ما 7502 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

رەسوڵ سەفەریانی

با، ئەوانیشی ھەڵگرت و بردی. گەڵا کەمێکی تر رۆشت و لە بن دارێکدا با لە دەستی کەوت. گەڵا پاڵیدا بەدارەکەوە، بۆنی دایکی دەدا. تۆزێک سوکنایی ھات و حەسایەوە. ئیتر با دەستی نەدەگەیشتێ. ئەو کورتە رێگای زۆر لا درێژ و بێ بڕاننەوە دەهاتە بەرچاو. ماندوو بێ وزە کەوتە بن دارەکە. بە ئارامی رووانی بۆ دەوروبەری.

 

گەڵا و پاییز

 

رەسوڵ سەفەریانی

 

 

پاییز بە کۆڵانەکاندا دەگەڕێت. بەرۆکی بەدارەکان گرتووە و وەک چەتە خەریکە رووتیان دەکاتەوە. دار بە دار دەگەڕێت و دەیانپشکنێت. رەحم بە ورد و درشت ناکات. ھەموو گەڵاکانیان لێدەستێنێت و دەیان بات. وەبەریان دەدات و بە خشە خش کۆڵان بە کۆڵان رایاندەدات. گەڵاکان وەک باڵندەی سرک و ترساو خۆیان بە هەموو لەمپەرێکدا دەکوتن بۆ ئەوەی تەنیا ساتێک لە دەس بای بی بەزەیی خۆیان بپارێزن. با ھەراسی لە ھەموو سەوزایێک ھەلگرتووە و خشەی گەڵاکان موسیقاییکی مەحزون دەژەنێت کە دڵ مات دەکات.

کۆلانەکان چۆڵ و تاک و تەرا گەورەکان لە ئیشی رۆژانە دێنەوە و مناڵەکان تاق و لۆق دەردەکەون. دایکێکیش لە پشت پەنجەرەکەوە سەیری مناڵە بچکۆلەکەی دەکات کە لەکۆڵان خەریکە پاسکیل لێدەخوڕێت. نیگەرانە با نەیخات.

 لەدارەکەی بەرماڵمان دەڕوانم چ گیرێکی بەدەس پاییزەوە کردووە رووت و قوت تەنیا یەک تاکە گەڵای سەوزی پێیە. گەڵاسەوزەکە کە زۆر مناڵ دیارە، نایەوێت وەھا خێرا تەسلیمی پاییز بێت، توند دەستی بە داری دایکەوە گرتووە و پایزیش ھەر دەلوورێنێت و لێیدەنەوێت. لەولاترەوە پشیلەیێک لە بۆسەدایە بۆ ئەو چۆلەکانەی کە لە ناو خۆڵەکەدا خەریکی ھەڵگرتنەوەی ورتکە نانە رژاوەکەن.

گەڵا خۆی بە تەنیا دەبینێت، بەڵام پڕ لە ھیوا. بە گەڵا زەردەکان پێدەکەنێت.و دەڵێت:

ـ  ھا ھا ھا چەندە لاواز بوون. بەرگەی باتان نەگرت و خێرا خۆتان دا بەدەستەوە. من ھەر سەوزم و نامەوێت خۆم بدەم بەدەست باوە. با، ھەزار بەھێزیش بێت لە دایکم بەھێزتر نییە. دایکم رەگی لە خاکدایە و با بێ بنەما و بێ رەگە، با رێبوارە و دار ماندگار. ئەگەر ئێوەش خۆتان بگرتایێت ئەوا ئێستا ھەموومان پێکەوە بامان دەگرت و با دەمرد. ئاخر بای راگیراو بای مردووە. با زیندوە بە نەوەستان. دار بە وەستان زیندوە و گەڵا بە دارەوە گەڵایە. ئێوە کە لەدارکەندراون ئیتر نە سیبەرتان ھەیە و نە سەوزن.

کەڵایێکی زەردی چرچ و ھەڵقرچاو بە ھەناسەسواری و قرخەقرخ ھاتە جواب و وتی:

ـ  ژیان دەسپێکێکی ھەیە و کۆتاییێک، بەوەش نییە کە چەندە بەھێز بیت و ئازا، ئێمە دەورانی سەوزیمان لە ژێر تیشکی بە تینی ھەتاو بردەسەر. ئەو کاتە وا ژیان بۆ ئێمە بوو بە با یاریمان دەکرد و خۆمان دەدا بە دەمیەوە بۆ ئەوەی زۆرترمان بشەکێنێت، پێمان خۆش بوو و گەشەمان دەکرد و تینی تاومان پێ کەم دەکردەوە. ئەمرۆ کە رووخسارمان جێ چڕنۆکی تەمەنی پێوەیە و زەمان بڕشتی لێبڕیوین بە بایێک بێ ئەختیار بەردەبینەوە و ئەمجار با یاریمان پێدەکات. ئەوە با نییە ئێمە دەکەنێت، ئەوە تەمەن و زەمانە کە کۆتایی پێویست بوونی ئێمەی راگەیاندوە و دەمانداتە دەس با بمانبات. ئێمەش وەک ھەموو بوونەوەرێک بۆ ئەرکێک دینە دوونیا، ئەرکمان تەواوکرد خۆیشمان تەواوین.

