ما 1230 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

هەژانی خوێنەر

چەمکەکان و ماناکان وەک خودی ژیان هەمیشە لە ئاڵوگۆڕدان. هیچ شتێک وەک خۆی نامێنێ و بەگوێرەی لۆژیکی ژیان کە گۆڕانە ئەوانیش سنوری نوێ و پانتایی نوێ وەردەگرن. لە راستیدا زۆر جار خودی چەمکەکە وەک چەمکە دەمێنێتەوە ئەگینا دەبینین لە نێوەڕۆکدا گەلێک گۆڕاوە.

ئەمە جیهانی چیرۆک و گێڕانەوەیش دەگرێتەوە. گەر وا نەبووایە ئەوا قەت نەدەبووینە خاوەنی ئەو هەموو رێبازە ئەدەبییە. بە تایبەت لە سەردەمی مودێرنەوە کە خێراخێرا خۆیان لە سەر یەکتر بینادەکەن و بگرە زۆر جاریش وەها خۆیان رادەپسکێنن کە دەڵێی قەت خاوەن مێژوو نەبووینە.

دیارە جێگیرکردنی فۆڕمە نوێکان هەمیشە لەگەڵ کێشە رووبەڕوودەبن، بەڵام ئەمەیش لەم سەردەمەی ئێمەی تیادەژین کەمتر لەگەڵ گرفت رووبەڕوو دەبێ، لەبەر ئەوەی میدیای گشتی کارێکی کردووە هەموو دەقێک، بە رەوا یان ناڕەوا دەرفەتی خۆدەرخستنیان هەیە. مرۆڤەکان لەهەر چەشنێکی خەریکی گێڕانەوەی خۆیانن.

رەنگە تەنیا لۆژیکێک لە بواری گێڕانەوەدا بە گشتی مابێتەوە خودی گێڕانەوەیە. مرۆڤ دەبێ شتێک بگێڕێتەوە جا مەرج نیە ئەو گێڕانەوەیە خەسڵەتی کاراکتێرێکی دەرەکی یاخود رووداوێکی دەرەکی پەیدا بکا. گێڕانەوەی رووداوێکی دەروونی یاخود هەست یان بیرێکی دەروونیش دەکرێ چیرۆک بێت، بە مەرجێک جووڵەی تیا بێت.

هەڵبەت هەمیشە باسی چلۆنایەتیش لە جێی خۆیدا بووە. هەمیشە دەقێک لە دەقێکی تر باشتر خۆی دەگێڕێتەوە و دەقێک لە دەقەکانی تر باشتر خۆی دەخەمڵێنێ.

جا مەرجێکی تر چونیەتی گێڕانەوەیە.

وەها بگێڕینەوە کە بتوانین زەینی خوێنەر بهەژێنین و سەرنجی رابکێشین.

سایتی قەڵەم

١٧ی مانگی یانزەی ٢٠٢٠

 

گەڕان بۆ بابەت