ما 1578 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

چیرۆک و جیهانی ئاشنا

زەوی رەمز و رازی خۆی لەدەستداوە. نە دووڕگەیەکی دوور ماوەتەوە مرۆڤ خەیاڵی پێیەوە بڕوات، نە کێوێک و نە شار و نە وڵاتێکی نەدۆزراوەی تر. پشتەوەی هەورەکانیش چیتر دونیایەکی خەیاڵی نین. بە فڕۆکە هەموو ئان و ساتێک لەوێیش خەریکین تێدەپەڕین. مرۆڤ لە جیهانێکدا دەژی ئاشنا، بگرە بە جۆرێک دووپاتکراوەیش.

ئاشنابوونی جیهان، وزە و سەرنجڕاکێشیی جارانی لە چیرۆکەکانیش سەندووەتەوە. چیتر دوورکەوتنەوەی پاڵەوانەکان دڵمان نالەرزێنێ و نیگامان لەگەڵ خۆی پەلکێش ناکا. بگرە رەنگە سەرسوڕمانیشمان تیا پێکدێنێ. لە خۆمان دەپرسین پاڵەوان بۆ کوێ؟ داخۆ شوێنێکی نوێ هەیە بۆ ئەوەی خۆی بۆ و لێ تاقی بکەیتەوە؟

ئاشنابوونی جیهان بگرە خەونەکانیشی لە وزە خستووە. داخۆ لە نێوان خەونەکان و نائاشنابوونی جیهان بەجۆرێک پێوەندی نەبوو؟ داخۆ تەنیا رق و ئایدیۆلۆژیای ئاڵمانییەکان بوو بۆ ئەوەی  بیانەوێ دەست بەسەر جیهاندا بگرن، یاخود هێزێکی دەروونیش بۆ ئەوەی بڕۆن و جیهان ببینن؟ داخۆ بۆ سوپای سووریش هەر ئەمە لەو سەردەمەدا نەیدەخوارد؟

پێوەندیی نێوان نائاشنابوونی جیهان و چیرۆک هێزێکی گرینگە بۆ جووڵانی جەستەیی. بۆ ئەوەی لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر بڕۆین. بەڵام داخۆ پێوەندیی نێوان ئاشنابوونی جیهان و چیرۆک چی؟

لێرەدا چیرۆک مەجبوورە لە جیهانێکی ئاشنادا خەریکی چێکردنی نائاشناکان بێت. چیرۆک مەجبوورە سەرلەنوێ هەموو مێژووەکە پێچەوانە بکاتەوە، تەنیا بۆ ئەوەی بیەوێ چیرۆک بێت و بیەوێ شتێکی سەرنجڕاکێشی هەبێ. ئەو نائاشنایانەی نەبوون و بەڵام ئەو مەجبوورە سازیان بکا.

سایتی قەڵەم

٢٣ی دێسامبری ٢٠٢٠

گەڕان بۆ بابەت