ما 6103 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئەو تیشکەی وا هەڤاڵان باسیان دەکرد، لە تەنیایی نیوەشەودا بە لاپاڵی کێوەکەی ئەوبەری شارەوە خەریکبوو سەردەکەوت. یەکێک لە هاوڕێیان لەسەر بانییەوە ویستی بە قەناسە تێیبگرێ، بەڵام یەکی تریان دەستی خستە سەر تفەنگەکەی و نەیهێشت،... گوتی کەس فیشەک لە رۆح ناگرێ،... جگە لەوە فەرماندە خەوتووە!

 

چیرۆکی فەرماندە (٦)

فەڕۆخ نێعمەتپوور

لەبیری دێ ساڵانی زیندان ئەگەرچی یەکجار دژواربوون، بەڵام تێکەڵ بە جۆرێک لە هومێدی گەورە و گەشبینی بوون. ئەسڵەن ئەو ساڵانە هەموویان هەر وا بوون. تەنانەت ئەو کاتانەی هەڤاڵان لە سێدارەدەدران، بە سروودەوە دەمردن. دەڵێی پەتی سێدارە و لوولەی تفەنگەکان وا لە سپێدەیەکی زوودا پێیان دەگەیشتن، درۆ یاخود کایەیەکی سەردەمی منداڵی بوون. مردن شتێک بوو وەک خەون. خەونێک لە نێوان ژیان و مردن، یاخود درێژەی ژیان، ژیانێک بەتەواوی جیاواز لەوەی هەبوو. ئەوەی لەڕاستیدا دەمرد دیکتاتۆر و تفەنگچیەکانی بوون. فەرماندە لە بیری دێ رۆژەکانی سەرەتا نەبێ دەترسا و لە دڵەڕاوکێیەکی سەیردا بوو، هەر زۆر خێرا خووی بە دۆخی تازەی خۆی گرت و بگرە جۆرێک لە هەستی لەخۆباییبوون رویشی تێکرد. دیوارەکانی ترس هەتا بێکۆتا رەوینەوە.

فەرماندە لە بیری دێ سەرجەم سێ جار گیرا. یەکەم جار شەش مانگ لە زینداندا مایەوە و هیچی بەسەردا نەسەلمێندرا. بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر خۆی راگرت و نەچووە ژێر دانپیانانەکانی یەکێک لە هاوڕێ بوودەڵەکانی. گوتی هەر نایشیناسم! لێدان و تەعزیب نەیهێنایە سەرچۆک. دووهەم جار دوو ساڵ دوواتر گیرا. شەوێک درەنگان بە بڵاوکردنەوەی راگەیەندراوەکانەوە گیراو ئیتر ئەمجارە نکوڵی کردن نەیدەخوارد. هەڤاڵێکی سەرەوەتری خۆی لە دووای یەک هەفتە ناوبرد و بەڵام گوتی کە لە خوار خۆی کەسی تر نیە. دووای ماوەیەکی تر هەر لەسەر ئەم قسەی خۆی مایەوە و ئیتر باوەڕیان پێکرد. ئەمجارە دە ساڵ حوکمیان بەسەردا بڕی و دووای پێنج ساڵ بە هۆی خزمێکی دووریانەوە کە دەستی دەڕۆیشت ئازادکرد. سێهەم جاریش لە دووای سێ ساڵی تر گیرا. لە دووای ئەوەی لە پلانێکی ورددا بەرێگیراوێکی پیسی دوژمنیان لە شەقامی سەرەکی شاردا کوشت، گیرا و ئەمجارەیان لە دووای سێ مانگ لە کاتی بردنی بۆ خەستەخانە توانی لە کردەیەکی سەیردا کە هەتا ساڵان وێردی سەر زمانی خەڵکی بوو و بۆ یەکتریان دەگێڕایەوە، لە دەست نیگابانەکانی راکا و ئەمجارە ئیتر بە یەکجاری روو لە شاخ بکات.

ساڵانی زیندان و مانەوە لە شار و ئەو کارە سەیروسەمەرانە وا لە پێناوی شۆڕشدا کردبوونی، ناوو ناوبانگێکی سەیری بۆ دروستکرد و بوو بە کەسێکی جێی سەرنج. لە شاخیش هەر کەمی نەهێنا و زۆر خێرا پلە یەک لە دووای یەکەکانی بڕی و سەرئەنجام لە دووای ئەوەی کەسی یەکەم لە بۆردوومانێکی دوژمندا گیانی لەدەستدا، بوو بە کەسایەتی یەکەم و جڵەوی شۆڕشی بە دەستەوەگرت.

فەرماندە هەم نموونەی زیندووی تێکەڵبوونی خەباتی شاخ و شار بوو و هەم لەسەردەمی ئەو هەموو شتێک گوڕوتینێکی تری پەیداکرد. ئەو کە بە گوێرەی ئەزموونی سەردەمی منداڵی لەوە تێگەیشتبوو پارە شتێکی یەکجار گرینگە، لە هیچ کارێک بۆ پەیداکردنی نەدەسڵەمییەوە. حەزی نەدەکرد ناوچاوی خۆی وەک هی باوکی چرچ و لۆچی تێکەوێ و لە خەمی ئەوەی سبەی پارە هەیە یان نا شەو بچێتە ناو جێگاوە.

یەکێک لەو شتانەی فەرماندەی لە سەرەتای چوونە ناو شاخەوە کەمێک پەشۆکان، بوونی زیندان بوو. دیارە لەوە پێش ناوی 'زیندانی شۆڕش'ی شنەڤتبوو، بەڵام بەلایا تێپەڕیبوو. لای ئەو ئەم جۆرە زیندانە شتێک بوو وەک ئەوەی زیندانییەکان لەگەڵ خودی هەڤاڵان بوون و لە راستیدا زۆر جیا نەبوون. ئەوانەیشی وا خائین بوون ئیتر زوو دەکوژران و پێویستی نەدەکرد لە زینداندا بمێننەوە؛ بەڵام کاتێک بۆ یەکەم جار زیندانی شۆڕشێ لە نزیکەوە بینی، واقی وڕما. زیندانەکە لە دۆڵێکی قووڵدا بوو بە شاخە سەرکەشەکانی دەورییەوە، لە ناو لێڕەوارێکی چڕ، لە تەنیشت جۆگە ئاوێک کە بە بەهاردا کەمێک وەک چەم خۆی دەخەمڵاند و بە هاوینیشدا وشک دەبوو، دیارە بە بەستێنێکی هەمیشە تەڕ و نماوییەوە. لەوێ لانیکەم هەمیشە سەد زیندانی تیابوو. لەهەموو جۆرە تیرەیەک: لە جوندی و جاشەوە بگرە، هەتا ئەو گوندییانەی وا سیخوڕی حکومەت بوون، بگرە ژنیشیان تیابوو. فەرماندە کە قەت باوەڕی نەدەکرد خەڵکانێک هەبن ئاوەها بەدەم دیکتاتۆرەوە بن و بیانەوێ بەم شێوەیە لە دژی نیشتمان خۆیان بخەنە مەترسییەوە، کەمێک ناهومێدبوو. ئاخر چۆن شتی وا دەکرا! جگە لەمە زیندان ئەگەرچی زیندانی شۆڕش بوو، بەڵام جۆرێک لە مەقبولیەتی بە کەسی بەرامبەر دەدا. تاوانباری بێ تاوان نیشاندەدا! تازە دەیبینی لێرەیش لێدان و ئەشکنجەدان هەبوو و کەسی تاوانبار بە بێ دادگاییکردنێکی شارستانیانە کە تێیدا خاوەن محامی و شتی لەم بابەتە بێت، دادگایی دەکرا و سزای بەسەردا دەسەپێندرا. راستییەکەی ئەوە بوو زیندان شتێکە هەمیشە لە دژی زیندانبان، جا فەرق ناکا کێیە. فەرماندە ناوچاوانی تێکدەنا و دەچوو لە سەر گڕەبەردێک بە تەنیا دادەنیشت و بیری لێدەکردەوە. بەڵام رۆژەکان تێپەڕین و کار و بەرپرسایەتی و رووداوە یەک لەدووای یەکەکان، بەتایبەت کوژرانی هەڤاڵان کە رۆژ نەبوو یەک یان پۆلێکیان لە شەڕ یاخود کردەیەکی دوژمندا گیانیان لە دەست نەدەن، ئەوی بەربەرە بە زیندانەکە عادەتدا. بەتایبەت کاتێک یەکێکیان دەگرت کە راستەوخۆ لە بەگرتدان یاخود شەهیدکردنی هەڤاڵێک دەستی هەبوو. زیندان وای لێهات لای فەرماندە بوو بە شتێک وەک هەموو شتەکانی تری ناو ژیان. فەرماندە وەک هەمیشە راپۆرتی هەڤاڵانی لەسەر زیندانی شۆڕش وەردەگرت، بە وردی گوێی بۆ رادەداشت و دوواتر ئەوەی پێویست بوو وەک سەرنج و تێبینی دەیگوت و کۆبوونەوەکە کۆتایی پێدێنا. ژیان جارێکی تر بە فەرماندەی دەگوت شتەکان عادەتن، یاخود سەرەڕای هەموو نامۆییان رۆژێک لە رۆژان دەبنە عادەت و ئاسایی دەبنەوە. ئەمەیش لەسەریان!

بەڵام لە دووای راپەڕین رووداوەکان بە لایەکی تردا گۆڕابوون، یاخود باشتر بڵێین خەستتر ببوونەوە. ئیستاکە ئیتر خاوەن چەندین زیندان بوون، بگرە زیندانی نهێنیش. خراپتر لە هەموویش ئیتر لەم زیندانانەدا وەک جاران پیاوەکانی دیکتاتۆر نەبوون رادەگیران، بەڵکو کۆمەڵێک خەڵک بەتایبەت گەنج بوون وا بە جۆرێکی تر بیریان دەکردەوە و وەک سەردەمی خۆی، دەسەڵاتەکەی فەرماندە و هەڤاڵانیان دەخستە ژێر پرسیارەوە. ئەوان باسیان لە گەندەڵی و لە دیکتاتۆرییەکی نوێ دەکرد کە بە مانای بەلاڕێدا بردنی راپەڕین و خیانەتکردن بە ئامانجەکانی بوو. ئەوان دەیانگوت دەسەڵات موڵکی کەس نیە و هی میللەتە. باسیان لە یاسا و شتی لەم بابەتە دەکرد. ئیتر ئەمە تەواو فەرماندەی تووڕەکرد. ئاخر قسەی لابەلا و پووچ و بێمانا! چۆن دەبێ کەسی وەک ئەو و هەڤاڵان کە هەموو تەمەنیان لە پێناوی نیشتماندا دابوو ببنە لادەر و لە رێبازی پڕشکۆ و پیرۆزی نیشتمان لایاندابێ. بۆیە لای خۆی ئەمانەی یەکجار خراپتر لە پیاوەکانی دیکتاتۆر دەهاتەبەرچاو. هەڵبەت خراپی وەزعەکە ئەوە بوو نەیاندەزانی بە چ ناوێک ئەمانە سەرکوت کەن، جاران کە ئاسان بوو، دیکتاتۆر لەو بەر و ئەمان لەم بەر؛... بەڵام ئیستاکە چی؟ بۆیە لە دووای چەند کۆبوونەوە بەو ئاکامە گەیشتن کە ئەم جۆرە کەسانە: یان بە گوێرەی پلانی دوژمنە نوێیەکانی نیشتمان خەریکی دژایەتی کردنی وڵاتن، یان خەڵکی ساویلکە، سادە و کاڵفامن کە نەزانانە خۆشیان نازانن خەریکی چین. لێرەوە بە هەڤاڵان گوترا تا دەتوانن هەر چۆنێک بووە ئەم جۆرە کەسانە پەشیمان بکەنەوە و بیانخەنە ریزی ساویلکەکانەوە و لە رێگای راگەیەنەرە گشتییەکانەوە بە خەڵکییان بناسێنن. هەروەها پێشنیاریش کرا لە رێگای ئەو هەموو پارە و پووڵە زۆرەوەی هەیانە بیانکڕن، بیانهێننە ریزەکانی خۆیانەوە و دوواتر هەر لە رێگای راگەیەنەرە گشتییەکانەوە پیشانی خەڵکیان بدەنەوە.

لە تەواوی ئەم بێنە و بەرانەدا فەرماندە تەنیا بە یەک شت زۆر خۆشحاڵ بوو، ئەویش ئەوەیکە ئەم جیلە نوێیە نەیاندەتوانی وەک ئەوان، وەک ساڵی ساڵان، دەستبدەنە چەک و روو لە شاخی بکەن. پێش لەهەر شتێک لەبەر ئەوەی دراوسێی یەکەم و دراوسێی دووهەم دۆستی ئەمان بوون و ئەو ئیزنەیان پێ نەدەدان، دووهەم ئەمانە کۆمەڵێک گەنجی دەم رووت و سەر رووتی شاری بوون کە یەک سەعات چییە نەیاندەتوانی خۆیان لەو کێو و بەندەنانە رابگرن. بۆ مەگەر چوونە شاخ هەروا گاڵتەیە! ئەمانە بە پێچەوانەی فەرماندە و هەڤاڵان بە شوێن ژیانی چاکترەوە بوون و بۆیە پیاوی تەنگانە و برسیەتی و سەرما و گەرما نەبوون. ئەو بە ئەزموون دەیزانی گەر سیاسەت سەرەتا لە ژێر ناوی شتی وەک نیشتمان و ئایدیا زل و ناڕوونەکانی تر نەکرێ، زۆرینەی خەڵک شوێنی ناکەون. بژیوی و ژیانی رۆژانە شتێک نەبوو زۆرینەی خەڵکی بوروژێنێ. فەرماندە جاری وابوو لەبەر خۆیەوە پێکەنینی بە گەمژەیی ئەم جۆرە کەسانە دەهات.

هەڵبەت هەبوونی گرتووخانەکان هەمیشە هەستێکی ناخۆشی لای فەرماندە دروستدەکرد، بەڵام،... بەڵام وادیارە سیاسەت هەر ئەمەیە و هەر ئەمەیش دەبێ. هەمیشە کۆمەڵێک خەڵک هەن ناڕازین و بۆیە دەبێ ئەو دیوارانە هەبن. فەرماندە بیری لەمە دەکردەوە و بە خۆی دەگوت وادیارە زۆر شتی تریش هەن هێشتا دەبێ فێریان بم.

لە رۆژێکی سەرەتای زستاندا بوو هەڤاڵێک هەواڵێکی دڵتەزێنی هێنا:

ـ قوربان رێکخراوی جیهانیی مافی مرۆڤ بە گرتن و زیندانی کردنی هاووڵاتیان و هەروەها هەبوونی زیندانی شاراوە تاوانباری کردووین!... لە دونیادا بڵاوبووەتەوە.

فەرماندە هەڵبەزییەوە. سوورسوور بووەوە. چۆن شتی وا دەبێ:

ـ چی، ئادەی لە کوێدا نووسراوە؟

هەڤال راپۆرتەکەی پیشاندا. هەم دەقە ئینگلیزییەکەی و هەم عەرەبییەکەی و هەم کوردییەکەی. لە سەرەوەی لاپەڕەکە چاوی بە ئارمە ئاشناکە کەوت: گۆی زەوی لە شێوازی زیندانێکدا و باڵندە و گوڵەگەنم و ئەو هێڵە سوورەی وا نیوەی گۆی زەوی ئابڵۆقە دابوو. هێڵە سوورە ناحەزەکە. فەرماندە لە کاتێکدا هەناسەی سواربوو، بە وردی خوێندییەوە. باوەڕی نەدەکرد:

ـ چۆن،... یەعنی چۆن!؟ لە دووای ئەو هەموو پارە و پووڵە لە بانکەکانمان خنیون، هێشتا دەمیان ئەوەندە درێژە! چۆن شتی وا دەبێ، شەرم نایانگرێ،...!

فەرماندە ئەو رۆژە هەر نەڕاندی و نەڕاندی و وردەتفی دەرپەڕاند،... هەڤاڵانیش هەموو بێدەنگ لێیان دەڕوانی. مەگەر کەس هەبوو زاتی ئەوە بکا خۆی لە وەزعەکە هەڵقورتێنێ. نەیاندەزانی چی بکەن. چاوەڕوانی باشترین کار بوو. هەر ئەو ئێوارەیە فەرماندە لە نوتقێکی تەلەفزیۆنیدا گوتی هەندێ ناحەز بە دەستکەوتەکانی گەل، راپۆرتی قین لە دڵانە و پڕ لە درۆ لەسەر نیشتمان و دەستکەوتەکان بڵاودەکەنەوە و وەک هەمیشەیش هەندێ پیاوی دوژمن کە خۆیان خزاندووەتە ریزەکانمانەوە بە کاری نەشیاو دەیانەوێ روخسارمان لە ئاستی جیهانیدا ناشیرین بکەن، گوتی ئێمە بەڵام بەر بەمە دەگرین و ناهێڵین کۆمەڵێک خەڵکی نابەرپرسیار و ناحەز بە گەل و نیشتمان ئەو بینا جوانەی وا سازمان کردووە بڕوخێنن... لە کۆتاییدا هەر گەلە سەردەکەوێ و رووڕەشی بۆ دوژمنان!

بۆ رۆژانی داهاتوو دوو کاری گەورە جێبەجێ کران: رێکخراوێکی تازەیان بە ناو 'بنکەی ماڤی مرۆڤی شۆڕش' دروستکرد و یەکێک لە هەڤاڵانی کۆن کرا بە بەرپرسی. هەموو ئەو زیندانیانەی وا لە گرتووخانە شاراوەکاندا بوون بۆ زیندانەکانی وڵاتی دراوسێی یەکەم بەڕێکران بەو پارەیەی دایان بەڵێن بوو ئەوان هەتا کەمێک دۆخەکە ئارام دەبێتەوە لەوێ بمێننەوە.

فەرماندە بیری سەردەمی شاخ دەکەوێتەوە. هەستدەکا چەندە وەڕەزی ئەو رۆژانەیە. یادی بەخێر مافی مرۆڤی چی و شتی چی... بۆ مەگەر یەک رێکخراوی جیهانی زاتی ئەوەی دەکرد رووبکاتە ئەوێ!

شەوێکیان فەرماندە کاتێک لە ناو جێگاکەیدا راکشاوە و خەریکی بەسەرکردنەوەی چاوپێکەوتنێکی ئەمڕۆی خۆیەتی لەگەڵ سەرۆک عەشیرەتێک، لەناکاو دەنگی تەقە لە دەرەر هەڵدەستێ. فەرماندە راستدەبێتەوە.

سەرۆک عەشیرەتەکان هەمیشە لای ئەو بوونەوەری سەیروسەمەرە بوونە. جۆری هەڵسوکەوتیان، ئاخافتنیان، نانخواردنیان، رووانینیان و...، هەروەها بە پیاوەکانیانەوە، ئەو پیاوانەی چواردەور دەست لەسەر دەست رادەوەستان و هەتا سەرۆک ئەمری دەرنەکردایە، نەدەجووڵان. سەرۆک عەشیرەتەکان لەگەڵ ئەوەی خاوەن عەشیرەی گەورە بوون (دیارە کەم و زۆریشی هەبوو)، بەڵام هاوکات هەمیشە چاوێکیان لە دەسەڵاتیش بوو، هەروەها دەسەڵاتیش لەوان. عاشقە و ماشقەی دێزە بوون. نەدەکرا خێڵێکی زۆرو زەبەندی ناوچەیەک لەبیربکرێ و حسێبی تایبەتیان لەسەر لێکنەدرێتەوە. ئەوانیش بە ئەزموونی دوورودرێژی خۆیان دەیانزانی دەسەڵات هەمیشە بیریان لێدەکاتەوە و ئەمڕۆ نا سبەی حەتمەن وەفدێک یاخود کەسێک دەنێرێتە خزمەتیان. مەسەلە پارە و پووڵ نەبوو، دەسەڵات قەت چاوی لە سەروەت و سامانی ئەوان نەبووە. دەسەڵات سەرۆک و پیاوەکانی دەویست، بۆ رۆژی تەنگانە،... بۆ شەڕەکان. کێیش لەوان ئازاتر. هەر لە کۆنەوە جۆرێک لە جوامێری و ئازایەتی و پێداگری و هەستی تۆلەسەندنەوە و هەروەها لەخۆبایی بوون و خۆنواندن لەواندا هەبوو کە دەکرا لە کاتی خۆیدا زێڕ بێت. هەر ئەوەندە بوو سەرۆک بە جۆرێک پیشیان کەوێت یاخود ئەمر دەرکا و پیاوەکانی راسپێرێ، جا بۆ مەگەر کەس هەبوو بتوانێ بەریان پێبگرێ. تەنیا ئەوەندە بەس بوو لە هەموو ناوچەکاندا چەند سەرۆکێک بکەی بە دۆستی خۆت، ئیتر کۆنتڕۆڵی تەواوت بەسەر ناوچەکەدا پەیدادەکرد.