سەوزە گەڵا کە لەسەر دارەکەوە چاوی لە مەڕ و بەرخێکە کە لەولاترەوە خەریکی لەوەڕینن، بە ڕواڵەت بەم قسانە پێدەکەنێت، بەڵام ھاوکات ترسێک دایدەگرێت. ترسی کۆتایی. کۆتایی ژیان و زەردبوون و با بردن. مات و بێدەنگ وەستابوو. با، کە ماوەیێکی کورت بوو لەو دەوروبەرەدا نەبوو، بە ھاژەھاژ ھاتەوە. با ئەمجار بە جۆرێکی تر لە جەستەی سەوزەگەڵادا هەستی پێدەکرا. جۆرێک لە کسپەی سەرمای پێبوو کە جەستەی گەڵای دەگەست. گەڵا وای ھەست کرد، بەڵام بە خۆی وت رەنگە لە بەر قسەکانی پیرەگەڵا ترسابێتم بۆیە جەستەم ھەست بەو کزە دەکات یان رەنگە ئەم با ئەوەی پێشتر نەبێت و لە جنسێکی ترە. ھاوکات دڵی خۆی دەدایەوە، بەڵام نا، با ی ئەمجارە بە زبانێکی تر دەیدواند. ئەمە ئیتر بای یاری نەبوو. کۆڵان چۆڵ بوو. رۆژ دەماخی جارانی نەبوو، تاو بە کزی و لە پشت رەشە ھەورەوە جار و بار دەردەکەوت و لێرەولەوێ تینی سۆپایێکی دارلێبڕاوی دەدا وئەوەندە نەبوو جەستەی تەزیوی گەرم بکاتەوە. پەنجەکانی وردەوردە گۆی گرتنیان لێبڕا بوو، چیتر نەیاندەتوانی بەدارەکەوە بیھێڵنەوە. بایش تا دەھات بەھێزتر دەینواند، یان لانیکەم سەوزەگەڵا وای ھەست پێدەکرد. ئیتر با بۆ یاری و جۆلانێ نەدەبوو. ئێستا بۆنی مەترسی و ترسی بڵاو دەکردەوە. تا دەھات پتر خۆی لە گەڵا سەوز دەئاڵاند و لوورەی زۆرتر لە گوێی تاکە گەڵا دەئاڵا. با پاش چەند سووڕ و لورە لێوی نا بە گوێی گەڵاوە وتی:

ـ  ئەزانی من بای پاییزم، پاییز. لەوانەیە تۆ ناوت نەبیستبێت، بەڵام دار دەزانێت و دەمناسێت. منیش وەک ھەموو بوونێک ئەرکێکم ھەیە. ئەرکی من رووتکردنەوەی دارەکانە و جێ خۆش کردن بۆ بەفرە.

ھەر چەند گەڵا قەت نە پاییز و بەفری بینیبوو و نە ناویشیانی بیستبوو، بەڵام لە دڵەوە جۆرێک لە ترس و تەزی مەرگی تێدا دەوروژاند. وتی:

ـ یانی منی سەوزیش کە تەنیا چەند رۆژی کەم تین و بێ تاوم بینیووە بۆم نییە بمێنمەوە. ئەی ئەرکی من چییە؟ بۆ وا زوو دەبێ داموەرێنیت؟

با وتی: ئەرکی گەڵا، کردنی خواردنە خاوەکانە لەبەر تیشکی گەرمی ھەتاودا بە خواردنی ئامادەی ھەرسکردنە بۆ دارەکان. ئێستا کە پاییزە و تاو تیشکی ساردە و رۆژ کورت، ئیتر دار دەخەوێت. بۆێە ئەرکی ئێوەش کۆتایی دێت. ھەموو بوونەوەرێک ئەرک و تەمەنێکی دیاریکراوی ھەیە. تۆ زۆر کاڵی و فریا نەکوتی تەمەنی گەڵایێک پڕ بکەیتەوە، یانی تۆ درەنگ ھاتی و زوو دەڕۆیت. ژیانی تۆ، واتە ئەرکی تۆ ھەر ئەوەندە بوو.

گەڵا لێوەکانی سیس بوون و بە دڵێکی پڕەوە وتی: واتە ژیان ئەرکە، ئەرکێک کە دەسەپێندرێت بە سەر بوونەوەران دا و ئەوانیش لایان وایە تەنیا بۆ خۆشی دەژین و بۆ خۆشی خولقاون.

