ما 9611 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

محەممەد محەممەدمورادی

نووسەر تەنانەت ئەگەر ئەنفال وەکوو کارەساتێکی لۆکاڵ و پارتیکولار پێناسە بکات لانیکەم دەیتوانی گێڕانەوەکەی لە ئەنفالەوە دەست پێبکات و بەرەو یونیڤێرساڵیزم بڕوات و خۆی و بەرهەمەکەی بەم شێوە کورت و لۆکاڵیزە نەکاتەوە. چیرۆکەکە گێڕانەوەی کارەساتێکی یونیڤێرساڵە کە لەڕاستیدا دەرەنجامی بەریەککەوتن و ناکۆکیی دوو پارتیکولاریزمە، پارتیکولاریزمی عەرەب و پارتیکولاریزمی کورد.

 

 

گێڕانەوەی ئەنفال وەکوو کارەساتێکی پارتیکولار

چەند سەرنجێک لەسەر کۆمەڵەچیرۆکی "جەستەیەکی خۆڵاوی بەسەر قاڵیچەی سولەیمانەوە"

محەممەد محەممەدمورادی

پێوەندی تێکست و ڕەخنەگر، پێوەندییەکی دیالێکتیکییە، بەو مانا کە ڕاستە ڕەخنەگر هەوڵ دەدات بۆ شیتاڵکردنەوەی ئۆبژەی وتارەکەی بەڵام ئەوەشمان لەبیر نەچێ کە لە دواییدا ڕەخنەگریش دەبێتەوە بە ئۆبژە، ئۆبژەی ئەو تێکستە ئەدەبییەی کە بڕیارە لەسەری بنووسێ و لەدواجاردا هەر ئەو تێکستەیە کە ئەگەری چی نووسین دەدات بە دەست ڕەخنەگرەوە. بەڕاستی خوێندنەوە و نووسین لەسەر چیرۆکێکی کورت ئەویش لە ڕوانگەی کۆمەڵناسی ئەدەبیاتەوە کارێکی ئاسان نییە مەگەر ئەوەی کە تۆتالیتیی کاری نووسەرێک یان ئەگەر بەشێوەی کۆمەڵە چیرۆک بێت تۆتالیتیی ئەو کارانەی لەو کۆمەڵە چیرۆکەدا کۆ کراونەتەوە بکرێت بە مەبەست و ئۆبژەی خوێندنەوەی ڕەخنەگرانە. بەڵام دیسان ئەمەش ئاسان نییە و تەنها کاتێک دەگونجێت کە لەباری ناوەڕۆکەوە پێوەندییەکی لۆژیکی لەنێوان چیرۆکەکانی ناو کۆمەڵەچیرۆکێکدا بوونی هەبێت.

کۆمەڵەچیرۆکی «جەستەیەکی خۆڵاوی بەسەر قاڵیچەی سولەیمانەوە» پێک هاتووە لە چواردە چیرۆک کە تایبەتمەندیی هاوبەشی ئەم چیرۆکانە ڕوانین و ئاوڕدانەوەی نووسەرە لە مێژوو و ڕووداوەکان. نووسەر لە زۆرێک لەم چیرۆکانەدا بە ئاوێتەکردنی ئوستوورە و ڕووداوە مێژووییەکان لە بەستێنی مێژوودا کەشێکی جیاواز دەخولقێنێت. پرسی ناسین، ئاگایی، دین، حاکمیەت، پێوەندیی نێوان مرۆڤ و خودا و بەشێوەیەکی گشتیتر پرسی ئیلاهیات بەزۆری لەم چیرۆکانەدا و بەتایبەت لە چیرۆکی یەکەم و سێ چیرۆکی مانناکاندا کە بەدوای یەکدا هاتوون و پێوەندییان پێکەوە هەیە و تەواوکەری یەکترن، ڕەنگیان داوەتەوە.

نووسەر لە چیرۆکی یەکەمدا هەوڵی داوە لە دەلاقەی ئیلاهیاتەوە یاخود لە ڕوانگەی تێئۆلۆژیکەوە بۆ مێژوو کارەساتێکی مێژوویی بگێڕێتەوە، کارەساتی ئەنفال. لە سێ چیرۆکی مانناکانیشدا دەیەوێ بە کەڵک وەرگرتن لە کۆمەڵێ مەتریالی لۆکاڵ و ئاوێتەکردنیان لەگەڵ ئوستوورەکانی یۆنان تراژیدیایەک بخولقێنێت. تراژیدیایەک چەشنی تراژیدیاکانی یۆنان کە زیاتر پەرژاوەتە سەر کێشەکانی نێوان مرۆڤ و خوداکان. هەربەم پێیە ئەم دوو چیرۆکە هەرچەند پێوەندیی چڕوپڕ و دیالێکتیکییان پێکەوە هەیە و گەلێک پرسی هاوبەشیان تێدایە و دواتریش ئاماژە بەم پێوەندییە دەدەین بەڵام لەڕاستیدا دوو بابەتی جیاوازن و دیسان هەر بەپێی ئەو دیالێکتیکەی نێوان تێکست و ڕەخنەگر، ئەم دوو چیرۆکە دوو خوێندنەوەی جیاواز هەڵدەگرن هەر بۆیە لەم دەرفەتەدا تەنها دەپەرژێینە سەر چیرۆکی یەکەم واتە جەستەیەکی خۆڵاوی بەسەر قاڵیچەی سولەیمانەوە.

هەر وەک گوتمان نووسەر بەگشتی تیشکی خستۆتە سەر کۆمەڵێ پرس و بابەتگەلی جیهانی و یونیڤێرساڵ بۆ نموونە پرسی ناسین، ئاگایی، دین، حاکمیەت، پێوەندیی نێوان مرۆڤ و خودا  بەڵام لەبری ئەوەی کە پرسەکان بەشێوەی یونیڤێرساڵ بگوازێتەوە یان لانیکەم لە پارتیکولاریزمەوە بەرەو یونیڤێرساڵیزم حەرەکەت بکات  بەپێچەوانەوە هەوڵێکی زۆر دەدات بۆ لۆکاڵیزە و پارتیکولاریزەکردنەوەی ئەو پرسانە. بۆ نموونە هەر لەم چیرۆکەدا

نووسەر هەوڵی بۆ گێڕانەوەی کارەساتێکی مێژووییە، کارەساتی ئەنفال، بەڵام لە دەلاقەی ئیلاهیاتەوە. مرۆڤێکی خۆڵاوی کە مرۆڤی ئەنفالکراوە دەهێنێ لە بەستێنی مێژوودا و پشتبەستوو بە شێوەڕوانینی تێئۆلۆژیک بۆ مێژوو، سواری قاڵیچەی سولەیمان دەکات و بەشێوەیەکی یونیڤێرساڵ ئەم مرۆڤە خۆڵاوییە بە پارچەیەک لە تۆتالیتیی مێژوو پێناسە دەکات و دەیکات بە گەرووی زەماندا و دەیگەڕێنێتەوە بۆ ساتەوەختەکانی زوو، بۆ لای هابیل و قابیل کە لەڕاستیدا کێشەی نێوان هابیل و قابیل فاکتێکی هاوبەشە لەنێوان زۆربەی دینەکاندا و تەنانەت ئەگەر ئێمە وەکوو دالێکیش سەیری بکەین کە مەدلوولەکەی براکوژی بێت، دیسان هەر لە لاپەڕەکانی مێژوودا بۆمان دەردەکەوێ کە براکوژیش فاکتێکی هاوبەش و یونیڤێرساڵە و ئەم بابەتە لای کۆنترین درامنووسەکانی یۆنانیش بوونی هەبووە و دەتوانین بۆ نموونە لە شانۆنامەی ئانتی گوندا بەرهەمی سوفوکول ئەم پرسە واتە تراژیدیای براکوژی بەدی بکەین، هەربۆیە من بە ڕەوای نازانم براکوژی کەم بکەینەوە بۆ مێژووی کورد. دواتر ئەم مرۆڤە خۆڵاوییە بە سواری قاڵیچەی سولەیمانەوە لە بەستێنی مێژوودا و لە تۆتالیتیی مێژوودا یەک بە یەک بە زنجیرەی نافەرمانی و بەسەرهاتەکاندا دێنە خوار تا دەگەن بە ئەنفال.

ئەوەی کە تاکوو ئێستە ئەنفال و کیمیاباران و بەگشتی جینوسایدی کورد چەندە لە ئەدەبیات و بە گشتی لە هونەری ئێمەدا ڕەنگی داوەتەوە خۆی باسێکە و ئەوەش کە ئایا ئەم جینوسایدە چۆن گێڕدراوەتەوە و تەنانەت لە ئاستی نێودەوڵەتیدا چۆن پێناسە کراوە خۆی باسێکی ترە. لە دامێنی ئەو پرسیارە گشتییەی کە سارتر دەیهێنێتە ئاراوە کە «نووسین بۆ چییە؟» من دەمەوێ پرسیار بکەم کە ئایا مەبەست لە گێڕانەوەی کارەساتێکی مێژوویی وەک ئەنفال لە ئەدەبیاتدا چییە؟ و ئایا تاکوو ئێستە چەندە لەو مەبەستە نزیک بووینەتەوە؟  

