ما 2623 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ژیان چەند ئاسان رووداوە حیماسییەکانیش دەکا بە رابردوو و چەند ئاسان خۆی وەک رەوتێکی ئاسایی دەنوێنێتەوە. مرۆڤ لە راستیدا بۆ ئەمە دروستکراوە، بۆ ژیانێکی ئاسایی. ئەوی تر تەنیا رێکەوتە، چ رۆژەکانی شاخ و چ رۆژەکانی راپەڕین لە ناو ریتمی سادەی ژیاندا دڵیان لە لێدان دەکەوێ و قارەمانەکانیش وەک هەموو خەڵکی دیکە کە دەچنەوە بەر ئاوێنە، مرۆڤێکی سادە دەبینن کە تۆزی زەمەن لە سەرو سیمایان نیشتووە.

چیرۆکی فەرماندە (٥)

فەڕۆخ نێعمەتپوور

هەستی نیشتمانپەروەریی فەرماندە جاری وایە ئەوەندە لە دەروون و زەینیدا گەورە دەبێ کە خۆی و نیشتمانی لا دەبن بە یەک. نیشتمان فەرماندە و، فەرماندە نیشتمان. جا مەگەر هەمیشە وەها نەبووە؟ مەگەر دەکرێ مرۆڤ نیشتمانپەروەر بێ و کەچی هەست بە جیاوازی لە نێوان خۆی و نیشتماندا بکات؟ بۆ سەلماندنی ئەمە پێویست ناکا تەنیا ئەو بە نموونە بێنینەوە. تەنیا چاوێک بە مێژوودا بخشێنە، هەموو شوێنێک وەها بووە. بگرە ئەم حاڵەتە مەزنە لای فەرماندە قووڵایی و پانتایی نوێی وەرگرتووە. ئەوەندە قووڵ و بەرین کە دەکرێ فەرماندە بە بێ نیشتمان بێنیتە بەر چاوت، بەڵام نیشتمان بە بێ فەرماندە مەحاڵە. جاری وایە لە مێژوودا دۆخی وەها هەڵدەکەوێ کە هەموو شتێ پێوەندی بە مرۆڤێکەوە پەیدادەکا، هەرچەند ئەو مرۆڤەیش وەک هەموو گیانلەبەرانی تر لە رەگەزی مردنە و رۆژێک لە رۆژان دونیا جێدێڵێ؛ بەڵام راوەستە، کێ دەڵێ فەرماندە دەمرێ؟! قسەی قۆڕ و لابەلا. گەلینە گەر من بمرم ئەوا نیشتمانیش دەمرێ، نیشتمانیش بمرێ ئەوا ئێوە هەمووتان دەمرن،… ئەمەتان لەبیربێت،… بیکەنە حەڵقەی گوێتان. کەواتە نیشتمان تا ئەو کاتە دەژی من دەژیم، وە چونکە نیشتمان قەت نامرێ ئەوا منیش نامرم، وە چونکە من قەت نامرم ئەوا نیشتمانیش هەرگیز نامرێ. رۆژێک فەرماندە لە لێزانی دڵ شێواو دەگێڕیتەوە کە بێت و شیعرێکی نەمر لە چەشنی دوو نەمرییەکەی تر بەسەر ئەم رووداوە مەزنەدا بڵێ کە تا هەنووکە لە مێژوودا نموونەی نەبووە.

هەڤاڵان سوار تڕۆمبیل دەبن و دەچن بە شوێن لێزانی دڵ شێواودا. دەیهێنن. لێزان کە وەک هەمیشە شانی داهێزراوی قورسایی وشە و وێنە شیعرییە نەگوتراوەکانە بە قژە ئاڵۆز و زۆر و لوولەکەیەوە دەردەکەوێ. بۆنی جگەرە کە لە خانە خانەی جەستەی چوارشانە و تۆکمەیدا بە دەیان ساڵە لانەی کردووە، لە دوورەوە کەپۆی فەرماندە دەجووڵێنێ. لێزانی دڵ شێواو کە بە بێ کتێب ناتوانێ یەک سات چییە بژی لە کاتێکدا یەکێک لە هەڤاڵان بە کۆڵەپشتییەکی زەلامەوە پڕ لە کتێب هەنسکە هەنسک بە شوێنیەوەیە، دەگات و بێ ئەوەی سەر بەرزبکاتەوە، لەگەڵ فەرماندە دەست لێدەداتەوە و دەچێ لە سەر کورسییەک دادەنیشێ. هەڤاڵی کتێب لە کۆڵ کە ماوەتەوە چی بکا، داخۆ دانیشێ یان هەروا بە پێوە راوەستێ، بە دەم سڕینی ئارەقەی ناوچاوییەوە بە چاوە پڕ لە پرسیارەکانی لە لێزان و لە فەرماندە دەڕوانێ. بەڵام هیچیان ئاگایان لێی نیە. ئەوان کە دوو هاوڕێی یەکجار کۆنن و گەلێک بیرەوەریی خۆش و ناخۆشیان لە رۆژانی شاخ هەیە، دەستبەجێ دەکەونە گێڕانەوە خاتراتەکان. باسی ئەو رۆژە دەکەن وا لێزان مەجبوور بوو لە ترسی سەربازەکانی دیکتاتۆر دوو شەو و دوو رۆژ لە تەویلەیەکدا بمێنێتەوە و خۆی دەرنەخا. لێزان کە دەنگی زۆر دەرنەدەهات و بە مڕچەمڕچ دەدوا، گوتی ئای یادی بەخێر، ناخۆش بوو یەکجار ناخۆش،… نا، پێم وابێ باشتر وەسفدەکرێ گەر بڵێم ناخۆش و ترسناک و لە هەمان کاتدا رۆمانسی بوو؛ لە چەشنی کاتە سەرچاوەکان، ئەو کاتانەی وا دەبنە هەوێنی شتی گەورەی تر؛ وەک هەوێنی قەسیدەیەکی گەورەی تریش. فەرماندە دەڵێ بێگومان دەبێ وابێ. لێزان باس لەوە دەکا کە چۆن چۆنی چل و هەشت ساعەتی تەواو ئەو گوێی لە دەنگەدەنگی دوژمن بوو لە کاتێکدا ئەو ناچار بوو بێدەنگ بێ و یەک تاقە وشە چییە لە دەمی نەیەتە دەرەوە. گوتی ئەمە هێمایەکی گەورە لە مێژووی نیشتمان بوو. فەرماندە گوتی تێپەڕی،… تێپەڕین، گرینگ ئەوەیە ئیستاکە لێرەی، لێرەین،… نیشتمان وەڵامی داینەوە، راستی لەگەڵ خانووەکەت چۆنی، لەگەڵ ژیانت. لێزانی دڵ شێواو لە پاش کەمێک بێدەنگی کە تایبەت بە شێوازی ئاخافتنی خۆی بوو، گوتی زۆر باشە زۆر، تەنیا ئەوەیکە هێشتا نەگەیوم هەموو ژوورەکانی بەسەر بکەمەوە. هەڤاڵی کتێب لەکۆڵ کە هەتا دەهات زیاتر نەوی دەبووەوە، دەرفەتی هێناو شانێکی بە دیوارەکەی تەنیشتیەوە دا. لێرەدا بوو لێزان سەری بەرزکردەوە و داوای لێکرد بێتە پێشەوە. هەڤاڵ کۆڵەکەی خستە سەر عەرز و لە خۆشیا بزەیەکی هاتێ. ئەوسا لێزان دەستی برد و لە پاش هێنان و بردنی چەند کتێب و پشکنینێکی ورد، بەرگێکی ئەستووری هێنایە دەرەوە. کتێبەکە ئەو قەسیدەیە بوو وا لە دووای ئەو رۆژە مێژووییە نوسیبووی. هەر کە ویستی دەست بکا بە خوێندنەوەی چەند کۆپلەیەک، فەرماندە هەڵیدایە کە بۆیە بانگی کردووە بۆ ئەوەی باسی هەستێکی سەیری خۆی بۆ بکا وا ئەم ماوەیە مەشغوڵی کردووە. گوتی ئەم هەستە لە چەشنی ئەو هەستەیە کە تۆ ئەو چل و هەشت ساعەتە تیاتا سەریهەڵدا، بەڵام ئەمەیان دەگمەنترە، یەکجار دەگمەنتر. ئەوسا بە تێر و تەسەلی بۆ لێزانی دڵ شێواوی باسکرد. لێزان بەدەم گوێگرتنەوە چەند جگەرەی تری بەباکرد و لە دووای بیستنی قسەکانی فەرماندە چەند دڵۆپ فرمێسک لە گۆشەی چاوەکانییەوە هەڵقوڵان و سەرەوخواربوونەوە. لێزان کە وەک شیعرەکانی نەیدەتوانی بەر بە فرمێسکەکانیشتی بگرێ، هێشتا قسەکانی فەرماندە تەواونەببوو،هەستا و بە بێ خواحافیزی رۆیشت. فەرماندە بەچاو بەڕێیکرد و ئیشارەتی لە یەکێک لە هەڤاڵان کرد لەگەڵی بڕوات. هەڤاڵە کتێب لە کۆڵەکەیش دەستبەجێ کۆڵە پشتییەکەی هەڵگرتەوە و شوێنی کەوت. فەرماندە کە لە هەرە کۆنەوە عادەتی شاعیری مەزنی نیشتمانی دەناسی، خۆشحاڵ لەوەی لە دووای ماوەیەکی نەچەندان دوور قەسیدەیەکی تر لە دوو توێی کتێبێکدا دێتە دەرەوە، ئارام پاڵی بە کورسییەکەیەوە دایەوە. خەنی لەوەی نەمریی ئەو دەکرا بە بەڵگە و لە رێگای دەقێکی ئەدەبییەوە نیشتمانی دەخرۆشان، بڕیاری دا بچێت و سەردانی گۆڕستان بکا. راستی راوەستە! ئەرێ ئەوە بۆچی لەو کاتەوە هاتووەتەوە قەت نەچووە سەردانی قەبرستان بکا کە مێژووی ئەم شارەی لە دڵی خۆیدا حەشارداوە؟ ئەرێ بۆ ئەوەندە بێ فکر بووە و نەچووە لانیکەم سەردانی گۆڕی دایک و باوکی بکات؟ بۆ مردووەکانی نیشتمانی لەبیرکردبوو؟ مەگەر نەک ئەوەیکە ئەو فەرماندەی هەموو مردووەکانیشە! فەرماندە کە ئەم بیرانە یەکجار ئازاری دەدان، ئەمری کرد سەیارەکان ئامادەکەن.

