شەهرام وەحدانی

رەزا وتی بەڵام بە چی و چۆن بیانکوژین. بڕێک بەدەۆر خۆمانا سوڕاین شتێکی جیا لە بانگردێنەکەمان نەبینی. رەزا بە چاو ئاماژەی بە بانگردێنەکە دا و منیش خێرا تێگەیشتم. سەرەتا ویستمان بە دەس هەردوسەری بگرین و بەرزی بکەینەوە، بەڵام زۆر قورستر لە توانای ئێمە بوو. پاشان وتمان راینکێشین و تلاری بکەینۆ بەسەریانا با بمرن و دواتر چەک و شتەکانیان هەڵئەگرین.  

بانگردێن

شەهرام وەحدانی

 

باوکم و دایکم هەردوویان کاریان ئەکردو زەحمەتکێش بوون، بەڵام دوای ئەوەی کە من بووم بە سیانزدە ساڵان ئەوانیش بوون بە خاوەن ماڵ و لە کرێ نشینی ڕزگار بووین. کۆتاجار بەر لەوەی بڕۆینە ناو ماڵی خۆمان کرێچی حاجیێک بووین لە دەور فەلەکەی بلواری سەقز. ماڵەکەمان حەوشێکی گەورەی بوو. لە لای چەپەوە کۆڵانێکی تەنگەبەری سەرەوژوورایی بوو کە لەگەڵ سەربانی ماڵی ئێمە هاوتەراز بوو. ئیسە سی و پەنج ساڵە شەقامێک سازکراوە کە مەیانی هەڵۆو مەیانی بلوار پێکەوە گرێ دەدات و چیتر ئەو کۆڵانە نەماوە. ماڵەکەمان ڕوو لە ئیدارەی دامپزشکی بوو کە ئەو ساڵانە ببوو بە پایگای چەکدارانی حکومەت، ئەولاتر فەرمانداری بوو، سەرەوتریش سپای پاسداران و لە کۆتایی بلوارەکە ئەگەیشتی بە پادگان و ماڵەکانی شاڵمانکار.  

شەڕی پێشمەرگەو هێزەکانی رژیم لە ناو شار بەشێک لە بیرەوەرییەکانی ئەو ساڵانەیە کە قەت لە بیری ناکەم. شەوانی تێکهەڵچوونی نێوان پێشمەرگە و پاسدار و هێزەکانی رژیم ئەڵێم. ماڵی ئێمە لە لایەن هێزەکانی سپا و چەکدارانی حکومەت لە هەموو لایەکەوە ئەکرا بە ئامانجی گوڵەی جوراوجۆر. دیوارەکانی ماڵەکە لە خشت و گڵی پتەو بوون، ئەگینا ئەوەندەی گوڵەی وێڵەکی لە هەموولایەکەوە بەر ئەکەوت لەوانە بوو هەر یەکێک لەو شەوانە بەسەرمانا بڕمێت. شەوێک ناکاو لە گەرمەی خەودا بە دەنگی زرمەیەکی قورس لە خەو داچڵەکام. بە خەبەر بووم، بەڵام نە دەمتوانی بجووڵم و نە دەنگیشم دەردەهات. لاڵ و بێ چرکە و پڕ لە ترس و وەحشەت، واق و وڕ مابووم، سەنگ گرتبوومی. شتێکی زۆر سەیرو ترسناک بوو، هەرچی ئەمویست هاوار کەم و دایک و باوکم بانگ کەم دەنگم کپ ببوو و کەس هاواری منی نەدەبیست. هەناسەم سوار ببوو و لەوانەبوو بخنکێم تاکوو دایکم هات و توون توون لە باوشی گرتم و دڵ دامەوە تا دەنگم کرایەوە. لە دایکم پرسی چی روویداوە. دایکم وتی مەترسە خەتەری بۆ ئێمە نەبوو. ئەوە دەنگی تەقینەوەی گوڵلەی ئارپیجی بوو.

 هەر ئەو سەردەمە یەکێک لە خۆشکەکانم لە زیندانی تەورێز بوو کە دوو هەفتە جارێک لەگەڵ چەند بنەماڵەی دیکە بە هەزار چەرمەسەری ڕێگامان ئەبڕی و ئەچووینە زیندان بۆ سەردانی. لەو لایشەوە یەکێک لە براکانی دایکم پێشمەرگە بوو. هەموو ئەمانە لەگەڵ ڕقی گشتیی خەڵک بەرامبەر بە داگیرکەران وای لێ کردبووم بەو تەمەنە کەمەوە هەتا بێژی ڕقم لە پاسدارو چەکداری رژیم بوو. لە قرچەی دوای نیوەڕۆیەکی هاوێن لەگەڵ ڕەزای ڕەفێقم لە کۆڵانەکەی پشتەوە چووینە سەربان بۆ کایە کردن. لە سەرەوە ڕوانیمانە خوارەوە دوو پاسدار لە پەنای سێبەری دیواری ماڵەکەمان دانیشتبوون و قسەیان ئەکرد. من و ڕەزایش خێرا بێ ئەوەی بیری لێ بکەینەوە وتمان با بیانکوژین.

رەزا وتی بەڵام بە چی و چۆن بیانکوژین. بڕێک بەدەۆر خۆمانا سوڕاین شتێکی جیا لە بانگردێنەکەمان نەبینی. رەزا بە چاو ئاماژەی بە بانگردێنەکە دا و منیش خێرا تێگەیشتم. سەرەتا ویستمان بە دەس هەردوسەری بگرین و بەرزی بکەینەوە، بەڵام زۆر قورستر لە توانای ئێمە بوو. پاشان وتمان راینکێشین و تلاری بکەینۆ بەسەریانا با بمرن و دواتر چەک و شتەکانیان هەڵئەگرین.  وامان کرد، لە بەختی ئەوان و ئێمەیش بەریان نەکەوت، بەڵام هەتا حەزکەی ترسان. ئەوانیش وەها پەشۆکان هەر هەستان بەڕاکردن و ترسەوە دەسیانکرد بە گولەبارانی سەربانەکە. ئێمەیش هەر دوای فڕەدانی بانگردێنەکە هەڵاتین و گوڵەمان بەر نەکەوت. لە ماڵیشەوە لە لای کەس باسمان نەکرد کە ئەو تەقەو هەرا بۆ چی بوو. بەڵام زامێکی سارێژ نەکراو ئیسەیش و ئیسەیش ئازارم دەدات. ئێستاش زۆر جار خەو بەو رۆژەوە دەبینم و وەک شێت دادەچڵەکم و هەموو جەستەم دەبێت بە ئارەقەی ترس. بیر لەوە دەکەمەوە و ئازار دەبینم کە بۆ تا ئەو ئاستە دڵ ڕەق بووین؟ بۆچ ئێمەش وەک هەموو مناڵانی دونیا مناڵی ناکەین و هەر لە مناڵییەوە گەورەین و خاوەن دوژمنین و بیرمان لای دوژمن کوشتنە. بە خۆم دەڵێم من دەبووا لەو بانە مێشێنم بکردایێت یان لەگەڵ هاوڕێکم بە تۆپێک لە کۆڵان یاریمان بکردایێت بە بێ ئەوەی بیر لە کەسەکانی دەوروبەرمان و جل و بەرگ و کارەکانیان بکەینەوە.