هاوڕێ یوسفی
چین، هێند و ئێران کە دەستێکی باڵا و پلەیەکی بەرزیان هەیە لە ڕوانان و بەهەدەردانی مێشکەکان و دەرپەڕاندنیاندا، بۆ پڕکردنەوەی کەڵێنە جۆربەجۆرەکانیان هەوڵ دەدەن لە وڵاتانی جۆراوجۆرەوە نوخبەکانیان بگەڕێننەوە، بە تایبەت ئەوانەی لە وڵاتی ئەمریکان.
"ساڵنامەی کۆچبەریی ئێران" یان کۆلانەوەی کۆنەبرینی "هەڵاتنی مێشکەکان" لە ئێران
هاوڕێ یوسفی
یەکەم ساڵنامەی کۆچبەریی ئێران بە ئامادە بوونی "سورنا سەتاری" جێگری زانستی و تەکنۆلۆژیا، "مەحموود فتووحی" سەرۆکی زانکۆی سەنعەتیی شەریف، "بەهرام سەڵەواتی" بەڕێوەبەری "ڕەسەدخانەی کۆچبەریی ئێران"، کە لە بەهاری ساڵی 1398دا دامەزرا و وەک یەکەم بەرهەم و دەرەنجامی ئەو دەزگایە، ڕۆژی 7ی گەلاوێژی 1399 (28ی ژووئیەی 2020) پەرەدەی لەسەر لادرا و بە شێوەیەکی فەرمی بڵاوکرایەوە.
مەبەست لە بڵاوکردنەوەی ئەم ساڵنامەیە خستنەڕووی دوایین ئامارە کۆچبەرییە نەتەوەیی و نێونەتەوەییەکانە و بڕیارە نوخسەی ئینگلیزی ئەو ساڵنامەیە بە زوویی ئامادە بکرێت و بخرێتە بەردەستی خوێنەرانەوە. ئەو ساڵنامەیە بە پشتیوانیی جێگری زانست و تەکنۆلۆژیای سەرۆککۆمار و هاوکاریی "ناوەندی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی زانست و تەکنۆلۆژیا "و هەروەها لە ڕێگەی ئالیکاری و هاوکاریی گرووپێکی فرەچەشنی توێژەران، کارگێڕان و چالاکانی بواری کۆچبەریی نێونەتەوەیی لە ژێر چاودێریی "ڕەسەدخانەی کۆچبەریی ئێران"دا گەڵاڵە کراوە و بڕیارە دواتر بە شێوەیەکی بەردەوام و ساڵ بە ساڵ تازە بکرێتەوە.
"پەرویز کەرەمی" ڕاوێژکاری زانست و تەکنۆلۆژیای سەرۆککۆماریی ئێران سەبارەت بەم ساڵنامەیە دەڵێت: "جێگەی خۆیەتی ئەم کارە بە هەنگاوێکی بایخدارانە بزانین بۆ ئەوەی ئێرانی بردۆتە ڕیزی هەموو ئەو وڵاتانەوە کە بە شێوەیەکی سیستماتیک کاریان کردووە لەسەر بڵاوکردنەوەی داتاکانی کۆچبەری. زانیارییەکانی ئەو ساڵنامەیە بوارە جۆراوجۆرەکانی کۆچبەری دەگرێتەوە کە لە کۆمەڵێک چاپتەری جۆربەجۆردا و لە ڕێگەی خستنەڕووی هەندێک زانیاریی وردەوە پەرژاونەتە سەری. [ئەوەی کەوتوونەتە دوو توێی ئەم ساڵنامەیەوە] ئامارگەلێکی وەک حەشیمەتی ئێرانییەکانی دەرەوەی وڵات، جێگۆڕکێ خوێندکارییەکان، کۆچبەری بە مەبەستی کار، زانیارییەکان لەمەڕ کۆچبەرتییە ناچاریی_ پەنابەرانەکان بەپێی سەرچاوەکانی ناوخۆ و ڕاپۆرتەکانی سەرچاوە نێونەتەوەییەکان بۆ بەرپرسانی کارگێڕی و توێژەرانی تێدایە".
"کەرەمی" بەڵاوکردنەوەی ئەم ساڵنامەیە بە هەوڵێکی جیدی دەزانێت بۆ ڕاکێشانی سەرنجی جیدیتری ناوەند و دامودەزگا نێونەتەوەییەکان بۆ پرسی کۆچبەری لە ئێران وەک وڵاتێک لە حاڵی پەرەسەندندایە و لە لایەکەوە پێیوایە هەنگاوێکی گرینگە بۆ داڕشتنی سیاسەت و بەڕێوەبردنی ئامانجداری کۆچبەرییە نێونەتەوەییەکان و لە لایەکیترەوە لە درێژەی پەیماننامەی جیهانیی "کۆچبەرییە ئەمین و سیستماتیکەکان" وا دەکات کە ڕێکخراوەکان و نەهادە نێودەوڵەتییەکان، لەوانە ڕێکخراوی نێونەتەوەیی کۆچبەری، بواری پێشکەشکردنی هەرچی زیاتری پشتیوانییە دارایی و مەعنەوییەکان لە ئێراندا فەراهم بکات.
ئێمە لەم ڕاپۆرتەدا پتر جەخت دەکەینەوە لەسەر پرسی ڕاونان و هەڵاتنی مێشکەکان لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، بە پانی ناچینە سەر پرسی کۆچبەر لە هەموو ڕەهەندەکانیدا. هەرچەندە ئەو ساڵنامەیە هەوڵیداوە هەموو ئەوە بوارانە بگرێتە خۆی و ڕێژەکانیان لەو شتەی کە بۆ خیان ناوی دەنێن "نەوەسانی ئامارەکان" دەربازی بکەن و نەزم ونەسەقێکێکی پیبدەن.
پاش ڕاپەڕینی گەلانی ئێران پرسی هەڵاتنی مێشکەکان بە بەردەوامی لە ئارادایە و لێرەولەوێ قسەی زۆری لەسەر کراوە و زۆریشیان بە تەواوەتی ئەو پرسە ڕەت ناکەنەوە و تەنانەت دانی پێدا دەنێن و ڕێگرە یاساییەکانیشی دەسنیشان دەکەن. بۆ نموونە، دوکتۆر "عەباس عەلایی نۆوین" دەڵێت: "ئێمە دان بەوەدا دەنێین کە هەندێک لە یاساکانی ئێمە پێوستە هەموار بکرێن بەڵام خوێندکارەکانیش دەبێت بۆخۆیشیان بواری گونجاو بۆ چالاکیی زیاتر لە کۆمەڵگادا خۆش بکەن و ڕووبەڕووی کێشە و گرفتەکان ببنەوە...".
"باقر لاریجانی" جێگری پێشووی پەروەردەی و وەزارەتی تەندرووستیی دەرمان و پەروەردەی پزیشکی و هەروەها سەرۆکی یازدەهەمین ئۆلەمپیادی زانستیی خوێندکارانی زانستە پزیشکییەکانی وڵات لە ڕێگەی ئاماژەدان بەوەی کە وڵاتی ئێران پلەی دووهەمی هەڵاتنی مێشکەکانی هەیە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە: "ساڵانە دەوری 150 تا 180 هەزار پسپۆڕی خوێندەوار کۆچ دەکەن و پێویستە بەرنامەیەکی جیدی دابڕێژرێت بۆ بەکارهێنانی ئەو توانستانە لە ناوخۆی وڵاتدا."
هەر لە درێژەی ئەم باسە و بەپێی ئامارێک کە بۆ ماوەی 18 ساڵ، واتە لە 1378 یا ساڵی 1396ی هەتاوی، لە سەدا 2ی کۆی خوێندکارانی ئێران چوونەتە دەرەوەی ئێران و وڵاتیان بەجێهیشتووە و تا ساڵی 2016 پتر لە 50 هەزار خوێندکار لە دەرەوەی وڵاتدا سەرقاڵن بە کار و خوێندنەوەوە.
لەو پێوەندییەدا زۆرجاران باسی ئەوە کراوە کە وڵاتی ئێران لە ڕووی پلەی زانست و هێزی پسپۆڕی و خوێندەوارەوە لە ڕیزی یەکەمی وڵتاندایە و خاوەن پلەی یەکەمە. ئەوەی ڕاستی بێت سەرچاوەی سەرەکی هاندانی بەرپرسان و کاربەدەستانی دەوڵەت بۆ دیاریکردنی ڕێژەی بڕواپێکراوی کۆچبەریی، دەگەڕێتەوە بۆ دوو شۆکی ئاماریی گەورە کە ناچاری کردن هەوڵ بدەن بەپێی داتاکان و توێژینەوەی مەیدانی ئەو دوو شۆکە یان وەک خۆیان دەڵێن :درۆی گەورە: وەدرۆ بخەنەوە و قورسایی ئەو بارە قورس و گرانە لەسەر شانی خۆیان کەم بکەنەوە و لەوەی کە هەیە لێڵتر نەبێت.
ئەوەی ڕاستی بێت ئایدیای فەراهەمکردن و ئامادەکردنی ئەم ساڵنامەیە دەگەڕێتەوە بۆ بڵاوکردنەوەی دوو ئاماری سەرەکی لە پێوەندیدا بە پرسی هەڵاتنی مێشکەکانەوە لە ئێراندا کە بەڕاستی ئاوی کردە هێلانەی مێلوورەکانەوە و وایکرد بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامیی هەرچی زۆترە وزە و توانای خۆیان بخەنەگەڕ بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەم ئامارانە و وەدەستهێنانەوەی بڕاومەندی و ئێعتمادی خەڵک و توێژی خوێندەوار و ئاکادێمیکی ئێران.
هەڵاتنی مێشکەکان و شۆکەکانی ئامار؛ لە بانکی جیهانییەوە تا دۆیچێوێلێ
ساڵی 2009 سندووقی نێونەتەوەیی دراو لە ڕاپۆرتە ساڵانەکەی خۆیدا ڕایگەیاند کە ئێران لە ڕووی کۆچکردنی نوخبەکانییەوە، لەناو ئەو 91 وڵاتەی جیهاندا کە لە حاڵی پەرەسەندندان یان پەرەنەسەندوون، پلەی یەکەمی هەیە و پێدەچێت 300 ئەوەندەی جەنگی ئێران و عێراق زیانی بە ئابووریی ئێران گەیاندبێت. هەر وەک پێشتر ئاماژەی پێدرا، ئەو کات هەندێک لە بەرپرسانی باڵای ئێران لەوانە مەحموود ئەحمەدی نەژاد، لە میانەی یەکەم خۆولی سەرۆککۆمارییەکەیدا پرسی کۆچکردنی نوخبەکانی ڕەت کردەوە و گوتی: "هەندێک کەس بەهەڵە ناوی هەڵاتنی مێشکەکان بەکاردەهێنن. ئێمە، [لە ئێراندا] هەڵاتنی مێشکمان نییە."
ماڵپەڕی دۆیچێوێلێ لە 2/ 8/ 2019 ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە لەژێر ناوی "کۆماری ئیسلامی، هەڵاتنی مێشکەکان و ئینکارکردنی ڕاستییەکان" کە وایکرد ناوەندی پێوەندییەکان و زانیارییەکانی جێگرایەتیی زانستی و تەکنۆلۆژیای سەرۆککۆمار، وەخۆ بکەوێ و ڕاگەیاندنێک دەربکات سەبارەت بە وەدرۆخستنەوە و ناڕاستیی ئامارەکانی ماڵپەڕی دۆیچێوێلێ و تەنانەت هێندە تووڕە بوون کە هەڕەشەی ئەوەیان کرد کە ڕێوشوێنی یاسایی دەگرنە بەر سەبارەت بە ئامارەکانی دۆیچێوێلێ. بۆ نموونە، یەکێک لەو کەسانەی کە زۆر زوو لە بابەت ئەم باسە هاتەدەست و هاتەسەر خەت "سورنا سەتاری" بوو. ئەو پێیوابوو ئەمە "درۆیەکی گەورە"یە و ئەو ئامارە نادرووست و هەڵانە، زۆربەی بووچەنەکانی خەوشدار کردووە لەمەڕ ڕاستییەکانی کۆچکردنی ئێرانییەکان.
تەنانەت ئەوەندە بەو ئامارە سڵمانەوە کە "سەتاری" دەڵێت: "تەنانەت لە ڕێگەی جێگرایەتی زانستی و تەکنۆلۆژیای سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامییەوە، خەڵاتێک دیاری کرا بۆ ئەو کەسەی ئەو ڕاپۆرتەی بڵاو کردۆتەوە و ئێستایش هەر لەسەر قسەی خۆمانین. ساڵنامەی ئاماریی کۆچبەریی ئێران، بە باشی کەلێنی ڕاستییەکانی ئەو بوارە پڕ دەکاتەوە." لە ڕاستیدا، دوا ڕستەی ئەم بڕگەیە بە باشی ئەوە دەسەلمێنێت کە ئایدیا یاخود بنەما و بنەڕەتی ساڵنامەکە دەگەڕێتەوە بۆچی و بە پلەی یەکەم ڕووی دەمی لە کام بەردەنگە.
لە ڕاونان و بەهەرەدەردانی مێشکەکانەوە بۆ "وەرچەرخانی نوخبەوی"
دەوڵەت بۆ ڕەواندنەوەی ئەم پرسە کەوتۆتە هەوڵ بۆ گەڕاندنەوەی نوخبەکان. بنەڕەتی ئەم هەوڵە، لە بنەڕەتی خۆیدا ئەگەر نەڵێین ئایدیا، لانیکەم ئۆلگوو یان سەرچەشنێکی چینییە بۆ گەڕانەوەی نوخبەکان یان هەمان ئەو شتەی کە لە ئەدەبیاتی ئەم بوارەدا ناویان ناوە "وەرچەرخانی نوخبەوی".
چین، هێند و ئێران کە دەستێکی باڵا و پلەیەکی بەرزیان هەیە لە ڕوانان و بەهەدەردانی مێشکەکان و دەرپەڕاندنیاندا، بۆ پڕکردنەوەی کەڵێنە جۆربەجۆرەکانیان هەوڵ دەدەن لە وڵاتانی جۆراوجۆرەوە نوخبەکانیان بگەڕێننەوە، بە تایبەت ئەوانەی لە وڵاتی ئەمریکان.
هەڵبەت هەر لەو پێوەندەدا سەڵەواتی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئێران لە پلەی یەکەمدا نییە: "بەپێی ئاماری 2018 ئێمە [واتە وڵاتی ئێران] کەوتووینەتە پلەی 18هەمەوە. چین و هێند کەوتوونەتە پلەی یەکەمەوە." هەروەها لە شوێنێکی دیکەدا دەڵێت: "لە ساڵی 2018دا، ژمارەی خوێندکاری کۆچبەر لە ئێران 12 هەزار و 700 کەسە کە پلەی 12هەممان هەیە لە ناو خوێندکارانی بیانیی ئەمریکادا. ئێران وڵاتێکە کە ڕادەی مانەوەی [خوێندکارەکانی] لە شوێنی کۆچکردن لەچاو کۆمەڵێک وڵاتی وەک هێند و چیندا بەرزترە. لە سەدا 90ی خوێندکارە ئێرانییەکان پاش کۆتاییهاتنی خوێندنەکەیان هەر لە ئەمریکادا دەمێننەوە".
دەبێت ئەوەمان لەبەرچاو بێت کە زۆربەی چاودێران لەو باوەڕەدان کە پێدەچێت سەڵەواتی ڕاسپێردرابێت کە ئەو دۆخە ڕەشە سپی و ئەو وێنە ترسناکە کاڵ بکاتەوە. "مەحموود فتووحی" سەرۆکی زانکۆی "سەنعەتیی شەریف" هەر لە ڕۆژی پەردەلادانەکەدا باسی ئەوەی کرد کە لە ساڵی 94 تا 97 ئەندامانی وەرگیراوی لێژنەی زانستیی زانکۆ لە سەدا 70یان دانیشووی وڵات نەبوون و زۆرترین ژمارەی هی ئەوانەیە کە بەپێی پڕۆژی گەڕانەوەی زانستوانان و خاوەنکارانی ئێرانی [هەمان وەرچەرخانی نوخبەوی] بۆ وڵات بەرەو زانکۆی پیشەسازیی شەریف ڕاکێشراون.
پێویستە ئاماژەیش بەوە بکەین کە لە ساڵنامەکە خۆیدا هاتووە بەپێی ئاماری بڕواپێکراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و بانکی جیهانی (2020) 10 وڵاتی جیهان زۆرترین حەشیمەتی ئێرانیی گرتۆتە خۆی کە بریتین لە: ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، ئەمریکا، کەنەدا، ئاڵمان، ئینگلیس، تورکیا، سوێد، ئۆسترالیا و ناوچە داگیرکراوەکان (ئیسرائیل) و کوەیت. لێرەوە، ئەمریکای باکوور، ئەورووپای ڕۆژاوا و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و ئۆستۆرالیا ئەو ناوچانەن کە ئێرانییەکانی تێدا کۆبووەتەوە (ساڵنامە ١٣٩٩، ٣٢).
هەروەها هاتووە کە بەپێی دوایین ئامارە بەردەستەکان لە ساڵی 2018ی زاینیدا، ئەو ئێرانیانەی کە خاوەنی مافی پەنابەرییان لە یەکێتیی ئەورووپادا هەیە پتر لە 56 هەزار کەس و پاشان ئەوانەی کە خاوەنی مافی بنەماڵەین ڕێژەکەی زیاترە لە 42 هەزار کەس. لە پلەکانی دواتردا ئەوانەی خاوەنی مافی خوێندنن 21 هەزار کەس و ئەوانەی کە خاوەنی مافی کارکردنن دەوری 18 هەزار کەسن (ساڵنامە 1399، 32).
ساڵنامەکە نایشارێتەوە کە لە سەردەمی دۆناڵد ترامپدا، گەشەی خوێندکارانی ئێرانی لە ئەمریکا لە بەراوەرد لەگەڵ ساڵانی ڕابردوودا ڕاوەستاوە، کەواتە حەشیمەتی خوێندکارانی ئێرانی لە مەودای زەمەنیی نێوان 2017 تا 2019 لە ئاستی 12 هەزار کەسدا وەستاوە (ساڵنامە ١٣٩٩، ٣٣). بەڵام لە زۆر شوێنی دێکەدا ئەم وەستانە وەها لێکدراوەتەوە کە چما ڕێژەی کۆچبەران، بە تایبەت چینی نوخبە، بە ڕادەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و ئەم کز بوون و کەمکردنەیش بەشێکە لە سەرکەوتوویی ستراتێژیی گەڕاندنەوەی نوخبەکان یان وەک خۆیان دەڵێن "وەرچەرخانی نوخبەوەی".
لە ئەدەبیاتی باوی بەرپرسان و کاربەدەستانی دەوڵەتی و فەرمیدا بەگشتی قەیرانی کۆچبەری لە ژێر ناوی دیاردەیەکی خۆڵەمەێشی"دا ناودێر دەکەن و پاساوی دەدەن. ئەوەی لە قسەی زۆربەی کاربەدەستە دەوڵەتی و پێوەندیدارەکاندا دەیبیستین ئەوەیە کە زۆربەی ئەو نوخبە و ڕیزپەڕە زانستییانە پاش کۆتاییهاتنی خوێندنەکەیان ناگەڕینەوە بۆ وڵات.
لە ڕاستیدا یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی ئەو ساڵنامەیە و بەشێکی بەرچاوی ئەو هەوڵە ئامارییانە لەبەر ئەوەی بە ڕێڕەوێکی ئاکادێمیکی تەندرووستدا ناڕۆن و زۆربەی ئەو کێشە سیاسی، ئابووری، ئایینی، ئێتینیکی و جوگرافیاییانە، کە بە شێوەیەکی قووڵ لە ژیان و بیرکردنەوەی ئەو نوخبانەدا ڕەنگدەدەنەوە، ڕەچاو ناکەن و بە ڕەسمیی نازانن و نایانەوێ بیکەنە بنەرەتی مەعریفیی کاری توێژینەوەکەیان. بە تەعبیرێکی دیکە، زۆرێک لەوانەی کە پاش تەواوکردنی خوێندنەکەیان نایەنەوە نێوخۆی وڵات چەندین تەعبیر و ڕەهەند و گۆشەی سیاسیی جیدی هەرە جیاوازیان هەیە کە دواتر لە لۆژیکی نەگەڕانەوەیاندا بە ڕوونی و ڕاشکاوی ڕەنگ دەداتەوە.
دوو نموونە و دوو جۆری جیاوازی ئەو بانگەشەیە برتین لە: "فەرەیدوون درخشانی" ناسراو بە "کۆچەر بیرکار" براوەی خەڵاتی بیلدز و بێهرووز بووچانی نووسەری ڕۆمانی "هیچ دۆستێک جگە لە چیاکان" و براوەی گرینگترین خەڵاتی ئۆسترالیا کە مافی پەنابەریی هەردووکیان سیاسییە.
بە گشتی دەتوانین بڵێین گەلێک فاکتەر دەوریان هەیە لە هەڵاتن و ڕاونانی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی نوخبەکاندا، بۆ وێنە بێکاری، ئاستی نزمی داهاتی نوخبەکان، کەموکۆڕی و کەمیاسییە دارایی و ئیدارییەکان، کەمیاسیی زانستی و ناسەقامگیریی سیاسی و کۆمەڵایەتی و... . لە کۆتاییدا، ئەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەیکات لە لایەکەوە ڕادەسکردنی خۆڕایی ئەو توانست و بەهرە ناوازانەیە بە وڵاتانی پێشکەوتوو و پەرەسەندوو و لە لایەکیترەوە لەناوبردنی وشیارانە و بەئانقەستی سەرمایەیەکی کەڵەکەبووی مرۆیی ئەو وڵاتەیە. کەواتە، ئەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەیکات ڕاونان و بەهەدەردانی هێزێکی مرۆییە کە پەروەردەکردنی هەر تاکێکیان لە خولی سەرەتایی خوێندنەوە تا خولی دۆکتۆرا خەرجەکەی دەوری 11 میلیارد تمەنی بۆ خەڵکی ئێران.
سەرچاوە: ئێرانوایەری کوردی