامار دا و لەشی نيوەگيانی فريشتەکەی له باوش گرت. لەودەمدا کيژێکيش هاتە يارمەتی و گوتی «داینێ! ڕايکێشه و دەست و سەری ھەڵێنه!» من خۆم پەرستارم. دەزانم چۆن ھەناسەی بدەمێ. تۆ بڵێ فريامان کەون و ئامبڵانسێک بنێرن. سەیر ئەوە بوو کچێکی دیکە بە مۆبايلەکەی خەریکی ئەوە بوو کە ڕووداوە تۆماربکا. لە نێو ژنەکاندا ژنێکی سەرسپی به ئەيەڕۆ ئەيەڕۆ بەرەنگاری کابرای شۆفير بوەوە و گوتی «يەڕۆ بله کڕوز جا، خۆ ئەو فريشته جوانەت کوشت!» بله کڕوز زۆر بێڕۆح وەک ئەوەی ھيچ ڕووی نەدابێ و ئەو ھيچ تاوانێکی نەکردبێ گوتی «جا خۆ خەتای من نەبوو خۆی ڕايکرده پێش ماشێنەکەم. کوشتم کوشتم به دەرەک "دييه"کەی دەدەم». دایەگەورەی سەرسپی شاڵاوی بۆ برد و بەکەیفی خۆی تفێکی کردە نێوچاوانی "بله کڕوز" و بەڕقەوه گوتی «ناپياوی خوێڕی! بۆ جوجەڵەت کوشتووه دیەکەی ئەدەی. ديەی چی و شتی چی بەو دەستانەی خۆم وەکوو سەگ دەتتۆپێنم»

بلەکڕوز کابراێکی کەتەی چاو دەرپەڕيوی کەپۆی به قت پەتاتەێک دەبوو. سمێڵی ددانە زەردەکانی و لێوی سەرەوەی داپۆشی بوو. کاپشێنيکی ئەمريکايی له کۆنی لە بەردا بوو. پۆتينی سەربازی له پێدا. وەختێک قسەی دەکرد فڵتەی دەمی دەھات. پياو لێی حاڵی نەدەبوو دەڵێ چی. ئەوانەی له نزيکەوه دەيان ناسی دەيانگێڕاوه و دەیان گوت ئەو "چڵکنەی کوڵکنه" مانگه و مانگیش خۆی ناشوا. دايمە دەلەوەڕێ.

پەرستارەکه پەشۆکاو «ھاواری کرد ئەرێ ئەو ئامبڵانسە بۆ نەھات؟» لاوەکە گوتی «جا، نەخۆشخانه کەی بەھاوار و بانگی خەڵەوە ھاتون تا ئيستا بێن»

بله کڕوز دەیویست بۆی دەرچێ و دەرباز بێ. بەڵام خەڵکەکە دەرفتیان پێ نەدا. ژنان ڕێگای دەرباز بوونیان لێگرت. چەن کەسی ديکەش هاتنه ھەرەوەز و چوار دەوریان دەتەنی. ھەر چەند خۆی ڕادەپسکاند، بەڵام کەوتبووه گێژاوه. يەک دوو کەسی ديکەش هاتن و بەرەنگاری بوون. کوڕه لاوەکه دەنگی ھەڵبڕی و گوتی «ئادەی خەڵکينه! نەهێڵ دەرچێ! به ڕۆژی ڕوون منداڵمان دەکوژن، بەرگری نەکردن سەر شۆڕییە. مردن باشتره له ژيانی ژێر دەستی»

ئاپۆری خەڵکی برسی و دڵپڕ لە ڕق وقين بەره بەرە پەرەیگرت. ژنان، پياوان، و لاوان، گەمارۆی بلەکڕوز یان دا و چوار تەنیشتیان لێگرت. ئەويش له ژێر دەست و پێی خەڵکی ڕاپەڕيودا دەپاڕوه. به دەردی خۆيدا دەتلاوه. بەڵام فرياڕەسێ ديار نەبوو.

باوکی فريشتەکە پەيدا بوو. چۆنی زانیبوو، کێ خەبەری پێدابوو که تاقانەکەی وەبەر ماشين کەوتووە ئەھۆن و مڕومۆچ، لەگەڵ ھاوسەرەکەی و کوڕەلاوەکە و کيژۆڵە پەرستارەکە داماو بەديار لەشی له خوێندا گەوزاوی فريشتەکەدا دامابوون. بەڵام وەک دەڵێن "ھەستی تۆڵه ھێزی پياوەتی بەھێزتر دەکا" باوکی فریشتەکە چاوێکی بەنێو خەڵکەکەدا گێڕا چاوەڕوانی دادگەر و داد ستێن ناماوه.

بارانی تۆڵەی خەڵکی مافخواز و جەرگ سووتاو و ڕاپەڕيو ديمەنی شاری گۆڕی. تاپۆی بۆمەلێڵ جێگای به کزە ھەتاو لێژ کرد. تاريکی کەش وھەوای داگرت. چاو چاوی نەدەبینی. بەرە بەره ڕووناکی بووە تاريکی بێبڕانەوه. ڕۆشنايی چرای ئۆتۆمبيل، گڵۆپی شەقام و کۆڵان کزکز دەتروسکانەوه. گەل وەکوو مێروله ھرۆژا بوون. وەک فارس کوتەنی "مەحشەره" باوک به سەر کوڕەوە نەبوو. سياپۆشان وەک شەمشمە کوێرە. فڕکه فڕک دەهاتن و دەچوون. ھەوڵيان دەدا چۆن خۆیان دەربازکەن.

ئامبڵانس بە ئاژیر لێدان گەیشتنێ. لەشی بێگيانی فرشيەکەیان به تاراێکی سووری تۆخ ڕازاندەوه. تەرمی ساردەوه بووی "بله کروز" شیان له ماشێنێکی ئەڕتەشی ھاویشت و بردیان.

*          *          *

مام باپير لەگەڵ قووقەی کەڵەباب و بانگی مەلا له خەویگران وەخەبەر هات. له جێگا ڕا بوو. پەنجێرەی ژوورەکی کردەوه و ڕوانێته دەرێ. ھێدی ھيدی کەشە و ھەوا گۆڕدرا پڕشنگی خۆرەتاو زۆر دڵ ئاواتر لە ڕۆژانی ڕابردوو به شاردا بڵاو ببوەوە. مام باپير بە ديتنی تيشکی خۆرەتاو بەھێزتر لە ھەموو ڕۆژێک هەستا. وەک ڕۆژانی پێشوو هەستی به برسييەتی نەدەکرد. چووە بەر پەنجێرەکە و باڵی ھەڵێنا و وەک ئەوەی بيەوێ ھەڵفڕێ بای باڵی خۆی دا و پڕ بەدڵی له ناخەوه پێدەکنێ. بە خۆي دەگوت «پێشکەوتن له ڕەوڕەوەی مێژووی مرۆڤايەتیدا خوێنبايی زۆر داوه. تا گەشەی کردووە و بێرە گەیشتووە. شادمانم ئەم ئاڵوگۆڕە بەچاوی خۆم دەبینم. بەختەوەرم لە ئازاديدا کۆچی يەکجاری دەکەم.

له سەر گۆڕەکەم بنووسن: «عاشقی ھەتاو بوو. له ناخۆشيدا ژيا. بە ئازادی ژيانی بەجێ هێشت.