شار خاوەن چەندین قەبرستان بوو، لە گۆشە و کەناری، کۆن و نوێ. بەڵام ئەمەیان وا فەرماندە سەردانی دەکرد سەرەکییەکەی بوو. هەم لە باری زەمەنییەوە و هەم لە باری ژمارەی گۆڕەکانەوە. لە رۆژهەڵانی شار لە نێوان چەند گەڕەک گردێکی گەورە و چەند گردێکی بچووکیشی لەخۆی گرتبوو. ئەوەتەی ئەم شارە هەیە ئەو گۆڕستانەیش هەیە. زۆر جار هەڤاڵان لە کاتی شاخدا لێرە لەناو قەبرەکاندا مابوونەوە و خۆیان حەشاردابوو. سەیرە ئەوەیە تەنانەت دوژمنیش بە شەو بەو هەموو چەک و سەربازەوە نەیاندەوێرا بچنە ناویەوە! هەڤاڵان کە باسی ئەوێیان دەکرد دەیانگوت هەمیشە لە شوێنەکانی تر ساردترە، تەنانەت لە لوتکەی شاخەکانیش بە کاتی زستاندا. دەیانگوت بۆنێکی تایبەتیشی هەیە کە وەسف ناکرێ، جاری وایە هەستت دەکرد کەسێک لە تەنیشتەوەیە و ئەویش خەریکە کێشک دەبینێ، بۆیە زۆر جار هەر کێشکیشمان نەدەبینی و بە دڵنیاییەوە دەخەوتین، لە نیوان گۆڕەکاندا و لە ناو گۆڕە بەتاڵەکاندا. دەیانگوت گەر بە شەو لە گۆڕستان بمێنیتەوە جوان جوان هەست بەوە دەکەی کە شتێک وەک سنوورێکی تایبەت قەبرستانەکە لەگەڵ دەورووبەری جیادەکاتەوە، سنوورێک کە تەنیا لەوێوە لەناو گۆڕستانەکەوە دەبینرێ. شتێک وەک خەرمانەی مانگ بە دەوری مانگی شەوی چواردەدا.

فەرماندە بە ناو گۆڕەکاندا هەنگاو هەڵدێنێ و لێیان ورددەبێتەوە. کەس ناناسێ. تەنانەت نازانێ دایک و باوکیشی لە کوێ نێژراون. شەرمێک دایدەگرێ. هەست بە سپڵەیی خۆی دەکا. ئەوەی ئەم ئیستاکە دەیبینێ لەگەڵ قەدیمەکەی یەکجار جیاوازە. زەمەن ئێرەیشی گرتووەتەوە. ئەو کە سەرەتا دڵی دەدایە ناوەکان بەرەبەرە سەرنجی دەچێتە سەر تاریخەکان: لە دایکبووی ٧ـ ۵ـ ١٩٣۵، کۆچی دووای ٢٣ـ ١١ـ ١٩٩٣، لەدایکبووی ١٢ـ ٩ـ ١٩۴۶. کۆچی دووایی ١۵ـ١ـ ١٩٨۵،… یەک لەدووای یەک. ئەوسا ئەو ساڵانەی حسێب دەکرد وا مردووەکە ژیابوو،…. ئاە ژمارەکان چەند بچووک بوون،…. ئاە تەمەن چەند کورتە! ئەوسا بیری لە تەمەنی خۆی کردەوە، تەنیا شەست و پێنج ساڵ!… دڵی دەگوشرێ. نا شتی وانابێ. ئەم نابێ ئەوەندە بژی، وەک هەموو ئەمانەی وا لێرە نێژراون. ئەو شتێکی ترە. ئەو تەنیا هاتووە بۆ ئێرە کە بە مردووەکانیش بڵێ سەیرکەن من لە شێوازێکی ترم، ئەوە منم من کە مانام بە نیشتمان بەخشیوە، مانا بە بوون و بە ژیان،… نا من نامرم،… نەمرم! ئەوسا ئەژنۆی شل دەبێ، هەست بە بێ هێزیی لاقەکانی دەکا. چەند حەزی بە بارانێکی ناوەختی خوڕڕەمە. لەو بارانانەی دەشۆنەوە، لەچەشنی لێزمەکانی کاتی شاخ، کاتێک هاوڕێیان بەڕیز بەڕێوە بوون،… تەڕتەڕ. رەنگە ژیان و رەوتەکەی مانایەکی تر پەیدابکەن، لەو چەشنەی فەرماندە دەیەوێ.

لە گەڕەکەکانی دەورووبەر دەنگی کەڵەشێر دێ، یەکی تر لە گەڕەک یاخود کۆڵانێکی ترەوە جوابی دەداتەوە. کەڵەبابەکان هەمیشە وەهان، هەمیشە دەیانەوێ بوونی خۆیان بسەلمێنن، خوێندنی ئەوی تر تەحەممول ناکەن، ئەوەیکە تەنیا ئەوان هەن. دەنگی گریانی منداڵێکیش دێت. فەرماندە بیری دوو کوڕەکەی خۆی دەکەوێتەوە. لە مێژە نەیدیتوون. لای سەیرە. کتوپڕ تاسەیان دەکا.

بەپەلە لە گۆرستانەکە دەچێتە دەرەوە. هەڤاڵان بەپەلە بە شوێنییەوەن و دەرگای تڕۆمبیلەکەی بۆ دەکەنەوە. هەر لەم کاتەدا دەنگی ناوەختی زەڕینی گوێ درێژێکیش دێ. فەرماندە ئەمە وەک نیشانەیەکی گرینگ لێکدەداتەوە. نیشانەیەک بۆ بیرهێنانەوەی ئەوەی کە قەت کەس ناتوانێ رابردوو بگۆڕێ، تەنانەت ئەویش وەک فەرماندە. هەستدەکا کەرەکە بەردەوام بە شێوازی جۆراوجۆر داوای مافی خۆی دەکاتەوە، مافی ئەوەی کە ئەویش لەو رۆژە مەزنەدا هەبوو و بگرە دەوری سەرەکیشی گێڕا. بەڵام راوەستە! ئەمە دەنگی ئەوە یان هەموویان وەک یەک دەزەڕن؟ فەرماندە هەستدەکا زۆر خێرا هەندێ شتی لەبیرچووەتەوە. هەناسەیەکی قووڵ هەڵدەکێشێ و بە هەڤاڵی شۆفیر دەڵێ لێخوڕە! لە سەر یەکێک لە گردەکان جەماعەتێک خەریکی ناشتنی تەرمی مردوویەکن.

رۆژەکان وەک هەمیشە تێدەپەڕن. کات تەنیا بوونەوەرێکە هەدا نادا. زەمەن مانا دەبەخشێ و مانا دەستێنێ. فەرماندەیش وەک هەموو خەڵکی تر هەست بەمە دەکا. بگرە زیاتریش. ژیان چەند ئاسان رووداوە حیماسییەکانیش دەکا بە رابردوو و چەند ئاسان خۆی وەک رەوتێکی ئاسایی دەنوێنێتەوە. مرۆڤ لە راستیدا بۆ ئەمە دروستکراوە، بۆ ژیانێکی ئاسایی. ئەوی تر تەنیا رێکەوتە، چ رۆژەکانی شاخ و چ رۆژەکانی راپەڕین لە ناو ریتمی سادەی ژیاندا دڵیان لە لێدان دەکەوێ و قارەمانەکانیش وەک هەموو خەڵکی دیکە کە دەچنەوە بەر ئاوێنە، مرۆڤێکی سادە دەبینن کە تۆزی زەمەن لە سەرو سیمایان نیشتووە. زەمەن شتێکە وەک بێتاقەتی، وەڕەزی، چرچبوون، بۆربوون و نیگایەکی سارد. بەڵام قارەمانەکان هەر تەسلیم نابن، خۆبەدەستەوە نادەن. ئەوان بەردەوام شوێنێکیان هەیە بۆی بگەڕێنەوە، ئەویش رابردووە. چ شتێکیش رابردوو لە ترۆپکی خۆیدا دەنوێنێتەوە، جگە لە وێنەکان نەبێ؟ هەرچەند وێنەکان بێ جووڵەن، هەرچەند تەنیا یەک چرکەن، رەنگە کەمتریش لە چرکەیەک، بەڵام زۆر شت دەژیێننەوە. تەنیا ئەوەندەیە لێیان ورد بیتەوە، دیارە گەر زۆر رۆحت نەگوشن و لە هەموو شتێک بەتاڵت نەکەنەوە. دیارە گەر نەتگەیەننە ئەوپەڕی پووچی.