با سوڕێکی بەدەور گەڵاکەدا خوارد، وتی: رێک وایە، بەردەوام بوونەوەرەکان دەڕۆن و ھی نوێ دێتە جێگەیان، بەڵام سوڕی ژیان بەردەوامە. ھەموومان نیشانەکانی ژیان و ژینین. ژینی راستەقینە کۆی ھەموو ئەم نیشانانەیە. بە ھەموو بوونەوەرەکان و خۆر و مانگ و زەوی و وەرزەکانییەوە ژیان مانا دەگرێت. ھەموومان بەڕێگاوەین و یەک ئانیش ناوەستین. ئەم سوڕ و گەڕان و بەردەوامی رۆیشتنە "ژیانە". من دەبینی کە ناتوانم یەک چرکەش بوەستم لەبەر ئەوەیە کە راوەستام مردووم. دەڕۆم و دەگەڕێم و دەسوڕێمەوە بۆ بەردەوامی بوونم. بەڵام ھەموو لەمپەرێک بڕێک لە وزەم دەبات و وردە وردە خاودەبمەوە و دەمرم و پاش من بایێکی تر دیت بۆ بەردەوامی ئەرکەکان.

پشیلەکە قەڵەم بازێکی دا و باش سوڕێ بەھێزتری بە دەور گەڵادا لێدا و پەلکێشی کرد و گەڵاش کە نە توانای خۆڕاگرتنی مابوو و نە ھیوای ماننەوە ، دوا ماچی لە قۆڵی دار کرد و ماڵئاوایی کرد و خۆی دا دەس با.

 

با ھەلیگرت و بردی. بەدەم رێگاوە سەیری دەکرد، دونیا لە خوارەوە زۆر جیاواز دەبیندرا. زۆر شت لێرە ھەیە کە دەتوانێت بەر بە بینین بگرێت و بینیایی بەرکورت دەکاتەوە، دەتوانن ببنە کۆسپ. جەستەی بە زەویدا دەخشا و ھەموو شتێکیش دەکرا ببێتە کۆسپی رێگا. بە لای پشیلەکەدا تێپەڕی زۆر زلتر ھاتە بەرچاوی. پشیلەکە چەند پەل بە دەم و دەستیەوە بوو با" ئەوانیشی ھەڵگرت و بردی. گەڵا کەمێکیتر رۆشت و لە بن دارێکدا با لە دەستی کەوت. گەڵا پاڵیدا بەدارەکەوە، بۆنی دایکی دەدا. تۆزێک سوکنایی ھات و حەسایەوە. ئیتر با دەستی نەدەگەیشتێ. ئەو کورتە رێگای زۆر لا درێژ و بێ بڕاننەوە دەهاتە بەرچاو. ماندوو بێ وزە کەوتە بن دارەکە. بە ئارامی رووانی بۆ دەوروبەری. لێرەوە دارەکان زۆر بەرز بوون. بیری دەکردەوە کە یانی من ئابەو بەرزاییەوە دەژیام، وەھا بەرز؟ لێرە لەم خوارەوە بەرچاوت تەسک ئەبێتەوە، شتەکان بەرزترن و ونییەکان زۆرترن. لەوسەرە نەمدەزانی بۆچی پشیلەکان لە پەنای دارەکاندا خۆیان مڵاس ئەدا لە چۆلەکەکان و بە ئاسانی دەیانگرتن. لێرە لەم خوارەوە ھەمیشە پشیلەیێک لە بۆسەدایە ودەورت پڕە لە مەترسی .

گەڵا لە دوا ھەناسەکانیدا کەوتبووە وڕێنە و خەیاڵات و ژیانی کورتی وەک کورتە فیلمێک بەبەردەمیدا تێدەپەڕی، سەرتەرزی دار بوو، تەرچک و سەوزی کاڵ، جێ حەزی بەرخەکان بوو بەڵام بەرزتر لە باڵایان. بەرخەکان لەوسەرەوە وەک پشیلەکان و مریشکەکان دەھاتنە بەرچاوی. ھەموویان بوونەوەرانێکی گەڕۆک بوون کە دایم بۆ ماننەوەیان لە گەڕدا بوون. ئێستا ئەمیش لە گەڕدایە بەڵان نەک بۆ ماننەوە، ئێستا بەدەم باوە، بای مەرگ. با ھێناویە بۆ ئەوەی... بۆ چی؟ راستی بۆ لێرەیە، بە سەوزی لەسەر ئەم عەرزە رەق و ساردە...

پێش ئەوەی گەڵا خۆی بگاتە جواب، بەرخەکە گەیشتە سەری و بە بێ وەستان و گوێگرتن لە وڕێنەکانی، گەڵای بە لێوەکانی لە بن دارەکەدا ھەڵگرتەوە و پاش یەک دوو سوڕ لە زاریدا بەرەو گەدە بەڕێی کرد و کۆتایی بە چیرۆکی گەڵا ھێنا.

کوڕە بچوکەکەش پاسکیلەکەی لە حەوشە دانا و ھاتە ماڵەوە و لە دوورەوە ھاواری کرد:

 دایکە زۆرم برسیە چیمان ھەیە؟

 دایک: خوارنی گۆشتی بەرخ.

 

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت