ناڵە حەسەن

لای (مارتن هایدگەر) شیعر لە ڕیزبەندی هونەرەکاندا لە ئاستی هەرە سەرەوە بووە. چونکە لە توانای هەبووە ڕاستی بوون دەربخات. بۆیە پێیوابووە، شیعر وەک (فەلسەفە بیرکردنەوەیەکی داهێنەرانەیە) چونکە، هەموو بیرکردنەوەیەکی فەلسەفی بەتایبەت بیرکردنەوە قووڵەکان، لە نێوخۆیاندا شیعرین،

 

شیعر و مارتن هایدگەر

 

       ناڵە حەسەن

با لە چەمکی نیگەرانییەوە دەستپێبکەم، زۆرجاران گتومانە شاعیر بوونێکی نیگەرانە لەنیو کایە مەعریفییەکاندا، نیگەرانی شاعیریش لەوێوەیە کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە داهێنانەوە هەیە، واتە شاعیر لە هەوڵی ئەوەدایە کە / بتوانێت تا ئاستێکی بڵند داهێنان بەرهەمبهێنێت. دیارە لێرەدا مەبەستمان لەو شاعیرانەیە کە خەونی گەورەیان هەیە بۆ داهێنان و نیگەرانییەکەشیان هەر لە ڕاستای ئەو خەونە سەرچاوەی گرتووە . ئێمە لە کتێبی (گەیشتن بە ڕووبەری شیعر)، بەجۆرێکی تر باسمان لەو شاعیرە داهێنەرانە کردووە و گتومان (شاعیربوون شوێنەکەی لە هەورازێکە هەموو شیعرنووسێک ناتوانێ بیگاتێ!)، شیعرنووس / لەلای ئێمە ئەو کەسانەن کە شیعر دەنووسن و شیعرەکانییان لە دەرەوەی رووبەری شیعر دەمێننەوە، هاوکات خۆشییان ئەو کەسانەن کە خەونی گەورەیان نییە بۆ داهێنان یان توانای داهێنانییان لە ئاستێکی دیار و بەرچاودا نابێت، لای ئەمجۆرە شیعرنووسانە (چەمکی نیگەرانی)ش بەو شێوە تۆخە خۆی دەرناخات، تەنها وەک کەسێکی ئاسایی ڕێژەیەک لە نیگەرانییان لەلا دەردەکەوێت ئەویش / لەبەرئەوەیە کە نیگەرانی خەسلەتێکی بوونە و لە هەموو کەسێکدا هەیە. لەباری فەلسەفییەوەش (چەمکی نیگەرانی) لەسەر هاوکێشەیەک ئیشدەکات، کە لێکدژی یان (هاودژی) ئاشکرای لەبوون دەردەکەوێت، واتە هێزگەلیک لەناوەوە کە جڵەوی تاک بە دەستەوە دەگرن و جووڵەی ئاراستەکانییان دیاری دەکەن، ئەم هێزە ناوخۆییانەش (غەریزەکان و خەون و حەز و ئارەزووەکانی تاکە)، یان باری (ناخودئاگایی)، هاوکات کاریگەری هێزگەڵێکی دەرەکیش وەک کاریگەری (کلتووری، ئایینی، سیاسی، ئایدیۆلۆژی، قوتابخانە، خێزان ... هتد) کە زۆربەی کات ئەم دوو هێزگەلە ئاراستەی پێچەوانە وەردەگرن، واتە هێزە ناوەکییەکان و دەرەکییەکان زۆربەی کات و هەمیشە ئاراستەی هاودژیی و پێچەوانەیی وەردەگرن، لە ئەنجامی ئەم هاودژی و پێچەوانەییە، کاریگەرییەک دروست دەبێ ئەم کاریگەرییە باری نیگەرانی لای تاک دروست دەکات، لەباری (دەروونزانییەوە)ش لەلای (سیگمۆند فرۆید)یش هەر بەوجۆرەیە بەڵام، ئەو بەشێوەیەکیتر تەعبیری لێکردووە، کە مێشکی مرۆڤی دابەشکردووە بۆ سێبەش (ئیگۆ ، سوپەر ئیگۆ، ئێد) بەمانای (من، منی باڵا، ئێد)، واتە ململانێی نێوان (من و ئێد)، (ئێد) ئەو بەشەیە تەواو لەژێر هەژموونی ناخودئاگایی دایە و نوێنەرایەتی (غەریزەکان و ئارەزووەکانی خود) دەکات، (ئیگۆ یان من )یش تەواو لەژێر هەژموونی واقیع دایە نوێنەرایەتی (هێزە دەرەکییان) دەکات، زۆرجاران ئەم دووبەشەی مێشک بە ئاراستەی پێچەوانە دەڕۆن و هەمیشە هاودژ و ناتەبان ، لەباری ( بوونگەراییەوە )ش ، بەو پێیەی لای مارتن هایدگەر (بوون بنەڕەتی هەموو هەبووەکانە) هاوکات / بوونی ئاگامەندانەی مرۆڤی بە (دازاین) ناوبردووە، (دکتۆر محمەمەد کەمال) لە کتێبی(نیشتیمانی فەلسەفە) بە ڕۆشنی باس لە چەمکی نیگەرانی دەکات، وەک ئەوەی مرۆڤ هەمیشە لە جەنگێکی بەردەوام دابێت چونکە / هەروەک دەڵێت (ئەگەر من ڕێگە بدەم  کەسانی دیکە بڕیار لەسەر پڕۆژەیەکی بوونی من بدەن ئەوا لەو حالەتەدا خۆم ناڕەسەن دەکەم و بە نامۆیی دەژیم، لە کاتێکیشدا نامەوێت واز لە حەز و هەڵبژاردەی خۆم بهێنم تووشی بەرەنگاری دەبمەوە و دەکەومە جەنگی ڕەسەنایەتی و نارەسەنایەتی). (مارتن هایدگەر)یش لە کتێبی (بوون وکات) دا لە بەشی شەشەم / نیگەرانی وەکو بوونی دازاین دا، ئەو پێیوایە (نیگەرانی شێوازی بوونە لە جیهاندا)، نیگەرانیی / لێرەوەیە کە مرۆڤ لە هەوڵی بەخشینی مانا و ناوەڕۆکێکە بە بوون لە نێو جیهاندا، ئەم ناوەڕۆک و مانایەی بوون لە رێگەی داهێنانەوە بەدەست دێت، یان مرۆڤ لە ڕێگەی داهێنانەوە تاکو بوونی خۆی بەشێوەی کامڵتر دەربخات. هەر لەو بەشەدا (هایدگەر) پێیوایە (دازاین ئەو هەبووەیە، کە لە بوونیدا بوون بۆی بووە بە کێشە)، ئێمە لەسەرەتاوە گوتمان /  بوونی مرۆڤ لە نەبوونەوە دێتە بوون یان بوونێکی بێناوەڕۆکی هەیە، مرۆڤ هەمیشە لە هەوڵداندایە بۆ بەخشینی ناوەڕۆکێک بۆ بوونی خۆی لەنێو جیهاندا، لەم هەوڵدانە هەمیشە تووشی کێشە و ململانێ دەبێتەوە، بوون بۆ (دازاین) بووە بە کێشە، کێشەیەک سەرچاوەی ( نیگەرانیی)ە، ئەوەتا (مارتن هایدگەر) بە ڕوونی باری ئەم نیگەرانییەمان بۆ دەردەخات و دەڵێ (لە دوودڵیدا بوونی سەربەستانەی خۆی ڕووە و توانایی بۆ بوون. ڕەسەنانە و ناڕەسەنانە لەگەڵ توخمە کۆنکریتییەکانیدا دەردەکەوێت). هەروەها دکتۆر محەمەد کەمال لە کتێبی (فەلسەفەی بوون ) لە بابەتی (شێوازی داهێنەرانەی بوونی مرۆڤ)، بە ڕۆشنی باس لە چەمکی نیگەرانی دەکات دەڵێت (بۆ ئێمە دوودڵی یان نیگەرانی) نەخۆشی دەروونی نییە و پەیوەندی بە بونیادی ئۆنتۆلۆجی مرۆڤەوە هەیە ، مادام مرۆڤ بوونێکی ناتەواوی هەیە و بۆ تەواوکردنی بوونی سەربەستانە ڕوو لە داهاتوو دەکات، پێویستە دوودڵ بێت). ئەم ڕوو لەداهاتووە بۆ تەواوکردنی بوون لەڕیگەی داهێنانەوە بەدەست دێت، واتە داهێنان مەرج و جەختکردنەوەیە لە ڕۆلی سەرەکی بوونی مرۆڤ لە مێژوودا، یان داهێنان / ویست و مەیلە ناڕازییەکانی هەبوو دەستنیشان دەکات بۆ تەواوکردنی بوونێکی نوێ لە نەبوونەوە، لەم راستایەش دوو کێشە دێتە بەردەم داهێنان کە لە هەمانکات / دەبنە سەرچاوەی نیگەرانی لە مرۆڤدا ئەوانیش (مردن و نامۆبوون)، (مردن) کۆتایی هاتنە بە داهێنان و بە هەموو پڕۆژەکانی بوون، واتە مرۆڤ هەر لەسەرەتای بوونیەوە لەگەڵ نیگەرانی ڕووبەڕووە چونکە / بۆ ماوەیەکی کاتی دێتە نێو ژیانەوە، واتە لە هەر چرکەو ساتێک ئامادەیە ڕووبەڕووی مردن بێتەوە ، نامۆبوونیش / جڵەوشلکردنە بۆ هێزە دەرەکییەکان و ڕازیبوونە بە ناڕەسەنایەتی بوون. مرۆڤە نامۆکان وەک ئەوە وایە ( هەمیشە لە دۆزەخدا بژین چونکە (دۆزەخ) لە ئاکامی نا سەربەستی و نا ئازادبوونی مرۆڤ دروست دەبێت). ئیتر لێرەوە دێینە سەر / پەیوەندی (شیعر و  مارتن هایدگەر)، یان گرینگیدانی (هایدگەر) بە شیعر بۆ بنەما (فەلسەفییە بوونگەراییەکەی)، هەروەک زۆرێک لە بیرمەند و فەیلەسوفانیتر کە گرینگیان بە شیعر داوە بۆ نموونە (جولیا کریستیڤا)ش لە پێناو هەوڵەکانی بۆ (شیکردنەوە سیمۆلۆجییەکەی) گرنگی زۆری بە شیکردنەوەی دەروونی داوە، بۆ ئەم مەبەستەش ئیشی زۆری لەسەر شیعرەکانی (مالارمێ) و چەند شاعیرێکی تر کردووە ، ئەمەش لە کتێبەکانی (لە پێناو شۆڕشێک بۆ زمانی شیعری) و (خۆری ڕەش) و حیکایەتەکانی خۆشەویستی) و چەند کتێبێکی تری، (مارتن هایدگەر) یش یەکێکە لەو فەیلەسووفانەی، قسەی زۆری لەسەر شیعر کردووە و گرنگی زۆری بە شیعر داوە. بایەخدانی (مارتن هایدگەر) بە شیعر و چاولێکردنی شیعر لەم ئاستە بەرزەدا، لە ڕوانگە و تێڕوانینە بوونگەراییەکەی بووە بۆ بوونی مرۆڤ. چونکە لای (هایدگەر)، شیعر / تەنها لایەن و پێکهاتەیەکی ئەدەبی و هونەری نییە بەڵکو، شیعر ڕاستەوخۆ پەیوەندی هەیە بە بوونی مرۆڤەوە  ئەمەش بۆ هایدگەر گرنگییەکی زۆری هەبووە، شیعر هونەرێکە زێتر مامەڵە لەگەڵ بوون و ناوەوەی مرۆڤ دەکات، (هایدگەر) بۆ پڕۆژە فەلسەفی و ئەنتۆلۆژییەکەی خۆی لە زۆر شوێن هانای بۆ شیعر بردووە بە تایبەت شیعرەکانی (هۆڵدەرلین). تا ئەو ئاستەی پێیوابووە کە شیعر دەتوانێ (ڕاستی بوون دەربخات). پڕۆژە ئۆنتۆلۆژییەکەی هایدگەریش هەروەک لە کتێبی (هایدگەر و ئۆنتۆلۆجی شیعر) دا هاتووە، (پڕۆژەی ئۆنتۆلۆژی بنەڕەتی، گەورەترین پڕۆژەی فەلسەفی هایدگەر بووە، لە پەرتووکی (بوون و کات) دا، کە ( هایدگەر ) بەدرێژایی تەمەنی ئیشی لەسەر کردووە. ئەم پڕۆژەیە لە شیکردنەوەی بوونگەرانەی مرۆڤەوە بە میتۆدێکی فینۆمینۆلۆجیانەی هێرمینیۆتیک دەستپێدەکات، تاکو لەوێوە لە تێگەیشتن لە بوونی مرۆڤەوە بوون بە گشتی بگات)، شیعر ڕەنگدانەوەی یان ئاوێنەیەکە بۆ دەرخستنی ناوەوەی مرۆڤ. شیعر لەنێو پانتایی خەیاڵی مرۆڤ لە ژێر کاریگەری غەریزەکان و هەستەکان و خەونەکان دێتە بوون ، غەریزەکان و هەستەکان و خەونەکانیش، ڕەنگ و شێوەی مرۆڤ ڕەسم دەکەن ، مرۆڤێکی تێکشکاو یان بەرزەفڕ، یان ڕووخاو، واتە مرۆڤ خۆی لە چوارچێوەی زەمەنێکی دیاریکراو ، هەموو خەون و هەست و ئارەزووەکانی مرۆڤ، پەیوەستن بە زەمەنێکی دیاریکراوەوە، ئەم هاوکێشەیەش بۆ (هایدگەر) زۆر گرنگ بووە واتە (دەرخستنی بوون لە زەمەنێکی دیاریکراوی تەمەن)، واتە مرۆڤ (خۆی لەنێو کات)، یان (بوون و کات). بۆیە لای ( مارتن هایدگەر) شیعر لە ڕیزبەندی هونەرەکاندا لە ئاستی هەرە سەرەوە بووە . چونکە لە توانای هەبووە ڕاستی بوون دەربخات. بۆیە پێیوابووە، شیعر وەک (فەلسەفە بیرکردنەوەیەکی داهێنەرانەیە) چونکە، هەموو بیرکردنەوەیەکی فەلسەفی بەتایبەت بیرکردنەوە قووڵەکان، لە نێوخۆیاندا شیعرین، هەروەها بەرهەمە شیعرییەکانی پڕن لە داهێنان، بەتایبەت (سروودەکانی هۆڵدەرلین) و شیعرەکانی (دانتی و گۆتە) و زۆرێک لە شاعیرانی تر ، خاوەنی ڕوانین و هزری بەرزن بەڵام فەلسەفە نین! هەموو ئەمانەش لە ڕێگەی زمانەوە دێنەبوون، بۆیە هایدگەر دەیگوت (زمان ماڵی بوونە). یان هەروەک لە کتێبی (بوون و کات)دا هاتووە (گوتار لە رێگەی گوتنەوە دەردەبرێت زمانە، لەمحالەدا ، تێگەیشتن و ڕاڤەکردنەکە لەنیو خودی ئەوەدایە دەریدەبڕین، تا ئەوەی دەڵێت (ئەمجۆرە وەکو زمان دەبێتە بە بابەتێکی دەرەکی، بە پیجەوانەشەوە، بوونی خەسلەتی دازاین هەڵدەگرێت)، لێرەوە دەبینین کە زمان لە توانایدا هەیە تەعبیر لەبوون و یان خەسلەتی بوون دیاریبکات،  هەرچەندە لەسەردەمی مۆدێرنە و لە بەرئەنجامی گەشە و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیادا ، مرۆڤ تووشی نامۆبوون دەبێت، نامۆبوونێک تا ئاستی ئەوەی مرۆڤ ڕەسەنایەتی خۆی لەدەست بدات، بۆ ئەم (نامۆبوونەی مرۆڤ) هایدگەر کۆپلە شیعرێکی هۆڵدەرلین دەهێنێتەوە کە دەڵێ ..

ئێمە هەموو هێمایەکی نەخوێندراوەین

لە خاڵێکی بێگانەدا

زمانەکەی خۆشمان بیرچۆتەوە

دیارە هەر لەسەدەمی تەکنەلۆژیاوە مرۆڤ لە بەرئەنجای ئەم نامۆییە تووشی قەیران دەبێت، قەیرانی فکر و داهێنان و کوشتنی پرسیار .. لەگەڵ هەموو ئەم قەیران و نامۆبوونەش هایدگەر پێیوایە (مرۆڤ شاعیرانە نیشتەجێ دەبێ)، (هایدگەر) لەگەڵ ئەوە دایە، هەموو کەس شاعیرانە بژی، چونکە شیعر چاوساغی و ڕۆشناییمان دەداتێ بۆ ناسینی غەریزەکان و خەونەکانی خود ئەمەش یارمەتیدانە بۆ ناسینی ڕاستی بوون، هەروەها ژیانی شاعیرانە، تێکەڵبوونە بە ڕووبەری گەردوونییەت و مانەوەیە بۆ تاهەتا ، چونکە (شیعر و زمانی شیعری) بوون و پێکهاتەیەکی گەردوونییان هەیە. هەربۆیە لای (هایدگەر ) و لای زۆرێک لە کەسانی بیرمەند (شاعیران لە ڕیزی فەیلەسوفەکان) دانراون چونکە هەروەک گوتمان، (شیعر وەک فەلسەفە بیرکردنەوەی داهێنەرانەیە)، لەلایەک ئیشکردنێکی تۆخە لەسەر (خود) لەلایەکیتر / ئیشکردنە لەسەر (پرسیار و وڕوژاندنی پرسیار) ئەمەش لەوە نزیکمان دەکاتەوە کە شیعر ئیشکردنە لەسەر دەرخستنی ڕاستی بوون . یان شیعریش (ناوەڕۆکی فەلسەفیانە )ی هەیە ، هەروەک لە وتاری،(هایدگەر و ئۆنتۆلۆگی شیعر) دا بە ڕۆشنی باس لەوە کراوە کە، دەربارەی بیرکردنەوەی داهێنەرانە تا ئەو ئاستەی (شیعر و فەلسەفە) لە زۆرباردا لە یەکترییەوە نزیکن، ئەویش بە پشتبەستن بە فەلسەفەی یۆنانی کۆن بە تایبەت سەدەی پێنجەمی پێشزایین فەیلەسوفانی وەک (پارمەنیس و هیراکلیتس) یان شیعرەکانی (سۆفۆکلیس) کە ناوەڕۆکێکی فەلسەفی قووڵیان هەبوو ، ئەم ناوەڕکە فەلسەفەییەش بۆ (مارتن هایدگەر) و بۆ ڕوانگە بوونگەراییەکەی هۆکارێک بوو بۆ دەرخستنی راستی بوون،  بێگومان هەموو شیعرێک ئەم ناوەڕۆکە فەلسەفییە لەخۆناگرێت ئێمە مەبەستمان لەو شیعرانەیە کە هەروەک لە پێشدا باسمان کردووە / ئەو شیعرانەی لە نێو رووبەری شیعر دان و ئاستێکی بەرزی داهێنانیان تیایە .

 

                                                                     نۆڤەمبەری ٢٠٢٠

 

سەرچاوەکان :