فەرماندەیش ئەمە دەکا. ئەویش ئاوێتەی وێنەکانە. وێنەکانی خۆی و ئەو وێنانەی وا لای هەڤاڵانی ترن و وەک بەڵگەیەک لە شەرەفی هاوڕێیەتی لەگەڵ فەرماندەن بە نامە یاخود لە دیدارەکاندا بۆی دەنێرنەوە. ئەم زۆر جار ئەو کاتانەیشی هەر لەبیر نەماوە، بۆیە بزەیەک دەنیشێتە سەر لێوەکانی و ئەوجا دەڵێ ئای گەنجیەتی! ئەو گەنجیەتییەی لەوێ لە ساڵانی رابردوودا بەجێ ماوە و کەس نازانێ بۆ لەگەڵ مرۆڤ خۆی رێ ناکا. کەس نازانێ بۆ حەزی لێیە لە شوێنێک یان شوێنەکان پشوویەکی ئەبەدی بدا و تەنیا لەگەڵ خۆی بمێنێتەوە. فەرماندە لە هەموو حاڵەتێکدا: لە کاتی نووسین لە ناو چادر یان کونەبەردێکدا یاخود لەسەر تاشەبەردێک، لە کاتی قسەکردن بۆ هەڤاڵان یان بۆ خەڵکی، لە ناو ئەو هەڤاڵانەی دەوریان داوە، پیاوە تووڕەکان بە چەکەکانیانەوە، ئەوانەی زۆربەیان بە گەنجیەتی کوژران. فەرماندە لە دەروونی خۆیدا دەڵێ خۆزگەم بە خۆیان! گەر بە گەنجیەتی بمری بۆ هەمیشە بە گەنجیەتی دەمێنیتەوە، جا چ لە وێنەکاندا و چ لە بیرەوەرییەکاندا، بگرە لە لای خۆیشت. بەڵام کۆمەڵێک وێنەی تریش هەن، وێنەی هەڤاڵان لەو دیو سنوور، یاخود وێنەکانی خۆی لە کاتی دانیشتن لەگەڵ دراوسێکان و بگرە لەگەڵ دیکتاتۆریش، کاتێک دەست لێدەدەنەوە و یەکتر لە ئامێز دەگرن و بە بزەوە یەکتر دەدوێنن. وەک بڵێی هەر هیچیش نەبووە، وەک بڵێی خوێنێکیش نەڕژابێ و شوێنێکیش کاول نەکرابێ. ئا، دەبێ. بۆ نابێ؟ ئەی مەگەر لە هەر دوو لا نەکوژراوە؟ ئەی مەگەر وەها نیە کە لە دونیای سیاسەتیشدا جاری وایە دوژمنەکان پێکەوە دادەنیشن؟ بەڵام،… بەڵام فەرماندە زۆر حەزی بەم جۆرە وێنانە نیە. هەوڵدەدا لە شوێنێکی تایبەت ئەرشیفیان بکات،… با زۆر لەبەر دەستدا نەبن. راستە زۆریان بینراون، بەڵام با لە لایەن ئەمەوە نەبێ. دراوسێکان و دیکتاتۆریش کاتی خۆی چەند نامەرد بوون، خۆ بەڵێن نەبوو ئەم وێنانە بڵاوبکرێنەوە، بەڵێن بوو جارێکە بمێننەوە تا بزانن لە داهاتوودا چ دەبێ. وێنەکانی دیکتاتۆر نەک چێژ نابەخشن بەڵکو تامی گەنجیەتیش دەترشێنن. نا، دەڵێی خوێیان پیاکراوە، خوێیەکی زۆر،… ناخورێن. بەڵام گرینگ نیە، گرینگ سەرکەوتنە. سەریشکەوت. دیکتاتۆر خەریکە دەتەقێ. حەجمینی نیە. با بتەقێ! ئەوسا لە یەکێک لە وێنەکاندا چاوی بە مایینە سپی دەکەوێتەوە. لێی ورددەبێتەوە، نزیکتری دەخاتەوە. مایینە سپی، ئەسپی چاک بوو. زینێکی چاکی بۆ کردبوو و بە لێغاوێکی شیاوەوە، بە گوڵینگەکانی ناوچاوانی، ئاوزەنگی، بەو نەقیزەوە قەت دڵی نەهات تێوەی ژەنێ. بۆ خۆی دەیزانی چی بکا، پێویست نەبوو زەختی لێبکا، بۆ خۆی دەڕۆیشت. هەموو رێگاکانیش شارەزابوو. زۆر جاریش لە خەتەر رزگاری کردبوو، بگرە هەستیشی بە کەمینی دوژمن دەکرد. هەر لە دوورەوە رەق لەسەر جێی خۆی پێش ئەوەی بکەونە ناو داوەکەوە رادەوەستا، گوێکانی قوڵاغ دەکرد، یەک دوو جارێک بە چاوە دەرپەڕیوەکانییەوە دەیحیلکاند، ئەو چاوانەی وا بۆنی مەرگیان دەکرد. ئای مایینە نازدارەکە! بەختی نەبوو، لە تۆپبارانێکی نامەردانەی دوژمندا بەرکەوت. لاقێکی پەڕی و چەند پارچە ئاسنیش سکیان دڕی. هەناسەبڕکێی بوو. چاوەکانی چەند ترسابوون. رۆژێکی خۆشی بەهار بوو. لەو رۆژانەی وا بۆ مردن نابن. جوانتر لە وێنەکە ورددەبێتەوە. سەیرە مایینەکەیش وەک هەڤاڵان و وەک فەرماندە لە وێنەگر دەڕوانێ. وەک بڵێی دەزانێ. ئا، بێگومان دەزانێ. هەموو کەس لە وێنەگر دەڕوانێ، بە تایبەت ئەو ساڵانە کە وێنە کەم بوون. تەنانەت لێیشی نەڕوانن هەر هەستیان لەسەریەتی. کامێراکە راتدەکێشێ. هی ئەوەیشە خەمی ئەوەتە کە داخۆ وەها دێی وا خۆت بەدڵتە یان نا. مایینەکەی فەرماندەیش وەک خۆدی فەرماندە ناوبانگی دەرکردووە. چیرۆکی سەیرسەیری لەسەر دەگێڕنەوە. ناویان ناوە فریشتەی سپی. دەڵێن لە راستیدا خوا ناردوویەتی، وەک هەمیشە بە بیانوویەکی سادەوە، بەڵام لە راستیدا ئەرکێکی گەورەی لەسەر شانە. ئەو بەڵێنە فەرماندە بگەیەنێتە رۆژی سەرکەوتن، هەتا ئەو رۆژە بیپارێزێ. لە مەترسییەکان دەربازی بکا؛… بەڵام،… بەڵام تۆپەکە هەموو شتێکی بەیەکدا دا، شێواندی، رەوتەکی گۆڕی. گومانێک لە دڵی فەرماندە و هاوڕێیاندا سەریهەڵدا. وەها کە فەرماندە باوەڕی بە هیچ مایینێک نەما، ئەویش لە چەشنی سپییەکەی. ئەوسا دونیای بە لایەکی تردا گرت. بە لای فشەدا. بە خۆی گوت ئەوەی سەردەکەوێ وا هەموو رێگاکان تاقی دەکاتەوە و شەرمی لە هیچ نیە. جا ئەگەر حسێب لەسەر شەرم بێ ئەوا خوا ئەو شتانەی وا هەڵگری شەرمن نەیدەخوڵقاندن، کەواتە لە راستیدا شەرمێک بوونی نیە. ئەوەی هەیە جۆری رووانینی ئێمەیە. لێرەوە بوو رۆژێک لە رۆژان کە لە گوندێکی نزیک سنوور دەپەڕینەوە، بە بینینی گوێدرێژێک کە بێ خەم بە لاپاڵێکەوە خەریکی لەوەڕین بوو، بیری هاوڕێیەتییەکەی لە دڵیا گەڕا. بۆ نا؟ ئەی ئەوە نیە بەشێکی گرینگی کاری گوند، وەک گزرە کێشان و هاتوچووی مەزرا و بارلێنانی شمەکی جۆراوجۆر و بگرە هاتوچووی شاریش هەر بەو دەکرێ. گەر گوند لەسەر شان و باهۆی ئەو راوەستاوە، ئەی خزمەتی شۆڕشێکی گەورە و گران بۆ نا؟ تازە زۆر جار هەڤاڵان لەمەیش کەڵکیان وەرگرتووە. مەگەر مەقەرەکان لە کاتی زستان بە هۆی کێهاوە گەرم دەبنەوە؟ ها، بە هۆی کێوە؟ فەرماندە هەر لەم بیرانە قوتاری بوو، هەر لەوێ رایسپارد کەرە بۆزی بۆ بێنن. کڕی. خاوەنەکەی هەرچەند حەزی نەدەکرد، بەڵام نەدەکرا. بگرە شەرفەێکی گەورەیش بوو. دەیتوانی تا چەند نەوە دوواتریش ئەم باسە لە ناویاندا هەر باس بێت. بەس ئەوەندەی پیاوەکانی دیکتاتۆر نەزانن. پارەکەی وەرگرت و گوریسەکەی بە شانیدا دا و رۆیشت. کەرەبۆز کە نەیدەزانی چ خەبەرە سەرێکی بەرزکردەوە و لە خاوەنەکەی رووانی کە بەسەر تولەرێگاکەدا دووردەکەوتەوە. پێی سەیربوو. رەنگە سەری لێ شێوابێ! ئەوسا لەو هەموو پیاوە ریشن و جل و بەرگ ئارەقاوی و چڵکنەی رووانی وا لەوێیان دەڕوانی و لەگەڵ یەکتر قسەیان دەکرد. لە لای زۆر سەرنجڕاکێش نەبوون. بۆیە دیسان لمبۆزی لە زەوی ژەندەوە و دەستیکردەوە بە لەوەڕین. لە گوندەکەی تر هەڤاڵان کورتانێکی تازەیان کڕی و کۆنەکەیان هەر لەو ماڵە جێهێشت. کەرە بۆز گەنج بوو. درشت بوو. تەنیا سێ چوار ساڵێک لەتەمەنی دەگوزەرا. کەم ئەزموون بوو، بەڵام پڕ هێز بوو و تەژی لە حەزی لە گەڕان. نەترسیش بوو. شەوانە دەنگی لوورەی دووری گورگان ئەژنۆی پێ شل نەدەکرد. تەنیا گوێی قوڵاغ دەکرد و لە تاریکی ورددەبووەوە. ئەوسا خێرا خەریکی ئیش و کاری خۆی دەبووەوە. وەک بڵێی دەیزانی خزمە نوێکانی لە چەشنێکی ترن. ماڵی گاڵتە نەبوون. قەت نەیبینی کەسێک بتوانێ بە لاچاو و بە لارەلار لێیان بڕوانێ. تەنیا عەیبیان ئەوە بوو زۆر دەڕۆیشتن، کە ئەم تڕیشی دەکەنی زۆری پێ پێدەکەنین، هەڵبەت نەک لەبەر چاوی فەرماندەدا. دایاندەنا بۆ دووایی. ئەمیش چونکە گوێکانی زل بوون ئاگای لە هەموو شتێک بوو. سەرەتا پێی تێکدەچوو، بەڵام عادەتی گرت. لەم شاخ و کێوانە و بەم ژیانە دژوارەوە گەر گاڵتە و جەفەنگ نەبایە ژیان هەر نەدەگوزەرا. بۆیە ئەمیش جاری وابوو سەری بەرزدەکردەوە و بە بێدەنگی پێدەکەنی. باشە راستی پرسیارێک، بۆ ئەوان بە تڕکەندن پێدەکەنن؟… مەگەر پێکەنینی هەیە؟!

فەرماندە لە ناو وێنەکاندا وێنەیەکی کەرە بۆزیش دەبینێتەوە. دەستی دەلەرزێ، بەڵام لێی ناکەوێتە عەرز. بگرە زیاتر لەوانی تر لێی ورددەبێتەوە. بیردەکاتەوە کەری چاک بوو. ئەوەی ئەو رۆژەیش روویدا خۆ لە راستیدا تاوانی ئەو نەبوو، عەیبەکە لەوەدا بوو راپەڕین کاتێک کرا کە مایینە سپی لەمێژ بوو لە ژیاندا نەمابوو. جا ئەم چووزانێ! گەر بیزانیایە دونیا ئاوا دەگۆڕێ دەستبەجێ مایینێکی تری دەکڕییەوە. هەرچەند لەوەیش دڵنیا نیە مایینەکە بیتوانیایە بەو شێوەیە خۆی بە ناو سەنتەری شاردا بکردایە. نا، نەیدەتوانی. فەرماندە لەمە دڵنیایە. ئەمە تەنیا لە کەرە بۆز دەوەشایەوە. جاری وایە مێژوو بە کەسی بێ ئەقڵ دەخوڵقێ.

بەشی نهێنی هەڤاڵان لە دووای ئەوەی هەموو راپۆرتەکانی شانەکانی خۆیان لە سەرتاسەری نیشتمان بەسەرکردەوەو لێیان کۆڵییەوە، بەو ئاکامە گەیشتن سەرەڕای ئەوەی نیشتمان لەدەستی دیکتاتۆر رزگاری بوو، بەڵام بەرەبەرە خەریکە بەتووش دۆخێکی ئاڵۆز و خراپەوە دەبێ. لەبەشێک لە لێکدانەوەی لیژنەی باڵادا هاتبوو: “… بە دەیان ساڵە نیشتمان لە دۆخی داگیرکراوی و هەر لەبەر ئەمە لە دۆخی ناسەقامگیریدا دەژی، ئەمە وەزعێکی خوڵقاندبوو کە هەمیشە جۆرێک لە کەش و هەوای شۆرشگێڕی و حاڵ و هەوای نائاسایی لە ناو کۆمەڵگادا بەدی بکرێ. دەیان جیل بەم شێوەیە ژیاون و بۆیە لە کۆمەڵگای ئێمەدا دیاردەیەک سەری هەڵداوە کە لە کۆمەڵگاکانی تر جیای دەکاتەوە. مرۆڤی ئێمە لە باری دەروونییەوە مرۆڤی ژیانی ئاسایی نیە و فێربووە (یاخود فێرکراوە) لە ئاستی رووداوی گەورەدا چاوەڕوان بێ. واتە هەمیشە لای وایە دەبێ شتی گەورە بەڕێوەبێت. ئەمە بووەتە سەرچاوەی رۆحی چاوەڕوانی، بەگژداچوونەوە، قایل نەبوون بە ژیانی رۆژانە، پاڵەوان پەرستی و بەگشتی ژیانێک کە دەکرێ هەمیشە شتێکی سەیروسەمەرە تیایا رووبدات. جا ئەو دۆخەی هەنووکە تیایاین (واتە دۆخی دووای راپەڕین) لەبەر ئەوەی یەکجار لەوەی پێشوو جیاوازە (کە دەکرێ ئەم دووانە بە دۆخی دیکتاتۆری و دۆخی پاش دیکتاتۆری دابەشی بکەین) دەبێتە هۆی ئەوەی ئێمەیش کە هێزێکی شۆرشگێڕین و یەکێک لە ئاکامەکانی وەها کۆمەڵگایەکین، بەرەبەرە شەرعییەتمان کاڵ بێتەوە و خوانەخواستە بۆ هەمیشە لەدەستی بدەین. جا تا درەنگ نەبووە دەبێ کارێک بکرێ (یاخود بکەین).”

ئەم راپۆرتە، بگرە تێروتەسەلتر پێشکەشی فەرماندە کرا. لە پاش دوو، رۆژ کۆبوونەوەیەکی بەرین لە ئاستی بەڕێوەبەرایەتی هەموو بەشەکانی پیوەندیدار بە دۆخی ئەمنی و ئاسایشی وڵات و سەرکردایەتیدا بەڕێوەبرا. لە دووای چەندین کۆبوونەوەی چڕ و تاقەت پڕوکێن کە لە بەیانییەوە هەتا ئێوارەی دەخایاند، سەرئەنجام بەو ئاکامە گەیشتن (دیارە فەرماندە لەم کارەدا پشکی شێری بەردەکەوت) کە دەبێ بۆ هێشتنەوەی شەرعییەتی دەسەڵاتەکەیان کە بەرەبەرە لە شەرعییەتی شۆڕشگێڕی بەتاڵ دەبووەوە (دیارە بە هۆی زاڵبوونی ژیانی ئاسایی) لە دوو بواری سەرەکیدا دوو کار بکرێ: یەکەم، دوژمنێکی خەیاڵی دروست بکرێ؛ دووهەم، بە تاپۆکردنی بەشێکی گرینگی نیشتمان لەسەر خۆیان نیشتمان بە خۆیان وابەستەی ئابووری بکەن. بە مەبەستی راپەڕاندنی ئەم دوو ئەرکەیش دوو لیژنەی تایبەت دیاریکران بە ناوەکانی ‘لیژنەی پاراستنی دەسکەوتەکانی شۆرش’ و ‘لیژنەی تاپۆی شۆڕشگێڕانە’.

لیژنەی یەکەم لەدووای چەندین کۆبوونەوە ئەوانیش بەو ئاکامە گەیشتن کە بە کاوەخۆ و هەر جارەی یەکێک لە حیزبە بچووکەکانی تر لە پلانێکی بەرنامە بۆداڕێژراودا بە پێی کۆمەڵێک بەڵگەی ساختە بکەن بە بەکرێگیراوی دوژمن و نەیارانی نیشتمان. ئەوسا دەست بکەن بە رێکلامە لەسەریان و دوواتر خەڵکیان بگرن و بگرە لێرە و لەوێیش لێیان بدەن. لیژنەی دووهەمیش کەوتە کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر ئەو شوێنانەی وا لە درێژەی تاپۆکردنەکانی پێشووتر دەیانتوانی لە سەر ناوی هەڤاڵان ناونووسیان بکەن. لێرەوە سەرەتا بیریان چووەوە سەر بازاڕەکانی سەنتەری شار و ئەو زەوییە چۆڵانەی وا دەیانتوانی زەوتیان بکەن و بازاڕی چەند قاتی گەورەیان تیا دروست بکەن، دوواتر روویان کردە دەرەوەی شار بۆ ناو سروشت. جا لە قۆناغی یەکەمدا هەموو ئەو زەوی و زارانەی بە دەوری رێگای نێوان شارەکانەوە بوون، یاخود ئەو باغ و باغاتانەی شوێنی گەشت و گوزار بوون یاخود دەکرا ببن بە شوێنی گەشت و گوزار و ڤیللا، دەستیان بە سەردا گرتن.

بەم شێوەیە نیشتمان کەوتەوە ناو دۆخی ساڵانی پێشوویخۆی بەڵام ئەمجارە بە شێوازێکی دیکە و لە ئاستێکی یەکجار بەرفراواندا.

لە پاش ماەیەک پلانەکە جێبەجێکرا. شەو نەبوو لە تەلەفزیۆن و رادیۆکانەوە باسی فڵانە حیزب نەکەن کە بەڵگەیان لێدەرکەوتووە لە هاوکاری لە گەڵ دوژمندان. هەواڵی گرتنەکان خێرا بە ناو نیشتماندا بڵاو دەبووەوە و لێرە و لەوێیش بە چەک دەچوونە سەر مەققەڕ یاخود دامودەزگاکانیان. بەم شێوەیە حاڵ و هەوای نیشتمان گۆرا و بووەوە بە هەمان دۆخی بەربەرەکانێ لەگەڵ دیکتاتۆر. لەگەڵ ئەمەیشدا بە هۆی ئەو سەروەت و سامانەی هەڤاڵان کۆیان کردبووەوە هەر کامەی بوونە خاوەن سوپای تایبەتی خۆیان و سوپایەکی زەبەللاحی فرەچەشن کۆکرایەوە کە هیچ کەس نەیدەتوانی خۆی لە قەرەی بدات. ئەوەی لەوە پێش بە لیستە و بە دامەزراندنی خزم و کەس و کار کرابوو، بە راپەڕاندنی ئەمەیش ئەوەندەی تر نیشتمانی کرد بە نیشتمانی فەرماندە و هەڤاڵان. بە پێچەوانەی گۆرانییە بەناوبانگەکە کە دەیگوت “ئێمە گیانێکین لە دوو جەستەدا”، “ئێمە جەستەیەکن لە دوو گیاندا” کەوتە سەر زاری خەڵکی. بەم شێوەیە وڵات لانیکەم بۆ ماوەیەکی کاتی (هەرچەند نادیار)، گەڕایەوە بۆ ئەو دۆخە رۆحییەی وا بە دەیان ساڵ لەگەڵیا ژیابوو. رابردوو ژیایەوە و لە رێگای ژیانەوەی خۆیەوە پەلی بۆ داهاتووش کوتا. فەرماندە لە یەکێک لە کۆبوونەوەکاندا لە دووای بیستنی دوواڕاپۆرتەکان سەبارەت بەوەی هەتا هەنووکە کرابوو، پیرۆزبایی لە هەڤاڵان کرد و گوتی کە بەم کارە مەزنەیان تووانیان نیشتمان لە مەترسییەکی یەکجار گەورە رزگار بکەن کە ئەویش مەترسی لەخۆنامۆبوون لە دووای راپەڕینێکی مەزن بوو. گوتی ئەوان توونیان رابردووی پڕشکۆ بە شێوازی تر بژیێننەوە و رۆحی شۆرشگێڕی لە فۆڕێکی تردا بە جەستەی گەلدا بکەنەوە.

یەکێک لە رۆشنبیران کە یەکجار بەم کارەی فەرماندە و هەڤاڵام سەرسام بوو لە وتارێکدا بەناوی ‘کاتێک شەرعییەت لە ناو خۆیەوە لەدایکدەبێتەوە’ نووسی کە شەرعییەتی شۆڕشگێڕی وەک خۆشەویستی نێوان ژن و پیاو وایە کە تەنیا لە قۆناغی سەرەتای ژیانی هاوبەشیاندا خۆی دەنوێنێ و تا لادەکەینەوە دەبینین خێرا دەمرێ، یاخود یەکجار لاواز دەبێ. جا پیاوی ئاقڵ، ژیر و وریا ئەوەیە بتوانێ بە خوڵقاندنی شتی تر نەهێڵێ خانەوادەکەی بمرێ. وەها کە بتوانێ گوڕوتینی زیاتری بداتێ. فەرماندەیش ئەم کارە مەزنەی کرد؛ ئەو بە زەقکردنەوەی مەترسیی دووبارەی نەیارانی بنەماڵە ئیشێکی کرد خانەوادەکەی هەم زیاتر هەست بە خۆیان بکەن و هەم بە دروستکردنی خانوویەکی جوان، ژنەکەی بە شێوازێکی تر بە خۆیەوە ببەستێتەوە!”

ئەم شوبهاندنە لای فەرماندە یەکجار جوان بوو. هەموو شتێک بەخۆشییەوە بەرەو ئەو ئاراستەیە بوو مەزنایەتی و باوکایەتی و پیاوەتی ئەو زیاتر و زیاتر لای نیشتمان بسەلمێنێ. ئەم رۆشنبیر و قەڵەم بەدەستانەیش گەر بیانەوێ قەڵەمەکەیان بگێڕن بەراستی دەیگێڕن! جا ئەوەی بە چ لایەکدا، فەرق ناکا! زیرەکی لای فەرماندە دەشتێک بوو پڕ پیت و بەرەکەت کە دەکرا هەموو شتێکی لێ بڕوێ. جا ئەوە وەرزێڕ بوو بڕیاری دەدا چی تیا بچێنێ. رۆشنبیرەکانیش بەعام وەرزێڕی چاک بوون. گەر سەیریان بکەی هەموو جۆرێکیان تیا دەبینیتەوە. چەند ئەستەمیشە بزانی کامیان بەڕاستی چاکیان نەگوتووە.

رۆژێک لە لایەن دادگای شارەوە نامەیەک هات. سکاڵا بوو. کەسێک کە زەوی و زارەکەی لە لایەن هەڤاڵانەوە دەستی بەسەردا گیرابوو، لە دایرە حکومییەکان شکایەتی کردبوو. کابرای سکاڵاچی گوتبووی تاپۆی یاسایی هەیە، گوتبووی زەوی و زارەکەی پشتاوپشت بۆی ماوەتەوە و هەموو خەڵکی ئەمە دەزانن، گوتبووی ئەو لەم زەوییانەدا خەریکی کشت و کاڵە و بۆیە داگیرکردنیان بە زەرەری بەروبوومی وڵاتە. فەرماندە کە یەکجار بەمە تووڕە ببوو، ئەمری دەرکرد بچن و ئەوەی وا ماویشیەتی دەستی بە سەردابگرن. گوتی دەبێ بچن هەر لەو ئیدارەی وا ئەو سکاڵاکەی بۆ ناردووە ئیزنی ئەم کارە وەربگرن. دووای دوو رۆژ یەکێک لە هەڤاڵان هەواڵی هێنا کە ئەو پیاوەی وا شکایەتی کردبوو کاتی خۆی لە سەردەمی دیکتاتۆردا یەکێک لە مامەکانی سەر بە سەرکوتگەر بووەو بگرە بە سیخوڕی کردن چەندین کەسیشی بەگرتندابوو. فەرماندە گوتی دەمزانی… دەمزانی دەبێ شتێک لەو نێوەدا هەبێ! هەڤاڵەکە گوتی قوربان باری کرد و هاتووە بۆ شار، لەبەر ئەوەی لە بنەماڵەیەکی جاشە هیچی پێ نەبڕا، جا با بۆ خۆی حەماڵی بکا.