فەرماندە لەبیری دێت لە شاخ بەدەست ئەم عەشیرانەوە هەم خواردبووی و هەم خێری بینیبوو. لە نێوان ئەو و دیکتاتۆردا کێبەرکێیەکی گەورە لەم پێناوەدا هەبوو. هەرچەند دیکتاتۆر بە پارە و پووڵ دەیتوانی زۆرتریان لێ بکڕێ، بەڵام فەرماندەیش زۆر لە دووانەبوو. هەستی نیشتمانپەروەری ئەو شتە بوو لە هەندێ لەم خێڵانەدا نەمردبوو و بەتایبەت ئەگەر فەرماندە و هەڤاڵان لە ناوچەکەیاندا دەسەڵاتیان هەبووایە ئەوا بەلای خۆیاندا رایاندەکێشان. هەرچەند قەت نەیدەتوانی هەتا سەر باوەڕیان پێبکا. راستییەکەی ئەوە بوو سەرۆکەکان لە ناو هەستی نیشتمانپەروەری و قازانجی خۆیاندا بەردەوام لە هاتوچوودا بوون و هەر خولەی بە لایەکدا دەیانشکانەوە. ئەمە فەرماندە و هەڤاڵانی وەڕەزکردبوو. بەشێکی بەرچاوی باشترین هەڤاڵانیش بەدەست ئەم عەشیرانەوە کوژرابوون. ئەوان وەک شینەمار وابوون، ژەهراوی و پیس و بێڕەحم،... خوای نەکردایە بە کەسیانەوە دابا!

لە دووای راپەڕینیش دۆخ زۆر نەگۆڕابوو. عەشیرەکان وەک خۆیان مابوون و نەگۆڕابوون، بگرە پەرەشیان سەندبوو. لەگەڵ ئەوەی بنکەیان لە شار خستبوو، پارەی چاکیان لە فەرماندە وەردەگرت و ئەوانیش وەک کۆڵەکەیەک هەیمەنەی دەسەڵاتی نوێیان راگرتبوو. بەلام کێشە ئەوە بوو هەر جارە و بە کۆمەڵێک داواکاریی نوێوە دەهاتن و کاتی فەرماندەیان دەگرت. داوای پارە و زەوی، ناونووسکردنی چەکداری نوێ و شتی لەم بابەتە. کە دەشهاتن هەمیشە بە دیاری چاکەوە دەهاتن، بە چەند سەر مەڕ، بزن یان مانگاوە، یاخود شمەکی بایەخداری ناو ماڵ. جاری وایش بوو بە تڕۆمبیلەوە یان تفەنگێکی نایابەوە.

ئەوەی ئەمڕۆ، فەرماندە هەر لە کۆنەوە دەیناسی. کاتی خۆی چەند جار لە نێوان دیکتاتۆر و ئەودا هاتووچۆی کردبوو، خولێک لەگەڵ ئەو و خولێک لە گەڵ ئەم. هەر جێگۆڕکەیەکیش بە پارەیەکی زۆرتر. بۆ خۆی پاشایەک بوو بە یەک دوو هەزار چەکداری خێڵەکییەوە. ناوچەیەکی پان و بەرینی لەژێر دەستدا بوو. ئەمڕۆیش هاتبوو داوای ئەو زەوی و زارانەی دەکرد وا لەگەل چەند گوندی دراوسێیان لەسەری لە بێنەوبەرەدا بوون. فەرماندە چەند جار خۆی پاراستبوو لە دانیان، لەبەر ئەوەی خەڵکی ئەو گوندانەیش کەم نەبوون و بەزمی گەورەی لێدەبووەوە؛ بەڵام ئەمڕۆ جیاوازبوو. لە دووای ئەوەی بەشیکی بەرچاوی خەڵکی گوندەکان روویان لە شارکردبوو، فەرماندە بڕیاری گۆڕی و ئەمڕۆ ئەمری دەرکرد بەشێکی گەورەی زەوی و زارەکان بە ناوی سەرۆکەوە تاپۆبکرێ. سەرۆک کە رۆیشت لەچاو جاران سکی زەلامی یەکجار زیاتر پێش خۆی کەوتبوو.

فەرماندە کە دەیزانی ئەم بڕیارەی بەزمی لێدەبێتەوە و بەڵام نەیدەزانی ئاستی ئەم بەزمە لە چ رادەیەکدا دەبێ، لەم بیرانەدا بوو کە گوێی لە تەقەی تفەنگ بوو. راچڵەکی. نەکا خەڵکی گوندی بن! بزەیەکی هاتێ. ئاوا زوو، نا نا،... هێشتا نە بڕاوە و نە دووراوە،... بە کوێڕا!

لە دەرەوە بەدەم دەنگی تەقەکانەوە هات و هاوار بەرز بووەوە. ریزی گڕاویی فیشەکەکان دوو سەری کۆڵانەکەیان دڕپێدەدا و دادەمرکانەوە. لە کاتی راپەڕینەوە ئەمە یەکەم جار بوو شتی وەها بەم شێوەیە نزیک لە شوێنی ژیانی ئەو رووبدات. چی بووە؟

هەڤاڵانی حەرەس دەگێڕنەوە رێک نیوەشەو کاتێک لەناو سەنگەرەکانیان دانیشتبوون و کێشکیان دەدا، کتوپڕ هەست بە جووڵەیەکی سەیر لەو سەر کۆڵان دەکەن. لێی رادەمێنن. سەرەتا شتەکە سێبەرێک دەبێ. لە دووای چەند جارێک خۆدەرخستن و خۆونکردن کەمێک رووندەبێتەوە. هەڤاڵان دەنگی دەدەن. بەڵام شتەکە گوێیان ناداتێ و دیسان لە جووڵەی خۆی بەردەوام دەبێ. هەڤاڵان تەقەی لێناکەن. چەند دانەیەکیان بە ئەسپایی و وریا بەرەلای دەچن. دەست لەسەر پەلەپیتکەی تفەنگ و وشیار. هێشتا ماویانە بۆ ئەو سەری کۆڵانەکە کە شتەکە وەک پەیکەرێک لە تیشک دەردەپەڕێ و بەرەو ئەوان دێت. هەڤاڵان دەپەشۆکن، بەڵام خۆیان نادۆڕێنن و دەستبەجێ تەقەی لێدەکەن؛ بەڵام شتەکە ئەوەندە خێرا بەرەو لای ئەواندا دێت کە فریا ناکەون بەجوانی سیرەی لێبگرن. هەندێ لە هەڤاڵان دەڵێن هەستیان کرد شتە نوورانییەکە بەناو ئەواندا تێپەڕین و هەندێکی تریان لە کاتێکا چاوەکانیان ناتروکێنن دەڵێن نا بەلاماندا تێپەڕی!

فەرماندە دەڵی شتەکە چیبوو؟ یەکیان دەڵی روون بوو، ئەوی تر دەڵێ زۆر بەپەلە هات و تێپەڕی، ئەوەی تر دەڵێ زۆر زل بوو، چوارەمی دەڵێ چوار پێی هەبوو، پێنجەمی دەڵێ سەریشی زۆر زل بوو، شەشەمی دەڵێ کلکیشی هەبوو، حەوتەمی دەڵێ دوو گوێی قوتیش؛... هەشتەمی فریاناکەوێ بڵێ کەر بوو کە فەرماندە بۆخۆی دەڵێ کەربوو، وانیە!؟

وایە کەر بوو. ئەو شەوە نیوەشەو کەرێکی نوورانی لە کۆڵانی فەرماندەوە زۆر نەترسانە و بە رووهەڵماڵاوی تێپەڕیبوو. فەرماندە هەڤاڵانی ناردەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان. نا، درۆیان نەدەکرد. وادیاربوو وازی نەدەهێنا،... کەرەبۆز دەڵێم! باشە بە شوێن چییەوەیە؟... داوای بەش دەکا؟... یان شتی تر؟ باشە کەر و برابەشی لە دەستکەوتەکانی راپەڕیندا؟ فەرماندە بەم بیرانە دەروونی تێکچوو، هەستی بە هێڵنج دەکرد. چۆن شتی وادەبێ. وادیارە تا ئابڕو و حەیام نەبا وازناهێنێ. فەرماندە هەستدەکا هەندێ کەس لە پشت مەسەلەکەوەن، رەنگە دراوسێی یەکەم یاخود دووهەم، هەرچەند رای زۆرتر بۆ سەر دراوسێی یەکەم دەچێ، ئاخر ئەوانن لەگەڵ ئەو دونیا و رۆح و جنۆکە و شتی لەم بابەتە لە پێوەندیدان، دیارە ئەوەی دووهەمیش وەهایە، بەڵام نەک وەک ئەوەی یەکەم. دراوسێی یەکەم دەتوانێ هەموو بوونەوەرە مردووەکان جا لەهەر چەشنێکی سەرلەنوێ بانگهێشت بکاتەوە، چ کۆن و چ نوێ، چ لە چەشنی مرۆڤی و چ لە چەشنی نامرۆڤی. ئەوان ئەوەندەی بە کۆنەوە گرێدراون بە ئیستا و بە داهاتووەوە نا. ئا، ئەوانن. ئاخر ئەو کەرەبۆزەی ئەو دەیناسی لە کوێ ئەقڵی بەم جۆرە شتانە دەشکا.

فەرماندە دەزانی وەزعەکە کەوتووەتە سەر دەور و کەرەشین بەمە وازناهێنێ و بگرە لەمە بەدووا زۆرتر دەردەکەوێ و تاج و تەختی دەهێنێتە لەرزین. بیری کردەوە وادیارە مێژوو ئەوەندە بە ئاسانی وننابێ. راستی مەگەر هەر خۆیان نەبوون کاتی خۆی لە شاخ دەیانوت مێژوو منداڵدانی مرۆڤە؟ داخۆ هەر خۆیان نەبوون دەیانگوت مرۆڤ بەرهەمی مێژووە؟ با، هەر خۆیان بوون. هەر کەس بیویستایە رووداوەکەی سەنتەری شار فەرامۆش بکا، لانیکەم کەرەبۆز نەیدەکرد. ئەو لەوە کەلەرەقتر و پێداگرتر بوو فەرماندە بیری لێدەکردەوە. دیارە خوا هەڵناگرێ قەدیمیش هەروابوو. فەرماندە لەبیری دێت جارێکیان ئەم نەقیزەی تێوەشاند بۆ ئەوەی خێراتر رێگابکا و پەلەتر لەو ناوچەیە دەربازبن وا گومانی ئەوەی لێدەکرا دوژمن بێتەسەریان، بەڵام ئەمە وەها تووڕەی کرد کە نە بەلێدانی هاوڕێیان و نە بە تەقەکردن بە سەریدا کەرەشین نەجووڵا کە نەجووڵا. ژێر سکی بە شەقی بە هێزی هاوڕێیان سوورسوور هەڵگەڕابوو و گوێیشی بە تەقە کاس ببوو، بەڵام لە جێی خۆی متەقی نەکرد. مەجبوور هەموو دانیشتن هەتا بۆ خۆی بە قەناعەتی خۆی رابگۆڕی و بۆخۆی وەڕێکەوێ. بیری کردەوە چی دەبوو لە دووای ماهینە سپی بۆ هەمیشە وازی لە هەر چەشنە چوارپێیەک بهێنایە،... یان چی دەبوو ماهینێکی تری لە یەکێک لە عەشیرەکان داواکردایە.

کەواتە وازناهێنێ،... دەی با نەیهێنێ. ژیان زۆری بە بەرەوە ماوە. فەرماندە ئەمەی گوت و لێفەکەی بەسەر سەری خۆیدا کێشا.

ئەو تیشکەی وا هەڤاڵان باسیان دەکرد، لە تەنیایی نیوەشەودا بە لاپاڵی کێوەکەی ئەوبەری شارەوە خەریکبوو سەردەکەوت. یەکێک لە هاوڕێیان لەسەر بانییەوە ویستی بە قەناسە تێیبگرێ، بەڵام یەکی تریان دەستی خستە سەر تفەنگەکەی و نەیهێشت،... گوتی کەس فیشەک لە رۆح ناگرێ،... جگە لەوە فەرماندە خەوتووە!

بەڵام فەرماندە خەوی لێنەکەوتبوو. رووداوی ئەمشەو گەلێک بیرەوەریی منداڵیی دیسان تیا زیندووکردبووەوە. دیسان بیرەوەریی رۆح و دێوەزمە و جنۆکە و شتی لەم بابەتە. راستی ئەوە بۆ ئەو جۆرە شتانە کۆتایی پێهاتبوو؟ لای ئەو بە هۆی شێوەی ژیانییەوە کۆتایی پێهاتبوو یان بەگشتی وەها بوو؟ هەبوون یان نەبوون؟ جاران رۆح بەشێکی گرینگ لە ژیانی رۆژانەی مرۆڤەکانی پێکدێنا. بەشێکی بەرچاوی چیرۆکەکان بوون. ئەو کاتانەی تەنیا یەک یان دوو ژوور لە ناو ماڵ گڵۆپی تیا دەئایسا و کۆڵانەکانیش تا رادەیەکی زۆر تاریک و نووتەک بوون. ئەو کاتانەی وا چوونە حەوشەیش بە شەوا غیرەتی دەویست و ئیتر هەر لەسەر بان و بانیژە گەڕێ! فەرماندە لە بیری دێت بە منداڵیش سەبارەت بەم جۆرە شتانە بەغیرەت بوو. ئەوەندە ئاسان دڵی بە چیرۆکە سەیروسەمەرەکان یاخود بە تاریکی دانەدەخورپا. بۆ خۆیشی نازانێ بۆچی لەچاو منداڵانی تر جیاوازتر بوو. لە کاتی چاوشارکێدا دەیتوانی لە ترسناکترین شوێنەکان خۆی حەشاربدا. بۆیە هەمیشە براوە بوو. کەس نەیدەتوانی بیدۆزێتەوە. باشتر بڵێین دەیانزانی لە کوێیە، بەڵام کەس زاتی نەدەکرد رووی تێبکا. بۆیە جاری وابوو خۆی خۆی بەدەستەوە دەدا. هەستی دەکرد کایەیش بەربەرە خەریک بوو تامی نەدەما. منداڵەکان بەشوێن یەکتردا رایاندەکرد، بە شوێن ئەودا نا! لە بیری دێ قەت لە هیچ شوێنێکی تاریک بە تووش هیچ شتێکی سەیروسەمەرەوە نەبوو، بەڵام هەمیشە چیرۆکی ترسناکی بۆ منداڵەکان دەگێڕایەوە. ئیستا، کە بیری لێدەکاتەوە پێکەنینی دێ، بەڵام داخۆ مرۆڤ بە گەورە سالیش هەر خەریکی ئەمە نیە؟ بەتایبەت ئەو و هەڤاڵان؟ فەرماندە بە ئەزموونی منداڵی خۆی دەزانی مرۆڤەکان لە ناخەوە حەزیان بە درۆیە بەمەرجێک درۆکە باس لە جیهانێکی تەواو جیاواز بکا و بتوانێ سەریان گەرم بکا و کەمێک لە ئاسایی بوونی ژیانی رۆژانە دووریان بخاتەوە. جگە لەمە دەیزانی درۆ دەبێ هەمیشە جۆرێک لە قارەمان سازبکا، ئەو قارەمانەی بە کردەکانی ترسی ترسنۆکەکان دەڕەوێنێتەوە و دیسان دەتوانێ بیسەلمێنێتەوە کە نا مرۆڤەکان هەموویان لە یەک چەشن نین. فەرماندە زۆر جار ژیانی شاخی خۆی و حەقایەتی رۆحەکانی وەک یەک دێتە بەرچاو. داخۆ هەر دووکیان هەوڵێک نەبوون بۆ دەربازبوون لە ژیانی مرۆڤە بوودەڵەکان و ترسنۆکەکان؟ هەر وەک ئەو ساڵانە، مرۆڤەکان (بەڵام ئەمجارەیان گەورەکانیان) بە ئازایەتی ئەو و هەڤاڵان سەریان سوڕدەما. لای فەرماندە ژیانی شاخیش زۆر عەجایەب نەبوو، وەهایش نەبوو خەڵکی بیریان لێدەکردەوە. هەر ئەوەندە پێی راهاتبای. دەتبینی ئەوەندە قورسیش نیە. ئەی مەگەر ژیان راهاتن نیە؟ کە زۆر لەگەڵ مەرگ بووی ئیتر دەبی بە هاوڕێ،... هاوڕێیت. تەواو. لێی ناترسی. یەعنی لێی دەترسی، بەڵام ترسەکە ئیتر ئەو تام و چێژەی سەرەتای نامێنێ. ئەویش دەبێتە شتەکانی تر. دەبێتە خۆرێک کە هەموو رۆژێک هەڵدێت و ئاوادەبێتەوە.

بەڵام ئەم رۆحەی ئەمجارە جیاوازە. فەرماندە هەرچەند نە ئەو کات و نە سەرەڕای هەموو چیرۆکەکانی قەت باوەڕی بە رۆح و شتی لەم بابەتە نەکرد، هەستدەکا ئەمجارە ئیتر گاڵتە نیە. نا، گاڵتەیە، بەڵام گاڵتەیەکی ترسناک. باشە ئەمە چیە،... ئەمە کێیە ئەمە دەکا،... بەڕاستی خودی کەرەشینە، یان،... یان... . فەرماندە رادەچەنێ. دەکێشێ بە ناوچاوی خۆیا. نەکا کاری دراوسێی یەکەم و دووهەم بێت،... ها نەکا!؟ ئەوسا هەوڵدەدا هەموو چیرۆکەکە بەسەربکاتەوە. سەرەتا لە مایینە سپییەوە دەست پێدەکاتەوە. دێتەوە بیری مایینە سپی فەرماندەیشی زۆر جار لە مەرگ نەجاتدابوو، لە کاتی شەڕەکاندا هەمیشە لە دوواوە بوو و بۆیە ئەگەری ئەوەی بەر گوللە بکەوێ یەکجار کەم بوو. لە کاتی تۆپبارانەکانیشدا هەمیشە وەهای رادەگرت کە ئیحتیمالی بەرکەوتنی یەکجار کەم بێت. بەڵام سەرئەنجام تیاچوو. شەڕ وەهایە، هەرچۆنێک بێت رۆژێک لە رۆژان گوللەیەک لە شوێبنێکەوە دەتسمێ. ئەها،... نەکا دراوسێی یەکەم و دووهەم گرایان بە دیکتاتۆر دابێ؟... یان رەنگە هەر بۆخۆیان تۆپیان پێوەنابێ؟ فەرماندە مێشکی خۆی دەگووشێ، هەوڵدەدا ئەو رۆژەی بە جوانی بێتەوە بیر. ئەها،... راوەستە! من و مایینەکەم لەگەڵ هەندێ لە هەڤاڵان لە دیوی رۆژهەڵاتی شاخەکەوە بووین و دوژمن لە بەشی رۆژئاواوە بە تۆپ دایگرتبووین. ئێمە لە شێوێکدا بووین، شیوێکی قووڵ. فەرماندە بە ئەزموونی خۆی دەزانێ کە پێکانی وەها شوێنێک ئەویش بە تۆپ یەکجار زەحمەتە. بە خوا ئەو گەوادانە لە دوواوە پێوەیان ناوین! ئای ی ی مایینە گیان! سپی وەک بەفر دەدرەوەشایتەوە بۆیە پێکایانی.

ئەوسا دێتەوە بیری زۆر جار کەرەشینی لەگەڵ خۆی بردبوو بۆ ئەو دیو، بۆ وڵاتی دراوسێی یەکەم. دێتەوە بیری جاری وابوو لە مەقەڕ بەجێی دەهێشت، جاری وابوو کەرەشین بۆخۆی لە دەورووبەری بنکە دەلەوەڕا. هەڤاڵان ئاگایان لێبوو، بەڵام کوڕە وەی لە هەڤاڵانیش! کێ دەڵێ بە جوانی چاویان پێوەبووە؟ بەو نیوەشەوە دەکێشێ بە پشت دەستی خۆیدا. ئای دڵی غافڵ! ئیشیان لەسەر کردووە، دەماغیان گۆڕیوە، هەتا بڵێی شتیان لەدەست دێت،... ئای دڵی بێ خەبەر لە دونیا! ئەوسا بیر لە هەڵس و کەوتی کەرەشین لەو ساڵانەدا دەکاتەوە. ئەوەیکە جاری وابوو ئەوەندە کەلەرەق بوو کە پیاو هەر سەری لێ سوڕدەما. یەکێک لە هەڤاڵان کە خەڵکی گوند بوو و هەر لە منداڵییەوە لەگەڵ گوێدرێژ سەروکاری هەبووبوو بە فەرماندەی گوتبوو قوربان ئەمە لە گوێدرێژ ناچی، بەڵایە بەڵا، خۆت لەدەستی قوتارکە، هەر عەیب نەبێ قوربان کەر زۆرە! راستی دەکرد هەر کەر زۆر بوو، بەڵام بۆ خۆیشی نازانێ بۆ قەت بەقسەی ئەو هەڤاڵەی نەکرد. ئەوسا بیری عادەتێکی خراپی خۆی دەکەوێتەوە کە یەکجار یەکەناس بوو. هەی بێمزەڕەت بی تۆیش بۆ عادەتت پیاو! بە دەورەی تەختی خەوەکەیدا دێت و دەچێ. هەموو دیمەنی رۆژی راپەڕینەکەی دێتەوە پێش چاو. ئەوەیکە کەرەبۆز چلۆن بێ باکانە بە بێ ئەوەی جوابی فەرماندە بداتەوە خۆی بەناو جەنگەی شەرەکەدا کردبوو. دەڵێی دوێنێکە بوو. ئای دیسان دڵی گەمژە، ئیستا دەزانم، ئەو خوێڕییە دەیویست بەکوشتم بدات، ئەرێ بە کوشتم بدات، دراوسێی یەکەم و دووهەم پلانی لەناوبردنی منیان هەبوو، بەڵام،... بەڵام سیخوڕەکەی خۆیان تیاچوو، لەخۆوە نیە لە کۆنەوە وتویانە چاڵ بۆ کەس هەڵمەکەنە خۆتی تێدەکەوی. لێرەدا فەرماندە بیرەوەرییەکی سەردەمی منداڵیی دێتەوە یاد. دوو دراوسێ شەڕیان بوو. لە کٶڵان پیاو و ژنەکانیان بەرببوونە گیانی یەکتر و وەک سەگی هار یەکتریان هەڵدەدڕی. خەڵکی جیایان کردنەوە. لەم کەین و بەینەدا یەکێک لە ژنەکانی دراوسێیەکیان قوڕعانێکی بەدەستەوە گرت و هاتە بەر پەنجەرەکەی سەر کۆڵان و روو لە ماڵی دراوسێکەی تر دەستی بە قوڕعانەکەدا دەنا و دۆعای دەکرد و لە خوای دلۆڤان دەپاڕاوە کوڕیان لێ بستێنێ،... کوڕیان جوانەمەرگ بکات. کەچی سەیر ئەوە بوو هەر ئەو ئێوارەیە کوڕی ئەو ماڵە خۆیان لە خیابان بە دەستی کەسێکی تر بە چەقۆ کوژرا. فەرماندە لەبیری دێت پیرەژنێکی دراوسێیان گوتبووی خوای گەورە ئەوەی قوڕعان بەدەستەوە بگرێ و دۆعای مەرگ لە کەسی تر بکا دۆعاکە وەردەگەڕێنێتەوەو لە کەسی خۆیان دەمرێنێ، گوتبووی لەوە تاوانێکی گەورەتر نیە لە دونیادا کە قوڕعان بەدەستەوە بگری و ئاواتەخوازی مەرگی عەبدی خودا بیت.

ئای گوێدرێژی نەگبەت! سەری خۆت تیابرد. بزەیەکی دێتێ. بەڵام وەک بڵێی کەسێک تێوەیژەنێ، دادەچڵکێتەوە. ئاخر گەر ئەو رۆژە تۆپاندبێتیان ئەی ئیتر ئەم بەزمە چییە؟! چەند سوڕی تر دێت و دەچێ. ئەها! دەی ئەگەر بتوانن گوێدرێژێک بکەن بە سیخور، چۆن ناتوانن زیندوویشی بکەنەوە! فەرماندە دەیزانی لە مێژە هەر دوو دراوسێکە بەتایبەت یەکەمیان لە ژێرەوە و بەدزیی وڵاتانەوە خەریکی پەرەپێدانی ئاخرمودیلی تکنۆلۆژیان. بەتایبەت لە بواری سیخوڕی و ئامرازی دەست تێوەردان و گۆڕینی هەموو جۆرە رۆح لەبەرێک. ئەو هەمیشە لە ئارام قسەکردنی پیاوانی دراوسێی یەکەم جۆرێک لە دڵنیایی دەبینییەوە کە لە هیچ کەسێکی تردا نەیبینیبوو. فەرماندە پیاوێکی گەڕیدە و دونیادیدە بوو. دەیزانی ئەوەی لە خراپترین دۆخەکاندا نەشەمزێ مانای ئەوەیە پشتی ئاسە،... پشتی قایمە. خۆ ئەو نەگبەتانە کەسیشیان لەم دونیایەدا نەبوو، بۆیە دەبێ ئەمە بێت ئەمە! سەری خەریک بوو دەتەقی. بە خۆی گوت ئەوەی بوو، بوو... ئیتر رابرد؛ بەڵام با بزانم پلانی ئیستایان چییە. باشە مەبەستیان لە زیندووکردنەوەی کەرەشین چییە؟

پەرداخە ئاوەکەی لە سەر مێزە گچکەکەی تەنیشت تەختی خەوەکە هەڵگرت و قومێکی لێدا. لەسەر بانی دەنگی پێی هەڤاڵە کێشکگرەکان دەهات. لە دووای تەقەی ئەمشەو دونیا بێدەنگتر دەینواند. سێ ئەگەر هەیە: یان داوای برابەشی دەکەن، یان دەیانەوێ حەیام بەرن، یان نا کەرەشین بە گشتی لە دەست دەرچووە و ئیتر بە کەیفی خۆی دەکا. بەڵام گرفت ئەوە بوو نەیدەزانی لەم سیانە کامیان ئەگەری راستەقینەن. بۆیە هەر بەو شێوەیە سێ رێگای لەبەر بوو: یان وەفدێک بنێرێ و بزانێ چییان دەوێ و داخۆ لەوەی پێیان بڕاوە رازین یان نا؛ ئەگەریش بە تەمای حەیابردنن ئەوا دیسان لەگەڵیان بسازێ، یاخود هەرچۆنێک بووە کەرەشین دەستخا و ئەمجارە بەڕاستی بیتۆپێنێ. ئەوسا لە دڵەوە ئارەزووی کرد حاڵەتی سێهەم بێت. ئاخر بیستبووی جاری وایە تکنۆلۆژیا لەدەستی خاوەنەکەی دەردەچێ و ئیتر کەس دەسەڵاتی بەسەردا نامێنێ. هەر مرۆڤ نیە، تکنۆلۆژیایش سەری لێدەشێوێ.

فەرماندە بزەیەکی هاتێ. بە خۆی گوت وەرە ژیان وای لێ بێ کەریش لە مرۆڤ بێ منەت بێ!

 

لەگەڵ ئەوەی پارە زۆرە و لە سنوورەکانەوە شمەک دێت، کەچی کتوپڕ گرانییەکی سەیر روو لە وڵات دەکا. لە شارەکان هەموو شتێک بەتایبەت نرخی خانووبەرە تەواو دەچێتە سەر، جاری وایە هەست دەکەی نرخەکان خۆیان لە هیچ شوێنێک راناگرن و بەردەوام لە زیادبووندان. کەسابەت هەیە، بەڵام بۆ ئەوەی دەرەقەت بێی دەبێ زیاتر راکەی. هەندێ کەس دەماسن و هەندێ دەتاسن! هەڤاڵان لە کۆبوونەوەیەکدا داوا لە فەرماندە دەکەن ئەم دۆخە تاوتوێ بکەن. لەگەڵ ئەوەی باش دێتەبەرچاو، بەڵام هاوکات کەمێکیش پەرۆشن.

فەرماندە داوادەکا مامۆستاکەی زانکۆی بۆ بانگ بکەن. مامۆستای ئابووریزان بە بزەیەکی خۆشبینانەوە گوێی لێدەگرێ. بێ ئۆقرەیە و حەزدەکا خێرا نۆبەی بگات. بۆیە ئەو ئیزنە بە خۆی دەدات دووا رستەی فەرماندە بپچڕێنێ و خۆی دەهاوێتە قسەکانییەوە. قوربان هەڵاوسان ئاساییە، هەژارییش ئاساییە، گرینگە ئەوەیە پارە هەیە و هەڵدەسوڕێ، گرینگ ئەوەیە خەڵکی گەر تەمبەڵ نەبن کار و ئیش هەیە و دەتوانن بژیوی خۆیان پەیدابکەن، راستە ئیستا لە چاو جاران زەحمەتترە، بەڵام ئێمە ئیستا وڵاتێکی داخراونین، کراوەین.

بەڵام فەرماندە کەمێک ترساوە، دەڵێ هەڤاڵان دەڵێن گوندەکان چۆڵ بوونە و خەڵکی هەموویان روویان کردووەتە شاران، دیارە رایان وایە ئەمە باشە، بەڵام تۆ لات وانیە ئەمە خراپە. مامۆستای زانکۆ دیسان خۆی هەڵداوێتە دوواڕستە و دەڵێ قوربان ژیانی ئەم سەردەمە واتای ژیانی شارنشینیە، گوند هەر مانای نەماوە، سەیری هەموو وڵاتان کە هەموویان وەهان، تازە موشکیلمان چییە، ئەی ئەوە نیە هەموو شتێکمان هەیە، جا با هاوردەیش بن. لێرەدا کەمێک دەنەوێتەوە و دەنگی تۆزقاڵێک دێنێتەوە خوارەوە و لە کاتێکدا بە چاو دەورووبەری دەپشکنێ و وەک بڵێی نامەحرەمێک گوێی لێیە، بە ئەسپایی دەڵێ قوربان هەروەها لەبیرت نەچێ دەبێ ئاگامان لە دراوسێکانمان بێت، ئاگامان لە هەموو دۆستەکانمان لە ناوچەکە و لە جیهاندا بێت، نابێ نانبڕیان بکەین، گەر ئەمە بکەین پشتمان تێدەکەن و خوانەخواستە قوڕمان بەسەردا دەکرێ،... خۆ خۆت باشتر دەزانی قوربان ن...!

یەکێک لە هەڤاڵان دێتە ژوورەوە و نامەیەک دەخاتە سەر مێزەکەی و دەڕواتە دەرەوە. فەرماندە بەلاچاو سەیرێکی دەکا. نامەکە لە لایەن خزمێکەوەیە. نایکاتەوە. رێک فڕێیدەداتە ناو زبڵی ژێر مێزەکەیەوە. لە مێژە زۆر تاقەتی خزمانی نەماوە. باشە لەمە زیاتر چییان دەوێ؟ نەکا دەیانەوێ هەموو شتێکی ئەم نیشتمانە بکا بە قوڕگیاندا! بە هەڤاڵی ئابووریزان دەڵێ چاییەکەی بخواتەوە. بۆ خۆیشی دەکەوێتە بیرەوە. راپۆرتە نهێنییەکان دەڵێن خەڵکێکی زۆر تووڕەن، دەڵێن گەنجەکان سەری خۆیان هەڵدەگرن و دەڕۆن، دەڵێن بە وڵاتانی ناوچەدا بڵاوبوونەتەوە، بەتایبەت دراوسێی یەکەم و دووهەم. وەک بڵێی مامۆستای زانکۆ بیری خوێندبێتەوە بە دەم دوواقومی چاییەکەیەوە دەڵێ قوربان سەردەمی عەولەمەیشە، وەک ساڵان نەماوە، خەڵکی دەڕۆن، بە هەموو دونیادا بڵاودەبنەوە، تازە ئەمە زۆر درەنگ گەیشتووەتە لای ئێمە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دووسەد سێسەد ساڵ لەوە پێش هەر بە خەڵکی گەڕۆک دروستکرا، تازە لە ئەورووپاوە روویان تێکرد، سەیر نیە قوربان! ئەو وڵاتە عەزیمە، چما ئێمەیش رۆژێک وەهامان لێ بێت! فەرماندە کە ئەمەی قەت نەبیستووە بە سەرسوڕمانەوە لە مامۆستاکە دەڕوانێ. بەڵام دەستبەجێ حاڵەتی نیگای دەگۆڕێ و دەڵێ لە شاخ وانەیەکی تایبەتمان لەسەر مێژووی کۆنی جیهان هەبوو، دۆخی ئەمەریکا ترۆپکی باسەکانی بوو. مامۆستاکە وەک بڵێی گوێی لەم قسانە نەبووبێ بەردەوام دەبێ و دەڵێ قوربان لە بیرت نەچێ هەموو رۆیشتنێک گەڕانەوەیشی هەیە، نابێ پەلە بکەین، رۆیشتن بە گیرفانی خاڵی و گەڕانەوە بە دەستی پڕ.

قسەکانی کاکی ئابووریزان ماقوڵ دێنە گوێی فەرماندە. راستە خۆ ئەم نایەوێ وەک دیکتاتۆر وڵات بەڕێوەببات. دیکتاتۆرەکان هەتا دەتوانن ژمارەی سنوورەکان زیاتر دەکەن و بارستاییان زیاتر، بۆیە ئەم دەبێ بە پێچەوانەی ئەوانەوە هەتا دەتوانێ سنوورەکان لاببات، جا بە هەر شێوەیەک پێی دەکرێ. جا داخۆ هەر لە سەرەتایشەوە هەر ئەمەی نەکرد؟ سەردانی دوو وەفدەکەی دراوسێکان دێتەوە یادی کە بێ ئەوەی هەڤاڵان بەخۆیان بزانن هاتنە بەر بارەگاکانیان. هیچیش رووی نەدا. نە ئەمان دەسەڵاتیان رووخا و نە ئەوانیش بوون بە خاوەنی هەموو شتێکی ئەم نیشتمانە. لەبەر خۆیەوە دەڵێ دەبینە نموونەیەکی یەکجار دەگمەن لە هەموو جیهاندا، ئەوەندە کە خەڵکی پسپۆڕ بنێرن بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەمان لەسەر بکەن و لێمانەوە فێربن.

مامۆستاکە لە کاتی رۆیشتندا وەک دوواقسەی دەڵی قوربان نەکا باوەڕ بەم قسانە بکەی کە هاوردەکردنی پارەی زۆر بۆ ناو بازاڕ خراپە و دەبێتە هۆکاری هەڵاوسان، گوێ لەم جۆرە کەسانە مەگرە!

فەرماندە نازانێ لەسەدا چەندەی هاووڵاتیان موچەخۆرن، بەڵام دەزانێ لیستەیەکی یەکجار دوورو درێژ لە لای هەڤاڵانە. لە سنوورەکانەوە هەموو شتێک دێت و بە هۆی پارەی زۆرەوە هەر هەموویشی بازاڕی خۆیان هەیە. بگرە هەندێ لەو کاڵایانەیش بۆ ئەم لاولا قاچاخ دەکرێنەوە. نیشتمان بووەتە بازاڕێکی بەرەخۆر. لە سەدا نەوەدی حەشیمەتی وڵات لە چەند شاری گەورە و هەندێ شاری بچووکتردا کۆکراونەتەوە. جادە و کۆڵان بەرناکەوێ. تڕۆمبیل و مرۆڤ رێگا بە یەکتر دەگرن. هەوا هەتا دێت پیستر دەبێ. فەرماندە لە بەر پەنجەرەکەیەوە توێژاڵێک لە هەوای پیس و رەش و دووکەڵاوی بەسەر شارەوە دەبینێ. سەرۆک پۆلیس باس لە زیادبوونی کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەکا. شەڕ و جوێنفرۆشی و دەمپیسی. پۆلیس باس لە زیادبوونی کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەکا. خیانەتکردن و تەڵاق لە برەودان. هەروەها دەستدرێژیش. کووشتنی ژنان و کچانیش زیادی کردووە. کە ئێوارانی جومعەیش دێت، سەیرانگاکان لەبەر زۆریی حەشیمەت جمەیان دێت. بتڵی بیرە و ئارەق و ویسکی سروشتیان پیسکردووە. جەماعەتی هەڵپەڕکێ لە هەموو شوێنێکەوە هەڵبەز و دابەزیانە. فەرماندە هەرچی دەکا دیمەنەکەی بۆ سەریەک ناخرێتەوە. بیردەکاتەوە ئاخر چۆن چۆنی دەکرێ ئەم هەموو شتە دژبەیەکە لەگەڵ یەک بەم شێوازە بژین. جاری وایە دەگاتە ئەو بڕوایەی کە راپۆرتەکان هەر هەموویان درۆن، ساختەن. بیردەکاتەوە لە دەرەوە لە راستیدا شتێکی تر لە ئارادایە کە لە چاوی ئەو ونە. خۆ ناشکرێ سوار سەیارەکەی بێت و بچێ بۆ ناو خەڵک و بۆخۆی راستەخۆ لێیان بپرسێ چ باسە. تازە کردیشی، مەگەر دەتوانێ چەند کەس ببینێ. تازە مەگەر دیکتاتۆر نەیکرد؟ لە بیری دێ تەلەفزیۆنەکان پیشانیان دەدا، هەر خولەنەخولە خۆی بە ماڵێک یاخود گەڕەکێکدا دەکرد. دەی عاقیبەتی چی بوو؟ هیچ، قوڕی بەسەرداکراو و تەواو. نا، کەواتە ئەم نابێ وەها بکا.

بۆیە چۆک دادەدا و بە خۆی دەڵێ چاری نیە و دەبێ ئەوەی هەیە وەک خۆی وەریبگرێ. هەتا رۆژێ راپۆرتێکی سەیروسەمەرە دەگاتە دەستی. هەڤاڵان باس لە گەشە و بڵاوبوونەوەی حیزبێکی نوێ دەکەن کە ئایینی کردووە بە ئایدیۆلۆژیای خۆی و باس لە بەڕێوەبردنی نیشتمان بە گوێرەی یاسای خودا دەکەن. هەڤاڵان دەڵێن زۆرن و گەر فریای خۆیان نەکەون ئەوا گڵۆڵەیان دەکەوێتە لێژی. فەرماندە کە یەکجار تووڕەیە، دەلی دەی وەک ئەوانی تریان لێبکەن، خۆ زۆر زەحمەت نیە، تازە ئەمانە ساوان و بێ ئەزموون. بەڵام کێشەکە رێک لێرەدا بوو کە ئەوان نوێ بوون. لەسەر شتێکیش دامەزرابوون کە فەرماندە زۆر جار لای وابوو تایبەتمەندییەکی ژیانی ناو ماڵە و تەواو. گوتیان خەڵکیان زۆر لەگەڵە. تازە لە وەزارەتی ناوخۆیش ئیزنی هەڵسوڕانی یاساییان وەرگرتبوو. لە هەمووی خراپتر وتیان پچەپچیشیان لەگەڵ دراوسێی یەکەم و دووهەم هەیە. بەمە فەرماندە داچڵەکا. بە ئەزموونی شاخ دەیزانی کاتێک دراوسێ یاخود دوو دراوسێ لە پشتت بن ئیتر بۆ ئەوەی وا جڵەوی دەسەڵاتی بەدەستەوەیە دەبێتە کێشەی جیددی. لێرەدا بیری وشەی عەولەمەی هەڤاڵان کەوتەوە. دیسان بە ئەزموونی خۆی دەیزانی بۆ ئەوەی وەها حیزبێک دەستەمۆ بکا دەبێ پێش لەهەر شتێک لەگەڵ دراوسێکانی بسازێ و ئەمەیش بە مانای زۆر شتی تر بوو. فەرماندە بن باڵی کەوتە خورین. خوراندی. بەڵام خورینەکە تەواونەدەبوو و گەییە پشت و ژێر ناوکیشی. دوو هەڤاڵ یارمەتیان دا. کە لێبووەوە ئەمری دەرکرد بە زووترین کات ئیجازەی یاسایی ئەو حیزبە نوێیە جارێکە بسڕنەوە تا ئەم بۆ خۆی لەگەڵیان دانیشتنی دەبێ.

ئەو رۆژەی وەفدی حیزبە تازەکە هاتن رۆژێکی کۆتایی پاییز بوو. فەرماندە لێیان وردبووەوە. پێنج پیاوی ریشن بوون لەگەڵ ژنێکی محەجەبە. ئەمەی بەلاوە ئەنتیکە بوو. هاتەوە بیری لە ناو ئەماندا هێشتا هیچ ژنێک لە سەرکردایەتیدا نەبووە،... قەت قەت. ئەوەی کە ئەوەتەی هەبوون کۆمەڵێک پیاوی تووڕە بوون بە چەکەکانیانەوە. فەرماندە کەمێک تەریق دەبێتەوە. وادیارە خەڵکی بیر لە زۆر شتی تر دەکەنەوە. تەوقەیان لەگەڵ دەکا. بەسەرسوڕمانەوە دەبینێ وەفدەکە لە شێوەی قسەکردنیاندا زۆر لە دراوسێی یەکەم دەکەن. یەکیان کە زیاتر لە دەمڕاستیان دەچێ و پیاوێکی تەمەن مامناوەندییە باس لە فرەچەشنی دەکا، باس لە ئازادی و دیمۆکراسی، هەروەها باس لەوەی ئەم نیشتمانە نیشتمانێکی باوەڕدارە و ناکرێ باوەڕی زۆرینەی خەڵک لە بەڕێوەری وڵاتدا رەچاونەکرێ، ئەوەیکە ئەوەی وا باوەڕی بەو دونیا نەبێ ناتوانێ بە جوانی ئەم دونیایش رێکبخات. فەرماندە بە وردی گوێیان لێدەگرێ. ئەم قسانەی بەجۆرێک لەوە پێش بیستبوو، بەڵام هەمیشە لای وابوو ئەمە قسەی وڵاتانی تر و شوێنانی ترە و یەکجار لێرە دوورە. نا، باوەڕی نەدەکرد. جگە لەمە یەکەمجار بوو لە ژیانیدا بۆ قسەکردن مابووەوە. نەیدەزانی لە کوێوە دەست پێبکا. یەکێک لە هەڤاڵان هات و بە گوێیدا چپاندی کە قوربان بە چ ناوێکەوە ئیجازەکەیان لێ وەربگرینەوە. فەرماندە ناوچاوی تاڵکردو و بەدەست لە خۆی دووری خستەوە. ئیلهامێک پێی دەگوت نا بە هیچ کلۆجێک ناتوانێ ئیجازەکەیان لی بستێنێتەوە. بەم ئیشە تەنیا دۆخی خۆی خراپتر دەکرد. فەرماندە کە بەپێچەوانەی حیزبەکانی تر ئەمانی بە شەخسی نەدەناسی بە بزەیەکەوە گوتی جا پێش ئەوەی ئەم رای خۆی دەرببڕێ وا باشە هەڤاڵانی میوان خۆیان بە وردی بناسێنن. بەمە جەوەکە کرایەوە. زۆربەی میوانەکان خەڵکی باشوری نیشتمان بوون. خوێندەواری باڵایشیان هەبوو، بەو ژنەیشەوە وا لەگەڵیان بوو. کاتی خۆی چەندین کەس لە بنەماڵەکایشیان لە لایەن دیکتاتۆرەوە یان کوژرابوو یان بێ سەرەوشوێن. دەڵێن کە شەهیدەکانیان هەر ئەو کاتیش خەریکی دامەزراندنی ئەم حیزبەی ئەوان بوونە. فەرماندە دەپەشۆکێ. شتی وا چۆن دەبێ. یەعنی لە ترۆپکی توانای خۆی و هەڤاڵان لە شاخ ئاگای لەم بەزمە نەبووە! ئەوسا میوانەکان باس لە ئەخلاق دەکەن. ئەوەیکە بەداخەوە لە دووای راپەڕین رەسەنایەتی نیشتمان خەلەلی تێکەوتووە و بە یاری خوا و بە گەڕانەوە بۆ نەریتە جوانەکان کە زۆربەیان رەگیان لە ئاییندا هەیە دەتوانرێ چاک بکرێنەوە. ئەوان رخنەیەکی زۆریشیان لە سەردەمی پارە هەیە. بە ناوی پارە فەرماندە دەگەشێتەوە. وەک بڵێی بە شتێک گەیشتبێ.

کاتێک میوانەکان دەڕۆن بە هەڤاڵان دەڵێ پێویست ناکا ئیجازەکەیان لێ وەربگرنەوە، با ئەوانیش هەبن، بەڵام لە بیرتیان بێت پارە بکەن بە قوڕگیاندا.

فەرماندە بیردەکاتەوە سەردەمی شاخ هەموو شتێک زۆر ئاسانتر بوو، راستە دۆخێکی دژوار و ناسەقامگیربوو، بەڵام هەموو شتێک بە سەر دوو بەرەدا دابەشکرابوو: ئەمان و دیکتاتۆر؛ کەچی ئیستا دەڵێی نەک تەنیا هیچ بەرەیەک نەماوە بەڵکو هەموو شتێک تێک ترینجاوە. ئاگات لەخۆت نەبێ لە بن پێتەوە دەڕوێن. باشە ئەمان چییان بوو کە خەڵکی بیریان لە دروستکردنی حیزبی تر دەکردەوە؟ مەگەر بەقەدەر هەموو مێژوو قوربانیان نەدابوو؟ نا، گوویان خوارد گوو! پێیان وایە هەر ئاوا دەتوانن خۆیانی پیابکەن و بڵێن ئیتر نۆرەی ئێمەیە؟ گەواد لە سەر ئیسفاڵت دەیکا و لای وایە بەقەدەر من مافی هەیە!... دەزانم سەرتان لە چ کونێکەوە دەرهێناوە،... دەزانم!

رۆژێک کە لە ژووری کارەکەی خەریکی بە تەلەفۆن قسەکردن لەگەڵ بەشی عەسکەرییە هەڤاڵێک خۆی بە ژوورەوەدا دەکا. هەستدەکا لە پشت دەرگاکە کەسێکی تر راوەستاوە. هەڤاڵەکە پەشۆکاوە. قسەیەک لە زاریدا ماوەتەوە. وەک بڵێی نازانێ لە کوێوە دەست پێبکا. فەرماندە بە چاوە پڕ لە پرسیارەکانی لێی دەپرسێ چ باسە لەگەڵ ئەوەی لەناو گووشییەکەوە کەسێک بەردەوام لەوبەرەوە قسەدەکا. سەرئەنجام وشەکان دێنەدەرەوە. قوربان خێزانت،... خێزانت خاتوون مردووە! فەماندە بۆ ماوەیەک رادەمێنێ. هیچ ناڵێ. بێدەنگ. ئەوسا بەبێ ئەوەی هیچی تر بڵێ گووشییەکە دادەنێ. مرد؟... چۆن مرد؟ قوربان نازانم. کارەکەرەکەی هاتووە. من چەند هەڤاڵێکم نارد. ئەوسا فەرماندە رادەبێ و دەڕوا.

لەناو ژووری دانیشتنەکەخاتوون دەمەونخون کەوتووە. ناجوڵێ. دوو کوڕەکەی لەسەر قەنەفەکان دانیشتوون و دەگرین. خزمەتکارەکانی دیکە هەروا دەڕوانن. چاویان سوورە. هەڤاڵان لە فەرماندە رادەمێنن. فەرماندە ئارام لە تەرمەکە نزیک دەکەوێتەوە. لە دکتۆرتان راسپاردووە؟ قوربان بەڕێوەیە. فەرماندە دەنەوێتەوە. دەست بە لاملییەوە دەگرێ. ئاسەوارێک لە لێدانی دڵ نیە.

دکتۆر دەڵێ بە جەڵدەی دڵ مردووە.

لە گۆڕستانی سەرەکی شار ناینێژن. لە گردێکی نزیک خۆیان دەینێژن. گردێکی رووتەڵە. یەکەم مردووی گرینگی تیا دەنێژرێ. دەبێتە سەرەتای ئەوەی بیکەن بە گۆڕستانێکی تایبەت. تایبەتی ئەو هەڤاڵانەی تایبەت ژیان. ئەوانەی وا سەرترۆپک بوون. فەرماندە رازییە، ئێرە دەبێتە نیشانەیەکی بەرزی تری ئەم نیشتمانە. بیردەکاتەوە رۆژێک، کە ئەوەندە دووریش نیە، هەموو کەس لە جیهانەوە دێن بۆ سەردانی. بۆیە داوادەکا مۆنۆمێنتێکی تایبەتیش لەسەر هەڤاڵە کۆچکردووەکان بنووسرێ. رێک وەک کێلێکی بان سەر. سێ رۆژ نیشتمان دەکرێ بە پشوو. بۆ رێزگرتن لە شەهیدێک کە تەواوی تەمەنی خۆی لەو کاتەوە شووی بە فەرماندە کردبوو لە خزمەتی نیشتماندا ببوو. هەرچەند قەت راستەوخۆ هیچ چەشنە ئەرکێکی نەبوو. بەڵام نزیکترین کەسی فەرماندە بوو. رێک لە رێگای خزمەت بە فەرماندەوە. چی لەمەیش پیرۆزتر. هەنگاو بە هەنگاو لە شاخ و لە دووای راپەڕینیش. هەرچەند زۆریشی نەدەبینی. خزمەتێکی ناڕاستەوخۆ، بەڵام لە هەمان کاتدا راستەوخۆترین خزمەت. بەتایبەت لە دووای راپەڕینەوە. خاتوون زیاتر لە پەنجا ساڵ تەمەنی بوو. قەت خۆی جوان نەدەکرد. وەها دەردەکەوت سروشت پێی بەخشیبوو. وەک بڵێی دەیەویست بڵێ جا بۆ کێ خۆم جوان بکەم! فەرماندە چەندە بە نیشتمانەوە سەرقاڵ بوو ئەویش هەر ئەوەندە بە ماڵ و حالی خۆیەوە. قەتیش لەسەر هیچ قسەوباسێکی سیاسی هەڵینەدا. یەعنی نە دەرفەتی درا و نە بۆخۆیشی ویستی. راستە مێردەکەی لەم بەر بوو و دیکتاتۆریش لەوبەر، بەڵام لەناو ئەم هەموو وردە رووداوەدا سەریەکهێنانەوەی سەرەداوەکانیان لەلای گەلێک دژواربوو. بێدەنگ مێردەکەی بۆ هەر شوێنێک پەلکێشی کردبا دەڕۆیشت. ژنی مێردان ماڵی لەبن بەردان! باوەڕی تەواوی بەوە هەبوو ناوماڵی هەتا دەگەیشتە دیوارەکان هی ئەو بوو و، لەوە بەدووا بە بەرینایی نیشتمان و دونیایش هی فەرماندە و هەڤاڵان.

فەرماندە کە خواستی، ئەم بە ئەمری باوکی شووی پێکرد. نە لێیان پرسی و نە ئەمیش گوتی باشە یان نا. قەدەری خۆی قبوڵکرد، هەرچەند هەموو دەستە خوشکەکانی بەخیلییان پێدەبرد. درەنگیش منداڵی بوو. لە چلەکانی تەمەنیدا بوو. خاوەنی دوو کوڕ. کە منداڵەکانیشی لەدایکبوون ئەوەندەی تر باوەڕی بەوە هێنا سەرەکیترین ئەرکی ئەو هەر لە چوارچێوەی ماڵدایە. خاتوون گەلێک شەوی بە تەنیایی بەسەربردبوو. کاری ناو ماڵ و نوقم بوون لە خەیاڵاتدا دوو بواری سەرەکیی ژیانی ئەو بوون.

فەرماندە زۆری نەدەدواند. کە دەهاتەوە ئەوەی پیاوێک دەبێ بیکا، دەیکرد و ئەوەندەی پێنەدەچوو بزردەبووەوە. هەمیشە یەک دوو بنەمالە هەبوون کە رایاندەسپاردن ئاگایان لێی بێت. خاتوون جاری وابوو هەستیدەکرد سەری بەقەدەر کێوێک دەماسی. ئەوەندەی بیردەکردەوە نەبێتەوە. لەچی؟ ئیستا کە بیری لێدەکاتەوە، نەدەهاتەوە بیری. بیرە بێسوودەکان. جاری وابوو بۆخۆیشی نەیدەزانی بۆ شووی کردووە، یاخود پیاوەکەی بۆ ژنی هێناوە. داخۆ تەنیا لەبەر ئەوە شووی کردبوو چونکە هەموو کچێک سەرئەنجام دەبێ رۆژێک مێردبکا و مالە باوک جێ بێڵێ! گەر قەرار رۆیشتن بێت ئەو زۆر رۆیشتبوو. رەنگە بەقەدەر هەموو ژنانی نیشتمان. ئەوەندە زۆر کە سەروبنی بۆ یەک نایەتەوە.

شتێک لە دەروونەوە پێی دەگوت هەر تەنیا ئەم ژنی فەرماندە نیە. ئەو بە غەریزەی خۆی عادەتی پیاوانی دەناسی. دەیانتوانی بە بێ ئەوەی کەسێکیان خۆش بووێت لەگەڵی جووت بن. دەیزانی مێردەکەی بە جۆرێک دڵی لەلایەتی. دیارە رەنگە تەنیا بەو هۆکارە کە ئەم ژنی بوو. جیابوونەوەیش قەت لە ئارادانەبوو. هە،... شتی وا چۆن دەبێ! دەیزانی دەبێ جەستەی خۆی هەتا کۆتایی رابکێشێ.

زۆر جار بیری لەوە کردبووەوە گەر هاتوو مێردەکەی رۆژێک لە رۆژان شتێکی بەسەربێ، خوانەخواستە بکوژرێ یان بێ سەرەوشوێن، ئەوا چارەنووسی ئەم چی بەسەردێت. داخۆ دەگەڕێتەوە بۆ ماڵی باوکی و بۆ لای کەسوکاری،... یان. لە دڵەوە دەزانێ شتی وا نابێ. دیکتاتۆر لێی ناگەڕێ. کەواتە ئەمیش بەقەدەر مێردەکەی گیرۆدەی ئەم شاخانەیە.

لە رۆژی ناشتنەکەی، گردەکە پڕی پیاوە چاویلکە رەشە لە چاوەکان بوو. هەموویان بێدەنگ بوون. کەس نەیدەزانی لە پشت چاوەکان چ جۆرە نیگایەک خۆی حەشارداوە، بەڵام بێدەنگیی جەستەکان لانیکەم باسیان لە خەمێک دەکرد. خەمێک کە زۆرتر ئاراستەی فەرماندە بوو. کوڕەکانی چیتر گریانیان پێ نەمابوو. سڕ لە تەنیشت باوکیان راوەستابوون. رەنگە جەو گرتبوونی. جۆرێک لە مەزنی لە هەوادا دەهات و دەچوو. شتێک کە گریانی دەڕەواندەوە. وەک بڵێی بۆ یەکەم جار بوو دەیانزانی کوڕی کێن و چین. بە باڵای کشاو و روخساری منداڵانەیانەوە هیچ چەشنەجووڵەیەک و هیچ شتێکیان لە چاو وننەدەبوو.

بنەماڵەکەی خاتوونیش هاتبوون. دایکی پیر و بە لەقەلەق. لە بەشێکی جیاواز دوورتر لەوانی تر راوەستابوون. زۆربەیان بە عابای رەشەوە. فەرماندە ماوەیەک لێیان راما. ئەوانەی وا تەنیا خزم بوون و ئەم بەجوانی نەیدەناسین. خوێنی ئەوانیش لە کوڕەکانیدا دەهات و دەچوو. بۆنی ئەوانیشیان دەدا. بەڵام کەچی؟ فەرماندە هیچ نوتقێکی نەدا. یەکێک لە هەڤاڵان ئەم ئەرکەی لەئەستۆگرت و لە گوتارێکی حیماسیدا باسی رۆژانی شاخی کرد. شێرەژن و دایکی نیشتمان ئەو دوو وشە سەرەکییە بوون وا زیاتر لە هەرشتێکی تر لە گوتارەکەیدا دەبیستران.

بۆ بەیانی نیشتمان پڕ کرا لە وێنەی دایکی نیشتمان. رۆژنامەکان بەشێوەی تایبەت لەسەریان نووسی. لەگەڵ ئەوەی هیچ وێنەیەکی تایبەت نەبوو تا فەرماندە و خاتوون لە تەنیشت یەکتردا پیشان بدات، بەڵام هەموو شتێک ئاماژە بەوە بوو بەوەی ئەم ژنە چ کۆڵەکەیەکی گرینگی ژیانی فەرماندە بووە و چلۆن لە رۆژە رەشەکاندا وەک هەتاو ژیانی گرینگترین کەسی نیشتمانی رووناک کردووەتەوە و، شان بە شانی ئەو لە دژی دیکتاتۆر راوەستاوە.

رۆژەکانی داهاتوو فەرماندە زۆر بەدەماغ نەبوو. بیری مەشغوڵ بوو. بیری لە ژنەکەی دەکردەوە، ئەوەیکە چۆن ئەو رۆژانە و ئەو ساڵانە تێپەڕین و خاتوون لە کوێی ژیانی ئەودا راوەستابوو. ئەو ئاگای لە وڵاتانی تر بوو. ئەوەیکە چلۆن ژنی سەرۆکەکان لەگەڵیان دەهاتن و دەچوون و بە موناسبە و بێ موناسبە خۆیان دەردەخست. ئەو ژنانەی دەیانتوانی بدوێن و نوتق بدەن و خەڵکی چەپڵەیان بۆ لێبدەن و دروشمیان بۆ بڵێنەوە. باشە بۆ ئەم ئەم کارەی نەکردبوو؟ سەری رادەوەشێنێ و بزەیەکی تاڵ لێوەکانی دەنەخشێنێ. نا، هەموو شتێک ئاماژەیە بەوەی ئەم بۆخۆیەتی و بۆیە هەرلەخۆوە باڵای بەقەد باڵای نیشتمان هەڵنەکشابوو. دەستێک، قەدەرێک هەر لە سەرەتاوە ئەمەی بەم شێوەیە دیاریکردبوو.

لەجیاتی وێنەی خاتوون، رۆژنامەکان پڕی وێنەی فەرماندە و کوڕەکانیەتی. دوو کوڕ وەک بەرهەمی شێرەژنی نیشتمان،... دوو کوڕ کە رێگای ئەوانیش وەک رێگای باوکیان روون و گەشە. ئەوسا چیرۆکە سەیروسەمەرەکانی سەردەمی شاخ. بۆ وێنە کاتێک خاتوون لە گوندێک لە لایەن دوژمنەوە دەور دەدرێ و دوژمن بە تەمای دۆزینەوە بست بە بستی گوندەکە دەپشکنن. بەڵام خاتوون ئازایانە ژنی یەکەم نیشتمان و سەرۆکەکانی داهاتوو دەپارێزێ و لووتی دوژمن لە عەرز دەدا. خاتوون لە کادانێکی تەژی لە کا تەلیسێک بەسەر خۆی و منداڵەکانیدا دەدا و شەو و رۆژێک بە بێ جووڵە دەمێنێتەوە. دوژمن سەرەڕای ئەوەی ئەوێیش دەپشکنن، بەڵام نایدۆزنەوە. رۆژنامەکان ئەمەیش وەک بڕیاری خودای گەورە لێکدەدەنەوە، ئەوەیکە خودایش لەگەڵ نیشتمانە. بەڵام خودا یارمەتی کەسێک دەدا کە دڵی وەک دڵی دایکی نیشتمانی هەبێ. ئەوسا نیوەشەوێک بە خۆی و کوڕەکانییەوە لە گوند کە هیشتاکە لەدەستی دوژمندایە، دەردەکەوێ و خۆی دەگەیەنێتەوە هەڤاڵان.

سی و پێنج ساڵ ژنی بووە. سی و پێنج ساڵ! چ ساڵانێکی دوورودرێژ و بەڵام لەهەمان کاتدا کورت. رابردوو هەمیشە وەک چرکەیەک دێتەوە یاد. چرکەیەک پڕ لە بیرەوەری. بیرەوەرییەکان ئەوەندە پێکەوە لکاون کە هیچ زەمەنێکیان نێوان ناکەوێ. تەواو پێکەوە گرێدراون. ئەسڵەن هەموویان لە ناو هەمان یەک چرکەدان. تەنیا خەیاڵ جیایان دەکاتەوە، ئەویش وەک رووداو ئەگینا هەموویان پێکەوە دەژین.

داخۆ پەشیمانە لەوەی زۆری نەدەدواند،... لەوەی کاتێک قسەی لەگەڵ دەکرد زۆربەی کات لە دیوار و سەقف و لە شتەکانی تری دەڕوانی؟... داخۆ مافی ئەوەی هەبوو ئەم چارەنووسەی بەسەردا بسەپێنێ؟ بۆ خۆیشی نازانێ. ئەوسا دەگاتە ئە رایەی ئەی بۆ نا، مەگەر قەرار نیە هەموو پێکەوە لە پشت سەری فەرماندە بن؟

فەرماندە مندالەکانیشی زۆر نەدەدواند. پێوەندییەکە هەمیشە رەسمی بوو. لە دەروونەوە دڵی دێشێ،... ژاندەکا. روخساری دەگووشێ. رەنگە ئەمە لۆژیکی ژیانی ئێمە بێت. بەشێک لەوەی وا کەسەکان دەگەیەنێتە ئەوەی لەگەڵ کەسێکی یەکجار گرینگ کە بەتەواوی جیاوازە لە مرۆڤەکانی تر، سەروکاریان هەیە. ئەو تەنانەت لە دووای راپەڕینیش لەگەڵ ژنەکەی لە ماڵێکدا نەدەژیا و لە ژوورێکدا نەدەنووست. ئەو وەک خوا تەنیا بوو، بەڵام وەک خوایش ئاگای لە هەموو شتێک بوو. تەنیاییەکی پڕ لە رووداوەکانی نیشتمان.

چەند رۆژ لە دووای مەرگی خاتوون، کورەکانی راگواست بۆ بیناکەی خۆی و لە دوو سێتی کۆتایی راڕەوەکەدا نیشتەجێی کردن. زانی دەبێ ئیتر بەرەبەرە بۆ داهاتووی دووای خۆی ئامادەیان بکا. چەند کەسیشی راسپارد خزمەتیان بکەن. هێشتا کار زۆر مابوو. نا، ناکرێ خۆی ئەوەندە بداتە دەست خەیاڵات. کەچی؟

بۆ سبەی ئیشتیای راو دەیگرێتەوە. دیسان لەگەڵ هەڤاڵان لە بێ ئەژمار تڕۆمبیلی سەیروسەمەردا وەڕێدەکەونەوە. کاتێک لەناو شارەوە تێدەپەڕن، دیسان کەس نازانێ فەرماندە لە کامە سەیارەی جام رەشدایە و داخۆ لە پێشەوەیە، لە ناوەراست یاخود لە دوواوەدا. ئاسکە دەشتەکییەکانیش چاوەروانیان. باشوکێکیشیان پێیە بۆ راوی کەروێشک و پۆڕ. لە کاتی خەمە گەورەکان و بێتاقەتییەکاندا هیچ شتێک بەقەدەر راوکردن خۆش نیە. خەم رەوێنە. هەستدەکەی تەنیا سروشت نیە نزیکترین کەسەکانت لێ دەستێنێ. تۆیش دەتوانی هەمان بەڵا بەسەر سروشتدا بێنیتەوە. ژیان لەم دان و ئەستاندنەدایە رەوڕەوەی خۆی وەردەگرێ. ئەیچۆن!

درێژەی هەیە...

 

گەڕان بۆ بابەت