ما 7672 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

دێوەزمە و فریشتە

نیچە دەڵێ لە بەرەنگاربوونەوەی دێوەزمەکان ئاگات لە خۆت بێت تۆیش نەبیتە دێوەزمە. ئەم رستەیە ئەو پرسیارە هەمیشەییە دەوروژێنێتەوە کە داخۆ دەکرێ لەشەڕ لەدژی خراپە خۆت خراپ نەبیت. پرسیارێکی گرینگ کە دۆزینەوەی وەڵامەکەی دژوارە.

دێوەزمە لە توندوتیژی کەڵک وەردەگرێ، داخۆ دەکرێ هێزی بەرنگار لە رێگای ناتوندوتیژییەوە بەرەوڕووی بێتەوە و بتوانێ بیبەزێنێ؟ دیسان پرسیارێکی تر دێتە ئاراوە، داخۆ توندوتیژی خۆی لە خۆیدا هەمیشە نگەتیڤە یان ناوەڕۆکەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هێزەی وا بەکاری دێنێ؟ لێرەوە دیسان ئەو پرسیارە دێتەگۆرێ کە داخۆ نیەتی باش دەتوانێ توندوتیژی بکات بە ئامرازێکی باش؟

وەڵامەکان دژوارن.

دیسان پرسیاری تر: دێوەزمە بە دێوەزمە دەبەزێ یان بە فریشتە؟ ئەگەر بە فریشتە، جا ئەو ئامرازانە چییە فریشتەیەک دەتوانێ بەکاریان بێنێت؟

رستەکەی نیچە خۆی لە خۆیدا هەڵگری ئەوەیە کە دەکرێ هێزی بەرنگاربوونەوە خۆی نەبێ بە دێوەزمە، هەرچەند پێمان ناڵێ چلۆن.

رەنگە تەنیا یەک رێگا هەبێ، ئەویش ئەوەیکە بەردەوام بڵێین نا و بەردەوام رەخنەگر بین. ئەوسا هاوکات باوەڕمان بەوە بێت کە هەموو دیاردەکانی جیهان و یەک لەوان دێوەزمەکانیش قۆناغی تایبەت بە ژیانی خۆیان هەیە. واتە تێکەڵێک لە هەڵوێستی نا و لە چاوەڕوانی.

کەواتە خەباتی فریشتەئاسا خەباتێکی درێژخایەنترە. هەر بەو پێیەیش هاوژینییەکەی زۆرترە لەگەڵ دێوەزمەکان،... هەتا قۆناغی کۆتاییان!

سایتی قەڵەم

٣٠ دێسامبەری ٢٠٢٠

گەڕان بۆ بابەت