خولیا حسێن
سەیرم کردن
لە نێو شینایی ئاسماندا
تاکوو ون بوون
خۆزگەم وابوو ئێمەش وابین
نیشتیمانێک
نەمان پارێزی لە زریان
.بەجێی بێڵین
خۆزگە
بەدەنگێکی بەرز و تووڕە
هاواریان کرد
نەورەسەکان، فڕین، هاتن
دەستە دەستە کۆبوونەوە
لەسەر سینگی
شینی دەریا
کۆمەڵ کۆمەڵ دەنیشتنەوە
بە یەکدەنگی بڕیاریاندا
پێش ئەوەی
بەفر و زریان بێ
بەیەکەوە
ئەم نیشتیمانە جێبێڵن
لەشەقەی باڵیاندا و
بفڕین
بەرز، بەرز
سەیرم کردن
لە نێو شینایی ئاسماندا
تاکوو ون بوون
خۆزگەم وابوو ئێمەش وابین
نیشتیمانێک
نەمان پارێزی لە زریان
بەجێی بێڵین ،
بفڕین
بۆناو
دڵی ئاسمان
نەفرەت بکەین لەو وڵاتەی
٭ژیان هەرزانترە لە نان
ژیان
هەرزانترە
لە نان
٭ کۆپلەی کۆتای لە شیعری ڕێبوار وەرگیراوە