ما 10039 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

رەسول سەفەریانی

ئاڵۆزم وەک پوورەی ھەنگی دەست بۆ براو. وەکوو شارەمێلورەی ئاوتیکراو. ئاڵۆزم و دەڕۆم بێ ھێلانە، بێ ئۆقرە و بێ ژین. ئەمەی کە دەڕۆم و دەخۆم و دەخەوم بەس نییە بۆ ئەوەی ناوی ژینی لێبنین. ژیان واوەترە لەو چەند کردە حەیوانییە کە سنوری نێوان مان و نەمانمان بۆ دیاری دەکەن. من باسی ژیان دەکەم نەک باسی مان. مان یانی زیندوبوون و زیندوو بوون بەو چەند شتەوە ، واتە خواردن و خەوتن و ھەناسە گرێدراوە. من ئێستا لەو سنورەدام. سنوری مان و نەمان. 

ھاواری بێدەنگ


ئاڵۆزم وەک پوورەی ھەنگی دەست بۆ براو. وەکوو شارەمێلورەی ئاوتیکراو. ئاڵۆزم و دەڕۆم بێ ھێلانە، بێ ئۆقرە و بێ ژین. ئەمەی کە دەڕۆم و دەخۆم و دەخەوم بەس نییە بۆ ئەوەی ناوی ژینی لێبنین. ژیان واوەترە لەو چەند کردە حەیوانییە کە سنوری نێوان مان و نەمانمان بۆ دیاری دەکەن. من باسی ژیان دەکەم نەک باسی مان. مان یانی زیندوبوون و زیندوو بوون بەو چەند شتەوە ، واتە خواردن و خەوتن و ھەناسە گرێدراوە. من ئێستا لەو سنورەدام. سنوری مان و نەمان. من بومەتە حەیوانێکی گیراوی راگیراو کە چاولەدەستی راوکەرەکەیەتی بۆ راگرتنی لە نێو ژووری مان دا. من وەک باڵندەیێکم کە فڕینم لی زەوت کراوە.
من ئەو ماسییەم کە نامەوێت ئەندامی ئەو پۆلە ماسیانە بم کە کاریان ئەوەیە پێکەوە بڕۆن و پێکەوە بن، بەڵام بۆ ئەوەی خۆراک بن بۆ ماسییە گەورەکان و کۆسەکان. ئەوان بۆیە بە پۆل و گروپ دەڕۆن و دەگەڕن کە ماسییە ماسیخۆرەکان ئاسانتر خواردنیان دەسکەوێت، ئەوان بۆ ئەوە پێکەوە ناژین و ناگەڕن بۆ ئەوەی یەکتر بپارێزن. من نامەوێت چیتر ئەو ماسییەبم. من حەزدەکەم کە سەگی وەحشی بم بەڵام ئازاد بژیم و گروپەکەم بپارێزم و بمپارێزن لە بەرانبەر حەیوانە دڕە زلەکاندا.

من ئێستا دەڕۆم بە نێو ئەم دەریادا و دەبینم چەندە ماسی پۆلژی و بێ ژیانی تێدایە. من بەم دەریا ی خەڵکە بێ شەپۆلەدا دەڕۆم . من دەڕۆم بە نێو ئەم دەریا خەوتووەدا و بانگ دەکەم ئەی خەڵکینە ھەستن ئە یدەریای خەوتوو ھەستە و شەپۆلێک لێدە. حەزدەکەم ببوایەتم بە دەھۆڵێک کە دەنگم ئەوەندە بەرز و زل بووایێت کە گرمەم سۆنامیێکی لەم دەریا دروست بکردایێت. دەریای خەوتوو یان دەریای مردوو ھەر بۆ سواری باشە، ھەموو کەسێک بەئاسانی لێیدەدات. کەس خەبەر نییە کۆسەکان بە ئیشتیا دەمانخۆن و ئێمەش ھەر رەەقس و دانسی گرووپیان بۆ دەکەین.

چ بکەم من نامەوێت لەم سنوری مان و نەمانەدا بمێنم. من حەزم لە تامی ژیانە . ژیان یانی فڕینی بی بەربەست. ژیانی من ئێستا نێوکەی (ژیان) خوراوە، رزاوە و کرمۆڵە. من "ژن"م و پەتی ئەسارەتم لە سەروملدایە. من ...
ھەر بەدەم ئەم خەیاڵات و بیرانەوە دەڕۆشت و بۆ دەورووبەری دەڕوانی و خۆی وک ماسییە رەشەکەی سەمەد بێھرەنگی دەبینی . بێزار بوو لە ماسییە بێدەنگە سرک و ترسنۆکەکان. بیری لەوە دەکردەوە کە چۆن ببێت بەو دەھۆڵەی کە دەریای مردووی خەڵکەکەی پێ راچڵەکێنێت. چۆن بڵێت ئەمە ژیان نییە کە ئێوە ھەتانە. ماسی خۆرە دڕەکان بە دەوریاندا ھات و چۆیان بوو.

نەیاندەھێشت بڵاوە بکەن و کەس بۆی نەبوو رێگای خۆی ھەڵبژێرێت. ئەمیش لە پڕ بیری کردەوە کە بچێتە شوێنێک کە سەرنجی پۆلە خەڵکە خەوتووە سڕەکەکە بۆ لای خۆی رابکێشێت و باسی فڕین و ئازادی ژیانیان بۆ بکات. بۆیە بەرەو کۆسپایێک رێکەوت کە سندوقێکی لەسەر دروستکرابوو بۆ تێلی کارەبا و تەلەفون. بە کێشە و زەحمەت سەرکەوت. چەند ماسیێکی سڕ سەیریان دەکرد. ھەستا سەرپێ و بە ئارامی رووسەرییەکەی کە وەک پەتی ئەسارەت سەرو ملی پێداپۆشرابوو لە سەری خۆی لابرد. پیاوەکان لەخوارەوە زۆرتر سەرنجیان دا. سەرنجی قژە جوانەکەی. دەمێ ساڵ بوو کەس ژنێکی ئازادی نەدیبوو. ژن بە ئازادی جوانە، زۆر جوانە.
روسەرییەکەی کرد بە دارێکەوە کە پێش سەرکەوتنی بۆ شوێنەکە بەدەستیەوە بوو. بێدەنگ ئەیگرمان وەک دەھۆڵە دەنگ زلەکەی خەیاڵی، دەقیژان بە بێدەنگ و دەیگوت:

ـ خەڵکینە ئێمە ھەموومان بەم پەتە ئەسیر و دیل کراوین، وەرن با پێکەوە لەملمانی داماڵین . وەرن با ئازاد بژین ، با چیتر ژیانی نێوخوراوە نەبین و ژیانمان ژیان بێت و سالم و کامل.
بەڵام پۆلە ماسییەکان لە خوارەوە نەدەنگەکەیان دەبیست و نە خەویش بەریانی دەدا لانیکەم بیبینن کە ژیان چۆنە. پیاوەکان ئەو نمایشەیان پیخۆش بوو. ئەوان ھەر سەروملیان بینی و ژنەکانیش یان بە سرکی ھەڵاتن یان چەمۆڵەیان لێدەنا.
چەند دەققە دوای ئەوە کۆسەکان ھاتن و، پۆلەماسی دیسان رەقسێکی ھەڵاتنی کرد و ئەوانیش ژنە ئازادیخوازەکەیان خوارد.
دەنگی دەھۆڵ لە دونیا دەنگی دایەوە و لە ھەموو رۆژنامەکان وێنەی کچی روسەری بڵاو کرایەوە بەڵام لە دەریای ماسیە رەشە بچوکەکە ئێستاش ھەر خەو بەردەوامە و دەریا ئارام و بێدەنگی تەنیا تۆنی زاڵە.

گەڕان بۆ بابەت