ئەو زەوییە وا هەڤاڵەکە باسی لێدەکرد، بۆ چەند مانگ دوواتر قەتعە قەتعە کرا، هەر قەتعەی قەباڵەی رەسمی بۆ کرا و لە دووای ئەوەی شۆقەیەکی گەورەی تیا سازکرا و بۆ شۆقەکە ئاو و کارەبا راکێشرا، راوەستان تا قەتعەکانی تری دەورووبەری ئەوەندەی تر نرخیان بفڕێ.

نیشتمان بەرەبەرە وەها لە دەوری فەرماندە و هەڤاڵان کۆببووەوە کە بەڕاستی نەدەکرا لێکیان جیابکەیتەوە. مامۆستاکەی زانکۆ لە دانیشتنێکی ئێواران لەگەڵ هەڤالانی زانکۆدا گوتبووی ئەمە بەجۆرێک پێوەندی بە ژمارەی ئەو هەنگاوانەوە هەیە وا فەرماندە و هەڤاڵان کاتی خۆی لە شاخ هەڵیانهێنابووەوە. گوتبووی مرۆڤ هەتا زۆرتر بەسەر خاکی نیشتماندا بە مەبەستێکی پیرۆز هەنگاو هەڵبگڕی، ئەوا زیاتر ترپەی دڵی ئەوان و خاک ئاوێتەی یەکتر دەبن:

ـ “بە خۆشی فەرماندە، هەڤاڵان و خاکی نیشتمان!”

هەموو شتێک کەوتبووەوە سەر رەوڕەوی ئاسایی خۆی. فەرماندە لە دوورەوە گوێی لە شار بوو: وەک هەمیشە گرمەگرمی سەیارەکان، ژاوەژاوی خەڵکی، قاڕەقاڕی قشقرەکان، وەڕینی دووری سەگە بەڕەڵڵان و دەنگی هەڤاڵان لە حەوشەوە تێکەڵ بەیەکتر دەبوون. چاوپێکەوتنەکان و پێوەندییە تەلەفۆنییەکانیش بەردەوام بوون، وەها کە بەڕاستی فەرماندە بەم هەموو شتە رانەدەگەیشت. هەمیشە کاتی کەم دەهێنا. چەند حەزی دەکرد لە جیاتی بیست و چوار سەعات، شەو و رۆژ چل و هەشت کاتژمێر بووایە؛ تازە ئەمەیش کورت دێنا! ئەو کە لە شاخ جاری وابوو لە بێتاقەتی خۆی لە ناو چادر یاخود ژوورەکەی دادەنیشت و بە ئیشتیا لە دەورووبەر و دیوارەکان رادەما و خەیاڵی بۆ جۆرەها شوێن دەفڕی، ئیستاکە هەر دەرفەتی سەر خوراندنیشی بۆ نەمابوو. بگرە زۆر جار بەدەم خەویشەوە هەر زەین و خەیاڵی لەسەر رووداوەکانی رۆژانە و یاخود پلانەکانی داهاتوو بوو. خەو نەمابوو،… نەدەهات، کە دەیشهات وەها دەهات کە وەک تەرمێک لە ناو جێگادا دەکەوت و پرخەی ترسناکی چواردیواری ژووری نووستنەکەی دەهێنایە لەرزین. وەک دەڵێن خەویش کە زۆر قووڵ بوو ئەوەندەی ناوێ، خێراتر دەحەسێیتەوە. ئەوجا فەرماندە کتوپڕ لە خەو رادەپەڕی، هەتا ماوەیەک هەروا لە ناو جێگاکەیدا دەمایەوە هەتا خۆی دەدۆزییەوە. لە کوێم؟! زۆربەی کات ئەم پرسیارە لەسەر جێگاکەی قوتدەبووەوە. ئەوسا بەرەبەرە وێنەکان کە لە یەکتر ئاڵۆزکابوون، دەکرانەوە… لەبەر یەکتر دەکشانەوە و ئینجا دەیزانی لەمێژە سەردەمی شاخ تەواوبووەوە ئەو ئیستا ئەگەر نە لە باشترین بەڵام لە یەکێک لە دەگمەنترین ژوورەکانی نووستنی دونیادا لە خەو بەئاگا بووەتەوە.

لە بەیانییەکی لەم چەشنەدا بوو کە بیری دوو کوڕەکەی کەوتەوە. ئا، خۆ ئەو دوو کوڕی هەبوو! دوو کوڕ کە خەریکبوو باڵایان دەکشا و بۆ خۆیان دەبوونە دوو پیاو. دوو پیاو لەم نیشتمانەیش یەعنی زۆر شت. رقی لە خۆیەتی کە قەت بەو شێوەیە لە بیریاندا نەبووە. دەڵێی کتوپڕ لە دووای ماوەیەکی زۆر لە بزربوونیان، لە بیابانێکی بەرەهوتدا دۆزیبنیەوە. دوو کوڕ! جا وەرە دوو پیاو کە لە خوێنی خۆتن بە دەورتەوە بن و کەچی لێیان بێ خەبەر بی! تازە مەگەر قەرارنیە ئەوان تەنانەت گەر جێگریشی نەبن بەڵام نزیکترین کەسەکانی ئەو بەتایبەت لە بواری سیاسەت و حیزبایەتی و وڵاتداریشدا بن! بێگومان. لێرەدا شەرمێک لە خۆی دایدەگرێ، ئاخر دیکتاتۆریش وەها بوو. ئەویش دوو کوڕی هەبوو و بگرە هەموو جۆرە دەسەڵاتێکیشی پێدابوون. وەها کە دەیانتوانی گاڵتە بە بەرزترین پلەکانی وڵاتیش بکەن. مەگەر ژن هەبوو بڵێ نا! بۆ کەس دەیوێرا توخنیان بکەوێ، کەس دەیوێرا خۆی لە قەرەیان بدا؟ بەڵام نا، من جۆرێکی تر دەکەم، بە دەوری خۆمەوە بن، بەڵام بە شێوازی تر. جا وەرە دوو کوڕت هەبێ و کەچی پەنا بۆ غەیرە ببەی، تازە مەگەر ئەوانیش نەیانچێشت، مەگەر ئەوانیش لە شاخ نەبوون و دەربەدەری و بەدبەختیان نەبینی؟ بێگومان. کەواتە ئەوانیش برابەشن، تازە زیاتریش، ئاخر بە منداڵی بینیان.

لەم خەیاڵاتانەدا بوو ئەمری دەرکرد بچن و کوڕەکانی بۆ بێنن. هەڤاڵان گوتیان قوربان دایکیان چی؟ گوتی تەنیا دوو کوڕەکە. کە هاتن دوو مێردمنداڵی کشاوەی بینی بە دوو ناوچاوانی گرژەوە کە دەڵێی بە رەشبینی و گومانەوە لە هەموو شتێکیان دەڕوانی. دوو کوڕی رەشتاڵە کە زیاتر سەر دایکیان دابووەوە. لەبەر خۆیەوە گوتی حەک ماڵم بەساقەتان بێت، بەخوا هی ئێرەن، خوا دایناون بۆ دووای خۆم! ئەوسا کتوپڕ دڵی داخورپا. شوکری خوای کرد تا ئێستاکە بەدەست کەسی ناپاک و پیسی نەیاری خۆی شتێکیان بەسەردا نەهاتووە، باشە ئەمە چ گەمژەیەتییەکە ئاوا دوور لە خۆی رایگرتبوون، جا با هەڤاڵان ئاگایان لێشیان بووبێت.

بانگی لە کوڕەکان کرد بچنە لای. دڕدۆنگ بوون. دیسان لە دەورووبەریان رووانییەوە و ئەوسا لە یەکتر. وەک بڵێی بە چاو لە یەکتر دەپرسن داخۆ بچن یان نا، یاخود داخۆ ئەوە کێیە پێمان دەڵێ بچین بۆ لای. فەرماندە بە دەنگێکی نەوی و میهرەبانانەوە گوتییەوە رۆڵەکانم وەرنە لام، وەرن بە قوربانتان بم! رستەکەی زۆر خێرا تەواوکرد، وەک بڵێی نابێ بەم چەشنە قسەبکا. کوڕەکان ئارام ئارام لێی نزیک کەوتنەوە. فەرماندە ناچار بۆخۆیشی چەند هەنگاوی هەڵگرت و لە ئامێزی گرتن. چەند پڕ بە باوەش بوون! راستە یەکیان لەوی تریان ساڵێک گەورەتر بوو، بەڵام زۆر دیاری نەدەدا. تا شانی خۆی دەهاتن. دەیزانی ئەم ساڵانەیش زوو تێدەپەڕن و ئەوەندەی پێناچێ کوڕەکانی لەویش زیاتر دەکشێن. ئینجا کەوتە گفتوگۆ لەگەڵیان. هەرچەند سەرەتا زۆر بە کورتی وەڵامی فەرماندەیان دەدایەوە، بەڵام کەمکەم خوویان بە جەوەکە گرت و بەتایبەت لە پاش ئەوەی ئاومیوە و شیرینی و خواردنی دیکەیشیان لەبەردەمدا دانان، ئیتر کرانەوە. باسی ژیانی رۆژانەی خۆیانیان کرد. ئەوەیکە زۆربەی کات تەنیان و دووبەدوو یاری دەکەن، ئەوەیکە بە ترۆمبیلێکی تایبەت هەموو رۆژێک دەیانبەن بۆ قوتابخانەیەکی تایبەت و دەیانهێننەوە، زۆر سەیری تەلەفزیۆن دەکەن، هاوڕێیان نیە و تەنیا جارجارە کەسوکاری دایکی دێن و سەردانیان دەکەن و ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی لەگەڵ مندالەکانی ئەوان بتوانن کایەبکەن، ئەوەیکە خەڵکی جۆرەیەکیان لێدەڕوانن، هەستدەکەن هەموو کەس بەخیلییان پێدەبەن. فەرماندە بە جوانی گوێی لێدەگرتن. گەورەکەیان مەند بوو و کەمدوو، بچووکەکەیان عەجول و حەز بە قسە، بەڵام ئەوەندەی دەزانی دەبێ ئاگای لە کاکی بێت. فەرماندە ئەمەی یەکجار پێ خۆش بوو. وادیاربوو ژنەکەی باشی تەربیەت دادابوون. ئەم کە قەت پرسیاری دایکیانی لێ نەکردبوون بەڵام کوڕەکان خۆبەخۆ چوونە سەر دایکیان، گوتیان ئەویش جگە لەو کاتانەی وا بەدەم ئەمانەوەیە، خەریکی شتێکی تایبەت نیە. زۆر جار بەتەلەفۆن لەگەڵ خزمان قسەدەکا، بە حەوشەکەدا دەگەڕێ و لە ئاسمان دەڕوانێ، جاری وایشە لەبەر خۆیەوە دەگری. گوتیان هەڵبەتە نازانێ بۆ. فەرماندە مت بوو. پاش ماوەیەک گوتی کوڕینە حەزدەکەم چیرۆکێکتان بۆ بگێڕمەوە، چیرۆکێکی یەکجار کۆن. ئەوسا باسی قابیل و هابیلی بۆ کردن. گوتی ئەم دووانە برا بوون، قابیل براگەورە و هابیل برا بچوک، رۆژێک خوا داوای قوربانی لێکردن، هەر کامەیان قوربانی خۆیان بۆ بارەگای خوا برد، بەڵام خوا ئەوەی هابیلی قبوڵکرد و هی قابیل نا، قابیل لەمە یەکجار تووڕەبوو و شەو کاتێک براکەی خەوتبوو چوو بە خەنجەرێک کووشتی! دوو براکە لەیەکتریان رووانی، یەکیان گوتی چۆن شتی وا دەبێ، فەرماندە گوتی ئەمەم بۆ گێڕانەوە بۆ ئەوەی بزانن کە برایەتی چەندە نیعمەتێکی گەورەیە هەر بەو رادەیەیش دەتوانێ ترسناک بێت، جا کوڕەکانم دەبێ قەولم پێبدەن هەتا هەن نەبنە قابیل و هابیل، هەتا هەن دەبێ برابن. راستییەکەی ئەوە بوو فەرماندە لە دوواڕۆژ دەترسا. حەزی نەدەکرد لە دووای خۆی هەموو شتێک بەسەریەکتردا بڕمێ. کوڕەکان کە هێشتا لە بیری چیرۆکەکەی باوکیاندا بوون، پرسیان داخۆ قوربانی چییە، گوتیان بۆچی خوا قوربانیی هابیلی وەرگرت و هی قابیل نا. فەرماندە کە وەڵامی بۆ ئەم پرسیارانە پێ نەبوو، گوتی ئیتر ئەوە خوا خۆی دەزانی خەریکی چییە، ئێمە قەت بەمە نازانین. وەک چۆن من ئیستا خۆم دەزانم خەریکی چیم و ئەو خەڵکەی وا لە دەرەوەی ئێرە دەژین قەت لەوەی لێرە دەگوزەرێ تێناگەن، گوتی ژیان وەهایە، ئەوەی بەرپرسیارەتی زۆرتری هەیە کەمتر خەڵکی لێی تێدەگەن و پێویستیش ناکا لە راستیدا تێی بگەن، ئەوان دەبێ تەنیا شوێنی بکەون و تەواو. دونیا ئەوەندەی شوێنی شوێنکەوتنە شوێنی تێگەیشتن نیە.

کوڕەکان ئەو رۆژە زۆر لە قسەکانی فەرماندە نەدەگەیشتن. فەرماندەیش لەمە گەیشت. کاتێک لە حەوشە راوەستابوو و سەیری ئەو ماشینەی دەکرد وا کوڕەکانی دەبردەوە بۆ ماڵەوە، بە هەڤاڵەکەی تەنیشتی گوت، خەریکن گەورەدەبن، دەبێ رایانگوێزی بۆ ئێرە، لە تەنیشت خۆماندا،… دەبێ زۆر شتیان فێرکەین. هەڤاڵ گوتی بەڵێ قوربان، هەر لە سبەیەوە دەستبەکار دەبین.

هەفتەی دووایی بنەماڵەکەی هاتن. لەوە بەدووا کوڕەکانی، جگە لە کاتی قوتابخانە و دەرس و دەور، بە دەوری خۆیەوە بوون. فەرماندە زۆر شتی بۆ باسدەکردن. هەروەها دەیهێشت ئاگایان لە جۆری هەڵسوکەوتی بێت. چ لە جۆری قسەکردن و ئاخاوتنی لەگەڵ هەڤاڵان و چ لە گەڵ حیزبە بچوکەکان. فەرماندە دەیزانی بۆ ئەوەی دەسەڵاتدار بیت پێش لەهەر شتێک پێویستت بەوەیە لەگەڵ دەسەڵاتداران بژی، نەک ئەوەی چەندە لە قوتابخانە فێر دەبی.

ساڵانی دووای راپەڕین سروشت وەک هەمیشە درێژەی بە ژیانی خۆی دەدا. زستان زستان بوو و… هاوین هاوین. بەفر و باران لە ئاستی پێویستی خۆیاندا دەبارین و گیان و گوڵ و دارستان دەژیانەوە و… زەرد دەبوون. بگرە هەندێ جار هەڤاڵان دەیانگوت لە چاو سەردەمی دیکتاتۆر باشتر دەبارێ و، دونیا رەنگینترە. دەیانگوت تەنانەت جاری وایە گوێیان لێیە سروشت گۆرانی دەڵێ. گۆرانییەک خۆشترلە گۆرانییەکانی عەلی مەردان، حەسەن زیرەک، حەیرانی دەشتی هەولێر و هۆرەی هەورامان. فەرماندە ئەمەی بە نیشانەیەکی تر لە بەهەشتبوونی ئەو سەردەمە وەسفدەکرد وا لە دووای راپەڕین دەستی پێکردبوو. لەمە باشتر نەدەبوو! لێرەوە بەو ئاکامە گەیشت لە نێوان سروشت و دۆخی سیاسی پێوەندێکی نەچڕ هەیە. پێوەندییەک کە تەنیا لە نیشتمانی ئەواندا بۆ هەموو جیهان سەلمێندرا. سەلمێندرا هەتا دۆخی سیاسی باشتر بێت ئەوا سروشتیش جوانتر و بە پیت و بەرەکەتترە. نیوەشەوان کاتێک بە گرمەی هەورەتریشقە خەبەری دەبووەوە، چاوەکانی هەڵدێنان و لە ناو تاریکایی گوێی بۆ دەرەوە رادەداشت. خوڕەی بە لێزمەی باران و گۆرانیی ئاو لە ناو پلووسکەکان چەند خۆش دەهاتنە گوێی. یاخود بە کاتی زستان، کاتێک تویژاڵێکی ئەستووری بەفر تەواوی نیشتمانی دادەپۆشی و دەیکردە بووکێکی سەرتاپا سپی پۆش. کاتێک لەبەر شۆقی تیشکی بەهێزی هەتاو لەسەر بەفر نەتدەتوانی چاو هەڵێنی. ئەمە زۆر جار فەرماندەی بیری سەردەمی شاخ دەخستەوە. بەفری سەر لوتکەکان و لاپاڵەکان. کاتێک جۆگەیەکی نادیاری بن بەفر، لە شوێنێک ئاوازی رۆیشتنی دەچڕی.

بەڵام ئەمە زۆری نەخایاند و رۆژێک هەڤاڵان هەواڵیان هێنا کە دونیا زۆر گۆڕاوە، گوتیان چیتر وەک ساڵان بەفر و باران نابارێ و گەر ئاوا بڕوات وشکە ساڵییەکی سەیر روو لە وڵات دەکا. گوتیان خراپیی ئەمە لەوەدایە ئیستاکە بۆچوونێک لە ناو خەڵکید سەریهەڵداوە و دەڵێن گوایا ئەمە غەزەبی خوایە بەسەر نیشتماندا باریوە بەس لەبەر ئەوەی دیکتاتۆر نەماوە! فەرماندە بەمە زۆر تێکچوو. چۆن شتی وادەبێ. ئەوەندە تووڕەبوو ئەمری دەرکرد هەر کەسێک وای گوت زمانی ببڕن، گوتی ئەمە خیانەت بە خوێنی شەهیدانە و سپڵەییە بەرامبەر بە خۆی و بە هەڤاڵان.

بەڵام بەڕاست بۆچی دونیا وەهای لێهاتبوو. فەرماندە کە ئەم ساڵانەی دووایی زۆر گوێی بەمە نەدابوو، کتوپڕ هاتەوە بیری بەڵێ شتێک هەڵە بووە، شتێک کە هەستی پێکردبوو، بەڵام بە تەواوی نەیدەزانی چییە. باشە بۆ جارێک لە جاران دڵی نەدابووە ئەمە. داخۆ مەگەر وەک هەمیشە نەدەچووە بەر پەنجەرە و نەدەچووە دەرەوە؟ بێگومان. رقی لە گەمژەیی و کەمتەرخەمی و بێ خەیاڵی خۆی دەبێتەوە. بەڵام نا، تاوانی خۆی نیە. ئەو ئەوەندە سەری قاڵە کە بەڕاستی ناتوانێ ئاگای لەم هەموو شتە بێت.

هەر رۆژەی هەواڵی وشکبوونی کانیاوێک دەهات، هەواڵی وشکبوونی چەمێک. رەقهەڵاتنی چیایەک. دوواتر هەواڵی ئەوەی دراوسێی یەکەم و دووهەم خەریکن بەنداوی گەورە لەسەر ئەو چەمانە دروستدەکەن وا لە خاکی ئەوانەوە بەرەو نیشتمان دەهات. ئیتر لەمە خراپتر نەدەبوو. دەبا هەرچی زووتر کارێکی بکردایە. سەرەتا دوو وەفدی بۆ لای دوو دراوسێکە نارد. بە بزەیەکەوە پێیان گوتن ئەوان خاک و ئاوی خۆیانە و هەرچیان پێ خۆش بێت ئەوا دەیکەن، جا فەرماندە و هەڤاڵان دوو رێگا چارەسەریان هەیە، یان ببن بە بەشیک لە ئەوان یان کاتێک باران دەبارێ تەشتەئاو پڕکەن بۆ ئەوەی پەکیان نەکەوێ! هەڤاڵان بەشی دووهەمی پیشنیارەکەیان بۆ فەرماندە رانەگواست. کەچی فەرماندە لە یەکەم نوتقی خۆیدایە کە بە حەماسەتەوە لە رادیۆ و تەلەفزیۆنەوە بڵاکرایەوە رێک باسی ئەمەی کرد. گوتی لەبەر ئەوەی وشکەساڵی کاری خوایە و رەوتێکی سروشتییە، ئەوا ئەمان کارێکیان لەدەست نایەت و بێگومان لە دووای ماوەیەک ئەمەیش تێدەپەڕێ و دونیا وەک ساڵی ساڵانی لێدێتەوە، جا تا ئەو کاتە خەڵکی دەتوانن بە تەشت و جامۆڵکە و هەرچی لەبەر دەستیاندایە ئاوبگرن بۆ ئەوەی ساڵ یاخود ساڵەکان بەڕێ بکەن و پەکیان نەکەوێ.

خەڵکیش وەهایانکرد. بێ خەبەر لەوەی یەکەم ئاوەکان لە کوێ دابنێن و دووهەم ئەوەیکە ئاوەکان دەگەنین. ئەو هاوینە ناخۆشترین هاوینی نیشتمان بوو. هەتاو داغ داغ بە ناوەڕاستی ئاسمانەوە بێ بەزەییانە دەدرەوشایەوە و نیشتمانی دەسووتان و دەکوڵان، ئیسفاڵتەکان دەتوانەوە و جێ هەنگاوەکانیان لە خۆیاندا جێ دەهێشت، هاڵاوێکی گەرم دەموچاوی دەسووتاند. کەس هەتا ئێوارە لە ماڵ نەدەچووە دەرەوە. قەت ئەوەندە خەڵکی رقیان لە هەتاو نەببووەوە. کارەبایش تەنیا لە کاتە هەرە گەرمەکانی رۆژدا هەبوو، ئەویش جاری وابوو دەبڕا و ئیتر دونیا تەواو دەبوو بە جەهەننەم. هەڵبەت فەرماندە و هەڤاڵان کێشەیان نەبوو. ژوورەکان بەردەوام فێنک بوون و بەردەوام باشترین ئاویش لە ژێرزەمینییەکانیاندا دەستدەکەوت. تانکی سەر بانەکانیش هەمیشە لێواولێوی ئاو بوون بۆ خۆشۆردن. کتوپڕ هەواڵێکی تریش هات. زەردوویی. منداڵان زەردووییان دەگرت و بە سەر بانەکانەوە هەتا بەیانی لە عەزرەتا دەگریان. فەرماندە فەرمانی دەرکرد شەوانە پەنجەرەکان پێوەدەن بۆ ئەوەی گوێی لە دەنگە ناسازەکان نەبێ.

نا، باوەڕی نەدەکرد. دەبێ شتێک هەبێ. ئاخر چلۆن دەبێ کتوپڕ ئاوەها سروشت بەسەر خۆیا بڕمێ. نا،… وانابێ. ئەوسا فەرماندە لە دووای هینان و بردن و بیرکردنەوەیەکی زۆر بەو ئاکامە گەیشت کار کاری دوژمنانە، ئیشی ئەوانەی وا چاویان بە فەرماندە و هەڤاڵان و راپەڕین هەڵنایێ و ئیستاکە لە دووای ئەوەی نەیانتوانی سەرەڕای هەموو پیلانەکانیان بیڕوخێنن، پەنایان بۆ سروشت بردووە. دەیانویست سروشت بە سەر نیشتماندا بڕوخێنن. بەڵام ئاخر چۆن،… چۆن چۆنی توانیویانە دەست بخەنە ناو سروشت بەو عەزەمەتەیەوە. ئەوسا بیری ئەو فیلمانە کەوتەوە وا لە تەلەفزیۆن بینیبووی. بیری تکنۆلۆژیا سەیروسەمەرەکانیان، بەتایبەت هی ناو فیلمە خەیاڵی و ناو ئیفلام کارتۆنەکانیان. ئا، ئەمانە زۆر شت ناڕاستەخۆ دەگەیەنن، بەڵام کوا پیاوی ئاقڵ لێیان تێبگا! ئیتر فەرماندە تەواو بەو ئاکامە گەیشت کار کاری ئەوانە و بەڕاستی ئەمیش هیچی لەدەست نەدەهات. هەڵبەت… هەڵبەت وەک هەمیشە جگە لە مقاومەت کردن نەبێ. مەگەر ئەو بە خۆڕاگری هەتا ئێرەی نەهێنابوو؟ بێگومان. هەموو بوون و دەستکەوتەکانی ئەو بەرهەمی پێداگری و چۆڵنەکردنی مەیدانن. ئەمجارەیش لە سەری،… لە سەریان. فەرماندە بزەیەکی دێتێ. چەند دڵخۆش و لەخۆباییە کە زۆر خێرا دەتوانێ لە کاتی تەنگانەدا رێگاکانی دەربازبوون بدۆزێتەوە. داخۆ هەر لەبەر ئەمەیش نیە فەرماندەیە؟ بێگومان. ئەوسا لە نوتقێکی رادیۆیی ـ تەلەفزیۆنیدا دەڵێ هاووڵاتیان وەک سەردەمی پێش راپەڕین و راپەڕین دەبێ خۆڕاگربن، دەڵێ سروشت لە تکنۆلۆژیا گەورەتر و بەهێزترە و سەرئەنجام سوڕی خۆی زاڵدەکاتەوە، دەڵێ بڕواناکا تینویەتی و گەرما لە خودی دیکتاتۆر ترسناکتر بن، دەڵێ هەوڵدەدا لیژنەیەک لە هاوڕێیان هەڵبژێرێ تا لە رێگای سەیرکردنی فیلمە کارتۆنییەکانەوە سەرئەنجام لە پلانەکانی دوژمن بگەن بۆ ئەوەی رێگاچارەیەک لەسەر هەمان ئەساس بدۆزنەوە،… سەرئەنجام لە کۆتاییدا لە چەند رستەیەکی تەواو حیماسیدا دەنەڕێنێ، کە دڵنیابن ئەمجارەیش وەک هەمیشە سەردەکەوین!

ئەو ئێوارەیە دۆخی ناو خانووەکەی یەکجار خۆشە. هەڤاڵان رازی لە وتاری فەرماندە هەواڵی بۆ دێنن کە لە دەرەوە لە ناو نیشتمان خەڵک ئیستاکە خاوەن ورەیەکی ترن و یەکجار گەشبینن بە داهاتوو. فەرماندە لە وەڵامدا تەنیا بزەیەکی تەنک لێوەکانی دەتەنێ و دەچێتەوە بۆ ژووری کارەکەی. لەبەر ئەو نەقشانەدا رادەوەستێ وا بە چواردەوری ژوورەکەدا بە دیوارەکانەوە هەڵواسراون: نەقشەی دونیا، کیشوەرەکان، ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرئەنجام خەریتەی نیشتمان بە هەموو شار و گوند و رێگا و بانەکانییەوە. کە ئاوا بە خێرایی و سەرپێیی چاوێک بە نەقشەکاندا دەگێڕێ، دونیا چەند بچوک دێتە بەرچاوی، بەڵام کاتێک لێیان ورددەبێتەوە دەبینێ دونیا چەند گەورەیە! دەچێ و لەبەر خەریتەی نیشتماندا رادەوەستێ. چاو و سەرنجی دەچێتەوە سەر گوند و ناوچەکانی جاران. هەموویان دەناسێتەوە، بگرە زیاتر لە ناسین. بیردەکاتەوە چەندە لە ناوچەیەکی بەرتەسکدا دەهاتن و دەچوون و بەڕاستیش عەجەب ئازابوون. ئەوسا کەرەشین دێتەوە یادی. گەردنی کە هەمیشە بەرەوخواربوو و دەڵێی هەمیشە بە شوێن شتێکی بزربوودا دەگەڕا. ئەو گەردنە بەهێز و درێژەی هەمیشە دەیلەقاند. کەلەسەرێکی بێخەیاڵ. لەبەر خۆیەوە دەڵی بەس نەبوو ئەم وشکەساڵییە ئەو کاتانە رووی نەکردە وڵات، خۆ کەرەشین دەبووایە هەر خەریکی خواردنی زەردەگیا و کا بووایە،… نەء، گیاشین دەستنەدەکەوت،… ئەوەندەیشی ئارەق دەکردەوە مشتێکی لێدەمایەوە،… لەو شاخانە!

سەردەمی منداڵی و مێردمنداڵی جوان لە بیرە. باوکی کە ئێوارەیان دەهاتەوە، تەپ و تۆزاوی و ماندوو هەمیشە عەلاگەیەکیشی پێ بوو. جاری وابوو نان، جاری وابوو میوە یاخود دانەوێڵە لە هەر چەشنێکی وەک نیسک، نۆک و فاسۆلیا. هەندێ جاریش گۆشتی دێنایەوە.  شەوانە بەعزێ جار لە دووای نانخواردن، پاڵی دەدایەوە و لە دووای هەڵقوڕاندنی بەپەلەی چاییەکی خەست دەستی دەکرد بە گیرفانیدا و پارەی ئەو رۆژەی دەردێنا وا پەیدای کردبوو. دەستی دەکرد بە ژماردنی و ئەوسا رووی لە دایکی فەرماندە دەکرد و دەیگوت ژنەکە ها ئەمیش بخە پاڵ ئەوانی تر. دایکی فەرماندەیش وەریدەگرت و لە ژێر رانی دەخست. باوکی دەنگی دەدا ژنەکە ئەوێ نا، ونی دەکەی! دایکیشی بە نابەدڵی لە کاتێکا جەستەی قورسی بە شوێن خۆیدا رادەکێشا و هەنکەهەنکی دەهات، دەچووە ژوورەکەی تر و لە ناو یەغانە کۆنەکەی دەخست. ئەو یەغانەی وا کلیلەکەی هەمیشە بە خۆی بوو. باوکی و دایکی هەمیشە بەشی رۆژی بێ ئیشیان لادەدا.

فەرماندە لەو ساڵانەوە تێگەیشت پارە یەکجار گرینگە. ماندوویی ئێوارانی باوکی، چرچی ناوچاوی لە کاتی ژماردنی پارەدا، چاوە خەمین و پڕ لە دڵەڕاوکێکانی دایکی و قوفڵەکە پێی دەگوتن ژیان لەسەر ئەمە راوەستاوە. جاری وابوو ئەمیش عانەیەکی وەردەگرت. چەند بە شەرمەوە وەریدەگرت. کاتێ زیاتریش هەڵکشا و متمانەیان پێکرد، دەیاننارد بۆ شت کڕینیش. فەرماندە یەکجار ئاگای لە پارەکان دەبوو. دەیزانی نابێ بە هیچ جۆرێک ونیان بکا. دەیزانی هەتا پارەیان زیاتر بێت ئەوا باوکی ناوچاوانی لە ئاست دایکیدا کراوەترە. کە بوو بە مێردمنداڵێکیش زیاتر هۆشی بە دۆخەکەوە بوو. هەتا دەیتوانی خۆی لە پارەوەرگرتن و خەرجکردنی دەپاراست. ئەگەرچی وەک منداڵانی تری گەڕەک حەزی لە کڕینی نۆکاو و گوڵەبەڕۆژە و بیسکیت بوو، بەڵام خۆی دەپاراست. ژیان پێی دەگوت دەبێ زیاتر ئاگای لە دایک و باوکی بێت. سەردەمی منداڵیی فەرماندە بە بێ خۆی تێپەڕی.

کەچی داهاتوو بەو بارەدا نەگەڕا. هەر کە بوو بە پیاوێک تێکەڵی جیهانی سیاسەت بوو و ئیتر خێری بۆ دایک و باوکی نەدایەوە. باوکی کە لای وابوو کوڕەکەی دەیحەسێنێتەوە، مایەپووچ دەرچوو. ئەو سێ خوشکەی وا لە خۆی بچووکتر بوون دران بە شوو بە بێ یەک فلس یارمەتی لە لایەن ئەوەوە. هەر زۆر خێرا خۆی تێکەڵ بە کۆمەڵێک کەس کرد کە لە دژی دیکتاتۆر بوون و بۆیە لە دووای ماوەیەک گیرا. ئیتر لەو ساڵەوە ژیانی بوو بە بگرە و بەردە، هێنان و بردن و راکە و شارکە. تا سەرئەنجام لە تەمەنێکی کشاوەتر رووی لە دەرەوە کرد و بۆ هەمیشە ژیانی بەو لایەدا وەرگەڕا وا شوێنی کەوتبوو.

لە تەواوی ئەم ساڵانەدا بیری لە پارە نەکردبووەوە. لە شاخیش بە نانەسکی دەژیا، بەڵام لە پاش ئەوەی بوو بە فەرماندە و جڵەوی نیشتمانی بەدەستەوە گرت، تێگەیشت کە لەوێ لە شاخیش پارە و پوڵ چەندە گرینگن. یەکێک لەو شتانەی وا بەڕاستی دەبا هەمیشە لەبیریا بوونایە، ئەمە بوو. دەستخستنیشی زۆر دژوار نەبوو بوو: گومریک، ستاندنی یارمەتی لە خەڵکی بە تایبەت لە دەوڵەمەندەکانی شار، لە هەمووشیان گرینگتر وەرگرتنی لە دراوسێی یەکەم و دووهەم. حەک کە پارەی چاکیان دەدا! چەک و چۆڵیش. ئەسڵەن لە بنەڕەتدا بە بێ ئەوان نەدەکرا. چەک و چۆڵ و جبەخانە و شوێنێک بۆ تیمارکردنی هەڤاڵانی بریندار. ئیتر لەو ساڵانەوە فەرماندە بە ناچار مەجبوور بوو گوێ لە راپۆرتی هەڤاڵی بەرپرسی بودجەی شۆڕش بگرێ و بە وردی هەم لێکی بداتەوە و هەم گەر بە تووش گرفتێکەوە بوونایە ئەوا مشوری جیددی لێ بخواردایە.

ئەو ساڵانە پارەکان لە مەقەرەکان بوو. لە مەقەڕی سەرەکییەوە دابەشدەکرا و دیسان لە مەقەرەکانی تر لەلای بەشی ماڵی  دەپارێزرا. پاراستن و ئاگالێبوونی ئاسان بوو. لە چەند جانتادا بە راحەتی ئەم لاولایان پێدەکرا.

بەڵام لە دووای راپەڕین ئیتر دۆخ بە تەواوی گۆڕا. لە هەموو شوێنێکەوە پارە دەباری. ئاگالێبوونی ئەو پووڵانەیش لەبەر ئەوەی هێشتا سیستمی بانکی نەکەوتبووەوە کار بەڕاستی ئەستەم بوو. لەبەر ئەمە وەک سەردەمی شاخ پارەکان بۆ شوێنی فەرماندە بەڕێدەکران و لەوێ لە ژێرزەمینییەکی پتەو و بەجوانی پارێزراو لە ئەگەری ئاگر و ئاو دەپارێزرا. دوواتر پارەکان بە سەر گەلێک هەڤاڵی پایەبەرزی تر کە فەرماندە باوەڕی پێیان هەبوو دابەشدەکران و ئەوانیش لە ژێرزەمینییەکاندا رایاندەگرتن. بەرەبەرە هەل و مەرج وایلێهات کە ئەمەیش دادی نەدان و دەبووایە بیر لە شتی تر بکەنەوە. سەرەتا بەشیکی زۆریان کردن بە شمشی تەڵا و دۆلار. دوواتر هەر بەو پوولانە کەوتنە کڕینی بەشیکی زیاتری نیشتمان. بگرە لە دراوسێی یەکەم و دووهەمیش داوایان کرد گەر دەکرێ ئەم پارە و پوڵانە راگوێزن بۆ بانکەکانی ئەوان هەتا بزانن دونیا چی لێ بەسەردێ. دراوسێکان زۆر بە رووی ئاوەڵاوە قبوڵیان کرد و بەڵام مەرجیان دانا کە دەبێ بە چەندین ساڵ لە ژمارە حسێبێکی تایبەتیدا بن و فەرماندە نەتوانێ جارێ دەستیان لێبدات. بەم شێوەیە کێشەی راگرتنی زۆروبۆریی داهاتەکان چارەسەرکرا.

بەڵام گرفت ئەوە بوو کە بەربەرە کۆنتڕۆڵێکی وەهایان بەسەر داهاتەکاندا نەما. فەرماندە کە بۆخۆی نەیدەتوانی وەک سەردەمی شاخ بەسەریان بکاتەوە، مەجبوور بوو تەنیا گوێ بۆ ئەو راپۆرتانە بگرێ وا هەڤاڵان پیشکەشیان دەکرد و رەقەمەکان و شوێنەکانیش بەڕاستی ئەوەندە زۆربوون کە فەرماندە بە بیستنیان سەری لێدەهاتە ژان. ئەمە بووە هۆی ئەوەی سەری توورەکەکە بەڕەڵڵا کرا و ئیترخەرجکردن و دەستبەسەراگرتنیان هیچ کۆنتڕۆڵێکی بەسەردا نەما. لە ناو هەڤاڵاندا کەسی وەها دەوڵەمەند پەیدابوون کە لەسەردەمی دیکتاتۆریشدا نموونەی نەدەبیندرا.

رۆژێک لە یەکێک لە کۆبوونەوەکاندا بەرپرسی بەشی داهات پێشنیاری کرد کە هەڤاڵان لەبەر ئەوەی شوێنێکی وەها لە نیشتماندا نەماوە دەستی بە سەردا بگرن، واچاکە بە داهاتەکانیان لە دەرەوەی وڵات بە تایبەتی لە رۆژئاوا زەوی و موڵک و ماڵ بکڕن بۆ ئەوەی ئەم سەروەت و سامانیان پارێزراو بێ و هەم بەم کارەیان سەرنج و متمانەی ئەو وڵاتانە بۆ خۆیان راگوازن بۆ ئەوەی بەم شێوەیە داهاتووی خۆیان زیاتر دابین بکەن. گوتی ئەم سەردەمە بە هۆی نیۆلیبرالیزمەوە سەردەمی پارەیە و جا هەر کەس زیاتر خاوەنی بوو ئەوا دۆستی زیاترە و داهاتووی ئەمینتر. گوتی لە سەردەمی نیولیبرالیزم سیاسەت یەعنی پارە و پارە یەعنی سیاسەت. زۆربەی هەڤاڵان کە نەیاندەزانی نیۆلیبرالیزم چییە بەڵام لە رووشیان نەبوو بپرسن گوتیان پێشنیارێکی جوانە و ئەمە دەتوانێ ئەوان لە دڵەڕاوکێیەکی گەورە کە راگرتنی ئەو هەموو پارە و ئاڵتوونەیە دەربازبکا.

‌هەڵبەت فەرماندە بۆ خۆی وەک سەردەمی منداڵی و گەنجیەتی بەردەوام هیچی نەبوو و هێشتا خۆی بە پارە نامۆ دەبینێ. هێشتا ئەگەرچی ساڵانی ساڵە دایک و باوکی نەماون، بەڵام ئەو هەر لای وایە دەبێ دەست بە پارەوە بگرێ و بۆیە نە داوای هیچ دەکا و نە هیچ موڵک و ماڵێکی ئەوتۆیشی بۆ خۆی کڕیوە. ئەسڵەن هیج شتێک لەسر ناوی خۆی تاپۆ نیە. بگرە هەستدەکا گەر باسی شتی وابکا ئەوا لە کەسایەتی کەم دەبێتەوە و ئەو شوێنەی جارانی لە ناو هەڤاڵاندا نامێنێ. لە راستیشدا پلە و پایەکەی خۆی لا بەس بوو. لەمە زیاتر چی داوا بکردایە؟ چی بویستایە؟… مەگەر غەیری ئەوەیە کە هەر لە رێگای ئەوەوەیە هەموو شتێک بگرە پارەو پووڵیش دابەشدەکرێ؟ لە کۆبوونەوەکاندا لە کاتێکدا دەمی بە خواردنەوەیە، بە پێکەنینەوە روو لە هەڤاڵەکەی تەنیشتی دەکا و دەڵێ هەتیو چەندەت هەیە؟ چاوەڕوانی وەڵام نامێنێ و روو لەوەی تر دەکا و لە کاتێکدا چاوی لەسەر بۆڵە ترێیەکی ترە بە بزەوە دەڵێ ئەرێ هەتیو تۆیش تێرت نەخوارد؟ هەڤاڵان هەموویان پێدەکەنن و دەڵێن قوربان ئەمەیش بۆ خۆی خەباتێکە لە پێناوی نیشتماندا و جا چۆن پیاو چاوی لە خەبات تێردەبێ!

نیشتمانیش لەدەرەوە هەناسە هەڵدەکێشێ و وەک هەمیشە شەو و رۆژەکان بەڕێدەکا. لە خانوویەکی سێ قاتی گەڕەکێک چەند پیاو دانیشتوون و لەگەڵ یەکتر دەدوێن:

ـ لە خوا بەزیابێ ئەوەندەی نەماوە خانووەکەی ترم تەواوبێ.

ـ بارەکەی منیش سبەی ئەگات هەرچەند مانگێکە بەڕێوەیە.

ـ خوا نەیبڕێ بە خۆشییەوە پارە زۆرە، هەر زۆر زۆر.

لە کۆڵانێکی ئەودیویش ژنێکی رەقەڵەی بێوەژن بە شەش منداڵەوە خەریکی شێلانی تەشتی هەویرە. دەیەوێ نان بۆ دراوسێکەی بکا. منداڵەکان خەوتوون. ژنەکە سەرەڕای تێپەڕینی تەمەنێکی باش لێی و کۆکردنەوەی ئەزموون، بەڵام هێشتا لای سەیرە هەندێ کەس دەتانن ئەوەندە خاوەن پارە بن و ئەوەندە بتوانن خۆش و کەشخە بژین.

سبەیش لە جادە تەسک و گەورەکانی سەنتەری شار عەرەبانەچییەکان شان لە شانی یەکتر دەسوون و بۆنی هێلکەی کوڵاو و پاقلە هەموو شوێنێک دەتەنێتەوە. منداڵە عەلاگەفرۆشەکان لەسەر مشتەری شەڕیانە و وەک تیسکەی تفەنگ بە شوێن خەڵکیدا رادەکەن. سواڵکەرێکی پیری کوێر بە گۆچانەکەیەوە وەک هەموو رۆژەکانی تر خۆ بە کۆڵەکەی بەردەمی دووکانێکدا دەکوتێ.

یەکێک لە هەڤاڵان دەڵێ راستی قوربان ئەو سرودە رووسیە چی بوو کە کرا بە کوردی؟ بە خوا سرودێکی جوان بوو،… ئەوەی وا دەیگوت بۆ دونیایەکی چی چی بۆ هەژاران؟ ئەها نوێ بۆ هەژاران،… راستی لە بیرت دێ لە سەردەمی شاخ چ حیماسەتێکی لە ناو هەڤاڵاندا دەخوڵقاند؟ فەرماندە کە هەستدەکا یەکجار ماندووە دەڵێ سەردەمێکی تایبەت بوو یەکجار تایبەت. هەموویان سەر رادەوەشێنن.

فەرماندە دەڵێ گرینگ ئەوەی چواردەورمان کڵپەی ئاگر بوو و وازمان نەهێنا،… کڵپەی ئاگر،… خۆ تێدەگەن!

درێژەی هەیە…

گەڕان بۆ بابەت