بەداخەوە بێجگە لە چەند شیعری شاعیرێک کورد لە ناساندن و گێڕانەوەی ئەم زوڵم و ستەمە مێژووییانەدا کە بەسەریدا سەپاوە هەمیشە تووشی یەک هەڵەی گەورە دەبێت ئەویش خۆمەزڵووم‌نواندنێکی موتڵەقە. هیچ قسەیەک لەوەدا نییە کە کورد بەشێوەی مێژوویی زوڵم و ستەمێکی ئێجگار زۆر و گەورەی لێکراوە و بێگومان گێڕانەوەی و پێناسەکردنی وەکوو کارەساتێکی مێژوویی یونیڤێرساڵ ئێجگار گرنگ و بابەتێکی هەرە پێویستە. بەڵام لەڕاستیدا چۆن گێڕانەوەش لایەنێکی هەرە گرنگە بۆ بەئەنجامگەیشتنی ئەم هەوڵانە و نزیکبوونەوەیان لە مەبەست.

بە بڕوای من ئێمە تەنها بە گێڕانەوەیەکی کارەساتەکە دەستکەوتێکی ئەوتۆمان نابێ و باشتر وایە گێڕانەوەکەمان درێژ بکەینەوە بۆ پاش کارەساتەکە و ڕووداوەکانی پاش کارەسات و هەروەها دەرەنجامەکانی پاش کارەسات. ئەوەی کە کورد ئایا لەدوای ئەم کارەساتانە چیی کرد و چۆن درێژەی بە هەستیی خۆی دا یان ئەوەی کە دنیای دەرەوە چۆن لەگەڵ ئەم کارەساتەدا مامەڵەیان کرد.  من ئەگەر بمەوێ نموونەی عەینی بهێنمەوە بەرچاوترین نموونە کە بۆ گێڕانەوە و ناساندنیشی کارێکی زۆریان کردووە جینوسایدی یەهوودییەکانە. من تەنها ئاماژە بە کتێبی «گەڕانی مرۆڤ بەدوای واتادا»/ «انسان در جستجوی معنی» بەرهەمی ڤیکتۆر فرانکل بدەم کە هەر بە وەرگێڕانی ئەم قەڵەمەوە لەبەر دەستی خوێنەری کورددایە. فرانکل کە خۆی دەروونشیکارێکی بەتوانایە لەم کتێبەدا سەرەتا  بەوردی بەسەرهاتی خۆیان لە کەمپی کاری زۆرەکیی ئاشۆویتسدا دەگێڕێتەوە، بەجۆرێک کە بەڕاستی مرۆڤ پێی کاریگەر دەبێت و لە ناخی دڵەوە هەست و بەزەیی مرۆڤ دەوروژێنێت بەڵام خاڵی هەرەگرنگ و سەرنجڕاکێش لەم گێڕانەوەدا کە لەڕاستیدا گێڕانەوەی واقیعێکە، واقیعێک کە خودی گێڕەرەوەکە تێیدا ژیاوە، ئەوەیە کە تۆ هەرگیز هەست بەوە ناکەیت خەریکی لە زمانی کەسێکی یەهوودییەوە ئەم گێڕانەوە دەبیستیت، ئەویش لەو ڕووەوەیە کە فرانکل مرۆڤی ناو کەمپی ئاشۆویتس بە مرۆڤێکی یونیڤێرساڵ پێناسە دەکات و دیسان هەر ئەو کێشە و نەهامەتییەکان و زوڵم و ستەمانەش کە لێی دەکرێت هەر بە کێشە و ستەمی یونیڤێرساڵ پێناسە دەکات. فرانکل لە درێژەی گێڕانەوەکەیدا کارەسات تێدەپەڕێنێت و دەست دەکات بە گێڕانەوەی ڕووداوەکانی پاش ڕۆژی ئازادی و دەڵێ:

«لە دوای ئەو هەمووە ڕەنج و ئازار و چەوساندنەوە کە بەسەرماندا هاتبوو لە ڕۆژی ئازادیدا کاتێک، ئاڵای سپیی UN، لەبەر دەرگای کەمپدا کەوتە شەکانەوە، ئێمەی زیندانی بە هەنگاوە ماندووەکانمان خۆمان بەرەو دەروازەکانی کەمپ ڕادەکێشا. بە ترس و دڵەڕاوکێوە سەیری دەوروپشتمان دەکرد و بە لاچاو یەکترمان دەدایە بەر ڕێژنەی پرسیار. پاشان چەند هەنگاوێک دەڕۆشتینە دەرەوەی کەمپ. ئێستە ئیتر کەس هێی لێ نەدەکردین و هیچ پێویست نەبوو لە ترسی شەق و قامچی ڕابکەین. نا! لێرە تەنانەت پاسەوانەکان جگەرەیان بۆمان دەگرتەوە! سەرەتا ئەوانمان نەناسییەوە، چونکە بەپەلە جلەکانیان گۆڕیبوو و جلی ئاساییان لەبەر کردبوو. هێور هێور لە درێژەی جادەیەکدا کە لە کەمپ دەبۆوە، هەنگاومان هەڵدەگرت. پێکانمان هاتە ئێش و پێدەچوو هەر سات لاپێ بکەین. بەڵام هەروا بە شەلەشەل دەڕۆشتین و دەمانویست بۆ یەکەم جار دەوروپشتی کەمپ لە چاوی پیاوێکی ئازادەوە تەماشا بکەین. لەبەر خۆمانەوە دەمانگوت، «ئازادی» بەڵام هێشتا نەماندەتوانی باوەڕ بکەین کە ئازادین. ئێمە لەو ساڵانەدا کە ئاواتەخوازی ئازادی بووین ئەوەندە ئەو وشەمان هێنابووە سەر زار کە چیتر واتای خۆی لەدەست دابوو. چیتر ڕاستێتیی ئازادی دزەی نەدەکردە زەینی هۆشیارمانەوە، و نەماندەتوانی ئەم حەقیقەتە قبووڵ بکەین کە ئێستە ئازادی هی ئێمە بوو.»

فرانکل دواتر لە بەشی دوایی کتێبەکەیدا پشتبەستوو بەو ئەزموونە ئیگزیستییەی کە خۆی لە ئاشۆویتس ژیاوە و گێڕاویشیەتەوە قوتابخانەی لۆگۆتراپی بە خوێنەر دەناسێنێت و بە خوێنەر دەڵێت کە ئەم قوتابخانە کە لەڕاستیدا هەنووکە لە سەرانسەر جیهاندا لایەنگرانی زۆری پەیدا کردووە و ڕێگاچارەی دەرمانی زۆربەی نەخۆشییە دەروونییەکانی لایە، دەرەنجامی ئەو جینوسایدەیە و ئێمە توانیومانە پشتبەستوو بە بونیادی فیکری و ئەزموونی ژیانی خۆمان بەم ئەنجامە بگەین.

نموونەیەکی تری ڕەنگدانەوەی هولۆکاست لە هونەردا دەتوانین ئاماژە بەو سەدان فیلمە بکەین کە سەبارەت بە هولوکاست بەرهەم هاتوون. بەڕاستی ڕێژەی ئەم فیلمانە ئەوەندە زۆرن کە ئاسان نییە مرۆڤ بتوانێ لەنێوانیاندا دەست بخاتە سەر فیلمێکی تایبەت بەڵام من بە کورتی دیسان دەتوانم ئاماژە بدەم بە دوو فیلمی «ژیان جوانە» بەرهەمی «ڕۆبێرتۆ بێنینی» و فیلمی «پیانیست» بەرهەمی «ڕۆمەن پۆلانسکی»، کە لە هەردوو فیلمەکەدا بەڕاستی مەزڵوومیەتی ئەو خەڵکە بەجوانی وێنا کراوە بەڵام لە کۆتایی فیلمەکاندا قارەمان هەمان خەڵکی زوڵم لێکراون و تەنانەت بگرە پێگەیەکیش بۆ خۆیان دادەنن کە ئەوان بەزەییان بە خەڵکدا بێت. 

جگە لە مەزڵووم‌نواندنێکی موتڵەق کە دواتر بەوردی ئەو بابەتە تاووتوێ دەکەین نووسەر لەم چیرۆکەدا ئەنفال لە زمانی کەسێکی ئەنفالکراوەوە دەگێڕێتەوە و ئەمە لە بایەخی کارەکە کەم دەکاتەوە و ئەگەری ئەوەی لێ دەستێنێ کە ڕێگە بباتە ناو زمانەکانی تر. بەبڕوای من ئەگەر ئەم کارەساتە لە زمانی سووژەیەکی یونیڤێرساڵەوە بۆ نموونە خودی سولەیمان، بگێڕدرایەتەوە کاریگەریی ئەم گێڕانەوە بێگومان زیاتر دەبوو. سەبارەت بەم  بابەتەش پێم باشە لێرەدا بۆچوونی جۆرج لوکاچ بگوازمەوە دەربارەی باڵزاک:

«گەورەیی باڵزاک هەر لەوەدایە کە خۆی بە وەسفکردنی ڕێک و ڕاستی واقعیەت، بێبەزەییانە بۆچوونەکان، بەڕێزترین ئاواتەکان و قووڵترین باوەڕەکانی خۆی دەداتە بەر ڕەخنە. ئەگەر باڵزاک دەربارەی باتڵبوونی ئاواتەکانی تووشی خۆفریودان ببوایە و ئاواتەکانی خۆی لەبری واقعیەت نیشان بدایە، چیتر سەرنجی هیچ کەسی ڕانەدەکێشا.» هەربەم پێیە بۆ ئەوەی کە ئێمەش گێڕانەوە مێژووییەکانمان بگەنە شوێن و مەبەستی خۆیان باشتر وایە بڕێک بێلایەنانەتر لەگەڵ تێکستی ئەدەبیدا مامەڵە بکەین.

لە هەر هەمووی ئەم چیرۆکانەدا توخمێکی هاوبەش بوونی هەیە ئەویش توندوتیژی و کوشتوبڕە چ بە شێوەی کارەسات و یاخود تراژیدیا. من هەمیشە بیر لەوە دەکەمەوە باشە ئەم خەڵکە لەسەر گۆی زەوی بۆچێ ئاوا شێتانە قۆڵیان هەڵماڵیوە بۆ لەناوبردنی پڕبایەخترین داراییەکانیان واتە ژیان و ژینگە و چۆن ئاوا دڕندانە بە داگیرساندنی شەڕی ماڵکاولکەر بەربوونەتە گیانی یەکتر. لەم دەرفەتەدا ئەگەری ئەوەمان نییە بەشێوەی مێژوویی ئەم هەموو شەڕ و کوشتوبڕە دەور بکەینەوە و بۆ هۆکارەکانی بگەڕین و من تەنها ئەوە دەڵێم کە نەک تەنها هۆکار بەڵام هۆکاری سەرەکی پارتیکولاریزمە و دابەشکردنی گۆی زەوی بەسەر ئەم هەموو پارچە جۆربەجۆرەدایە کە هەریەک و شەڕی خۆی دەکات.

هەر وەک پێشتر ئاماژەم پێدا نووسەر لەم چیرۆکەدا هەوڵی بۆ پارتیکولاریزەکردنەوەی پرس و بابەتەکانە. نووسەر تەنانەت ئەگەر ئەنفال وەکوو کارەساتێکی لۆکاڵ و پارتیکولار پێناسە بکات لانیکەم دەیتوانی گێڕانەوەکەی لە ئەنفالەوە دەست پێبکات و بەرەو یونیڤێرساڵیزم بڕوات و خۆی و بەرهەمەکەی بەم شێوە کورت و لۆکاڵیزە نەکاتەوە. چیرۆکەکە گێڕانەوەی کارەساتێکی یونیڤێرساڵە کە لەڕاستیدا دەرەنجامی بەریەککەوتن و ناکۆکیی دوو پارتیکولاریزمە، پارتیکولاریزمی عەرەب و پارتیکولاریزمی کورد کە دەرەنجامەکەشی کارەساتێکی ئاوا گەورە و یونیڤێرساڵە، بەڵام سەیر ئەوەیە نووسەر هەر هەوڵیەتی ئەم کارەساتە یونیڤێرساڵەش پارتیکولاریزە بکاتەوە. بەڵام لەبیرمان نەچێت کە بە پارتیکولاریزەکردنەوەی ئەم کارەساتانە کە زۆر بەشێوەی کومیک لە مێژووماندا دووپات دەبنەوە، تەنها پاڵپشتی و هاوکاریی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەدەست دەدەین بەڵام بەپێچەوانەوە بە پێناسەکردنی ئەم کارەساتانە وەکوو کارەساتی یونیڤێرساڵ لەڕاستیدا ئێمە دەتوانین کۆمەڵگای نێودەوڵەتیمان لەپشت بێت و لە هاوکارییەکانیان سوودمەند بین. هەر سەبارەت بەم باسە ئێمە نموونەی داعشمان لەبەردەستدایە لە شنگال و کۆبانیدا. سەرەڕای ئەوەی کە زۆرینەی زلهێزانی دنیا وەکوو بەهێزترین تێرۆریزمی جیهان باس لە داعش دەکەن، لە کەس شاراوە نییە کە داعش بەڕاستی تێرۆریزمێکی یونیڤێرساڵە و خودی پێکهاتەی ئەو هێزەش لە وڵات و دوواندا کورت نابێتەوە و نەک هەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، بگرە لە سەرانسەر جیهانەوە ئەندامیان گرتووە، لە بەرامبەریشدا سەرجەم ئەو هێزانەی کە بەرەوڕووی داعش وەستاون، لە هێزی هاوپەیمانانەوە بگرە تا کوردی هەموو بەشەکان و  شێعەی عیراق و هێزی ئێران، بەهەمان ئەندازە کە داعش یونیڤێرساڵە بەرهەڵستکارانی داعشیش یونیڤێرساڵن، بەڵام لەم نێوانەدا خەڵکانێکی زۆر چ بەشێوەی تاکەکەس و چ بەشێوەی لایەنی سیاسی هەوڵیانە ئەم کارەساتە مرۆییە یونیڤێرساڵە کەم بکەنەوە بۆ کێشەی کورد کە بەڕاستی ئەمە خەسارێکی گەورەیە و ئەگەر ئەو هەوڵانەی ئەوان بۆ پارتیکولاریزەکردنەوەی کێشەی داعش ئەنجامێکی هەبووایە ئەوە بێگومان ئەم سەرکەوتنە لە کوبانیدا بەدەست نەدەهات.

وەک پێشتر وتمان یەکێکی تر لەو وتەزانەی لەم چیرۆکەدا بەرجەستەیە، ئیلاهیاتە کە هەم بە شێوەی ئیلهیاتی دینی لە چیرۆکی جەستەیەکی خۆڵاوی و هەم بەشێوەی ئیلاهیاتی سیاسی لە مانناکاندا، ئیجگار زۆر بەرجەستە کراوەتەوە و دیارە ئەمە کێشەی خودی نووسەریشە و  لانیکەم بەبڕوای من هێشتا نەیتوانیوە لەبەرانبەر دیندا بڕیارێکی ڕادیکاڵ بدات، پرسیاری گەورەی هەیە و ئەمە وای کردووە نەتوانێ هەستی دینیی خۆی لە قاڵبە باوەکانی دیندا بهێڵێتەوە و نەشتوانێ ئەم هەستە دینییە بنەبڕ بکات هەر بۆیە بۆ قاڵبێکی نوێ بگەڕێت کە ئەمە یەکێک لە پرسە سەرەکییەکانی دینە لە دنیای مۆدێڕندا؛ واتە نەک خودی دین بەڵکوو هەستی دینی. هەستی دینی لەم سەردەمی مۆدێڕنەدا نەک لەناو نەچووە بگرە لە هەموو کاتێک زیاتر و پڕڕەنگترە بەڵام لە قاڵبە مێژووییەکانی دیندا جێگای نابێتەوە و هەر کەس و بەجۆرێک ئەم هەستە دینییەی خۆی لە ژیانیدا دەنوێنێتەوە. نووسەریش ئەم هەستە دینییەی خۆی، بە شێوازی خۆی لەم چیرۆکەدا نواندووە و ئەم هەستە لەڕاستیدا بووە بە تانوپۆی چیرۆکەکە. لێرەدا من نامەوێ بەهیچ شێوە لەسەر ئەم هەستە دینییە داوەری بکەم یاخود مافی هەبوونی ئەم هەستە لە نووسەر زەوت بکەم یان پێی بڵێم تۆ بۆت نییە بەشێوەی تێئۆلۆژیک سەیری مێژوو و ڕووداوە مێژووییەکان بکەیت بەڵام کاتێک ئەم هەستە دینییە بەشێوەی ڕوانینی تێئۆلۆژیک لە تێکستی ئەدەبیدا ڕەنگ دەداتەوە و دەبێتە چوارچێوێک بۆ گێڕانەوەی کارەساتێکی وەک ئەنفال دەبێ لانیکەم دەرەنجامەکانی ئەم شێوە دنیابینییە تاووتوێ بکرێت.

ڕوانگەی تێئۆلۆژیک بۆ مێژوو، هەموو مێژووی مرۆڤایەتی بە دیارکەوتنی خواست و ئیرادە و کردەوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی یەک یان چەند خودا  دەزانێ. واتە ئەوە خوایە کە چارەنووسی سەرجەم مرۆڤایەتی دەستنیشان دەکا، جەنگەکان، قاتوقڕییەکان هەموو ئەو ئیمپراتۆریانەی کە دادەمەزرن و لەناو دەچن هەمووی بە خواستی خوا ڕوو دەدەن. بەم پێیە مرۆڤ تەنها ئۆبژەیەکە لەژێر دەسەڵاتی هێزە ئەودیوییەکاندا و ئەوە ئەوانن کە هەم دەرهێنەر و هەم ئەکتەریشن.  

پاڵەوانی ئەم چیرۆکە کە جەستەی خۆڵاوی بێت کە هەمان مرۆڤی ئەنفالکراوە بەم شێوە وەسف کراوە: «لەو دوور دوورەوە، لە وڵاتی مرۆڤە خۆڵاوییەکانەوە دێ. خۆڵ سەرتاپای جەستەی تەنیوە. پێڵووەکانیشی بە خۆڵ سواغ دراوە. گوێچکەکانیشی لێوانلێون لە خۆڵ. بە ئاستەم دەبیستن. نابینی جلوبەرگیشی نوقمی خۆڵە؟ ڕێک چەشنی پەیکەرێکی سازکراو لە لمی قەراغ زەریا. کە گەیشتە لات و پێی نایە سەر پشتت، لە لاقە خۆڵاوییەکانی گازندە مەکە و سەر خۆتی مەهێنە، ئەوە خۆشەویستی منە و ماندووێکی بە سەد جێ کۆڵەواری کەژەڕێیەکی سەغڵەتە و جێگای مەرحەمەت و بەزەییە.»

پاڵەوانی ئەم چیرۆکە مرۆڤێکی خۆڵاویی لە سەد جێ کۆڵەواری کەڕوکاسی چاوبەفرمێسکە کە جێی ڕەحم و بەزەییە و لەڕاستیدا نەک هەر هیچ ڕێژەیەک لە سووژەبوونی تێدا نییە بگرە زۆریش پاسیڤە و وەک کەسێکی باوەڕدار و بەپێی ئەو هەستە دینییەی کە پێشتر باسمان کرد لەدواجاردا نەک هیچ کردار یان کاردانەوەیەکی لە بەرامبەر ئەم ڕەنج و کارەساتە گەورەدا نییە بگرە خۆشی دەخاتە نێوان جیهان و خودا و جیهان دەسپێرێتە دەست خودا. جەستەی خۆڵاوی نەک هیچ بڕیار و پلانێکی نییە بۆ داهاتوو تەنانەت لە ڕوونکردنەوەی هۆکارەکانی ئەو کارەساتەش دۆش دادەمێنێت و لەدواجاردا دەڵێ: «نازانم بڕۆ لە خودی خودا بپرسە». ئەمە تەنها کێشەی ڕزگاری لوتفی نییە و لە ئەدەبیاتی ئێمەدا بەزۆری بەدی دەکرێ و تەنانەت شێرکۆ بێکەسیش تا ڕادەیەک هەر بەم کێشە تێئۆلۆژیکەوە گیرۆدەیە و لە یەکێک لە شیعرەکانیدا دەڵێ «ئاخ خوایە ئاخ. کەی سەرێکیش لە کوردستان دەدەی. ئەمە قسەی هەموو رۆژێکی دایکمە.»  بە بڕوای من زۆرێک لە کێشەکانی کورد ڕاست لەو کاتەوە دەست پێدەکات کە خۆی لە سووژەبوون دەبوێرێت و چاوەڕێی ئەوە دەکات هێزێکی باندەست و ئەودیوی بێت و کێشەکانی بۆ چارەسەر بکات.

ئەگەر چیرۆکی جەستەی خۆڵاوی و سێ چیرۆکی مانناکان وەک تۆتالیتییەک لەپێش چاو بگرین، کە هەر لە خۆیاندا و بەپێی ماهیەتی خۆیشیان ئەگەری ئەوەمان بەدەستەوە دەدەن، ڕەنج تایبەتمەندیی سەرەکیی ئەم تۆتالیتییەیە. ڕەنج چ بەشێوەی کارەسات و چ بەشێوەی تراژیدیا. بەڵام بابەتێک کە لەناو ئەم تۆتالیتییەدا بەیەکناکۆکی دەخولقێنێت و کۆمەک دەکات بە دیالێکتیکی بوونەوەی ئەم تۆتالیتییە، گۆڕانکارییە مێژووییەکان و جیاوازیی سووژەیە لەم دوو چیرۆکەدا. چیرۆکی یەکەم ئەم سەردەمەمان بۆ دەگێڕێتەوە و دەیەوێ مرۆڤی پاش ئەنفالمان پێ بناسێنێت. هەر بەو شێوەی کە لوسیەن گۆڵدمەن هاوڕا لەگەڵ زۆرێک لە بیرمەندان دەڵێ؛ سووژەی ڕاستەقینەی ئافرێنەری فەرهەنگی و هونەری، کۆمەڵگایە، منیش لام وایە ئافرێنەری چیرۆکی جەستەی خۆڵاوی تەنها نووسەرەکەی نییە و ئەم چیرۆکە هەڵقوڵاوی کۆمەڵگایە و پێی لە واقیعی کۆمەڵگادایە. واتە کاتێک جەستەی خۆڵاوی بە سووژەیەکی پاسیڤی بریینداری دڵکەیلی چاوبەفرمێسکی ئیلاهیاتی وەسف دەکات ئەمە تەنها خەیاڵاتی نووسەر نییە و تا ڕادەیەکی زۆر چ لەناو سیاسییەکاندا و چ لە ناخی کۆمەڵگاشدا سەبارەت بە کورد لەم سەردەمەدا و بەتایبەت لەدوای ئەنفال وەڕاست دەگەڕێ. نووسەر لەدوای جەستەی خۆڵاوی لە توێی سێ چیرۆکی مانناکاندا دەمانباتەوە بۆ سەردەمی دێرین، بۆ مێژووی کۆنی کورد، بۆ ئیمپراتۆریی ماد. لە جەستەی خۆڵاوییەوە وەکوو سووژەیەکی پاسیڤی غەمباری چاوبەفرمێسک کە هەموو بابەتەکان دەداتە دەست خوداکان دەمانبات بۆ لای ماننا کە سووژەیەکی تراژیک و یاخییە و هەوڵی بۆ دەستەمۆکردنی ژیانە. ماننایەک کە دەڵێ:

«لە ژیان دەگەڕم، دەمەوێ بیدۆزمەوە و دەستەمۆی بکەم و بە هێرا و زێئوسی نیشان بدەم کە؛ بەبێ بەزەیی و  یارمەتیی ئەوانیش دەکرێ کە بگەم بە ژیان و کەویی بکەم. نامەوێ چیتر لێیان بپاڕێمەوە و بکەومە بەرپێیان و ببمە کاسەلێس و کلکبادەریان، چاوەڕوان بم کە سیلەی بەزەییان بجووڵێ و بۆ ئاوڕێکیان؛ هەزار جار سووک و چرووک بکرێم...»

بەم شێوە دەبینین سووژە لەم چیرۆکانەدا ترانسێندنتاڵ یان ئیستعلاییە بەڵام بەپێچەوانەوە. یانی کاتێک ئێمە لە جەستەی خۆڵاوییەوە دەڕۆین بەرەو ماننا ئەم ڕەوەندە ترانسێندنتاڵە بەدی دەکرێت بەڵام حەقیقەت ئەوەیە کە ئێمە لە مانناوە بەرەو جەستەی خۆڵاوی ژیاوین و لەڕاستیدا نووسەر تەنانەت لە ڕیزبەندیی چیرۆکەکانیشدا تووشی هەڵە بووە. بەڕاستی ئێمە سەرەڕای ئەوەی کە بە جوانی ئاگاداری ڕەوتی مێژووین بەڵام بۆ ساتێکیش بووبێت پێمان خۆش بوو لەسەر ئەرزی واقیع و لە بەستێنی مێژوودا ئەم ڕەوەندە ترانسێندنتاڵە بژین بەڵام بەداخەوە هەروەک نووسەری ئەم چیرۆکانەش بەجوانی دەری خستووە کۆمەڵگای ئێمە لەو کۆمەڵگایانەیە کە لەحاڵی پاشکەوتن و تەنانەت پاشەکشێشدایە. واتە هەر بەو شێوەی کە بۆ نموونە میسریەکان ئەهرامیان خولقاندووە بەڵام ئێستە ناتوانن بیخولقێنن و یونانی کۆن و یونانی ئەم سەردەمە بۆ بەراوردکردن نابن، کۆمەڵگای ئێمەش خەریکی پاشەکشێیە.

ئەم پاشەکشێکردنەش بە زۆرترین ڕادە لە پانتایی کولتووردا ڕەنگی داوەتەوە. واتە کۆمەڵێ سووژەی کۆمیک بەشێوەی شاعیر و نووسەر و ئەدیب و ڕۆشنبیر و سیاسەتوان و هونەرمەند لە یەکیەتییەکی نەگریس و ناپیرۆزدا دەستیان داوە بەدەست یەکترەوە و دەیانەوێ سەرجەم پانتایی کولتوور بەلاڕێدا ببەن و کەشتیی کولتوور بەخۆشیانەوە نوقم بکەن. ئەمەش جگە لەوەیە کە ئافرێنەرانی ڕاستەقینەی هونەرییان خستۆتە پەڕاوێزەوە و کارێکیان کردووە کە ئەم ئافرێنەرە ڕاستەقینانە لەم لارەڕێگا کولتوورییەدا بەشداری نەکەن و هەر ئەمەش وایان لێ بکات کە پاسیڤ و نەزۆک دەربکەون.

 

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت